سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » هێزی ناسکی هیندستان

هێزی ناسکی هیندستان

لە ساڵی 2004 دا بیرمەندی سیاسی ئەمریکی جۆزێف نای چەمکی Soft power هێزی ناسکی داهێنا، مەبەستی ئەوش لەم چەمکە ئەوەیە، کە دەوڵەتان تەنها لە رێگەی هێزی سەربازییەوە ناتوانن هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتانی تردا بسەپێنن، بەڵکە هەموو وڵاتێک خاوەنی کۆمەڵێک هێزی ناسکە لەوانە: « فەرهەنگی، ئاینی، دیپلۆماتی، سیستەمی خوێندن،شێوازی حکومڕانی» دەتوانێت لە رێگەی ئەمانەوە، هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی تردا بسەپێنێت. کولتوور سەرچاوەی سەرەکی ئەم هێزە پێکدەهێنێت. لەپاش ئەو ساڵەوە هەموو دەوڵەتە زلهێزەکان هەوڵ دەدەن هێزی ناسکی خۆیان لە جیهاندا بەهێز بکەن، چونکە دەزانن، ئەم هێزە کاریگەی گەورەترە لە هێزی زبر و توندوتیژی.
لە ئێستاشدا هیندستان بەرەو زلهێزی هەنگاو دەنێت، دیارە ئەویش کۆمەڵێک خاڵی بەهێزی هەیە لەوانە: « بوونی چوارەمین سووپای جیهان، دووەمین وڵاتی جیهان لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، پێنجەمین هێزی ئابووری جیهان» لەپەنا ئەم هێزانەشدا،هیندستان چەند هێزێکی ناسکی تری هەیە، کە ئەوانیش بوونەت خاڵی بەهێز بۆی. من لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی هەندێکیان بکەن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فیلمسازی، پزیشکیی و دەرمانسازی و زانکۆ و خوێندنەوە هەیە.

بۆلیوود Bollywood
یەکێک لە بەهێزترین هێزی ناسکی هیندی» Bollywood بۆلیودە» دیارە ماوەی چەندین ساڵە سینەمای هیندی لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقادا. هەرچەندە سینەمای هیندی لەچاو سینەمای ناوچەکە و جیهان، هێندە مێژووی کۆنی نییە. لەگەڵ داگیرکاری ئینگلیزی، سینەماش هاتە هیندستان، یەکەمین بەرهەمی فیلمی بێدەنگی هیندی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1913، لێرەشەوە بەردی بناغە‌ی سینەمای هیندی دانرا. پاشان ساڵی 1931 یەکەمین فیلمی سینەمایی دەنگدار بەرهەمهێنرا. لە پاش زرگاربوونیشی لە چنگی داگیرکاری ئینگلیزی، کەرتی سینەما لەلایەن حکومەتەوە، گرنگی زیاتری پێدرا و وایلێهات بووە ناسنامەیەکی گرنگ بۆ وڵاتی هیندوستان. لە ئێستادا ساڵانە نزیکەی 1600 فیلم بەرهەم دەهێنێت و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا، سینەمای هیندی ناسراوە. ئەمەش لە رووی ئابووریی و فەرهەنگیشەوە، سوودی زۆری بەم زلهێزە نوێیە گەیاندووە.

زانکۆ و خوێندن
خاڵێکی بەهێزی تری هێزی ناسکی هیندی، بوونی سیستەمێکی خوێندنی مۆدێرن و زانکۆی باشە، ئەمەش وایکردووە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە، خوێندکاران سەردانی زانکۆکانی ئەم وڵاتە بکەن.
لە ئێستادا هیندستان خاوەنی باشترین سیستەمی خوێندنە لە تەواوی کیشوەری ئاسیادا، پلەی 24 ی هەیە لە جیهاندا. هەروەها خاوەنی 527 زانکۆیە، 23 یان باشترین زانکۆی ئاسیان، 8 دانەیان لە ریزبەندی سەد زانکۆ باشەکانی جیهانن. هەروەها زمانی خوێندن، زمانی ئینگیلزییە کە ئەویش زمانێکی جیهانییە.
ئەمڕۆ زانکۆکانی هیندستان کێبرکێی زانکۆکانی ئەوروپا وئەمریکا دەکات، لە رووی ئاستی زانست و خوێندنەوە زۆر باشە، لە بەرامبەریشدا لە رووی تێچوونیشەوە زۆر هەرزانە، بەتایبەتی لەچاو زانکۆ رۆژئاواییەکاندا.
هەرئەمەش وایکردووە خوێندکارێکی زۆری بیانی سەردانی هیندستان بکەن، ساڵ لە دوای ساڵیش خوێندکاری زیاتر روو لەم وڵاتە دەکەن، بۆ نموونە ساڵی 2016 تەنها 45 هەزار خوێندکاری بیانی لە زانکۆکانی هیندستان دەیانخوێند، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی خوێندکارە بیانییەکان لە زانکۆکانی هیندستان دەگاتە سەرو 200 هەزار خوێندکار. دیارە ئەمەش چ لەرووی ئابووری و چ لەرووی کولتوریشەوە، سوودێکی گەورەی بەم زلهێزە نوێیە بەخشیوە.

