سەرەکی » دۆسێ » پێداچوونەوەیەکی مێژوویی بە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدا

ئەتاتورك و کورد

پێداچوونەوەیەکی مێژوویی بە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدا

پەیڤێک

کێشەی کورد لە تورکیادا رەگوڕیشەیەکی دێرینی هەیە و لەگەڵ دروستبوونی کۆماری نوێی تورکیاش لەلایەن مستەفا کەمال دامەزرێنەری کۆماری نوێی تورکیاوە کێشەی کورد دەکەوێتە قۆناغێکی تەواو دژوار و سەختەوە.
نکوڵیکردن و سەرکوتکردنی کورد کراوەتە سیاسەتی سەرەکی لەلایەن دەوڵەتی نوێی تورکیاوە.
زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد لە رەگوڕیشەی تێڕوانینی مستەفا کەمال دامەزرێنەری کۆماری نویێ تورکیا ئاگادار بین و بزانین هۆکاری ئەم سیاسەتە توندەی لە چییەوە هاتووە، ئایا لە سەرەتاشدا هەمان بۆچوونی هەبووە یان جیاواز تربووە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا کە لە لایەن « ئەندرو مانگۆ» وە نووسراوە و مامۆستا محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق لە ئینگلیزییەوە کردویەتی بە کوردی، زۆر شتی گرنگی باسکردووەو بەرچاوروونی باشیشی تێدایە بۆ ئەو سیاسەتەی کۆماری نوێی تورکیا بەرامبەر بە کورد.

کوردستانی نوێ

نووسینی : ئەندرو مانگۆ

لە ئینگلیزییەوە:محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

بەشی یەکەم

ئاخۆ مستەفا کەمال، کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە، بەرپرسیارێتیی پەیوەندیی خراپی وڵاتەکەی لەئەستۆیە لەگەڵ هاوڵاتییە کوردزمانەکانی؟ جۆن سیمپسۆنی موحەڕیڕی کاروباری دەرەوە لە ئێستگەی رادیۆی بەریتانی (BBC)دا دەنووسێت:
«لە بواری نەژاد و کولتووردا، تورکیا جۆراوجۆر و ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە. بەهەرحاڵ، ئەو ئەفسانەیەی کە ئەتاتورک بە میرات بۆ هاونیشتمانییەکانی خۆیی جێهێشتووە سوورە لەسەر ئەوەی کەوا یەک گرووپی ئیتنیکی لە تورکیادا هەیە کە ئەویش تورکە. بەڵام لە حاڵی حازردا کاریگەریی ئەم ئەفسانەیە دەکرێت سەخت و دڵرەقانە بێت و لە مەودایەکی دووردا سەرکەوتوو نابێت. لەکاتێکدا کەوا تورکیا دانپیانانێکی یاسایی نیە بۆ کەمینەی گەورەی کورد، ئەوە ئەو کێشەیەی کە نەیارە کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیانە چارەسەر ناکرێت»1.
هەڵبەت مەترسیی ئەم کێشەیە نکووڵی لێناکرێت و بەپێی ئەو ژمارانەی سەرۆکی بەشی دژەتێرۆر لە کۆتایی حوزێرانی ساڵی 1998دا پێشکەش کراوە، رێکخراوی پەکەکەی کوردیی ناسیۆنالیستی رادیکاڵ PKK (پارتی کرێکارانی کوردستان)، تا ئەوکاتە نزیکەی نۆزدە هەزار هێرشی ئەنجامداوە لە سەرەتای هێرشە چەکدارییەکەیدا لە ساڵی 1984وە. ئەمەش بووە بە هۆی کوشتنی 5121 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و 4049 کەسی سڤیل، لەکاتێکدا کە 17248 کەس لەوانەی کە ئەو بە تێرۆریست ناوی بردوون کوژراون2. سەرەڕای جەختکردنەوەی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە پشتی یاخیبوون شکاوە و ژمارەی پەکەکە لەئێستادا تەنها پێنج هەزار چەکدارن بەڵام کوشت و کوشتار هێشتا هەر روولەهەڵکشانە. هەروەک شوکرو ئێلکداغی باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە واشنتۆن، بەمدواییە ئاماژەی بەوە کرد کەوا «کێشەی باشووری رۆژهەڵات» (واتە کێشەی کورد) رەهەندێکی نێودەوڵەتیی روولەهەڵکشان وەردەگرێت و هەڕەشەی سەرەکی و تەواو پێکدێنێت کە بەرەوڕووی تورکیا دەبێتەوە3.
لەم بارودۆخەدا، روونکردنەوەی سەرهەڵدانی کێشەکە مەسەلەیەکی سیاسیی هەنووکەییە و هەروەها بایەخێکی مێژووییشی هەیە. ئەوجا لەبەرئەوەی کە کردەوە و راگەیاندنەکانی ئەتاتورک هێشتا هەر سەرچاوەی ئیلهامبەخشی سیاسەتی حکوومەتی تورکیایە و مەیلیش بەلای بەکارهێنانێتی بۆ رەوایی پێدانی و هەروەها روونیشبێت لەبارەی لەبارەی هەڵوێستی ئەتاتورکەوە لەبەرانبەر کورددا.
مستەفا كەمال پاشا، وەک ئەودەمە پێیدەوترا، شارەزایی راستەوخۆی لە ناوچە کوردزمانەکان بەدەستنەهێنابوو تا نیسانی ساڵی 1916، کە بەرزکرایەوە بۆ پلەی عەمید لە تەمەنی 35 ساڵیدا و نێردرا بۆ دیاربەکر وەک فەرماندەی لەشکری شانزە، کە بەشێک بوو لە سوپای دووەمی عوسمانی و لە تەراکیاوە گواسترابووەوە دوای پاشەکشەی هاوپەیمانان لە گالیپۆڵی. ئەنوەر پاشا، جێگری فەرماندەی باڵای عوسمانی (کە لە رووی تیۆرییەوە گوێزرابووەوە بۆ سوڵتان محەمەدی پێنجەمی بەتەمەن)، نەخشەیەکی بەرفراوانی داڕشتبوو، کەوا سوپای دووەم لە باشووری رۆژهەڵاتەوە و سوپای سێهەم لە باکووری رۆژهەڵاتەوە رێگەی دەربازبوون لە هێزەکانی رووسیا بگرن، کە ئەرزڕوومی داگیرکردبوو و بەرەو رۆژئاوا و باشوور پێشڕەویی دەکرد. نەخشە و پلانەکە شكستیهێنا، بەڵام مستەفا کەمال سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و لە ئابی 1916دا هەردوو شاری مووش و بەدلیسی ناوچەی کوردنشینی لەدەست هێزەکانی رووسیا سەندەوە.
پاش ئەوە بە ماوەیەکی کەم، هێرشێکی پێچەوانەی رووسی ناچاری کرد لە مووش دەربچێت و بەرەکە تاڕادەیەک بە ناجێگیری مایەوە تا بەرپابوونی شۆڕشی رووسیا لە ساڵی ئایندەدا. لە نۆڤەمبەری 1916دا، مستەفا کەمال بوو بە جێگری فەرماندەی سوپای دووەم، کاتێک ئەحمەد عیززەت پاشای فەرماندە، کە جەنەراڵێکی بە رەگەز ئەلبانی بوو، بە مۆڵەت چوو بۆ ئەستەمبووڵ. لە مارتی 1917دا، ئەحمەد عیززەت پاشا بوو بە فەرماندەی تەواوی سوپاکانی بەرەی رۆژهەڵات و مستەفا کەمال بوو بە فەرماندەی سەرەکیی سوپای دووەم و لە ناوچەکەدا مایەوە تا تەمووزی ساڵی 1917 و پاشان کرا بە فەرماندەی سوپای حەوتەم، کە بەشێک بوو لە گرووپی برووسکە (یڵدرم) و لە ژێر سەرکردایەتیی جەنەراڵی ئەڵمانی ئێریک ڤۆن ڤاڵکنهاین (کە مارشاڵ بوو لە سوپای عوسمانیدا)، بران بۆ سووریا بە مەبەستی گرتنەوەی بەغدا و دەرهێنانی لە دەستی بەریتانییەکان4.
