سەرەکی » زانست » لە ڕۆژی جیهانیی رۆڵی ژنان و كچان لە كایەی زانست دا

لە ڕۆژی جیهانیی رۆڵی ژنان و كچان لە كایەی زانست دا

ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بەشێك بوون لە پێشكەوتنەكان بە شێوەیەكی گشتی و پێشكەوتنە زانستییەكان بە تایبەتی، هەندێك لەو داهێنانەی كە ژیانی مرۆڤەكانیان گۆڕیوە لەسەر دەستی ژنان و كچان بووە.
ئەمانە وایانكردووە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی 12ی شوباتی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی ڕۆڵی كچان و ژنان لە كایە زانستییەكان و داهێنانیان لەو بوارانەدا دەستنیشان بكات، لێرەدا ئاماژە بە ژمارەیەك لەو ژنانە دەدرێت كە جێگە پەنجەی خۆیان لە چەند بوارێكدا نەخشاندووە، لەوانەش :
١- د. شێرلی ئان جاكسۆن: ئەم خانمە ئەمریكییە زانای فیزیای تیۆریی بووە و لە ساڵی (1973) دا لە پەیمانگای ماساچوتسس بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە، ئەم خانمە داهێنەری تەكنیكی ناسینەوەی ناسنامەی كەسانی پەیوەندیكەر بووە لە سیستمی پەیوەندیكردندا و هەر ئەویش داهێنەری سیستمی چاوەروانیكردن بووە لە ئامێرەكانی پەیوەندیدا.
٢- (نانسی جۆنسۆن):خانمێكی دیكەی ئەمریكییە و داهێنەری ئامێری دروستكردنی دۆندۆرمە بووە و لە (٩)ی دیسەمبەری(١٨٨٥)دا پێشەنگی داهێنانەكەی تۆماركردووە.
٣- گیرترو ئیلیۆن: ئەم خانمەش داهێنەری یەكەمین دەرمانەكانی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی وەك لوكیمیا و ئایدز بووە و هەر ئەویش دەرمانی كارای بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجەی خوێن داهێناوە.
٤- مارگرێت نایت: لە ساڵی (١٨٦٨) دا یەكەمین جانتای كاغەز یان زەرفی كاغەزی داهێناوە.
٥- ستیفانی كولیك: ئەم خانمە بە دایكی گەشەپێدانی جۆرە ڕیشاڵێك دادەنرێت كە ڕیشاڵێكی بەهێزە و بە ڕیشاڵی دژە گوللە ناسراوە و لە دروستكردنی ئێلەگی دژە گوللەدا بەكاردەهێنرێت.
٦- لیلیان گالبرێس: یەكێكە لەو خانمانەی لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا لە چەندین داهێنانی زانستیدا بەشداریكردووە كە بوونەتە هۆی باشتركردنی ژیانی خەڵك. یەكێك لە داهێنانەكانیشی دروستكردنی ڕەفەی ناو بەفرگرە و زۆربەی ئامڕاز و پێداویستییەكانی كاری نوسین و ئامێرەكانی ناو ماڵ لە داهێنانی ئەم خانمەن. سەلیقە و داهێنانە ووردەكارەكانی لیلیان گالبریس وایكردووە كە نازناوی( بلیمەتی هونەرەكانی ژیان)ی لێبنرێت.
٧- د.گریس هۆپەر، ئەم خانمە بە داهێنانەكەی شۆرشێكی گەورەی بەرپاكرد لە بواری كۆمپیوتەردا، داهێنانەكەشی بریتی بووە لە وەرگێڕانی ڕێنماییە كۆمپیوتەرییەكان بۆ زمان.
٨- ئەلیزابیس ماگیی: ئەم خانمە لە ساڵی (١٩٠٤)دا جۆرە یارییەكی داهێنا كە پێیدەوترێت (مۆنۆپۆلی)، هەرچەندە لە سەرەتادا ئەم یارییەی گاڵتەی زۆری پێدەكرا و ببووە جێگەی پێكەنین، بەڵام دوای (٣٠) ساڵ واتە لە ساڵی (١٩٣٤) دا ئەم یارییە لە لایەن (چارلز دارو)ەوە گەشەی پێدرا و زیندوو كرایەوە و (دارو) بە هۆیەوە پارەیەكی زۆری دەست كەوت و بووە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی سەردەمی خۆی.
٩- د. فیۆنا وود: ئەم خانمە لە سەرەتای ساڵی نەوەدەكاندا بە داهێنانێكی شۆرشێكی بەرپاكرد لە بواری چارەسەركردنی ئەوانەی بە هەر هۆكارێك بێت دەسوتێن.
١٠- ماری ئەندرسۆن: داهێنانی زۆری هەیە و یەكێك لە داهێنانەكانیشی بریتییە لە دروستكردنی ئەو فڵچانەی كە لە بەشی پێشەوەی هەموو ئۆتۆمبیلێكدا هەن.
١١- كاترین پوربلودجیت: داهێنەری شووشەی ڕەنگنەدەرەوەیە كە بە شووشەی نەبینراو ناسراوە.
١٢- جوزفین كوكران: خانمێكی خانەدانی ئەمریكیی بووە و یەكەمین كەس بووە كە بیری لە دروستكردنی ئامێری قاپشتن كردووەتەوە، لە ساڵی(٨٨٦) دا توانیویەتی پێشەنگی داهێنانەكەی بفرۆشێت و هەر خۆیشی وەك یەكێك لە ژنە پێشەنگەكان سەرپەرشتیی كارگەی دروستكردنی ئەو ئامێرەی كردووە كە خۆی دایهێناوە .
١٣- ماریۆن دۆنۆڤان، داهێنەری جۆرە دایبییەكی مناڵانە كە توانای بەرگەگرتنی تەڕییان زۆرە.
١٤- ئانا كولی: ئەم خانمە لە خۆشەویستیی خۆی بۆ خەڵك و خەمباربوونی لە مردنی خەڵكانێكی زۆر بە هۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە تەلار و خانووەكاندا بیری لە داهێنانی شتێك كردەوە بۆ ئەوەی لەو ڕووداوانەدا كەمترین خەڵك زیانیان بەركەوێت، هەربۆیە دوای ماوەیەكی زۆر پەیژەی ڕزگاركردنی داهێنا كە بە پەیژەی سەلامەتیی ناسراوە.

سەرچاوە: CNBC

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*