سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » لاقه‌كردن له‌ پاكتاوی نه‌ژادیدا

لاقه‌كردن له‌ پاكتاوی نه‌ژادیدا

سه‌ره‌تا :
ره‌نگه‌ زۆر كه‌م هه‌بن ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت خۆیان له‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوربانیه‌كان نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت به‌ گێڕانه‌وه‌ش بچنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی به‌ دواداچوون له‌و پرسه‌دا ده‌كه‌ن، به‌ ئاسانی ده‌ستیان به‌ زانیاری و داتا ناگات، ئه‌مه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان وایه‌، گه‌رچی له‌ هه‌ندێ‌ شوێن بوێری قوربانیه‌كان زیاتره‌، ئه‌وه‌ رێك په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن قوربانی ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ نێو خه‌ڵك، بۆ نێو كه‌س و كار، بوێری گێڕانه‌وه‌ ناكرێت به‌ كه‌م سه‌یر بكرێت، ئه‌وانه‌ی ده‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ ئازاكانی نێو سته‌مكارین، هه‌موو ئه‌وانه‌ی چیرۆكه‌كان ناشارنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ نایانه‌وێ‌ سته‌مكاری به‌رده‌وام بێت، ئه‌و قوربانیه‌ ئێزدیانه‌ی چیرۆكه‌كانی خۆیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌وانه‌ پاڵه‌وانه‌كان بوون، ناكرێ‌ به‌ هۆی ئه‌و گێڕانه‌وه‌ ئازاربه‌خشه‌وه‌ به‌ر تانه‌كه‌ون، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ داخراوه‌كان به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن .
لاقه‌كردن، ده‌ستدرێژی به‌ زۆر، سێكسی جه‌لادانه‌و شكانی شكۆی مرۆڤ به‌ شێكه‌ له‌ دیرۆكی دڕندانه‌ی مرۆڤایه‌تی، هه‌میشه‌ سوپاو شه‌ڕكه‌رو په‌لامارده‌ره‌كان په‌نایان بۆ بردوه‌، لاقه‌ كردن له‌ چوار چێوه‌ی پاكتاوی نه‌ژادیدا جگه‌ له‌وه‌ی بۆ شكاندی شكۆی مرۆڤ به‌ كارهێنراوه‌، ئامانجیش لێی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و هه‌تره‌ش بردن بووه‌، ئه‌گه‌ر زۆر به‌ره‌و قوڵای دیرۆك نه‌چین و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر جه‌نگ و ململانێ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ بكه‌ین ، تووشی سه‌رسامی ده‌بین.