مستەفا كەمال لەنێوان 7ی نۆڤەمبەر و 24ی ديسەمبەری 1916دا، لە کاتی خزمەتکردنی لە سوپای دووەمدا، یاداشتی خۆی نووسیوەتەوە5 و باسی ئەو کتێبانەی کردووە کە خوێندوونیەوە (رۆمانێکی فەرەنسی و دوو کتێب لەسەر فەلسەفە) و هەروەها بیر و ئایدیای لەسەر توندوتۆڵی لە سوپادا و لەبارەی رزگاربوونی ئافرەتەوە و هەندێک سەرنج و تێبینی لەسەر ئەو دێهاتانەی کە کاول و وێران بووبوون و بەدلیس وایلێکردبوو کە بیر لە شوێنەواری کەلاوەکانی پۆمپێ و نەینەوا بکاتەوە. ئەوجا ئاماژەیەکی کورتی داوە بە مەفرەزەیەکی خۆبەخش، کە شێخێکی نەقشبەندیی ناوچەکە رێکیخستبوو، هەروەها ئاوارە کوردە برسییەکان و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکی بە ناوی حاجی مووسا کە سەرکردایەتیی چەکدارە کوردەکانی موتکیی کردووە. لێرەدا تۆنی دەنگی مستەفا کەمال بە شێوەیەکی بەرچاو جیادەکرێتەوە و بە مەراقێکی سەیرەوە سەرنجی دەوروبەری دەدات، بەڵام هیچ راوبۆچوونێک لەسەر کورد دەرنابڕێت.
بەڵام سەرۆکی ئەرکانەکەی، لیوا عیززەدین (کە دواتر بە جەنەراڵ عیززەدین چاڵشلەر ناوی دەرکرد) وردتر و روونتر بوو لە تۆمارکردنی یاداشتەکانیدا6. «لە گوندەکاندا، پیاوانێکی زۆر هەن کە دەتوانن چەک هەڵبگرن»، ئەم سەرنجەی لە 2ی مايسی 1916دا دەربڕیوە. «دوژمن بەتوندی فشاری خستووەتە سەر خاک و ناوچەکانیان، بەڵام زۆربەیان بەرگری ناکەن و هیچ پەیوەندییان نیە بە خزمەتی سەربازییەوە. ئەوانە تورکی نازانن و لە نیاز و مەبەستی حکوومەت تێناگەن. بەکورتی ئەمانە شوێنگەلێکن هێشتا داگیرمان نەکردوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ سوود لەو خەڵکە ببینرێت. ئەوان ملکەچی سەرۆکە خێڵەکی و شێخەکانیانن کە زۆر کاریگەرن لەم ناوچانەدا»7.
لە 11ی نۆڤەمبەری 1916شدا، عیززەدین ئەم سەرنجەی دەربڕیوە: «پێویستە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ رێکخستنێکی سەربازی دروست بکرێت لەناو کوردەکاندا و دەست بکرێت بە پێکەوەنانی یەکەی سەربازی لەو کوردانەی کە تاڕادەیەک بە حکوومەت راهاتوون و هەڵوێستیان دۆستانەیە، لەهەمان کاتیشدا پێویستە حکوومەت خۆی رێکبخات بۆ کاری زیاتر و پترکردنی کاریگەری»8. ئەمیش وەک مستەفا كەمال، سەرنجی هەژاری و دواکەوتوویی داوە لای دانیشتوانی ناوچەکە و بەهیوایە بارودۆخ «لەم ژینگە خەمناکەدا» بگۆڕێت و دەڵێت کەوا هەر کەسێک لە رۆژئاواوە دێتە رۆژهەڵات (مەبەستی تورکیایە – و) بەرەوڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە9.
مستەفا كەمال هاوکارێکی سەربازیی جێمتمانەی هەبوو کە زانیارییەکی باشی هەبوو لەسەر کورد، ئەویش کۆڵۆنێڵ فەخرەدین بوو (کە دواتر بە جەنەراڵ فەخرەدین ئاڵتای ناسرا، کە فەرماندەیەکی بەناوبانگی هێزی سوارە بوو لە جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا). فەخرەدین لە سکوتاریی ئەلبانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1904دا نێردراوە بۆ سوپای چوارەم لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، پاش تەواوکردنی کۆڵێجی ئەرکان لە ئەستەمبووڵ10. فەخرەدین ئەم پۆستە والێکدەداتەوە کە دوورخستنەوەیە و دەڵێ کە رژێمی سوڵتان عەبدولحەمید گومانی ئەوەی لێکردووە کە هەڵگری بیر و بۆچوونی لیبراڵییە11. بەهەرحاڵ، ئەو لەپاش کوودەتاکەی تورکە لاوەکانیش لە ساڵی 1908دا هەر مایەوە و لە هێرشێکی سزاداندا بەشداربوو دژ بە خێڵە کوردەکانی چیاکانی دەرسیم (کە ئێستا تونجەلییە)، لە رۆژاوای ئەرزڕوومدا. ئەم هێرشە یەکێک بوو لە چەندین هێرش و پەلامار کە رژێمی تورکە لاوەکان دژ بە خێڵە نەیار و هەڵگەڕاوەکان، لەنێویاندا دورزییەکان و خێڵە عەرەبەکانی یەمەن و ئەلبانییەکان، کە بەلایانەوە ئەم رژێمە دەستوورییە نوێیە هێشتا کەمتر لەئاست چاوەڕوانییەکانیاندا کاتێ کە لە ژێر حوکمی ملهوڕانەی عەبدولحەمیددا بوون و ئەنجام و لێکەوتەشی سەختتر و قورستر بوو لەو سەردەمە و هەر بە یاریپێکردنێکی دەسەڵات تێیگەیشتبوون.
فەخرەدین داواکاریی وازهێنان لە یاخیبوونی کوردەکانی دەرسیمی قبووڵ کرد، بەو مەرجەی باج بدەن و واز لە دزی و جەردەیی بێنن. بەڵام ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیدا کردی رێگەپێدراو نەبوو و لە یاداشتەکانیدا لەم رووەوە دەڵێت: «ئەو هەرەسهێنانە وایکرد کە پێویست بێت هێرشێکی تری سزادان ئەنجامبدرێت لەم ناوچانەدا لەپاش 28 ساڵ»12. ئاماژەکە بۆ سەرکوتکردنی یاخیبوونەکەی دەرسیمە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی 1937دا. ساڵی 1909، فەخرەدین بە بەرپرسی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی فەوجە کوردییە خێڵەکییەکانی حەمیدییە دانرا، کە ناوەکەی گۆڕا بۆ فەوجەکانی سوارەی خێڵەکی (Asiret Suvari Alaylan). ئەو وا ئیدیعا دەکات کە بۆ ئەم فەوجانە ناوێکی تورکیی پێباشتر بووە، بۆ نموونە وەک «فەوجەکانی ئۆغوز»، بە پێی بنەمای ئەوەی کە هەندێک لەوانەی خۆیان بە کورد لەقەڵەمداوە بە بنەچە تورک بوون، بەڵام مەحموود شەوکەت پاشای وەزیری جەنگی عوسمانی ئەم ناونانەی خستەلاوە13. لە ساڵی 1913دا، فەخرەدین سەرکردایەتیی بەشێک لەم هێزە خێڵەکییانەی دژ بە بوڵگارییەکان کرد لە تراکیای رۆژهەڵاتدا لە کۆتایی جەنگی بەڵکانی دووەمدا و هەندێک حاڵەتی راووڕووت لەلایەن کوردەکانەوە روویدا، چونکە «سەربازەکانی ئێمە کە تورکییان نەدەزانی، خەڵکە لۆکاڵە (تورکەکانیان) لێتێکچووبوو لەگەڵ بوڵگارییەکاندا، بە هۆی جلوبەرگەکانیانەوە»14.
