سەرەکی » ئابووری » رەنگەكانی ئابووری

رەنگەكانی ئابووری

پ.ی.د.ئەیوب سماقەیی

زۆر جار رەنگ ئاماژەیە بۆ ناسینەوەی دۆخێك یان بوارێك لەبوارەكان، هۆكارێكە بۆ ناسینەوەی جۆری كەسەكان‌و تەنانەت زۆرجار رەنگ دیاریكەری بارودۆخی دەرونیشە، زۆربەی كاتەكانیش هەندێ كار و رێكخراو رەنگێكی تایبەت بەخۆیان هەیە، تەنانەت پارتی سیاسیش رەنگی تایبەت بە خۆی هەیە، كەواتە رەنگەكان دەگۆڕێن بەپێی گۆڕانی بارودۆخەكان، كارو چالاكییە ئابووریەكانیش رەنگی تایبەت بەخۆیان هەیە، تەنانەت جۆری ئابووری رەنگی تایبەت بەخۆی هەیە، لەبەر ئەوە ئەم بابەتە بۆ پۆلێنكردنی ئابوورییە یان بۆ ناساندنی ئابوورییە لەڕێگای رەنگەكان، لەبەر ئەوەی جۆر و شێواز و بەش‌و قۆناغەكانی ئابووری رەنگی تایبەت بەخۆیان هەیە وەك:
1 – ئابووری سوور: بریتییە لەو ئابوورییەی حكومەت هەموو بڕیارەكان خۆی دەیدات دەربارەی بەرهەمهێنان‌و دابەشكردن، ئەم جۆرە سیستمە لە یەكێتی سۆڤێتی جاران پەیڕەو دەكرا، حكومەت خاوەنی هەرە زۆری هۆكارەكانی بەرهەمهێنانە (زەوی، سەرمایە)، هەروەها ئاراستەكردنی هەڵسوكەوتی دامەزراوەكانی لەزۆربەی دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی بەدەستە، دەوڵەت خۆی كرێكار دادەمەزرێنێت‌و پێشیان دەڵێت چۆن كار بكەن، بڕیار لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی بەرهەمی نەتەوەیی دەدات لەسەر كاڵاو خزمەتگوزاری جۆربەجۆرەكان بەكورتی لەم سیستمەدا حكومەت وەڵامی هەموو پرسیارە ئابوورییە سەرەكیەكان دەداتەوە لەڕێگەی خاوەندارێتی كردنی دەرامەتەكان‌و توانایی لەسەپاندنی بڕیارەكانی.

لەڕێگەی فرۆشتن بەئینتەرنێت
2 – ئابووری قاوەیی: بریتییە لەو ئابوورییەی گەشەی ئابوورییەكەی پشت بەو چالاكیانە دەبەستێت كە تێكدەری ژینگەن‌و ژەهر دەخەنە ئاو و هەواو خاك، ئەو چالاكیانەش پشت بەوزەی وەك خەڵوز و نەوت‌و غازی سروشتی دەبەستن، لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئەو وزانەش دەبێتە هۆی دەردان‌و دروستبوونی غازی دووەم ئوكسیدی كاربۆن‌و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن‌و میسان، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی قەتیس بوونی گەرما. وەك پیشەسازیی چیمەنتۆ و پیشەسازیی دروستكردنی وزە لە نەوت‌و خەڵوز و غازی سروشتی. زۆر جاریش پێیان دەوترێت پیشەسازییە پیسەكان.
3 – ئابووری سپی: بۆ یەكەم جار (پڕۆفیسۆر دوجلاس ماك ویلیامز) لەساڵی 2015 كتێبێكی بڵاوكردەوە بەناوی (الاقتصاد الابیض المسطح) لە لەندەن كتێبەكە باسی ئابووریی سپی كرد، باسی ئەوەی كرد كە ئابووری سپی واتە ئابووری ژمارەیی كە چۆن رۆڵی هەیە لە پێشخستنی لەندەن ‌و دواڕۆژی شارەكە لەخێراكردنی گەشەی ئابووری‌و رەخساندنی دەرفەتی كار و بەتایبەتی لەڕێگەی فرۆشتن بەئینتەرنێت. بەتایبەتی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای زانیاری‌و پەیوەندیەكان‌و بازرگانی ئەلیكترۆنی‌و خوێندنی ئەلیكترۆنی‌و خزمەتگوزاری بانكی‌و مامەڵەی ئلیكتڕۆنی كاغەزی دارایی وەك پشك‌و قەواڵە.