هه‌ندێ‌ نمونه‌ی ئازار به‌خش
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ سه‌دان نمونه‌ی تۆماركراو كه‌ ده‌شێت سه‌دان و بگره‌ هه‌زارانیش هه‌بێت تۆمار نه‌كرابن، بۆنمونه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌فغانستان له‌به‌ر هۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی ده‌ستدرێژی و لاقه‌ كردنه‌كان تۆمار نه‌كراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یان خۆیان خۆیان كوشتوه‌ یان له‌ لایه‌ن كه‌س و كارو خزمه‌كانیانه‌وه‌ كوژراون، له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ندین فیلم و گێڕانه‌وه‌ هه‌ن .
هه‌ر بۆخۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تۆماریش كراوه‌ له‌و وڵاتانه‌ مرۆڤ توشی شۆك و سه‌راسیمه‌یی ده‌كه‌ن، بۆنمونه‌ :
یه‌كه‌م: له‌ساڵی 1994 له‌ گواتیمالا 100 هه‌زار كه‌س لاقه‌ كراوه‌و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ری .
دووه‌م: له‌ روانداو له‌ شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا ساڵی 1994 ئه‌وانه‌ی لاقه‌ كراون نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌سن.
سێیه‌م: له‌ 2008و ساڵانی دواتر له‌ سیریالۆن 60 هه‌زار لاقه‌ كراوتۆمار كراوه‌ .
چواره‌م: له‌ ساڵی 2008 له‌ بۆسنه‌و هه‌رسك سێ‌ هه‌زار ده‌ستدرێژی تۆمار كراوه‌ .
پێنجه‌م: زیمبابۆی 2008شه‌ش هه‌زار كه‌س .
شه‌شه‌م: سودان له‌ شه‌ڕه‌كانی ناوخۆو ئه‌و ململانێیه‌ی هه‌بووله‌ 2008 زیاتر له‌ نیو ملیۆن كه‌س .
حه‌وته‌م: له‌ عیراق ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ دوای 2003 ه‌وه‌ تۆمار كراوه‌ حه‌وت هه‌زار كه‌سه‌ .
شێوازێكی تر له‌ لاقه‌ كردن ئه‌و بازرگانی كردنه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاو مه‌كسیك به‌ و ئافره‌تانه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 12بۆ 45 ساڵ ده‌بێت، فیلمێكی ئه‌مه‌ریكی هه‌یه‌ باس له‌ هاتنی مه‌كسیكی ده‌كات بۆ ئه‌مه‌ریكا، له‌و فیلمه‌دا كه‌ ئه‌مریكیه‌كی راوچی به‌ خۆی سه‌گه‌كه‌یه‌وه‌ زۆربه‌ی مه‌كسیكیه‌كان ده‌كوژێت، كچه‌ پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ كه‌ باوكی به‌ نیازی خوێندن و پاره‌ ناردویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریكا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ باوكی متمانه‌ی پێبووه‌ .
لاقه‌كردن له‌ كاتی شه‌ڕدا جۆرێك له‌ ده‌ستدرێژی و تاوانێكی قێزه‌ون بووه‌ و له‌ لایه‌ن نه‌یاره‌كانه‌وه‌ بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌و چاوشكاندن به‌ كار هێنراوه‌، له‌ كێشه‌كانی نێوان « كۆنگۆ، كینیا، بۆسنه‌و هه‌رسك، عیراق، سوریا، سیریالۆن، ئۆگه‌نده‌، لیبیاو شوێنه‌كانی تر، هه‌زاران حاڵه‌تی تۆمار نه‌كراو هه‌ن .
له‌ ئه‌فغانستان و سوریاو عیراق و رواندا و شوێنه‌كانی تر ئه‌مه‌ به‌رانبه‌ر منداڵ و مناڵی نێرینه‌ش كراوه‌ ، واته‌ هه‌ر به‌ ره‌گه‌زی مێینه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون .

هه‌وڵه‌كانی به‌ گژاچوونه‌وه‌
ئه‌م دیارده‌ قێزه‌ون و ناشرینه‌ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی به‌ گژاچونه‌وه‌و نه‌هێشتن و بنه‌بڕكردنی دراوه‌ به‌ بڕیاره‌كانی ، 1325و 1820 به‌م دوو بڕیاره‌ لاقه‌ كردن وه‌ك تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ناسراوه‌ ، هه‌رچه‌ند ئه‌و بڕیارانه‌ش نه‌بوونه‌ته‌ رێگر له‌ به‌رده‌م ئه‌و كاره‌دا ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین دادگایی كردن به‌رانبه‌ر بكه‌رانی ئه‌و كاره‌ به‌ڕێوه‌ چووه‌ ، بۆنمونه‌ له‌ سه‌ربازگه‌كانی لاقه‌ كردن تاوانبارانی بۆسنه‌ به‌ 40 تا 45 ساڵ زیندانی سزا دراون ، دادگای جینایاتی نێو ده‌وڵه‌تی جان بیه‌ری كۆنگۆیی له‌ سه‌ر لاقه‌ كردن به‌ 18 ساڵ زیندانی سزا دا .

به‌و جۆره‌ سه‌یری لاقه‌ كردن ده‌كرێت، كه‌
یه‌كه‌م: تاوانه‌و له‌ جه‌نگدا وه‌ك تاوان ته‌ماشای ده‌كرێت و تاوانێكیشه‌ به‌ به‌رنامه‌و بڕیار ده‌كرێت ، واته‌ پلان بۆ دانراوه‌ .
دووه‌م: به‌شێكه‌ له‌ قڕ كردن .
له‌ راستیدا سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌وڵانه‌ش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤایه‌تی وه‌ك سیمایه‌كی دڕندانه‌و ناشرین سه‌یری ئه‌و كاره‌ ده‌كات ، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ رێگری ته‌واوی لێبكرێت .

