سەرەکی » دۆسێ » عەللاوی كابینە وەزارییەكەی رادەگەیەنێت

پێنج ژن لەخۆدەگرێت

عەللاوی كابینە وەزارییەكەی رادەگەیەنێت

محەمەد تۆفیق عەللاوی كابینە وەزارییەكەی رادەگەیەنێت و بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەری پێشكەش بە پەرلەمانی دەكات، ئەو جیاوازییەی لە كابینەی ئەمجارەی حكومەتدا هەیە بەراورد بە حكومەتەكانی تری عیراق لە دوای ساڵی 2003، ئەوەیە كە پێنج وەزیری ژن لەخۆدەگرێت.
سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پێكهێنانی كابینە وزارییەكەی لەكەسانی سەربەخۆ و لێوەشاوە ڕادەگەیەنێت.
تەلەفزیۆنی (العراقیە)ی نیمچە فەرمی لە 15ی شوباتی 2020 لە زاری محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بڵاویكردەوە، گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی سەركەوتنێكی مێژوویی لە پێكهێنانی كابینەیەكی وزاری سەربەخۆ كە لە كەسانی لێوەشاوە پێكدێن.
بە وتەی عەللاوی»“هیواخوازن ئەندامانی پەرلەمان بە كابینە وەزاریە پێشكەشكراوەكە ڕازی ببن و دەنگ لەسەری بدەن، تا بتوانرێت داواكارییەكانی گەل جێبەجێ‌ بكەن”.
محەمەد تۆفیق عەللاوی دەڵێت»لەم هەفتەیەدا ناوی ئەندامانی كابینەی نوێی حكومەت، دوور لە دەنگۆ و ئەو ناوانەی دزەیان پێكراوە ڕادەگەیەنن».
پێشتر محەمەد خالیدی سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینە وەزارییەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەدات، كابینەكەش پێنج وەزیری ژن لەخۆدەگرێت.
خالیدی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 15ی شوباتی 2020 ڕایگەیاندبوو”عەللاوی كابینەكەی لەسەر بنەمای پێكهاتەكان تەواوكردووە، نەك لەسەر بنەمای حزبەكان، لەو ڕووەشەوە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و عەبدولمەهدی ئاگاركردووە، بۆیە دەكرێت لەم هەفتەیەدا، واتا لە یەك شەممە تا ڕۆژی سێ‌ شەممە، دەنگی لەسەر بدرێت”.
بە وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) كە بە كەسێكی نزیك لە عەللاوی دادەنرێت،”هەندێك ڕاوبۆچوون هەن و گفتووگۆكان لەگەڵ خاوەن ئەو ڕاوبۆچوونانەدا بەردەوامن بۆ بەشداریی هەموان لە دەنگدان لەسەر كابینە وەزارییەكە”، ئاماژەی بە بوونی وەزیری سەربەخۆ و كارامە و بێخەوش كرد لەنێو كابینەكە كە پێنج وەزیری ژن لەخۆدەگرێت و بە ڕاوێژ لەگەڵ پەرلەمانتاران و فراكسیۆنە سیاسییەكان هەڵبژێردراون، بەبێ‌ ئەوەی سەر بە حزبە سیاسییەكان بن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە پەرلەمانی عیراق، باسی لەو پرسانە كردبوو كە دێنە بەردەم حكومەتە چاوەڕوانكراوەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، لەو ڕووەشەوە ئاماژە بە پرسی ماددەی 140 و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و مووچەی پێشمەرگە و نەوت غاز كردبوو لەنێوان بەغدا و هەرێم.
خالیدی كە بە كەسێكی نزیك لە محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دادەنرێت ڕایگەیاندبوو”عەللاوی پەیوەندییەی زۆر باشی لەگەڵ برا كوردەكان هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیە لەپێناو چارەسەركردنی تەنگژەكان كە تەنیا بە دیالۆگ چارەسەر دەكرێن، دانوستانیان لەگەڵدا بكات”.
خالیدی پێشبینی كردبوو، لە ئایندەدا كرانەوەیەكی زۆر باش لەنێوان بەغدا و هەولێردا بێتەئارا و هەرێمی كوردستان رۆڵی گەورەی لە حكومەتی داهاتوودا هەبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر)، سەردانی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست لەقەڵمدابوو كە بە وتەی ئەو”گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان”.
هەر لە بارەی كابینە وەزارییەكەی عەللاوی، سەلام شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، خەریكە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق تەواو دەبێت و لەو كابینەیەشدا هیچ وەزیرێكی حكومەتی پێشوو كاندید ناكرێتەوە.
شەمەری لە بەیاننامەیەكیدا لەو بارەیەوە دەڵێت»لەسەر داواكاری خۆپیشاندەران هەر كەسێك پێشتر پۆستی لە وەزارەتەكاندا وەرگرتبێت ناكرێتەوە بە وەزیر».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو، پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ گەیشتۆتە ئاستی تەواوبوون و لەم هەفتەیەدا كارەكانی تەواو دەكرێت.
لە 1ی شوباتی 2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕاسپارد.
لەبارەی بەشداریی پێكهاتەكانیش لە حكومەتی نوێ‌، سەرۆكی بەرەی توركمانی باسی بەرەنجامی كۆبوونەوەكان كردبوو لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و دەڵێت، كورد دەیەوێت وەزیری دارایی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و شیعەكانیش دەیانەوێت وەزیرەكانیان لە كابینەی نوێدا پۆستەكانیان لەدەستنەدەن.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق، لە 15ی شوباتی 2020 لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و لە كۆبوونەوەكاندا عەللاوی پێداگری كردووە لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی وەزاری تەكنۆكراتی بەدوور لە حزبە سیاسییە گەورەكان”.
بە وتەی ساڵحی”كابینەكە پێنج وەزیری ژن لەخۆدەگرێت، هەولێر دەیەوێت وەزیری دارایی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، هەندێك لە حزبە شیعەكانیش پێداگری دەكەن لەسەر مانەوەی وەزیرەكانیان لە كابینەی نوێ‌”.
سەرۆكی بەرەی توركمانی دەڵێت”بەچاوپۆشین لە حزبەكان، پێداگری لەسەر نوێنەرایەتی توركمان دەكەن لە حكومەتی نوێ‌، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی توانا هەوڵ دەدەن كەركوك لە بازنەی ململانێكان دووربخەنەوە، بە تایبەتیش ناوچەی داقوق و دوورخستنەوەی داعشەكان لەو ناوچەیە”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*