ناكەونە ناو ئاماری فەرمی دەوڵەت
4 – ئابووری خۆڵەمێشی: بۆ یەكەمجار زانای ئابووری (ئارسەر لویس) بەكاریهێنا بۆ ئەو چالاكیانەی خۆیان دەدزنەوە لەباجدان‌و ئەو چالاكیانەی قازانجی گەورە بەدەست دەهێنن‌و دوورن لەچاودێری دەوڵەت، كە پێیوابوو نزیكەی (40 % بۆ 60 %)ی چالاكی ئابووری وڵاتانی دواكەوتوو دەگرێتەوە. وەك چالاكی جامبازی لە دەرەوەی بازاڕە رێكخراوەكان‌و رەشوە وەرگرتن‌و دەستخۆشانەی نایاسایی بۆ ئەو چالاكیانەو ناكەونە ناو ئاماری فەرمی دەوڵەت. بەڵكو لەدەرەوەی چوارچیوەی یاسایی‌و یاسایی كار كاردەكەن بەئاگاداری حكومەت یان بەبێ ئاگاداری حكومەت، نە ئابووری رەشن ‌و نە ئابووری سپی لەو نێوەندەن لەبەر ئەوە پێیان دەوترێت ئابووری خۆلەمێشی. رێژەی لە (30 % بۆ 50 %)ی ئابووری گشتی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پێكدەهێنن.
5 – ئابووری رەش: ئەو چالاكییە ئابوورییانە دەگرێتە كە دەكەونە دەرەوەی بازنەی یاسایی واتە چالاكیە ئابوورییە نایاسایەكان، زۆرجار پێیدەوترێت ئابووری سێبەر یان ئابووری نهێنی یان ئابووری شاراوە، وەك بازرگانیكردن بە مرۆڤ و بەشەكانی جەستەی مرۆڤ و پارەی ساختەو پڕۆگرامی دزراو و كۆپیكردنی نایاسایی‌و دزینی زانیاری كەسی‌و دارایی كەسەكان بۆ گەیشتن بە ژمارەی بانكی كەسەكان‌و بازرگانی چەك‌و بەرهەمهێنان‌و دابەشكردنی مادە هۆشبەرەكان، بازرگانی دەرمان‌و خۆراكی بەسەرچوو و دزی‌و ساختەكردنی بازرگانی. ئابووریناسانی هندستان لە (35 %)ی سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەكەیان بە ئابووری رەش ناوبرد وەك لە كتێبی (تێگەیشتن لە ئابووری رەش‌و دارایی رەش لە هندستان) هاتووە كە نووسەرەكەی (ئرون كومار)ە لەساڵی 2017.