لاقه‌ كردن له‌ عیراق ده‌رهه‌ق به‌ كورد
له‌ سته‌مكاری و تاوانی ئه‌نفالدا له‌ ئۆردوگا سایگۆنیه‌كان و ئۆردوگاكانی ده‌ستبه‌سه‌ریدا ئه‌م تاوانه‌ له‌ چه‌ندین شوێن كراوه‌، به‌ڵام ئازایه‌تی گێڕانه‌وه‌ نه‌بووه‌، له‌ دادگای تاوانه‌كانی ئه‌نفالدا شاهیدو قوربانی له‌و جۆره‌مان هه‌بوو ، پێش ئه‌نفالیش ده‌رهه‌ق به‌ كورد ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ له‌ چه‌ندین شوێن و روداودا هه‌بووه‌، قوربانیه‌كانی ئه‌نفال به‌ هۆی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و هۆكاری تره‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یان شاردوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ گێڕانه‌وه‌كان باسی جیاكردنه‌وه‌ی كچه‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێ‌ گێڕانه‌وه‌دا باسی بردنی كچه‌كانیش ده‌كه‌ن ، ئه‌و به‌ڵگه‌ نامه‌ گوماناویه‌ی میسر، ئه‌گه‌ر راستیش نه‌بێت سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌، كه‌ كچانی كوردیش له‌ ئه‌نفالدا رووبه‌ڕووی ئه‌و سته‌مكاریه‌ بوونه‌ته‌وه‌ ، من بۆخۆم له‌ دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌نفالدا گوێگری روداوێكی تاڵ بووم، ته‌نانه‌ت ئه‌و یاریده‌ده‌ره‌ پارێزه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌ی كه‌ وه‌ك من میوانی دانیشتنه‌كه‌بوو ، به‌ كوڵ بۆ چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ ده‌گریاو چه‌ندین جار گوێگره‌كه‌ی له‌ سه‌ر گوێی لاده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی گوێی له‌و ئازاره‌ نه‌بێت .
له‌ په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ئێزدیه‌كان ئه‌م تاوانی لاقه‌كردنه‌ ئاستێكی مه‌ترسیداری تێپه‌ڕاندو داعشه‌كان ڕه‌وایی دینیان ده‌دا به‌م كاره‌و ناویان لێنابوو جیهادی نیكاح، له‌ ناوخۆیشیاندا قوربانیه‌كانیان وه‌ك دیاری و به‌خشین به‌ یه‌كتر ده‌دا، هه‌ندێك جاریش كڕین و فرۆشیان پێوه‌ ده‌كردن، ژنی ئێزدی هه‌یه‌ له‌ نێوان ده‌یان كه‌سدا ده‌ستاوده‌ستی پێكراوه‌، یه‌كێك له‌و ژنانه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ نێوان ئه‌بو مالك وئه‌بو عه‌ریس و ئه‌بو سه‌عدو ئه‌بوعیساما ده‌ستاو ده‌ستی پێكراوه‌ .
زینه‌ كچێكی 13 ساڵه‌ی ئێزدی بوو ئه‌و زۆر به‌ئازارو ترسه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ی خۆی ده‌گێڕایه‌وه‌ ، ئه‌و له‌ هه‌موو نێرینه‌یه‌ك ده‌ترسا ، زینه‌ یه‌كێك بوو له‌و قوربانیانه‌ی كچێكی ئێزدی دانیشتوی ئه‌ڵمانیا به‌ پاره‌ كڕیبویه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌م بابه‌ته‌ و چیرۆكی زینه‌و شیرین و ئه‌وانی تر زۆره‌و زۆربه‌شیان به‌ ئازایه‌تیه‌وه‌ ئه‌و روداونه‌یان تۆمار كردووه‌ .
به‌ پێی به‌دواداچوونێك زۆرترینی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی دوای په‌لاماری داعش له‌ ئه‌ڵمانیا گیرساونه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعشه‌وه‌ به‌ زۆر لاقه‌ كراون و هه‌یانه‌ له‌ لایه‌ن بیست كه‌سه‌وه‌ لاقه‌ كراوه‌ ،هه‌شه‌ 200 جار لاقه‌ كراوه‌ ، هه‌ندێك له‌و چیرۆكانه‌ له‌ لایه‌ن هیومان رایتس هۆچه‌وه‌ تۆمار كراون .
ئه‌وه‌ی داعش كردویه‌تی له‌ لایه‌ن قاعیده‌و بۆكۆ حه‌رامیشه‌وه‌ به‌ جۆری تر كراوه‌، هه‌ڵبه‌ت میلیشیا چەکدارە ئیسلامییەکانی سوریا له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌و كاره‌ هه‌ستاون.
ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ی زیاتر و زۆر تر هه‌ڵده‌گرێت، من ئه‌مه‌م به‌ كورتی وه‌ك بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك له‌ پانێڵێكی زانكۆی چه‌رمودا، له‌ رۆژی به‌ گژاچونه‌وه‌ی توندو تیژیدا باس كرد.

 303 جار بینراوە