فەخرەدین دەڵێ کەوا فەرمانی کردووە بە دز و تاڵانکەرەکان شمەک و کاڵا دزراوەکان بگێڕنەوە و لە کوشتن رزگاری کردوون بەدەست تیمەکانی گوللەباران. بێگومان راوبۆچوونەکانی هاوشێوەی بۆچوونەکانی مێجەر عیززەدینن کەوا: کوردەکان ئەڵماسێکی خاو بوون و خاکەکەیان شوێنێکی سەخت و ناهەموار بووە بۆ ئەفسەرێکی تورک، بەڵام دەگونجێت بەڕێوەببرێت ئەگەر بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە بەشارستانی کردنی ئەم ناوچانە لە رێگەی خوێندن و فێرکردنەوە دەبێت – بە زمانی تورکی – و بەمەش پابەندی و ملکەچی بۆ دەوڵەتی عوسمانی بەهێزتر دەبێت.
هەمان ئەم رێبازە لەلایەن عەبدولحەمیدەوە ئەزموونکرا و بەو خولیا و مەراقەوە قوتابخانەی خێڵ (مەکتەبی عەشایەر Ashirat Maktabi) لە ئەستەمبووڵ دروستکرا، بەدەر لە درووستکردنی فەوجەکانی حەمیدییە (لەسەر شێوەی قەوزاقەکانی رووس)15. لەم قوتابخانەیەدا کوڕانی سەرۆک خێڵەکان سووکایەتییان پێدەکرا و فەلاقە دەکران و لە ساڵی 1907دا داخرا و پێدەچێت دەسەڵاتداران درکیان بەوە کردبێت کە قوتابییەکان مەیلیان بەلای رەخنەگرتنێکی ناسیۆنالیستانەوە بێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی16.
عەبدولحەمید شکستیهێنا لە پێکەوە گرێدانی فێرکردن و خوێندن، کە برەوی پێدەدا و پەستی و ناڕەزاییەکەی، کە بێهوودە هەوڵیدەدا بێناوەرۆکی بکات. بەهەرحاڵ، تورکە لاوەکان و دوای ئەوانیش ئەتاتورک، پابەندی باوەڕ بوون بە باشییەکانی فێرکردن و خوێندن لە شارستانییەتدا، بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناوەرۆکەکەی.
سەرچاوەی بنەڕەتیی خولیا و مەراقی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بەهەمان شێوەی تورکە لاوەکان، نامیق کەمالی «شاعیری ئازادی» بوو، کە لە ساڵی 1878دا نووسیوێتی: «لەکاتێکدا کە پێویستە لەسەرمان هەوڵی لەناوبردنی هەموو زمانەکان بدەین لە وڵاتەکەماندا، بێجگە لە زمانی تورکی، ئاخۆ هیچ چەکێکی رۆحی دەبەخشینە ئەلبانی و لاز و کوردەکان لەڕێگەی قۆرخکردنی کەسایەتییانەوە؟ … رەنگە زمان .. بەهێزترین بەربەست بێت و – لەوانەیە چەسپاوتر و بەهێزتر بێت لە ئاین – دژ بە یەکێتیی نیشتمانی». هەروەها نامیق کەمال لە شوێنێکی تردا دەڵێ: «ئەگەر قوتابخانەی رێکوپێک و نیزامی دامەزرێنین و … ئەو بەرنامانە پەیڕەوی بکەین کە تائێستا جێبەجێ نەکراون، ئەوە لە ماوەی بیست ساڵدا زمانەکانی لاز و ئەلبانی بەتەواوی لەبیردەچنەوە»17.
مستەفا کەمال تا ساڵی 1916 مامەڵەی نەکردبوو لەگەڵ خێڵە کوردەکاندا، بەڵام ئاگای لە ئەزموونی ئەفسەرە هاوکارەکانی بوو و بەتەواوی کاریگەر بوو بە ئایدیۆلۆجیای عوسمانییە لیبراڵەکان کە ناسیۆنالیزمی تورکی لەناو ئەواندا گەڵاڵە بووبوو. ئەو لە ماوەی کاری سەربازیدا مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی خێڵەکیی تر کردووە و ساڵانی 1905 – 1906 خزمەتی سەربازیی چالاک و کارای لە سووریادا دەستپێکردووە، کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە دژ بە دورزییە یاخیبووەکان و مەترسیی هەڕەشەی چەرکەسییەکانیشی لەسەر بوو18. پاشان ساڵی 1910 خزمەتی سەربازیی خۆی لە سەرکوتکردنی یاخیبوونی ئەلبانییەکان بەسەربردووە و دواتر لە ساڵی 1911دا خێڵە عەرەبە قەیرەوانییەکانی رێکخستووە دژ بە ئیتاڵییەکان.
راستەوخۆش پاش دامەزراندنی بە فەرماندەی سوپای حەوتەم لە حەڵەب لە ساڵی 1917دا، رەخنەی لە رێککەوتنێک گرت کە لە لایەن کرێس ڤۆن کرێسنشتاین (کرێس پاشا)ی فەرماندەی ئەڵمانی لە غەززە مۆر کردبوو لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیی ناوخۆیی عەرەب لە غەززەدا، کە شێخ حازم بوو. لە نامەیەکیدا بۆ فەرماندەی گرووپی برووسکە، ڤۆن فاڵکنهاین، مستەفا کەمال مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کەوا لەکاتێکدا پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکاندا پێویست بوو، ئەوە مەسەلەیەکی ترسناکە کە تاکە یەک سەرۆک جیابکرێتەوە بۆ ئەوەی رێکكەوتنێکی لەگەڵ بکرێت و وا بگەیەنرێت کە ریزبەندیی ئەوانیتر لەو نزمترە. بواردان بە کاربەدەستان کەوا بەشێوەیەکی تاک تاک پەیوەندیی لەگەڵ شێخەکاندا ببەستن تەنها دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێویی لێدەکەوێتەوە و لەبەرئەوە ئەم بەشێوەیەکی بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموو سەرۆک خێڵەکاندا دەکات و لای ئەم شێخ حازم لەپێشتر نیە لەوانیتر19.
توانای مستەفا کەمال بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکە خێڵەکییەکان – کە لەم حاڵەتەدا سەرۆک خێڵە کوردەکانیش دەگرێتەوە – لەو کاتەدا کەوتە بواری تاقیکردنەوەوە کە لە 19ی مايسی 1919دا گەیشتە ئەنادۆڵ و دەستیکرد بە سازدانی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا دژ بە هاوپەیمانان.
ئیمزاکردنی ئاگربەسی مودرۆس لە 30ئۆکتۆبەری 1918 و بەدوایدا چوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەستەمبووڵ و چەند شوێنێکی جیاوازی تر خولیا و ئاواتی لەناو بەشیک لە سەرکردەکانی کورددا پەیداکرد بۆ ئەوەی مەرامە شەخسییەکانیان بهێننەدی بە هاوکاری و یارمەتیدانی بەریتانیا. محەمەد شەريف پاشا، کەوا کاربەدەستێکی عوسمانیی بەڕەگەز کورد بوو و ماوەی جەنگی جیهانیی گەورەی (یەکەم – و) وەک دوورخراوەیەک لە پاریس بەسەربردبوو، لە مایسی 1919دا بە بەریتانییەکانی راگەیاند کە ئارەزووی ئەوە دەکات ببێتە ئەمیری کوردستانێکی سەربەخۆ20. لەو دەمەدا لە ئەستەمبووڵ کەسایەتییەکی ناوداری کورد، بە ناوی سەید عەبدولقادرەوە، بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەیەک بۆ بووژانەوە و هەستانەوەی کوردستان (کوردستان تەعالیی جەمعییەتی)، کە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە (Bedirhanoglulari)، کە بنەماڵەیەکی میرزادەن لە ناوچەی دەوروبەری دیاربەکر (بۆتان بە زمانی کوردی و جەزیرەی ئیبن عومەر بە زمانی عەرەبی و ئەلجەزیرە بە زمانی تورکیی عوسمانی)21. کەسایەتییەکی تری بەدرخانییەکان، بە ناوی سورەییا، گیانی بزوێنەری کۆمیتەی سەربەخۆیی کورد بوو لە قاهیرە، کە داوای یارمەتیی بەریتانییەکانی کرد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1919دا22. لە سلێمانیش شێخ مەحموودی بەرزنجی، بە گەیشتنی هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1918دا کەوتە هاوکاری و هەماهەنگی کردن لەگەڵیان و لە ناوچەکانی تری باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا سەرۆک خێڵە کوردەکانی لەو خوارتر لەگرنگیدا کەوتبوونە گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ بەریتانییەکاندا23.
