سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » پێویستیەکی زۆرمان بە دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی کوردستان هەیە

تاهیر عەبدوڵڵا:

پێویستیەکی زۆرمان بە دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی کوردستان هەیە

دیدار: ڕاوێژ کامەران

تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئەندازیاری شارستانی، جگە لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە خاوەنی چەندین بەرهەمی گرنگی فڕۆکەوانییە کە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بواری فڕۆکەوانی، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ کوردستانی نوێ باس لە بەرهەمەکانی خۆی و کارەکەشی دەکات وەک بەڕێوبەری فڕۆکەخانە.

*دیداری ئەمڕۆمان تایبەتە بە دوو تەوەرە، تەوەرەی یەکەمیان باس لەو کتێبانە دەکەین کە بەڕێزتان لەبواری فڕۆکەوانی ئامادەتان کردووە، دواتریش قسە لەسەر دۆخی فڕۆکەوانی دەکەین لە کوردستان، با سەرەتا لە بەرهەمەکانتانەوە دەستپێبکەین، وەک دەزانین لە ماوەی ڕابردوو فەرهەنگێکی تایبەتی فڕۆکەوانیتان بڵاوکردەوە، دەتوانین بزانین ئەم بەرهەمە چییە و گرنگی چییە؟
-سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، گەر باسی فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانە بکەین لە هەرێمی کوردستان ئەوا بوارێکی تازەیە و هیچ بەشێکی ئەکادیمامان نییە لە زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە تا ساڵی 2003 ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ڕێگەیان نەداوە تاکی کورد لەو بوارە نزیک بێتەوە چونکە بوارێکی هەستیار و گرنگە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بەر لە ساڵی 2003 چۆتە دەرەوەی وڵات و تەنانەت پاسپۆڕتیشی هەبووە، بەڵام لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ کە هەرێمی کوردستان زیاتر کرایەوە بەڕوویی دەرەوەدا، لەو کاتەشدا سەرکردایەتی کورد و بەتایبەتیش هەڤاڵ مام جەلال بیری لەوە کردەوە کە فڕۆکەخانە یەکێکە لە دەزگا پێویستەکانی ئەم سەردەمە، هەر بۆیە لە کۆتای ساڵی 2003 پرۆژەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەستی پێکرد و لە ساڵی 2005 پڕۆژەکە تەواو بوو کە من وەک ئەندازیار سەرپەرشتی پرۆژەکەم دەکرد، لەو کاتەشدا ئاستەنگێکی دیکە هاتە پێشمان ئەویش بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکە بوو چونکە مامەڵەی لەگەڵ دەرەوەدایە لە ناوەندە فڕۆکەوانیەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان، بۆیە زۆر پێویست بوو ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانە کاردەکەن ڕاهێنانی تایبەت بکەن و کۆرسی تایبەت ببین و سەرچاوەیان لەبەردەستدا بێت، من خۆم ئەندازیاری شارستانی ڕاوێژکارم و لە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی فڕۆکەخانە چەندین سەرچاوەی گرنگم هاتە بەردەست کە پیوسیتی دەکرد من وەک بەڕێوبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە زانیاریم لەسەری هەبێت، هەر بۆیە شارەزاییەکی باشم پەیدا کرد لەو بوارەدا، لە سەرەتای درووستکردنی فڕۆکەخانەکەش ئێمە پەنامان بردە بەر کۆمەڵێک لە شارەزایانی هێڵی ئاسمانی عێراقی تا هاوکاریمان بکەن و سوود لە شارەزاییان وەربگرین، ئەمەش شتێکی کاتی بوو هەر بۆیە دەبوو پشت بەخۆمان ببەستین و کارمەندەکانمان پێبگەیەنین، بۆیە من لە ساڵی 2007ەوە دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری تایبەت بە فڕۆکەوانی لە گۆڤاری ئەندازیاراندا، دواتریش کۆمەڵێک کتێبی تایبەتم بەو بوارە بڵاوکردەوە کە سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی بواری فڕۆکەوانی لەخۆ گرتبوو، بەو پێیەی فڕۆکەخانەش دەزگایەکە بەردەوام لە گەشەسەندندایە و پێویستە بەردەوام کارمەندەکانمان بەرەو پێش بچن و کارەکان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بڕوات، هەربۆیە لە بوارە جیاوازەکانی فڕۆکەوانی بەرهەمم بڵاوکردەوە، نوێترین بەرهەمیشم لە بواری فڕۆکەوانی فەرهەنگێکی فڕۆکەوانیە کە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی زمانی فەرمی فڕۆکەوانی لە جیهانیدا بە زمانی ئینگلیزییە، هەر بۆیە دەستەواژە ئینگلیزیەکانم خستۆتە سەر زمانی عەرەبی و کوردی کە هەم لە عێراق و هەم لە کوردستان وەک سەرچاوە پشتی پێدەبەسترێت و کتێبەکەش ئێستا بۆتە پرۆگرام لە ئەکادیمیای فڕۆکەوانی عێراقی، کارەکەشم بەو پێیەی دەستەواژەی زانستییە ماندوبونی زۆری ویستووە، بێگومان نەشم توانیوە کارەکان بە تەنها ئەنجام بدەم و ڕاوێژکاری فڕۆکەوانی بەڕێز ( فاخر فەرەج) کە ئێستا لەژیاندا نەماوە هاوکارم بووە لە کۆکردنەوەی دەستەواژە زانستیە ئینگلیزیەکان و دواتر کردومانە بە عەرەبی و کوردی، ئەم فەرهەنگە بەر لە چاپکردنی چەندین شارەزای زمانی کوردی وەک مامۆستایان (جەمال عەبدول، موستەفا ساڵح کەریم، پرۆفیسۆر حزەدین موستەفا ڕەسووڵ، پرۆفیسۆر محەمەد مەحوی، ئەمین سەپان) بەسەردیا چونەتەوە و پێشەکیشیان بۆ نوسیوە و هەندێک تێکست و زاراوەیان ڕاستکردۆتەوە.