پزیشکی و دەرمانسازی
هەر لەدێر زەمانەوە هیندستان سەنتەری داودەرمان و پزیشکی بووە، لە ئێستاشدا ئەم وڵاتە خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی مۆدێرن و ملیۆنان پزیشک و نەخۆشخانەی باش و دەرمانسازیی زۆر باشە، هەر ئەمەش بۆتە خاڵێکی بەهێزی تری هێزی ناسکی هیندستان، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا،هیندستان بۆتە نەخۆشخانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان. ساڵی پار سەرو 600 هەزار کەس لەجیهاندا سەردانی نەخۆشخانەکانی هیندستانیان کردووەو چارەسەریان وەرگرتووە.
لە ئێستادا هیندستان لە رووی سیستەمی تەندروستییەوە یەکێکە لەسیستەمە پێشکەوتووەکانی جیهان، دیارە ئەمەش لەبەر بوونی کادیری پزیشکی باش و هەرزان و بوونی نەخۆشخانەی مۆدێرنی زۆر باش.
هیندستان لە هەموو بوارەکانی پزیشکیدا 1.200.000 دکتۆری هەیە، هەروەها 2 ملیۆن پەرستاری شارەزای هەیە. جگەلەوەش خاوەنی 800 هەزار دکتۆرە لە بواری زانستی ژیان کە زیاتر لە جیهاندا بە ئایۆرڤیدا Ayurveda دەناسرێت و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی لەم وڵاتەدا هەیە.
لە رووی نەخۆشخانەشەوە، لە ئێستادا 22 نەخۆشخانەی هیندستان، لە ریزبەندی 100 نەخۆشخانە باشەکانی جیهانن. لە رووی تێچوونیشەوە، لەچاو دەوڵەتە رۆژئاواییەکاندا زۆر کەمە بە رێژەی 15 بۆ 20% کەمتری تێدەچێت.
لە رووی دەرمانسازیشەوە هیندستان گەشەی ئێجگار گەورەی بە خۆوە بینوە، لە ئێستادا پلەی سێهەمی هەیە لە جیهاندا و ساڵی پار بڕی 30 ملیار دۆلار، دەرمانی بەجیهان فرۆشتووە و بۆ 200 دەوڵەتی جیهان دەرمان دەنێرێت. دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی ژێرخانێکی مۆدێرن و باشی دەرمانسازییەوە. 2500 کارگەی دەرمانسازی هەیە، رێژەی 10% بەرهەمی دەرمان لە جیهاندا لە هیندستان بەرهەم دەهێنرێت. هەموو دەرمانێکیش بەرهەم دەهێنێت، بۆ نموونە لە 30% دەرمانی دژە ئایدز لەهیندستانبەرهەم دەهێنرێت.
دوا قسە
بە پێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی و ئابووریش،هیندستان بەرەو زلهێزی هەنگاو دەنێت، ئەم زلهێزەش خاوەنی کۆمەڵێک خاڵی بەهێزە، بۆ ئێمەی کوردیش زۆر گرنگە ئاگاداری ئەم زلهێزە نوێیەی جیهان بین و پەیوەندی باشمـان لەگەڵیدا هەبێت.

سەرچاوەکان:
معلومات أساسية حول الدراسة الجامعية في الهند. www.alaraby.co.uk
Nirgendwo werden mehr Filme gedreht als in Indien. Barbara Schweizerhof.www.zeit.de
تێروانینێکی گستی لەسەر پیشەرشازی دەرمان لەهیند و گەشتوگوزاری پزیشکی . لە بڵاوکراوەکانی کونسوڵگەری گشتی هیند . هەولێر. عیراق.

print

 143 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*