سەرەکی » دۆسێ » ئیدلب خاڵی ناكۆكی نێوان توركیا و روسیا

رەوشەكە پەرەدەستێنێت

ئیدلب خاڵی ناكۆكی نێوان توركیا و روسیا

وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەكەی لەژێر ناوی «قەڵغانی بەهار» ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ئیدلب دەستپێكردووە و هێزەكانی بەكاردەهێنێت بۆ ناچاركردنی سوپای سوریا، تا لەپارێزگەی ئیدلب پاشەكشە بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە روسیاش دەیەوێت ناوچەكە بۆ سوپای سوریا پاكبكاتەوە و بیخاتەوە ژێر ركێفی حكومەتی دیمەشق.
خەڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری روسیا لە 1ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی نایەوێت هێزەكانی رووبەڕووی هێزەكانی روسیا ببێتەوە، مەبەستی تەنیا كشانەوەی سوپای سوریایە بۆ سنورەكانی رێككەوتننامەی سۆچی و دانانی سنورێك بۆ ئاوارەبونی هاووڵاتیان لە ئیدلب.

وەڵامی روسیا
لەبەرانبەر دەستپێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە پارێزگەی ئیدلبی باكووری خۆرئاوای سوریا، بەرپرسانی روسیا هۆشداریی دەدەنە توركیا لە هێرشكردنە سەر ناوچەكانی هاتووچۆی وشكانی لەسەر رێگەی (M4 و M5).
ئۆلیگ جوراڤلوڤ، سەرۆكی سەنتەری بەرژەوەندییەكانی روسیا لە سوریا رایگەیاندبوو،»پۆلیسی سەربازی روسی لەشاری (سەراقب)ی باشووری پارێزگەی ئیدلیب بڵاوكرانەوە، ئەو هەنگاوەش بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و فەراهەمكردنی هاتووچۆی وشكانییە لەسەر ڕێگە سەرەكیەكانی (M4 و M5).
ئەم هەنگاوەی روسیا دوای دوای ئەو هەڵوێستێكی پێشووتری وڵاتەكە بوو كە رایگەیاندبوو»فەرماندەیی سەربازی روسیا، گرەنتی سەلامەتی فرۆكەكانی توركیا لە سوریادا ناكات»
سەرۆكی سەنتەری بەرژەوەندییەكانی روسیا لە سوریا دەڵێت،»حكومەتی سوریا ناچاربووە، ئاسمانی ئیدلب دابخات و ئەو بڕیارەش لەلایەن سوپای سوریاوە دراوە».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پێشتر فلادێمێر پۆتین سەرۆكی روسیا رایگەیاندبوو، نایانەوێت بكەونە جەنگەوە لە دژی هیچ لایەنێك، بەڵام كار بۆ دروستكردنی رەوشێك دەكەن كە كەس بەبیریدا نەیەت، شەڕ لە دژی ئەوان بكات.
سەرۆكی روسیا، لەمیانی بەرنامەی «20 پرسیار بۆ ڤلادیمێر پوتین»ی ئاژانسی (تاس)ی روسی رایگەیاندبوو، «نایانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێكدا بكەونە جەنگەوە، بەڵام كاردەكەن بۆ رەخساندنی رەوشێكی بەرگری هێندە بەهێز، كە هیچ لایەنێك بوێری ئەوەی نەبێت بیر لە بەرپاكردنی جەنگ لە دژی روسیا بكاتەوە».
بە وتەی پۆتین»روسیا لە پلەی حەوتەمی ئەو وڵاتانەی جیهانە كە گەورەترین بودجەیان بۆ بواری بەرگری تەرخانكردووە، لە دوای ویلایەتە یەكگرتوەكان و چین و سعودیە و بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن،مۆسكۆ گەورەترین بودجەی بۆ بەرگری تەرخانكردووە».

هەڵوێستی ئەمریكا
لەبارەی هەڵمەتە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای سوریا، مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی پاڵپشتی ئاسمانی توركیا ناكات لە پێكدادانە سەربازیەكاندا لە ئیدلب.
ئیسپەر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سەرەتای ئاداری 2020 رایگەیاندبوو، ئەمریكا یارمەتی مرۆیی رەوانەی سوپای توركیا دەكات، بەهۆی ئەو قوربانیانەی لە ریزەكانیدا لەم ماوەیەدا لە ریزی سەربازانی توركیا كەوتنەوە لە ئیدلیب، رەتیشیكردبۆوە پاڵپشتی ئاسمانی توركیا بكات لە سوریا.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو، سەبارەت بە رەوشی ئیدلیب لەگەڵ ینس ستۆلتنبێرگ، سكرتێری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گفتووگۆیان كردووە و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ رێكخراوەكە دەربڕیوە، لە ئەگەری هاتنەبەری هەر رەوشێكی نەخوازراو لە سوریا.

چوار بەرەی جیاواز لە ئیدلب
بەپێی راپۆرتێكی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە شاری سەراقب بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئیدلب شەڕ لەنێوان چوار بەرەی جیاوازی سوریادا هەیە و شەڕوپێكدادانەكانیش لەنێوان ئەو لایەنانەدا بەردەوامن.
چەند سەرچاوەیەكی مەیدانی لە ناوچەكەدا بە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤیان راگەیاندبوو، ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئیدلب بەتەواوی لەلایەن هێزەكانی سوپای سوریا (لەلایەن هێزەكانی ئاسمانییەكانی روسیاوە پشتیوانی دەكرێن) كۆنترۆڵكراون، بەڵام هێشتا شەڕ و پێكدادانی زەمینی لە چەند گوندێكی ئەو ناوچەیە بەردەوامن.

رێكەوتنی ئاگربەست
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا رایگەیاند، ئومێدیان بەڕێكەوتن و راگەیاندنی ئاگربەست هەیە لەگەڵ روسیا پاش كۆبونەوەی لەگەڵ ڤیلادمیر پوتینی سەرۆكی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی میدیاكانی روسیا، ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا لەبارەی كاریگەری و ئامانجەكانی كۆبونەوەی لەگەڵ ڤیلادمیر پوتینی سەرۆكی روسیا، رایگەیاندوە ئومێدیان بە رێككەوتنی تەواوەتی و راگەیاندنی ئاگربەست هەیە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتو لەگەشتێكی یەك رۆژەدا بۆ مۆسكۆ، سەرۆكی توركیا لەگەڵ هاوتا روسییەكەی لەبارەی دواین گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئیدلیب و باكوری سوریا گفتوگۆی یەكلایكەرەوە بكەن.
لە ئێستاشدا سوپای توركیا 12 خاڵی چاودێری لە ئیدلیب هەیە، ئەوە جگە لە هەزارانی سەربازی گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە، لەماوەی رابردوشدا چەندینجار شەڕو پێكدادان لە نێوان سوپای سوریا لەلایەك و سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لەلایەكی دیكە رویداوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*