* واتە ئێستا فەرهەنگەکە بۆتە پرۆگرامی ئەکادیمی لە عێراقدا؟
-بەڵێ، ئێستا لە پەیمانگای فڕۆکەوانی شارستانی عێراق بۆتە پرۆگرام و لە پەیمانگای خۆشمان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی سوودی لێدەبینین، بەڵام ئەو پەیمانگایانە بۆ پێگەیاندنی کادری ناو فڕۆکەخانەیە وەک چاودێری ئاسمانی و سەلامەتی فڕۆکەوانی و ڕادار، بەڵام تا ئێستا لە عێراقدا ئەکادیمیای فڕۆکەوانی نییە کە فڕۆکەوان پێبگەیەنێت، هەرچەندە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغداد هەبوو، ئەوەی ئێستا هەیە ئەکادیمیایەکی بچوکە لە شارۆچکەی عەربەت، کە بۆ فێربونی فڕۆکەوانی فڕۆکەی بچوک و هەلی کۆپتەرە، هەر بۆیە ئێستا ئەم پرۆگرامە زیاتر بۆ کارمەندانی فڕۆکەوانە بەکار دەهێندرێت و بەردەوامیش لە کۆرسەکانی ڕاهێنان لە تەواوی عێراق سوودی لێوەردەگیرێت.