لە 23ی مايسی 1919دا و چوار رۆژ دوای گەیشتنی بە سامسۆن وەک پشکنەرێکی سوپای نۆهەم، مستەفا کەمال داوای راپۆرتێکی بارودۆخی کرد لە ئەحمەد جەودەتی جێگری فەرماندەی فەیلەقی سیانزە لە دیاربەکر. جەودەت لە وەڵامدانەوەیدا، رۆژی 27ی مايس، بەوردی باسی چالاکیی خێڵەکان و بەریتانییەکانی کردبوو لە ناوچەکەیدا و وتبووی کەوا یانەی کوردان لە دیاربەکر، کە لە پێناوی سەربەخۆیی کورددا کاردەکات، بە شیوەیەکی روولەزیاد هاوکاری و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی و ئازادیی عوسمانیدا (ئیئتیلاف و حوڕییەت، کە لە رۆژئاوا بە Entente Liberale دەناسرا) و سیاسەتی لەگەل ئەوەی حکوومەتی ئەستەمبووڵدا یەکیدەگرتەوە. ئەم فەیلەقەی سوپا لەنزیکەوە چاودێریی پرۆپاگەندەی دژ بە حکوومەتی یانە کوردییەکەی دەکرد. ئەم برووسکەیە (تەلەگرام) و ئەو نامە و برووسکانەی دواتر کە لەلایەن مستەفا کەمالەوە دەرچووبوو لەسەر کاروباری کورد ساڵی 1996 لە لایەن بەریوەبەرێتیی مێژووی سەربازیی سەر بە دەستەی ئەرکانی گشتیی تورکیا (ATASE – Askeri Tarih ve Stratejik Etut Basjcanhgi) بڵاوکرایەوە، وەک بەشیک لە زنجیرەیەکی هەڵبژاردە لە ئەرشیفی تایبەتی ئەتاتورک24.
کتێبەکە پێکهاتووە لە 67 بەڵگەنامە، لە مايسی 1919وە تا نیسانی 1920، لەگەڵ فۆتۆکۆپیی دەقە دەسنووسە رەسەنەکاندا کە بە تورکیی عوسمانی و بە دەست نووسراوە و هاوکات کۆپییەکان کراونەتە پیتی لاتینی و لەگەڵیان دانراون. بیست دانە لەوانە لەلایەن مستەفا کەمالەوە ئیمزاکراون، یەکەم وەک پشکنەری سوپای نۆهەم و پاشانیش سوپای سێهەم (لە کاتی سەرلەنوێ ژمارەدانان بۆ سوپای نۆهەم، لەپاش رێکخستنەوەی)، ئەوجا دوای ئەوەش وەک «پشکنەری پێشوو»، دوای ئەوەش وەک سەرۆکی کۆنگرەی گشتی (لە سیڤاس)، دواجاریش «لەبریی دەستەی نوێنەرایەتی (Heyet-i Temsiliye، واتە بەرپرسی جێبەجێکاری هەمیشەیی)» کۆمەڵەی بەرگریکردن لە مافە (نیشتمانییەکان) لە ئەنادۆڵ و رووملی. ئەم بیست برووسکەیە وێنەیەکی روونمان دەداتێ لەسەر تاکتیکەکانی مستەفا کەمال بەرانبەر بە کورد لەو مانگە هەستەوەر و ناسکانەی پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە ئەنقەرە لە نیسانی ساڵی 1920دا.
یەکەم برووسکە کە لە لایەن مستەفا کەمالەوە نێردرابێت لەم کۆمەڵەیەدا لە هافزاوە بووە (لە ناوچەکانی ناوەوە لە سامسۆن) لە 28 ی مايسی 1919دا بووە بۆ چوار لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد، کە یەک لەوانە حاجی مووسای موتکی بووە و تێیدا دامەزراندنی ئەوی راگەیاندووە لە لایەن «سوڵتانی گەورە و خەلیفەی شکۆدارمانەوە» و هیوای ئەوە دەردەبڕێت بە سەردانی ناوچەکەیان لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەهەمان کاتدا دڵنیابوو لەوەی کە ئەوانەی نامەکەیان بۆ رۆیشتووە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ جیهانی دەربخەن کەوا دەکرێت سەربەخۆیی ولات زەمانەت بکرێت ئەگەر ریزەکانی ناوخۆ بپارێزرێت و هەمووان بەتەواوی ملکەچی دەوڵەت بن (لاپەڕە 10 – 11).
هەر هەمان رۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەک نارد بۆ کامیل، کە نوێنەر بوو لە پەرلەمانی عوسمانی و ئەندامی یانەی کوردی بوو لە دیاربەکر. جارێکیتریش باس لە نیازی خۆی دەکات کە دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی «دۆستە دێرینەکانی» بکات لە دیاربەکر. لە ئیشارەتێکیدا بۆ ئەو راپۆرتانەی باسیان لە بەرپابوونی دوژمنایەتی دەکرد لە نێوان یانەی کوردی و تورکەکاندا لە دیاربەکر، مستەفا کەمال هۆشداری دەدات کە ئەمە رەنگە سەربکێشێتەوە بۆ ئەنجام و لێکەوتەی خراپ بۆ هەردوولا «کە برای نەژادیی یەکترن» (ئیرک کارداش). لەم رووەشەوە بەردەوام داوا لە کامیل دەکات هانی یانە کوردییەکە بدات کەوا یەکێتیی نیشتمانی پێویستە چونکە ئەوە بوار بە دوژمنی دەرەکی دەدات کە سوود وەربگرێت لەو «گرفت و کێشانە ببینن کە پێویستە لە ناو یەک خێزاندا چارەسەر بکرێن، وەک ئەوەی پەیوەندیدارە بە سەرەتا و پرەنسیپەکانی بەڕێوەبەرێتی و بەرگری کردن لە مافەکانی رەگەز و نەژاد» کە ئەمە رەنگە گەورەترین ناپاکی پێکبێنێت (لاپەڕە 14). وشەی «نەژاد» لەوکاتەدا بەولایەدا دایدەشکێنێت کە وەک دەلالەتێک بۆ کۆمەڵگەیەکی نەژادی یان ئیتنیکی بەکاردیت.
