سەرەکی » زانست » سپەیس ئێكس گەشتیار دەنێرێت بۆ بۆشایی ئاسمان

سپەیس ئێكس گەشتیار دەنێرێت بۆ بۆشایی ئاسمان

كۆمپانیای (سپەیس ئێكس)ی ئەمریكیی بە نیازە لە ڕێگەی مەكۆی (Crew Dragon)ەوە گەشتیاران بنێرێت بۆ بۆشایی ئاسمان.
بەپێی پێگەی(Space.com) كۆمپانیا ئەمریكییەكە ڕێككەوتننامەیەكی لەگەڵ كۆمپانیای (Space Adventures) ی تایبەت بەگەشتیاریی فەزایی ئیمزاكردووە و بە پێی ئەو ڕێككەوتننامەیە كۆمپانیای سپەیس ئێكس بە ڕۆكێتی (Crew Dragon) چوار كەس دەنێرێت بۆ بۆشایی ئاسمان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.
بڕیارە ئەو گەشتە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا یەكەمین تیمی گەشتیاران ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات، بەڵام ئەم گەشتە جیاوازە لە گەشتەكانی دیكە، چونكە مەكۆكە بە وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتییەوە پەیوەست نابێت.
لەبارەیەی ئەم هەنگاوەوە (جوینی شوتویل) ئەندازیار و بەڕێوەبەری بەشی پرۆسە فەزاییەكانی كۆمپانیای سپەیس ئێكس دەڵێت» ئەم ڕووداوە مێژووییە هەلێك دەدات بە هەموو ئەوانەی كە خەون بە فەزاوانییەوە دەبینن بۆ بۆشایی ئاسمان و ئێمەش بەختەوەرین لەم پرۆژەیەدا هاوكاریی كۆمپانیای (Space Adventures) دەكەین».
سەرچاوەكانیش لە كۆمپانیای(سپەیس ئێكس)ەوە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، بڕیارە (Crew Dragon) كە لە لایەن هەمان كۆمپانیاوە گەشەی پێدراوە لە مانگی ئایاری داهاتوودا گەشتێك ئەنجامبدات و بەدوو سەرنشینەوە كە ئەوانیش(رۆبەرت بینكین، دوگلاس هیرلین بەرەو وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتیی بەرێكەوێت.
پێگەی (Space.com)ئاماژەی بەوە داوە كە كۆمپانیای(Spac Adventures) مێژوویەكی درێژی هەیە لەگەڵ ڕەوانەكردنی گەشتیاران بۆ فەزا بە مەكۆكانی (سییۆز)ی ڕوسیی، ئەوەبوو لە ساڵی (2001)دا پیاوە بازرگانی ئەمریكی ( دینیس تیتۆ)ی گەیاندە وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی و دوای ئەوەش بە ساڵێك گەورە بازرگانی ئەفریقیی (مارك شاتلوورس)ی بردە هەمان وێستگە و لە ساڵی (2005)یشدا گەورە بازرگانی ئەمریكیی (گریگۆری ئۆلسن)ی بە گەشتێك برد بۆ بۆشایی ئاسمان و لە وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتیی دایبەزاند.

سەرچاوە: Reuters

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*