* دەکرێت باسی ئەو کتێبانەمانە دیکەمان بۆ بکەیت کە لە بواری فڕۆکە و فڕۆکەوانی بەرهەمت هێناوە؟
– یەکەم کتێب کە من نوسیمنە لە بواری فڕۆکەوانی کتێبی (کورتکراوەی زاراوەکانی ئیکاو) ە کە ئەمەش وەک فەرهەنگ وایە و لە عێراقدا وەک سەرچاوە پشتی پێ بەستراوە و سەرجەم زاراوەکانی ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتی تێدا شیکراوەتەوە، کتێبی دووەم (ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتی) کە باس لە کارەکانی ڕێخراوەکە و لایەنی یاسای و تەکنیکی و کارگێڕی و ئەو کارانە دەکات کە ئەنجامی دەدەن، کتێبی سێیەم (یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی) ئەمەش باس لە ئەو یەکێتییە دەکات کە زیاتر گرنگی دەدات بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە وەک هێڵی ئاسمانی عێراقی و تورکش ئێرلاین و بڕیتش ئێرلاین و کارو بارەکانیان ڕێک دەخات و کێشەکانیان یەکلا دەکاتەوە، سێیەم کتێبب بەناوی (فڕۆکەخانە و گەشت)ە کە زانیاری دەدات بە هاوڵاتیان لەبارەی فڕۆکەخانە و چۆنیەتی گەشتکردن وسوودوەرگرتن لە خزمەتگوزاریەکانی ناو فڕۆکەخانەکەن، چوارم بەرهەمم لە بواری فڕۆکەوانی کتێبی (فڕۆکە و فریاکەوتن)ە کە باس لە لایەنی سەلامەتی فڕۆکە دەکاتەوە کە پێویستە 24 کاتژمێر لە ئامادەباشیدا بن و جۆری فڕۆکە و شێوازی ڕوبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان باس دەکات، کتێبی پێنجەم ئەندازیاریە بەناوی (فڕۆکەخانە، پلان و بەڕێوەبردن) کە تێیدا باس لەوە کراوە چۆن شوێنی فڕۆکەخانە هەڵدەبژێریت و پێویستیەکانی چییە و چۆن دیزاینی دەکەیت، کتێبی شەشەم بەناوی (پەیوەندیە فڕۆکەوانیەکان و ئامڕازە مرۆییەکان) کە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی فڕۆکەوانی کە تێیدا پەیوەندی نێوان فڕۆکەخانە و فڕۆکە ڕێکدەخرێت و سستمی فڕین لە ئاسماندا ڕێک دەخرێت، دواین بەرهەمم کە لە سێ بەرگدایە کە فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی فڕۆکەوانیە و بەرگی یەکەم A و B وc یە و بەرگی دووەم لە D بۆ Lە و بەرگی سێیەم لە Mتا Zتە، کە سەرچاوەکەی گرنگە بۆ بواری فڕۆکەوانی.