بۆ رۆژی ئایندە (29ی مايسی 1919)، مستەفا کەمال داوای لە دەستەی ئەرکانی گشتیی کرد لە ئەسەمبووڵ بە وردی ئاگاداری بکاتەوە کە بەریتانییەکان لەکوێ برەو بە مەسەلەی کوردستانی سەربەخۆ دەدەن. هەروەها لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامۆژگاریی پێویستی داوەتە «ژمارەیەکی زۆری ئەو میرە کوردە بەناوبانگانەی لە کاتی جەنگدا هەڵوێست و سۆزی تەواویان هەبووە بۆمان» (لاپەڕە 19). جەواد پاشای (چۆبانلی) سەرۆکی ئەرکانی عوسمانی، لە 3ی حوزێراندا وەڵامیداوەتەوە کە ئەنجامگیریی ئەوە دەکرێت کەوا بەریتانییەکان ویستوویانە حکوومەتێکی کوردی دامەزرێنن لەنێوان «عێراق و ئەرمینیا و تورکیادا». وەک ئەنجامێک بۆ فشاری جەنەراڵ ئەللێنبی، دەبوو دەستەی ئەرکانی گشتی رەزامەندیی دەرببڕێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سوپای سیانزەهەم لە دیاربەکر و جارێکیتر وەک یەکەی جەندرمە رێکدەخرێتەوە. بە گریمانەی پارێزگاری لەم خەیاڵ و ئەندێشەیە، جەواد پاشا داوای لە مستەفا کەمال کرد کە بەئاگا و وریا بێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ فەیلەقی سیانزەهەم و دڵنیابێت کەوا ناوەکەی لە ناوچەی ئەم فەیلەقەدا ئاڵوگۆڕی پێنەکرێت و بڵاونەبێتەوە (لاپەڕە 21).
پەیامی مستەفا کەمال بۆ کوردەکان روون و ئاشکرایە بەتایبەتی لەو برووسکەیەی کە لە 11ی حوزێرانی 1919دا ناردوویەتی بۆ قاسم جەمیل پاشازادە، کەوا کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیاربەکر بووە و تێیدا رایگەیاندووە کە دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ پیلانگێڕییەکی بەریتانیایە بۆ بەرژەوەندیی ئەرمەنەکان. بەهەرحاڵ، «کورد و تورک برای راستەقینەن [ئوێز کەرداش، واتە منداڵی یەک باوک و دایکن] و نابێت جیابکرێنەوە». «بێگومان بوونمان وا پێویست دەکات کە کورد و تورک و تەواوی توخمە موسڵمانەکانی دەوڵەت شانبەسانی یەکتر بن بۆ بەرگری کردن لە سەربەخۆییمان و رێگرتن لە لە دابەشبوونی نیشتمانی دایک».
مستەفا کەمال بەردەوامە لەسەر پەیامەکەی و دەڵێ «من لەگەڵ پێدانی هەموو جۆرە ماف و ئیمتیازاتێکم بۆ گەرەنتیی پەیوەستبوون [بە دەوڵەتەوە – مەربووتییەت] لەلایەن برا کوردەکانمانەوە، بەمەرجێ دەوڵەتی عوسمانی دابەش نەکرێت» (لاپەرە 33). لە نامەیەکی داخراودا، مستەفا کەمال داوای لە فەرماندەی فەیلەقی سیانزەهەم کردووە کارئاسانی بۆ سەردانی سیواس بکرێت لە لایەن سێ کەسایەتیی ناسراوی کوردەوە (لاپەڕە 35). لە وەڵامدانەوەیدا رۆژی 25 ی حوزێرانی 1919، ئەحمەد جەودەتی فەرماندە ناڕازی دەبێت لەوەی کەوا ئەم کەسایەتییانە دز و جەردەیان لە شوێنی حەوانەوەیاندا هێشتووەتەوە و شەڕیانە لەناوخۆیاندا و بە لای ئەمەوە، ئەو خەڵکە بەو مەرجە بەدەم بانگهێشتی مستەفا کەمالەوە دێن کە خزمەتی بەرژەوەندییان بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، نوێنەران هەڵبژێردران بۆ ئەو کۆنگرەیەی کە دەبوو لە ئەرزڕووم ببەسترێت و یانە کوردییەکەش داخرا، چونکە مەحاڵ گرەو لە زۆربەی ئەندامانی ببرێتەوە. «ئەوان حوکمی عوسمانییان ناوێت و حوکمی بەریتانییان پێباشترە و باوەڕیان وایە کە [دەڤەرەکەیان] لە داهاتوودا گەشە دەکات و وەک میسر پێشکەوتوو دەبێت». ئەحمەد جەودەت باس لەوە دەکات کە بنەماڵەی جەمیل پاشا و دۆستەکانیان، کە یانەی کوردییان پێکهێناوە، ویستوویان حکوومەت بگۆڕێت بۆ ئەوەی لەدەست لێپێچینەوەی دادگا دەربازبن سەبارەت بەوە رۆڵەی کە گێڕاویانە لە دەرپەڕاندن و کوشتنی (ئەرمەنەکاندا) (لاپەڕە 38 -39 ).
لەم سەروبەندەدا، مستەفا کەمال لە هافزاوە چوو بۆ ئەماسیا بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەڤاڵە ناسیۆنالیستەکانیدا، حوسێن رەوف (ئۆربای) و عەلی فوئاد (جەبیسۆی) و رەفعەت (بەلە). لەو کاتەدا بەهێزترین هێزی سسەربازیی عوسمانی لە ئەنادۆڵ فەیلەقی پانزەهەم بوو بە فەرماندەیی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم. لە 16ی حوزیرانی 1919دا، مستەفا کەمال لە ئەماسیاوە برووسکەیەکی بۆ نارد بۆ روونکردنەوەی راوبۆچوونی لەبارەی کوردەوە (لاپەرە 40 – 44). ئەویش لەوەڵامدا بۆی نووسیبوو کە یانەی کوردی لە دیاربەکر داخراوە چونکە بەنیازی دروستکردنی کوردستانێک بووە لە ژێر پارێزگاریی بەریتانیادا.
هەرچۆنێک بێت، یانەکە لە چەند کەسێکی کەمی خەڵکی «لاوەکی و پەرتەوازە» (سەرسەری serseri) پێکهێنرایەوە و نوێنەرایەتیی کوردی نەدەکرد. بەهەرحاڵ، لەوێ کێشەیەک هاتبووە پێشەوە و دانیشتووانی هەرێمەکانی رۆژهەڵات کەوتبوونە بەر هەڕەشەی باندە ئەرمەنییەکان و تێگەیشتبوون لە مەسەلەی پێویستبوون بە یەکێتی. بەڵام لە ناوچە «ئارامەکانی» ئەنادۆڵ دۆخەکە جیاواز بوو و دانشتووانەکانی سیاسییەکانیان بەدەمەوە دەگرت و ئارەزوویان نەدەکرد بچنە هیچ رێکخراوێکەوە.
لەبەرئەوە، هەموو توانای خۆی بەکارهێنا بۆ باسکردن و روونکردنەوەی پێویستیی پێکهێنانی کۆمەڵە و رێکخراوی بەرگریی نیشتمانی وەک ئامرازێک بۆ یەکێتیی نیشتمانی. خۆشبەختانە هاوکاری و هەماهەنگیی کاربەدەستانی سەربازی و مەدەنی لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیدا ئەنجامی باشی هەبوو بە رادەیەک کە لە «هەموو شوێنێکەوە» برووسکەی پێدەگەیشت و ئەوەی پیشاندەدا خۆڕێکخستنیان بە پێویست زانی و کاری رێکخستنیش (کە بەرگری کردنی هاوپەیمانان بوو) دەستیپێکرد.
مستەفا کەمال بە قەرەبەکری وتبوو کەوا بڕیاریداوە «کورد وەک برای راستەقینە بگرێت» و بەو پێیە هەموو نەتەوە/ نیشتمان لە رێگەی کۆمەڵەکانی بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکان یەکبخات. لەپاش دوو رۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەکی پڕ لە گەشبینیی نارد بۆ کۆڵۆنێڵ جەعفەر تەیاری فەرماندەی نەتەوەپەرستی فەیلەقی یەکەم لە ئەدرنە (ئەدريانۆپڵ لە تراکيای تورکیا) و رایگەیاندبوو کەوا «پرۆپاگەندەی بەریتانی بۆ دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە پارێزگاریی بەریتانیا و پشتیوانانی ئەم پرۆژەیە لەناوبران. کوردەکان چوونە پاڵ هێزەکانمان لەگەل تورکدا» (لاپەڕە 54). لە 23ی حوزێران، مستەفا کەمال لەسەر هەمان شێوە برووسکەی کرد بۆ بۆ جەنەراڵ جەواد (چۆبانلی)ی سەرۆکی ئەرکانی گشتی لە ئەستەمبووڵ. «برووسکە گرنگەکانی» کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیزەوە (کە ئێستا ئەلەزیغە) پێی گەیشتن، بەتەواوی ئەوەیان سەلماند کەوا ئایدیای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانێکی سەربەخۆ لە ژێر پارێزگاریی بەریتانیادا «تێکشکێنرا». «ئێمە هەمیشە ئامادەین بەڕێوەبەرێتییەک بڕەخسێنین کە زەمانەتی خۆشی و خۆشگوزەرانیی کوردستان دابین بکات. ئێمە چاوەڕێین کەسانی گرنگ بەمزووانە لەو ناوچەیەوە بێن بۆ سیواس»، ئەمە ئەنجامگیریی مستەفا کەمال بوو (لاپەڕە 57).
