سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هەنگاوە پێویستەکانی یەکێتی پێش کۆنگرە

هەنگاوە پێویستەکانی یەکێتی پێش کۆنگرە

سەرۆک مام جەلال لە قسەیەکی پڕ بڕوابەخۆبوون و دڵنیاییدا دەڵێت «ئەگەر رەخنە لە یەکێتی گیرا، پێمخۆشە لە کوردستانی نوێ-دا بڵاوببێتەوە»
وەک بڕوابوون بەم دروشمەی سەرۆک مام جەلالیش؛ ئێستا لە ساڵۆنەکەی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ئەم بۆچوونە هەڵواسراوەو بڕوای بنەڕەتی ستافەکەی کوردستانی نوێیشە.
ئێمەش وەک تاکێکی ناو ئەم رێبازە سیاسییە، بە پێوەری ئەم گۆشەنیگایەی مام، لەم نووسینەدا رووی دەممان دەکەینە خەمخۆرانی یەکێتی و بەکەمێک زمانی توندو کرژ لەسەر حزبەکەمان و پێمخۆشە لە کوردستانی نوێ -دا بڵاوببێتەوە.
ئەگەرچی پێیشمانوایە، ئێستا یەکێتی هەموو شتێکی لەدەستدێت و دەتوانێت هەموو شتێک بکات و خۆی لە قەرەی هەموو شتێک بدات، بەڵام تەنها شتێک نایکات و بڕوای پێی نەماوەو لە رێبازی پێشووی لایداوە ئەوەیە؛ گوێ ناگرێت لە بۆچوون و تێڕوانینی ئێمەمانانی گەنج و نەوەی نوێی ناو حزبەکە.
بەڵام، ئێمەمانانی بێ بەرژەوەندیی و دڵسۆز بەم رێبازە، ناچارین نەوەستین و قسەی خۆمان بدەینە دەستی «با»!
چونکە ئەو دۆخەی ئێستا یەکێتی تێیکەوتووە، تەنها دڵسۆزو بێ بەرژەوەندییەکان خەمی پێ دەخۆن و ئەوانیتریش! لەدوای بەرژەوەندیی و کۆمپانیاو بازرگانین و «مێشێک میوانیان نییە».
ئێمە پێمانوایە، پێش ئەوەی یەکێتی کۆنگرە ببەستێت و پێمانوابێت کۆنگرە هەنگاوی گرنگ و هەڵسانەوەی یەکێتییە بۆ یەکێتییەکەی جاران، ئیشی یەکێتییە لەماوەی داهاتوودا چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێت، یان بەمانایەکی تر؛ پێش کۆنگرە هەنگاوی گرنگترو پێویستتر هەیە یەکێتی بیهاوێهێت.
هەرکات گەورە دەسەڵاتدارانی ناو یەکێتی ئەم هەنگاوە پێویستانەیان نا، ئەوا کۆنگرەش زۆر ئاسان دەبەسترێت و دەگاتە ئامانجی خۆی.
هەنگاوی یەکەم:
کۆنگرە ببەستێت و دوور لەهەر تەشەنوجات و رقڕقانێیەکی سیاسی و تۆڵەکردنەوەو پاشقولگرتن لەیەکتر، کۆنگرە بکاتە خاڵی وەرچەرخانی یەکێتی لەم دۆخەوە بۆ دۆخێکی تر. بەجۆرێک ئاوێک بە دڵی پڕلە داخ و ئاگرگرتووی ئەندامان و خەمخۆرانی یەکێتییدا بکاتەوەو چارەسەرییەک بێت بۆ نەخۆشییە سەرەکییەکەی یەکێتی.
هەنگاوی دووەم:
ئاشتکردنەوەی هەموو ئەو کەسو لایەن و دڵسۆزانەی یەکێتی کە ئێستا لە دەرەوەی یەکێتین و ئیش بۆ پڕۆژەی تر دەکەن. چونکە ئەگەر لەناو یەکێتیدا بڕوایەک ماوە بەو قسەیەی کە دەوترێت «یەکێتی کەسی لێ زیادنییە» پێویستە ئیشی لەسەر بکرێت و بەکردار پیشان بدرێت کە یەکێتی کەسی لێ زیاد نییەو کاردەکات بۆ ئاشتکردنەوەیان.
هەنگاوی سێیەم:
پێویستە یەکێتی بچێتە شاری کەرکوک و بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتی و ئەندامانی لیستی برایەتی، لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان 21 ئەندامی ئەنجومەن کۆبکاتەوەو پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک دابنێت.