* ئایا دەتوانین بڵێن لە داهاتودا فڕۆکەوانی کوردمان دەبێت کە بتوانێت فڕۆکە بەکار بهێنێت؟
-بێگومان ئێستا چەندین فڕۆکەوانی کورد هەیە کە لەدەرەوەی عێراق خوێندویانە و ئێستا بونەتە فڕۆکەوان، جگە لەوەی فڕۆکەوانی سەربازیشمان هەیە کە بوارەکەی جیاوازە لە فڕۆکەوانی شارستانی، کاتێکیش فڕۆکەوان پێویست دەبێت کە هێڵی فڕۆکەوانی کوردیمان هەبێت، چونکە ئەوکاتە پێویستە فڕۆکەمان هەبێت و فڕۆکەوانمان هەبێت، من لە ساڵی 2012 وە داوام کردووە کە بەپێی یاسا هێڵێکی ئاسمانی درووستبکەن وەک هێڵی ئاسمانی عێراقی، تا ئێستاش بەداخەوە ئەو هێڵە درووستنەبووە، لەکاتێکدا ئەو کارە پێویستیەکی لەڕادەبەدەری ئێستای هەرێمی کوردستانە، گەر بیرتان بێت لەکاتی ڕیفراندۆمدا تورکیا و عێراق هێڵەکانیان ڕاگرت، کە ئەوەش کێشەی زۆری بۆ درووستکردنین، ئە کۆمپانیا فڕۆکەوانیە کوردیانەی ئێستا هەیە هیچی فڕۆکەی نییە و تەنها فڕۆکە بە کرێ دەگرێت، هەر بۆیە گرنگە ئێمە وەک هێڵی ئاسمانی عێراقی، هێڵی ئاسمانی کوردستانمان هەبێت کە سەرچاوەیەکی داهاتیشە بۆ هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمیشی بەهێزتر دەکرد.
* با بێنە سەر دۆخی فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئێستا فڕۆکەخانەکە لە چ دۆخێکدایە و تا چەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟
– لە عێراقدا پێنج فڕۆکەخانە هەیە کە ئەوانیش فڕۆکەخانەکانی (بەغداد، سلێمانی، هەولێر، نەجەف، بەسڕە)یە، ساڵانە ئەم فڕۆکەخانانە هەڵسەنگاندنیان بۆدەکرێت و ڕوبەڕووی پشکنین دەبنەوە، ئیستا فڕۆکەخانەی سلیمانی لەڕووی سیستەم و پێکهاتە و سەلامەتی لە پێش فڕۆکەخانەی بەغدادیشەوەیە ، ئێمە یەکەمین فڕۆکەخانەبووین کە بڕوانامەی بەنێودەوڵەتی بوونمان وەرگرتووە، وەک جوڵەی فڕۆکەوانیش ئەو بابەتە پەیوەستە بە شوێن و ناوچە و شارەوە کە تاڕادەیەک شاری سلێمانی لەو ڕووەوە شارێکی چەپەکە، بۆنمونە فڕۆکەخانەی نەجەف کە گەشتیاری ئایینی تێدایە ڕێژەی جوڵەی زیاترە، بەڵام فڕۆکەخانەی سلێمانی تەنها بۆ خەڵکی سلێمانیە زیاتر کە ئەویش هەمووی نزیکەی 2 ملیۆن کەس سوودی لێدەبینێت، هەر بۆیە پیویستە بە شێوەیەکی هەمەلایەن و بە هاوکاری زیاتری حکومەت فڕۆکەخانەکە بەرەو پێشبەرن و فراوانی بکەن، لە ڕووی بیناشەوە ئێمە لە ساڵی 2011 وە ماستەرپلانمان هەیە کە دەبوو تێرمیناڵێکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ درووستبکرێت، بەڵام بەداخەوە قەیرانی دارای و ململانێی سیاسی وایکردووە کە تا ئێستا جێبەجێ بەکرێت.

*ئاستی سەلامەتی فڕۆکەوانی و فڕۆکە لە هەرێم و بەتایبەت لە سلێمانی لە چ ئاستێکدایە؟
-بواری سەلامەتی یەکێکە لە گرنگترین بوارەکان کە پێویستە گرنگی پێبدرێت، ئێستا لە زستاندا پێویستە ڕێڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکە دەبێت بەپێی ستاندارد بێت و بەردەوامیش ئێمە زۆر سەرنج دەخەینە سەر لایەنی سەلامەتی، خۆشبەختانەش تا ئێستا ڕوداوێکی وا ڕوینەداوە کە مەترسی لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی درووستبکات، جگە لەوەی 72 ٪ کارەساتی فڕۆکەوانی بەهۆی هەڵەی مرۆییەوە ڕوودەدات، هەر بۆیە زۆر گرنگە کە ئەو کەسانەی لەم بوارەدا کاردەکەن لە ڕووی جەستەی و دەروونیەوە ئارامبن و ژینگەیان بۆ ئامادە بکرێت و ئیمتیازی تایبەتیشیان هەیە.

*پارێگاریەکانی فڕۆکەخانە بۆ نەخۆشی کۆرۆنا و ڕێگری لە بڵاوبونەوەی لە چ ئاستێکدایە؟
-ئەم نەخۆشیە نەخۆشیەکی ترسناکە، بەڵام شتێک نییە کە بەری پێنەگیرێت، فڕۆکەخانەش یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە هەموو جیهانەوە خەڵکی لێدێتە ناوەوە، واتە وەک سنوری زەمینی نییە کە تەنها لە یەک وڵاتەوە خەڵک بێتە ناوەوە، هەر بۆیە ئێستا جگە لە پشکنینی بەردەوامی ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن، ڕێگری لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەش دەکرێت کە ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، ئەم کارەش پێویستی بە هەماهەنگی بەردەوام هەیە لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی هاوڵاتی هەرێمن و گومانی هەبوونی ڤایرۆسەکەیان لەسەرە، بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تایبەت و ڕێگری بکرێت لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*