ئەمە وادەگەیەنێت کە مستەفا کەمال چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد هیچ کەسایەتییەکی گرنگی کورد لە کۆنگرەی ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتدا دەرکەوێت، کە بە چاودێریی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم رێکخرابوو. دواتر دەرکەوت کە بۆچوونەکەی راست دەرچوو، کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز (یان خەرپووت) نوێنەریان نەبوو. پێدەچێت پێدەچێت لایەنگرانی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان رێگەیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەعمورەتولعەزیز گرتبێت بۆ رۆیشتنە کۆنگرەکەی ئەرزڕووم25.
لەڕاستیدا ویلایەتە کوردییە گەورەکانی بەدلیس و وان و قەزا کوردییەکانی ویلایەتی ئەرزڕووم نوێنەرانی خۆیانیان نارد بەڵام زۆە بچووک و کەم بوون و لە کاربەدەستانی خانەنشینی عوسمانی و پیاوانی ئاین و .. تاد. پێکدەهاتن26.
کۆنگرەی ئەرزڕووم لە 23ی حوزێران کرایەوە و لەهەمان رۆژدا مستەفا کەمال بە سەرۆکی هەڵبژێردرا. لە 7ی ئاب راگەیاندنێکی دەرکرد کە بوو بە بنەمای پەیماننامەی نەتەوەیی – یان پەیماننامەی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی لە جەنگی سەربەخۆییدا. راگەیاندنەکە بەوە دەستیپێکرد کە ویلایەتەکانی دەریای رەش و رۆژهەلاتی ئەنادۆڵ (لەنێویاندا ویلایەتە سەرەکییە کوردییەکانی دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز و وان بەدلیس) بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی عوسمانی و هەموو رەگەز و توخمە ئیسلامییەکان [واتە کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان]، کە لەم رووبەرەدا دەژین، برای راستەقینەن و تژین لە هەستی رێز و قوربانیدان بۆ یەکتری، هەرچییەک رەگەز و بارودۆخی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتییان27. بەندی شەشی ئەم جاڕنامە یان راگەیاندنە ئەم پرەنسیپەی فراوانکرد بۆ ئەوەی گشت خاکی عوسمانی بگرێتەوە تا سنووری ئەو ئاگربەسەی کە لە 30 ئۆکتۆبەری 1918 ئیمزاکرا لەگەڵ هاوپەیماناندا و هەر دابەشکردنێکی ئەم خاک و ناوچانەی رەتکردەوە «کە برا راستەقینەکانمان تێیاندا نیشتەجێن، کە هەمان ئاین و هەمان رەگەزن وەک ئێمە و مەحاڵیشە دابەش ببین». ئەم شێوە داڕشتنە تەمومژ و شتێکی شاراوەی تێدایە، چونکە کوردەکان «رەگەز یان نەژادێکن» (یان کۆمەڵگەیەکی ئیتنیکین)، بەڵام تورک و کورد و هەموو موسڵمانانی تری ئەنادۆڵ و تراکیای رۆژهەڵات «هەمان رەگەز و نەژاد بوون» (ئەرکەداش، واتە برابوون).
کۆمیتە (یان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەمیشەیی) هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی ئەرزڕوومدا دوو نوێنەری ئەو ناوچانەی دەگرتەوە کە زۆرینە کورد بوون و ئەوانیش سەعدوڵا ئەفەندیی نوێنەری عوسمانیی پێشتری بەدلیس و سەرۆک خێڵی کورد حاجی مووسای موتکی بوون28. بەهەرحاڵ، هیچکام لەو دوانە نەچوونە کۆمیتەکەوە و سەعدوڵا ئەفەندی پۆزشی بەوە هێناوە گوایە تەندروستیی باش نیە و نەخۆشە و حاجی مووساش نەیتوانی ئامادەبێت چونکە لە کاردانەوەی خێڵە نەیارەکانی ترسابوو29. لە 13ی ئابی 1919دا، مستەفا کەمال بڕیارەکانی کۆنگرەی ئەرزڕوومی گەیاندە دوو سەرۆکی کورد، کە شێخ عەبدولباقیی کوفرەویی خەڵکی بەدلیس و جەمیل چەتۆی خەڵکی گارزان بوون. لە برووسکەکەیدا بۆ ئەمەی دواییان، داخی خۆی لەوە دەربڕی کە بارودۆخ بواری نەداوە ئارەزووی خۆی بەدەستبێنێت بۆ سەردانی ناوچەکە (لاپەرە 69). دواتر چەتۆ قۆناخێکی کورتی هەڵکشانی بەگژداچوونێکی بەخۆوە بینی (مایس – حوزێرانی 1920) دژ بە حکوومەتە ناسیۆنالیستە ساواکەی ئەنقەرە30.
هەرچەندە حیزبەکەی مستەفا کەمال هەستی بە هەڕەشە و مەترسیی کوردەکانی دەرسیم کردبوو لە کاتی گەشتیاندا لە نێوان سیواس و ئەرزڕوومدا31 و پاشان جارێکیتر گەڕانەوەیان، بەڵام کوردەکان کاریگەرییان نەبوو لەسەر کاری کۆنگرەی ئەرزڕووم. ئەو کۆنگرەیەی کە بەدوای ئەودا هات لە سیواس بەخت یاری نەبوو. لە 26ی ئابی 1919دا، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقی سیانزە فەرمانیداوە بە دەسەڵاتە سەربازییەکان لە مەڵاتیە بۆ دەسگیرکردنی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناودارە کوردەکان کە تۆمەتبار کرابوون بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی کوردی لە ژێر پارێزگاریی بەریتانیادا32. لەڕاستیدا، چوار لەو کەسایەتییە ناودارانە، لەنێویاندا جەلادەت و کامەرانی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان، لە مەڵاتییە و لە 3ی سێپتەمبەردا، لە شوێنی نیشتەجێی مێجەر ئی. ئێم. نۆئێڵ بینراون، کە بە کردەوە بانگەشەی بۆ ئەو پێشنیازە کردووە کە لەلایەن کۆڵۆنێڵ (کە دواتر بووە بە سێر) ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری بەریتانی بۆ کەنداوی فارس، دراوە بە حکوومەتی بەریتانی، کە پێویستە کوردستانێکی سەربەخۆ پێکبێت لە ژێر چاودێریی بەریتانیادا33. پێش دوو رۆژ لە گەیشتنی نۆئێڵ، عەلی غالیبی والیی خەرپوت (مەعمورەتولعەزیز) فەرمانی بە قایمقامی قەزای مەڵاتییە کردووە، کەوا کەسێکی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان بووە، بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی بچووکی سوارەی کورد. لە 7ی سێپتەمبەردا، مێجەر نۆئێڵ تێبینیی کردووە کەوا عەلی غالیب نیازی بووە کوردەکان بنێریتە سەر ئەو ناسیۆنالیستە تورکانەی لە سیواس کۆبووبوونەوە34.
