سەرەکی » وتار » بۆ وڵاتانی ئەوروپایی پەنابەرانی وڵاتە ئیسلامییەکان وەردەگرن؟

بۆ وڵاتانی ئەوروپایی پەنابەرانی وڵاتە ئیسلامییەکان وەردەگرن؟

تاهیر رەحیمی

ڕاستە ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتە ئیسلامیەکانەوە ڕوو دەکەنە ئەوروپا هەندێک کێشە دروست دەکەن، هەندێکیان دەبن بە مشەخۆر. ئێش ناکەن و تەمەڵ و تەوەزەل تەنیا وەک دەرۆزەکەر یارمەتی دارایی لە شارەوانییەکان وەردەگرن و لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن هیچ تێکەڵاویەک و پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەوروپییەکان نەبێت تەنیا لە حاڵەتی پارە وەرگرتن نەبێت. بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاترش مناڵی زیاتر دروستدەکەن، ئەم کارەش کە دەیکەن لەپێناوی زیادکردنی ڕێژەی موسڵمان نیە بەڵکو لەپێناوی پارەیە . ئەمانە لەڕووی شارستانیەوە کێشە دروستدەکەن وەک پابەند نەبوون بەپاک و خاوێنی و بەشدارینەکردن لە گەشەپێدانی ئابووری ورۆشنبیری وڵات،…تاد…بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی پەنابەران بێ کێشەن. بۆ نموونە ملیۆنێک پەنابەری سوری، عێڕاقی، ئەفغانی، تورکی لەیەک کاتدا ڕوویان لە ئەڵمانیا کرد هەروەها دەیەها هەزاریش بۆ وڵاتاکانی تری ئەوروپا فەڕەنسا، فنلەندا، سوید…. لەم ملێۆن و نیوە! کەمتر لە سەد کەسیان تێکدەرن و کاری تیرۆریستی دەکەن. ئەوانی تر، بەشێکی زۆریان ژیانی ئاسایی خۆیان دەبەنە سەر لە بەشە جیاوازەکانی کار ئیش دەکەن و یان دەخوێنن. بەهۆی پلانی نوێیی ئەم وڵاتانەوە بواری فێربوونی زمان بۆیان ڕەخساوە کە زوو فێری زمان ببن، کە جاران ئەم فرسەتە بۆ پەنابەران نەڕەخسابوو یان زۆر بەرتەسک بوو، هەروەها ئەوانەی مافی پەنابەریشیان نییە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن. ئەڵمانیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپایی دەتوانن بە ئاسانی بێ کێشە لە وڵاتەکانی تری ئەوروپا وەک ڕۆمانیا، بڵغاریا، یونان یان کیشوەری ئاسیا وەک تایلەندو فلیپین لەجیاتی وڵاتە ئیسلامیەکان لەو وڵاتانەوە کرێکار بهێنن . بەڵام ئەو کاتە کێشەیان بۆ دروست دەبێت. چوونکە ئەم وڵاتانە وەک عێراق، سوریا، یەمەن، ئێران … لە ڕووی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی وێران نین. کرێکارانی ئەم وڵاتانە پاش ئەوەی پارە کۆدەکەنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان دەگەڕێنەوە، چونکە لە وڵاتەکەی خۆیان گەر کێشەی ئابوریش هەبێت ئەوە کێشەی کۆمەڵایەتیان نییە!.لە وڵاتانی ئیسلامی هاوڵاتی هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت! هیچ مافێکی شارستانی و هاووڵاتیبوونی نییە، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان وەک یەکێ لەو وڵاتانەی مرۆڤ بێئەندازە بەدەست سیستەمی گەندەڵییەوە دەناڵێت. لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە وێرانە، تاک هیچ ئازادییەکی نییە تا دستنیشانی ژیانی خۆی بکات، یان چۆن بۆ خۆی بژێت، ئەم دەردە هەموو تاکەکانی گرتووەتەوە، هەموو کەس سەر لە ژیانی کەسایەتی هەڵدەقورتێنێ هەر لەدایک و باوکەکانەوە، تا خزم و دراوسێ و مزگەوت و سیستەمی حیزبایەتی هەر هەموویان پێکەوە ڕێگرن لەبەردەم تاک بۆ ئەوەی بە ئازادی بۆ خۆی بژێت و ڕای خوی دەربرێت، تەنانەت ئازاد نییە چ جلوبەرگێک لەبەرکات. بێگومان وێڕای جەنگ و شەڕو زیندان و کوشتن و لەسێدارەدان …کاتێک تاکێک یان