سەرەکی » هەمەڕەنگ » كاتێك هه‌ناسه‌ جیاكان ئاوێته‌ ده‌بن

كاتێك هه‌ناسه‌ جیاكان ئاوێته‌ ده‌بن

كوردستانی نوێ-ی هه‌فتانه‌

دوای‌ سێ ساڵ ماندوبوون به‌رهه‌مێكی‌ هونه‌ری‌ نوێی‌ پڕاوپڕ له‌ یه‌كدی‌ قبوڵ كردن، له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كاروان حه‌مید حه‌لاق‌و بافڵ سه‌رهه‌نگ له‌ ستۆدیۆی‌ یاد میدیا تۆمار كراو كاره‌كانی‌ ته‌واوبوو.
كاروان له‌باره‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌وه‌ به‌كوردستانی نوێی راگه‌یاند: به‌رهه‌مه‌كه‌ پارچه‌ میوزیكێكه‌ به‌ ناوی‌ (كاتێك هه‌ناسه‌ جیاكان ئاوێته‌ ده‌بن)‌و بریتییه‌ له‌ ئاوێته‌بوونی‌ دوو كه‌لتووری‌ جیاواز، به‌ به‌شداری‌ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكان، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، خۆی‌ خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌‌و له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ خۆیشی‌ به‌رهه‌م هاتووه‌، كاری‌ ده‌رهێنانی‌ كلیپه‌كه‌ش بافڵ سه‌رهه‌نگ به‌ ستایلێكی‌ هاوچه‌رخ‌و جوان ئه‌نجامی‌ داوه‌. له‌م به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌دا كاروان عه‌لی‌ حه‌لاق به‌ ژه‌ندنی‌ ئامێری‌ شمشاڵ‌و باڵه‌بان‌و وتنی‌ مقام به‌شداری‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها خاتوونی‌ هونه‌رمه‌ند دیمفی‌ پێته‌رس به‌ژه‌ندنی‌ ئامێری‌ كۆرا‌و خوێندنی‌ ئۆپێرا به‌شداره‌، له‌گه‌ڵ گروپی‌ دانس‌و میوزیكی‌ ئه‌فریكی‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ كۆڵاو كلیپه‌كه‌یان رازاندۆته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ كاروان ده‌ڵێ: ماندوبوونی‌ زۆری‌ چه‌شتووه‌‌و به‌ كاری‌ رۆژانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ كرێكاری‌ چێشتخانه‌یه‌ بودجه‌ی‌ بۆ دابین كردووه‌.
كاروان حه‌مید حه‌لاق وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێ كردووه‌، تا ئێستا به‌شداری‌ چه‌ند كۆنسێرت‌و فێستڤاڵێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردووه‌‌و له‌گه‌ڵ بافڵ سه‌رهه‌نگیش به‌ڵێنیاندا كاره‌كانی‌ داهاتوویان به‌ كامێرای‌ سینه‌مایی تۆمار بكه‌ن‌و به‌رهه‌می‌ جوانتر پێشكه‌ش بكه‌ن. له‌ كۆتاییشدا كاروان سوپاسی‌ هه‌موو ئه‌و ماڵپه‌ڕ‌و كه‌ناڵه‌ كوردیانه‌ی‌ كرد كه‌ گرنگییان به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی‌ داوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*