بە بڕوای ئێمەش بەشی ئەوە کادری دڵسۆزمان هەیە کاندید بکرێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک. کە رەنگە هەریەکەمان کەسێکمان پێ شایستە بێت ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک نەک جیاوازیی نێوان کادیرو بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی، بۆ نموونە بەبڕوای تایبەتیی خۆم کەسێکی وەک هەڤاڵ خالید شوانی گونجاوە چونکە:
یەکەم: خالید شوانی خەڵکی کەرکوکە.
دووەم:نزیکایەتییەکی تەواوی هەبووە لە سەرۆک (مام جەلال) و سیاسەتی یەکێتییەوە.
سێیەم: لەڕووی تەمەنەوە گەنجە.
هەنگاوی چوارەم:
یەکێتیی هەموو میدیاکانی لەیەک دەزگادا کۆبکاتەوەو ئاوڕێکی جدی لە میدیاو میدیاکارەکانی بداتەوە. چونکە؛ پشتگوێخستنی میدیاکاران و کادرە دڵسۆزەکانی یەکێتیی لەلایەن کەسە پلەباڵاکانی ناو یەکێتییەوە؛ وایکردووە ئێستا وەجبە وەجبە میدیاکارانی یەکێتی میدیاو دەزگاکانی یەکێتیی جێدەهێڵن و روو دەکەنە میدیاکانی تر، ئەمەش مافی خۆیانە بەدوای سەرچاوەی ژیانیاندا بگەڕێن.
هەنگاوی پێنجەم:
پێویستە بەرپرسانی یەکێتیی ئیتر لە پاڵەوانبوون و خۆ بەگەورەزانین بێنەخوارەوەو کورسییەکانیان جێبهڵن و لەگەڵ هاووڵاتیان بەگشتیی و دەنگدەرو خەمخۆرانی یەکێتی بەتایبەتی ئاشتببنەوەو ئەو مەودا زۆرەی کەوتۆتە نێوان بەرپرسان و میللەتەوە نەهێڵرێت، یان کەم بکرێتەوە بۆ کەمترین مەودا. بەجۆرێک حزبێکی سۆسیال دیموکراتی وەک یەکێتی جیابکرێتەوە لە هەر حزب و لایەنێکی تری کوردی.
هەنگاوی شەشەم:
پێویستە یەکێتیی خەمێکی جدی لەو هەموو گوتارو لێدوانە پێچەوانەو دژ بەیەکانە بخوات کە لەئاستی سەرەوەی حزبەکەدا هەیەو تەواو بێسەرەوبەرەیی لەناو یەکێتیدا دروستکردووەو «هەر ئەندامەو لەبایەک شەن دەکات».
چونکە؛ یەکێتیی لەئاستی ئەندام و لایەنگرەکانیدا هیچ کێشەیەکی نییەو ئەو ئەندام و لایەنگرو دڵسۆزەی یەکێتی هەیەتی هیچ حزبێکی تر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نییەتی. بەڵکو ئەوە بەرپرسەکانمانە تووشی ئازارو خەم و بێتاقەتییان کردووین.
هەنگاوی حەوتەم:
پێویستە یەکێتی کۆشکی سپی لە هەولێرەوە بباتە کەرکوک و چیتر لە سێبەری پارتیدا نەمێنێتەوە. لەبنەڕەتدا ئەم کۆشکە بۆ گۆڕانکاری بوو لە پێگەو قورسایی هێزی یەکێتی لەسەر دەنگدەرو لایەنگرانی یەکێتی لە هەولێر. بەڵام بەداخەوە نەک کۆشکی سپی رێژەی دەنگدەری یەکێتیی زۆر نەکردو زیاتر نەکرد، بەڵکو کارێکی ئەوتۆی کرد گومان لە یەکێتی بوونی هەندێک بەرپرسی باڵای یەکێتییش بکەین.
بۆیە بۆئەوەی کەرکوکیش لەدەستی یەکێتیی دەرنەکرێت!، پێویستە کۆشکی سپی ببرێتە (قەڵای سەوز ــ کەرکوک)
هەنگاوی هەشتەم:
یەکێتیی لە خەمی مووچەخۆرانی کوردستاندا بێت و لەپێناو لایەنێک یان بەرژەوەندیی چەند بنەماڵەو سیاسییەکی هەرێمدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا نەبچڕێنێت.
پێویستە بەئاشکراو ئەگەر تا دۆخی دوولەتبوونی هەرێمی کوردستانیش چووبێت، بگەڕێتەوە بەغداو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابینبکات و هاووڵاتیانی هەرێم لەم دۆخە خراپەی ژیانیان رزگاربکات.

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*