سەرەکی » وتار » هێمن کەریم » كۆرۆنا،دابڕانی سـیاسیی سەردەم

لەناو رووداوەکاندا

كۆرۆنا،دابڕانی سـیاسیی سەردەم

پرۆسەی خوێندن لە زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە راگیراوە، شەقامەكان چۆڵ و بازاڕەكان بێ جووڵەن، هەر مرۆڤێك كە دەكۆكێت، تەواوی چاوی دونیا لەسەریەتی، سنوورەكان داخراون، هەر وڵاتەو سەرقاڵی مرۆڤەكانی خۆیەتی، ئەم دیمەنەی كە لەجیهاندا دەگوزەرێت، وێنەیەكە كە مرۆڤایەتی خستۆتە كەنارەوە، هەندێك دەڵین تۆڵەی سروشتە لە مرۆڤایەتی، هەندێكی دیكەش دەڵێن خودا دەیەوێت زەوی لە مرۆڤە پیسەكان پاكبكاتەوە. واتە هەركەسە و بەپێوەری خۆی دەیپێوێت، ئەم جەنگی ڤایرۆسە كە مرۆڤایەتی شڵەژاندووە، تەواوی مرۆڤایەتی خستۆتە گومانەوە، هەر مرۆڤەو هەوڵی مانەوەی لەژیاندا خراوەتە دەست خۆیەوە ، بەپێی ئەو رێنماییانەی كە رێكخراوی تەندروستیی جیهان WHO بڵاویان دەكاتەوە.
تەواوی دونیا سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ دەردێك كە تائێستا دیارنییە، هۆكار و سەرهەڵدانی راستەقینەی لەكوێ و كێ لێ بەرپرسە، هەرچی وڵاتانی دژبەیەكە لەسەر ئەم ڤایرۆسە (كۆرۆنا) یەكتر تۆمەتباردەكەن، تەنها و تەنها رێكخراوی تەندروستیی جیهان سەرقاڵی راستەقینەی بەدەستهێنانی دەرمانە بۆ ئەم دەردە.
پرۆسەی تۆمەتباركردن لەگەشەدایە، هەرچی ئێرانە بێ جووڵەیە لەكایەی سیاسی، روسیا خەریكی وەڵامێكە بیداتە دونیا كە بڵێت: «ئەمریكا لەپشتی گەشەی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە»، چین وڵاتی یەكەم و لانكەی یەكەمی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) دەیەوێت بەكڕینی پشكی كۆمپانیاكان خۆی بێنێتەوە مایە و هەرچی وڵاتانی عەرەبیشە هێندە دەردی سیاسییان زۆرە، سەریان نەپەرژاوەتە سەر ئەم دەردە نوێیەیان.
سعودیە و ئێران ئەو دوو وڵاتەن كە هەمیشە دەنووكیان لەسەر یەكە، ئێستا لە جووڵە و لێدوانی دژبەیەك خراون.
بەكورتی هەرچی دونیایە خەریكی دەردی خۆیەتی، كەچی عیراق ئەو وڵاتەی سنووری ناپارێزرێت، ڤایرۆسی كۆرونا سەرقاڵی نەكردووە، تائێستا شەڕی بەوەكالەتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی رانەگرتووە.
بەدبەختیی هاووڵاتیانی عیراق ئەوەیە لە وڵاتێكدا دەژین كە پشتی بە نەوتەكەی بەستووە، لەكاتێكدا ئەم ڤایرۆسە نرخی نەوتی هێناوەتە خوار نزیكەی 40 دۆلار، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو وڵاتانەی پشتیان بە نەوت بەستووە، ئەم پەتای ڤایرۆسە هەستیارترین دۆخە بۆیان، بەچەشنێك وێنەدەكرێن ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی داراییان تەنها نەوتە، لەبەرامبەر ئەم ڤایرۆسەدا زۆر لاوازترن ، لەوڵاتێك كە دەستی كارو هەلی كاری تێدابێت.
ئەوەی دەیبینین تائێستا هیچ پلانێك و نیازێك لەلایەن بەرپرسانی عیراقەوە نەخراوەتەڕوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرنجامە ئابوورییەكانی ئەم ڤایرۆسە جیهانییەدا ، هەر هیچ نا بۆ ئەو مرۆڤانەی كە ئەم ڤایرۆسە تووشی بێكارییان دەكات.
هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەو وڵاتانەی كە پشتی تەنها بە سەرچاوەی نەوت بەستووە، بەدەر لەوەی دامەزراوەكانی تەندروستی سەرقاڵی پارێزبەندیی و رێنماییەكانی خۆپاراستنن بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئەوە كارێكی هەرە لەپێشی هەموو وڵاتێكە، كەچی راگەیاندنەكەی هەر خەریكی مامۆستای ئاینییە تا شیكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ بكات و هێشتا بەشێكیان داوای نوێژی بەكۆمەڵ دەكەن، بەڵام كەسێك نییە لەڕووی ئابورییەوە قسەیەك بكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا چی بەسەر ئەو وڵاتانەدا هێناوە كە بێخەمن و جووڵەیان نەوەستاندووە، بەڵی بە هەرێمی كوردستان لەبری كەسی پسپۆڕ و شیكەرەوەی ئابووریی و سیاسی لەسەر باردودۆخەكە بدوێن، دێن و كەسانێك دەخەنە سەر شاشەكان كەهەر خەریكی پیاهەڵدان و گومان دروستكردنن لەسەر فڵان شارو لكاندنی سنوورەكانی بەم یان ئەو وڵاتی دراوسێوە، كە ئەم گومانە ئەگەری كاولكاریی تێدا دەكرێت، وەك ئەوەی بگوترێت لەئایندەدا دەبێـت كۆی فڵان شار داببڕێنریت بكرێت لە عەقڵی سیاسی.
ئەوەی گرنگە كە تەواوی میدیای كوردی دەبێت بەئاگاییەوە بیكات، وێناكردن و پیشاندانی ئەو ڤایرۆسەیە، كە وەك دەردێكی بێ دەرمان وایە بۆ كوردستان و دەبێت بەسادەیی وەك پەتایەكی ئاسایی پیشانی نەدات، ئەمە مانای وانییە كە دڵەڕاوكێ دروستبكرێت، بەڵكو بەو مانایەی كە هەرێمی كوردستان وڵاتێكە بەرگەی ئەو ڤایرۆسە دووسەرە ناگرێت و بەدەر لە مرۆڤەكانی ناوی، تەواوی بەرهەم و دەستكەوتەكانیشی دەخاتە ژێر دابڕانەوە.

*ئەم گۆشەیە شەممان: ئازاد ئیبراهیم،سێ شەممان: هێمن کەریم، پێنج شەممان: ستران عەبدوڵڵا دەینووسن

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*