پشت بەستوو بە وزەی پاك
6 – ئابووری سەوز: نەتەوە یەكگرتووەكان پێیوایە ئابووری سەوز بریتییە لەو ئابوورییەی كە هەوڵدەدات جۆری ژیانی مرۆڤ باش بكات‌و دادی كۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت بۆ مرۆڤ، واتە گۆڕینی شێوەی بەكارهێنان‌و بەرهەمهێنانی پچڕ پچڕ بۆ شێوازی بەرهەمهێنان‌و بەكارهێنانی بەردەوام، واتە هەوڵدەدات رەهەندەكانی پەرەپێدانی ئابووری بەردەوام بەدەستبهێنێت وەك رەهەندی ئابووری‌و ژینگەیی‌و كۆمەڵایەتی‌و دامەزراوەیی‌و سیاسی.
7 – ئابووری شین: ئابووری شین وەك بابەتێكی ئابووری دوای سەركەوتنی گرنگیدان بە ئابووری سەوز دەركەوت، هەروەها دوای گەشەكردنی مانای ئابووری سەوزی پشت بەستوو بە وزەی پاك، ئابووری شین بریتییە لە ئیدارەدانێكی گونجاو نموونەی سەرچاوەكانی ئاو لەڕوبار و دەریاو زەریاكان بەشێوەیەكی بەردەوام‌و پارێزگاری لێكردنی لەپێناو نەوەی ئێستاو داهاتوو، ئەو ناوەش بۆ ئابووریناسی بەلجیكی (جونزپاول) دەگەڕێتەوە كە ساڵی 2012 لەكۆنگرەی ژینگەی جیهانی لەڕیودیجانیڕۆی لە بەڕازیل بەكاریهێنا.
8 – ئابووری بەنەوشەیی: بریتییە لە تەواوكاری لەنێوان ئابووری‌و رۆشنبیری بۆ پێدانی بەرگێكی مرۆیی بە جیهانگیری ئابووری بۆ گونجاندنی پەرەپێدانی ئابووری‌و بەردەوام بوونی پەرەپێدانی ئابووری، ئەو بوارەیە گرنگی دەدات بە پەرەپێدانی ئابووری بە پەرەپێدانی رۆشنبیری بۆ رزگاربوون لەقەیرانە ئابوورییەكان‌و ئاراستەكردنی ئابووری بۆ دواڕۆژێكی سوودبەخش‌و نوێكردنەوەی چالاكی بەرهەمهێنان. ئابووری وەنەوشەیی پەیوەندی هەیە بە بەها‌و رۆشنبیری كۆمەڵگە وەك پێداویستییەكی مرۆیی، ئەمەش وادەكات لەیەكتێگەیشتن‌و هەم هەماهەنگییەكی باش هەبێت لەنێوان رۆشنبیری‌و ئابووری، لەبەر ئەوەی رۆشنبیری یەكێكە لە تەوەرەكانی یارمەتیدەر بۆ پێشكەوتنی ئابووری‌و گەیشتن بەئامانجەكانی ئابووری، ئەم رەنگە لەساڵی 2011 لەڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی دەركەوت لەمونتەدای ئابووری بەنەوشەیی لەپاریس كە لەلایەن یونیسكۆ و پەرلەمانی یەكێتیی ئەوڕوپاو كۆمیسیۆنی ئەورپاوە بەسترا.

ئابووری هەرێمی كوردستان
9 – ئابووری زیویی: بریتییە لە و ئابوورییەی كە تایبەتە بەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش دەكرێن بەو كەسانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ بەسەرەوەیە وەك یانەی وەرزشی‌و یانەی دانس‌و نەخۆشخانەو چاودێری كۆمەڵایەتی‌و.. تد، هەموو ئەو چالاكیانە تایبەتن بە بەساڵاچوەكان ناوەكەش لە 50 ساڵی زیوینی تەمەنیان هاتووە.
10 – ئابووری زەرد: بریتییە لە و ئابوورییەی كە چالاكیەكانی پشت دەبەستێت بەوزەی تیشكی خۆر واتە تیشكی خۆر سەرچاوەی سەرەكی وزەیە لەو ئابوورییە ئەمەش رێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئابووری ژینگەو وازهێنانە لەو وزانەی كە زیانبەخشن بۆ ژینگە وەك نەوت‌و خەڵوز و غازی سروشتی واتە ئەو ئابوورییەی كە پشت بەوزەیەكی دۆستی ژینگە دەبەستێت بۆ جێبەجێكردنی كارو چالاكیەكانی.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایە ئابووریی هەرێمی كوردستان چەند رەنگی لەم رەنگانە تێدایە، دیارە ئابووریی كوردستان زۆرێك لەم رەنگانەی تێدایە هەندێكیش زۆر گرنگن‌و دیار نییەو نابینرێن لەئابووری هەرێمی كوردستان، ئابوورییەكی رەنگاڵەی خۆڵەمیشی رەش خەریكە باڵ دەكێشێت بەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوە دیاریكردنی رەنگێكی دیاریكراو لەو قۆناغەدا بێڕەنگییە، لەبەر ئەوەی تێكەڵكردنی چەند رەنگێكی تۆخ تاریكترین رەنگ دروست دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*