هەر لەو سەروبەندەدا کۆنگرەی سیواس لە 4ی سێپتەمبەردا دەستیپێکرد و دەبوو نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکانی داکۆکی لە مافی نیشتمانی بکات لە سەرانسەری وڵاتدا – لە رۆژهەڵاتی تراکیاوە تا رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کەچی تەنها 38 نوێنەر بەشدار بوون، لەنێویاندا مستەفا کەمال و پارتەکەشی. هەڵبەت هیچ نوێنەرێک لە ناوچە کوردییەکانەوە بەشدار نەبوو، بەڵام حاکمێکی پێشتری عوسمانی (کە لایەنگری کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن بوو – جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی)، بە ناوی مەزهەر موفید (کانسو)، وەک نوێنەری هەکاری ئامادەبوو. نوێنەری دیاربەکریش، ئیحسان حەمید (تغرەڵ)، دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە گەیشت35. مستەفا کەمال ئیحسان حەمیدی لە کۆمیتەی نوێنەرایەتیدا کردە ئەندام، کە دەسەڵاتی جێبەجی کردنی هەمیشەیی کۆمەڵەی سەرتاپای وڵات بوو و سەرچاوەی دەسەڵاتیشی بوو تا ئەو کاتەی بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا هەڵبژێردرا لە 24ی نیسانی 1920دا. وەک نۆ ئەندامەکەی کە پێشتر لە ئەرزڕووم هەڵبژێردران بۆ کۆمیتەکە هەر بەکۆمەڵ گوێزرانەوە بۆ ئەم کۆمیتەیە و سەعدوڵا ئەفەندی و حاجی مووسای خەڵکی موتکیش بوونەوە بە ئەندامی کۆمیتە نوێنەرایەتییە تازەکە کە بریتیبوو لە 16 ئەندام بۆ سەرانسەری وڵات و لە سیواس پێکهاتبوو36، بەڵام هەر بە ئەندامی ناکارا و خەوتوو مانەوە.
ئەو راگەیاندنەی کە لە 11ی سێپتەمبەری 1919دا لە کۆنگرەکەی سیواسەوە دەرچوو، ئەو تێرم و زاراوانەی گەڵاڵە کرد کە لە ئەرزڕووم بەکارهاتبوو. راگەیاندنەکە لە بەندی یەکەمیدا ئەوەی روونکردەوە کە: «هەموو توخمە ئیسلامییەکان کە لەو کایانەدا دەژین کەوا لەسەرەوە باسکراون [واتە تەواوی خاکی عوسمانی کە هێڵەکانی ئاگربەس دەیانگرێتەوە] برای راستەقینەن و تژین لە هەستی رێز و قوربانیدان بۆ یەکتر و تەواوی مافی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ناوخۆییان رێزلیگیراوە»37.
Memalik-i mezkurede yasayan bilciimle anasu-i islamiye yekdigerine kar§i hilrmet-i miitekabile ve fedakdrlik hissiyatiyle meshun ve hukuk-u irkiye ve igtimaiyeleriyle .
وادیارە ئەم داڕشتنە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیتنیک و رەچەڵەک و داب و نەریتی کورد رێزلێگیراو دەبن.
لە سەروەختێکی کۆنگرەی سیواسدا، هەواڵ گەیشتە مستەفا کەمال کە مێجەر نۆئێڵ لە مەڵاتییەیە و عەلی غالیب بەنیازە پیاوانی عەشیرەتە کوردەکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر سیواس. لە 11ی ئەيلوولدا، واتە ئەو رۆژەی کۆنگرە راگەیاندنەکەی دەرکرد، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقەکەی دیاربەکر لەلایەن تیپی سێی سیڤاسەوە ئاگادار کرایەوە کەوا پیلانەکە بەتاڵکراوەتەوە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و جەنگەوە لە ئەستەمبووڵ. هەر ئەوکاتەش ئەحمەد جەودەت بڕیاری توندوتۆڵ کردنی هێزەکانی داوە لە مەڵاتییە و فەرمانی گرتنی بۆ حاکمی ناوچەکە و هاوکار و هاوەڵە کوردەکانی مێجەر نۆئێڵ دەرکرد، هەرچەندە خودی مێجەر نۆئێڵ خۆی نەگیرا38. کاتێ کە بە مەسەلەکەیان زانی، مێجەر نۆئێڵ و تاقمەکەی لە 10ی ئەیلوولدا مەڵاتییەیان بەجێهێشت. رۆژی دواتر، مێجەر نۆئێڵ ئیشارەتی بەوە دا کەوا عەلی غالیب (ئیرادەیەکی) لەلایەن سوڵتانەوە دەرکردووە کە فەرمانی پێداوە هێزیکی سوارەی کورد ئامادە بکات دژ بە مستەفا کەمال لە سيواس. مێجەر نۆئێڵ، لەپاش فشارکردنە سەری بۆ هاوکاری کردن لەم پرۆژەیەدا، ئیدیعای ئەوە دەکات کە بەئاشکرا رەتیکردووەتەوە پابەند بێت پێیەوە. لەپاش رۆژێک، واتە 12ی ئەیلوول، مێجەر نۆئێڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەوا عەلی غالیب بڕیاریداوە کۆبوونەوەی عەشیرەتە کوردەکان بڵاوە پێبکات، چونکە ئایدیای رۆیشتن بەرەو سیواس بەتەواوی مەترسیدار بوو39.
لەکاتەدا کە ئەحمەد جەودەت، بە پاڵپشتی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم، بەربەستێکی خێرای دانا بۆ پلانە نیمچە کوڵۆکەکەی عەلی غالیب کە هەلی هەڵاتنی بۆ مێجەر نۆئێڵ و هاوەڵە کوردەکانی رەخساند، مستەفا کەمال ئەفسەرێکی مولازمی گەنجی جێمتمانە و سەرکێشی بە ناوی رەجەب زوهدی، بە ئەرکێکی تایبەت ناردی بۆ مەڵاتییە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی ناوخۆیی40. هەندێک لە سەرۆکە کوردەکان بەپەلە پەیامی پشتگیرییان نارد بۆ سیواس. لە 15ی ئەیلوولدا و لە برووسکەیەکدا بۆ جەمیل چەتۆ لە سیرت، مستەفا کەمال سوپاس و پێزانینی کۆنگرەی دەربڕی لە پای «پابەندی و دڵسۆزیی هەموو برا کوردەکانمان بۆ ئەم دین و دەوڵەتە و دڵبەندییان بۆ دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەت» (لاپەڕە 101). بۆ رۆژی دواتریش، پیرۆزبایی لە حاکمی مەڵاتییە کرد لەبەر هەڵوێستی لەبەرانبەر ئە پیلانگێڕییەدا کە سەرچاوە داراییەکەی «ئاڵتوونی بەریتانی» بوو (لاپەڕە 108).
مستەفا کەمال سوودێکی هێجگار زۆری بینی لە پیلانگێڕییەکەی عەلی غالیب بۆ بێئەرزش کردنی ناوبانگی حکوومەتەکەی داماد فەرید، کە لە 30 ئەیلوولی 1919دا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و عەلی رەزا پاشا جێیگرتەوە، کە جەنەراڵێکی هاوسۆز بوو لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی/ نیشتمانی تورکیدا41. لە 6ی نۆڤەمبەردا، کاتێک کە هەڵبژاردن رێکخرا بۆ دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی (مەجلیسی مەبعووسان – و)، مستەفا کەمال برووسکەیەکی خولاوی نارد بۆ حاکمی پێنج ویلایەت لە ئەنادۆڵی رۆژهەڵات و نیگەرانی و داخی خۆی دەربڕی لەسەر ئەو ئیدیعایانەی گەیشتبوونە پایتەخت گوایە کوردەکان بەرهەڵستیی بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکی دەکەن و داوا لە «برا کوردەکانمان دەکات، کە توخمی مەردی [رۆڵەی] ئەنادۆڵی رۆژهەڵاتن و پێویستە پشتیوانیی خۆیان دەرببڕن بۆ «هێزە نیشتمانییە» تورکییەکان [قیوای میللییە] و بەرهەڵستیی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان بکەن» (لاپەرە 155).