خێزانێکی وڵاتە ئیسلامییەکان ڕوو دەکەنە وڵاتانی ئەوروپایی هەرچی ماڵ و موڵکییان هەیە دەیفڕۆشن تا خۆیان لەو ژیانە قوتار بکەن، ئەوان رێگایەک دەگرنەبەر، ڕووی گەڕانەوەی زەحمەتە، ئینجا ئەوەندە بەزەحمەت دەگەن، کە دەگەنە ئەوروپا وەک ئەوە وایە لە دۆزەخ ڕزگاری بووبێت و گەیشتبێتە بەهەشت!!! باوکەکان یان دایکەکان ئەو وڵاتە بەجێناهێڵێن تەنها کاتێک دڵنییا دەبن کە مناڵەکانیان گەورە بوون و جێگەو ڕێگەی خۆیان مسۆگەر کردووە، ئەوانیش پاش ئەوە دەگەڕێنەوە کە ئەزانن لەو وڵاتە خانەنیشینن ئەو کاتە بەبێ مناڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام کاتێک گەڕاونەتەوە گرنگترین شتێک کە هەیانبووە پێشکەشی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە ئەویش مناڵەکانێتێ. ئەو موسڵمانانەی ڕوو دەکەنە ئەوروپا چەند دەمارگیرو گۆشەگیرو دواکەوتوو بن بێئەوەی بەخۆیان بزانن لە‌%20 دەگۆڕێن. ڕازی دەبن بەوەی مناڵەکانیان لە قوتابخانەی تێکەڵاو بخوێنێت، کچەکەی لە گەڵ هاوپۆلەکانی تێکەڵاوبێت و بە جلوبەرگی نیمچەڕووت لە کەنار دەریا و مەلەوانگەکان مەلە بکات، مناڵەکانیشی لایەنی کەم لە %50 بۆ %70 دەگۆڕێن. وەچەی سێهەمیش ئەگەر لە سەدا سەد نەگۆڕێت ئەوە لە سەدا نەوەد دەگوڕێت، واتا نەوەکانی ئێمە وەک کورد، یان موسڵمان نامێننەوە بگرە دەبن بە ئەوروپایی، وەچەی چوارەم بەتەواوەتی لەناو کۆمەڵگای ئەوروپاییدا دەتوێتەوە. تەنانەت ئەگەر نوێژ بکات وڕۆژووش بگرێت ئەوە عەقڵییەتی مناڵەکانی دەگۆڕێت وەک عەقڵیەتی ئەوروپایی لێدێت، چوونکە لە پۆلدا ڕەنگە لەگەڵ هاوڕەگەزبازێک دانیشێت و بەلایەوە ئاسایی بێت.زۆربەی ئەوانەی گەنجن و بەتەنها دێن زووتر دەگوڕێن چوونکە هەر لەشوێنی خۆیان بۆ ئەوە هاتوون تێکەڵاوی ئەوروپایی و کچ و کوڕی ئەوروپایی بن. بەڵام گەنجێکی ڕۆمانی، بوڵغاری، یۆنانی، تایلەندی.. ئەو کێشانەیان نییە دوای ئەوەی پاریەک پێکەوە دەنێیت دەڕۆنەوە، بەڵام پەنابەرە ئیسلامییەکان ناگەڕێنەوە. لەلایەک وڵاتەکەیان دۆزەخە و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەوروپا بە چەندین شوێن و باری ترسناکدا تێدەپەڕێت لە زەینیدا نایەوێ جارێکی تر ئەوانە ببینێتەوە. نزیکەی هەشتا ساڵە پەنابەر ڕووی کردۆتە ئەوروپا بەڵام چەند لەمانە کاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی وڵاتە ئەوروپییەکان هەبووە؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین زۆر کەم. چەند ئەندام پەرلەمانی موسڵمان هەیە؟ چەند وزیر، چەند ئەفسەری پلە باڵا ؟ زۆر کەمن ناگەنە لە سەدا دوو بۆ لە سەدا پێنج! کاتێکش پێدەگەن و بەرپرسیارێتی وەردەرگرن، وەک ئەوروپایەک هەڵسوکەوت دەکەن، ڕەنگە تووندوتیژ تریش بن، وەک سەرۆکی پێشووی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا کە تورک بوو، ئەوندە ئەو دژی سیاسەتی حکومەتی تورکیاییە هیچ سیاسیەکی تری ئەڵمانی ئەوندە دژی سیاسەتی تورکیا نییە. ئەزدەمیر تەنها دژی سیاسەتی تورکیا نەبوو بەڵکو دەیگوت سعودیە سەرچاوەی تیرۆرە پێیویستە وڵاتانی ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵدا بگۆڕن. یان (ئایان هەرسی عەلی) ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هۆڵەندی موسڵمانێ بوو خەڵکی مەگەدیشۆی پایتەختی سۆماڵ. بەڵام بەکردەوە و بە فکریش دژی ئیسلام بوو. بۆیە ئەو کەسانە تەنانەت ئەگەر بەموسڵمانیش بمێننەوە نابنە مەترسی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*