پاشان برووسکە و نامەی پشتیوانی بەدوای یەکدا دێن و لە کاردانەوەی نامەیەکی پاڵپشتیی رۆژی 3ی ديسەمبەری 1919، لەلایەن حاجی مووسای موتکییەوە، مستەفا کەمال شاگەشکە دەبێت و چەندین جار ئاماژەی پێدەکات و رایدەگەیەنێت کەوا «تەواوی جیهان دەزانێت کە میللەتی کوردی مەرد [قەومی نەجیبی کورد] هەست بە پەیوەستبوونێکی ئاینی دەکات بە دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەتەوە و پارچەیەکی تۆکمە و دانەبڕاو پێکدێنێت لەگەل برا تورکەکانیدا» (لاپەرە 168). لە 15ی کانوونی دووەمی 1920دا، مستەفا کەمال سوپاسی ژمارەیەک سەرۆک هۆزی کوردی کرد لەپای ئەو برووسکانەی ناردوویانە بۆ حکوومەت و نوێنەرانی هێزە بیانییەکان لە ئەستەمبووڵ بۆ دەربڕینی هاوسۆزییان لەگەڵ برا تورکەکانیان و وایان لەقەڵەمداوە کە «کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عوسمانی» (لاپەڕە 192). لە برووسکەیەکی تردا کە هەمان رۆژ نێردراوە، مستەفا کەمال وا باس لە تورک و کورد دەکات کە «دوو برای راستەقینەن و دەستیان لە ناو دەستی یەکتر ناوە و خواست و بڕیاریان بەرگری کردنە لە یەکگرتنی پیرۆزیان» (لاپەڕە 195).
لە 20ی شوباتی 1920دا و لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ و بەدوایدا کردنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە ئەنقەرە، مستەفا کەمال نامەیەکی تایبەتی نارد بۆ تەڵعەت پاشای دوورخراوە، کە ئەندامی حکوومەتە سێینەکەی تورکە لاوەکان بوو (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی). نامەکە بەم وشانە دەستیپێکردبوو: «ئەو یەکێتیی نیشتمانییەی بە چاودێریی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافە [نیشتمانییەکان] لە ئەنادۆڵ و رووملی دامەزرا ئامانجی رزگارکردنی تورکیایە، بە پێی دیاریکردنی سنووری نیشتمانیی تورک و کورد [Turk ve Kurt milli hudutlariyle tahdid edilen Tiirkiye›yi] … هاوتەریب لەگەڵ ئەو سەرەتا و پرەنسیپانەی لە کۆنگرە گشتییەکانی ئەرزڕووم و دواتر سیواسدا دانراون»42.
مستەفا کەمال راوبۆچوونەکانی خستە چوارچێوەیەکی زیاتر گشتییەوە لە یەکەم وتاردانی دوورودرێژیدا بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 24ی نیسانی 1920دا. هەروەها دەیوت کە کۆنگرەی ئەرزڕووم سنووری وڵاتی دیاریکردووە بەپێی داواکاریی ئەو خاک و ناوچانەی دەکەونە ناو هێڵی ئاگربەسەوە کە لە 30 ئۆكتوبەری 1918دا راگەیەنرا و ئەم ‌هێڵە ویلایەتی مووسڵیش دەگرێتەوە. ئەمە تەنها سوپا و هێزی چەکدار نەبوو بەڵکو سنووری نیشتمانیش بوو.
مستەفا کەمال زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە رۆیشت و وتی «هەرچەندە ئەمە وەک ئەندێشە و خەیاڵیش دێتە پێش چاو، بەڵام هەرچی رەگەز و توخمە ئیسلامییەکانی ناو ئەم سنوورەیە هەموویان دەچنەوە سەر هەمان میللەت و لە چوارچێوەی ئەم سنوورەدا تورک و چەرکەس و موسڵمانانی تر هەن. هەرچۆنێک بێت، ئەمە سنووری نیشتمانیی نەتەوە براکانە کە پێکەوە دەژین و راشکاوانە هاوبەشن لە هەمان ئامانج و مەبەستدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەر توخم و رەگەزێکی ئیسلامی کە لە چوارچیوەی سنووری ئەم دایکی نیشتمانەدا دەژی ژینگە و نەریت و نەژادی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو ئیمتیازاتانەی پەیوەستە پێیانەوە قوبووڵ کراون و بە هەموو دڵسۆزییەکەوە جەختیان لەسەرکراوەتەوە. بە سروشتی حاڵ، ئەم مەسەلانە لێرەدا بە وردی باس ناکرێن، چونکە ئێرە کات و شوێنی گونجاویان نیە. بێگومان ئەم مەسەلەیە لەنێوان براکاندا تاوتوێ و چارەسەر دەکرێت کاتێ کە بوون و مانەوەمان مسۆگەر دەبێت ….»43. مستەفا کەمال لەم بڕگەیەدا بەدیاریکراوی باسی کوردی نەکرد، بەڵام کاتێ کە لە 1ی مايی 1920دا گەڕایەوە بۆ مەسەلەی سنوور وتی: «ئەو بەڕێزانەی کە ئەم ئەنجومەنە شکۆدارەتان پێکدێنن تەنها لە تورک یان چەرکەس یان کورد پێکنایەن، بەڵکو ئەمە کۆبوونەوەی راستگۆیانەی گشت توخم و رەگەزە ئیسلامییەکانە». پاشان لەسەری رۆیشت و وتی: «لە باکووری کەرکووک کورد و تورکیش هەن و ئێمە جیاوازیمان لەنێوانیاندا نەکردووە»44.
بەهەرحاڵ، تەمومژ بەردەوام بوو لەسەر نەژاد یان رەگەز. لە وتاردانی دەسپێکی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 1ی مارتی 1922دا، مستەفا کەمال وتی «گەلی توركيا بریتییە لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو لە نەژاد و ئاین و کولتوور و تژییە لە رێزگرتنی یەکتر و هەستکردن بە خۆبەختکردن و هاوبەشی لە هەمان چارەنووس و بەرژەوەندیدا»45. لەگەڵ ئەوەشدا دەربڕینی «خەڵکی تورکیا» (Turkiye halki) لەجیاتی «خەڵکی تورک» (Turk halki) گرنگە و مستەفا کەمال جارێکیتر بەکاریهێنایەوە لە کاتی بەخێرهاتنی کڵۆد فاڕێرێی نووسەری فەرەنسی لە ئیزمیت، لە 18ی حوزێرانی 1922دا46.
بەپێچەوانەی هەردوو کۆنگرەی ئەرزڕووم و سیواس، ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا کە یەکەمجار لە 23ی نیسانی 1920دا کۆبووەوە ئەندامی کوردی راستەقینەی تێدابوو. دياب ئاغای دەرسيم، یەکێک بوو لە چەندین سەرۆک خێڵی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنەکە. یەکەم دەستور (یاسای رێکخستنی بنەڕەتی Teskilat-i Esasiye Kanunu)، کە ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 20ی کانوونی دووەمی 1921دا پەسەندی کرد، دەسەڵات و دۆخی حکوومەتی ناوخۆیی درێژکردەوە، کە لەسەر مۆدێلی فەرەنسی دامەزرابوو لە دەوڵەتی عوسمانیدا. بەندی 11ی دەستور دەڵێت کە ویلایەتەکان سەربەخۆن لە کاروباری ناوخۆیاندا. ئەنجومەنی ویلایەتەکان کە بۆ دوو ساڵ هەڵبژێردرابوون، مافی ئیدارەدانی دامەزراوە خێرخوازییەکان و خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندروستی و ئەشغاڵی گشتی و کشتوکاڵ و کاروباری ئابووریی هەیە، بەگوێرەی یاساکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا.47

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*