سەرەکی » ئابووری » عیراق هۆشداریی ده‌دات

"بودجه‌ به‌ش ناكات"

عیراق هۆشداریی ده‌دات

راپۆرتی: ئەرکان جەبار

به‌هۆی دابه‌زینی زۆری نرخی نه‌وته‌وه‌، عیراق داوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی رێكخراوی ئۆپیك ده‌كات و راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش ئاشكرای ده‌كات، ئێستا عیراق یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 23 دۆلار ده‌فرۆشێت‌‌و ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ش به‌رده‌وامبێت، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ روو ده‌دات.

بانگه‌وازه‌كه‌ی عیراق
سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عیراق داوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی وڵاتانی ئۆپیك پڵه‌س ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی.
وه‌زیری نه‌وتی عیراق نامەیه‌كی به‌په‌له‌ی بۆ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ئۆپیك‌‌و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك ناردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بده‌ن به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نرخی نه‌وت به‌جۆرێك دابه‌زیووه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2016وه‌ به‌و نرخه‌ نه‌فرۆشراوه‌.
به‌گوێره‌ی دوایین مامه‌ڵه‌ی بازاڕه‌كانی نه‌وتیش، ئه‌مڕۆ 19ی 3ی 2020 نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برێنت به‌ (28 – 29) دۆلار ‌و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی سووكی ئه‌مریكی به‌ (26) دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.
وڵاتانی ئۆپیك پڵه‌س له‌كۆبوونه‌وه‌ی رۆژانی 5‌و 6ی ئه‌م مانگه‌، به‌هۆی ململانێكانی روسیا‌و سعودیه‌ له‌سه‌ر كه‌منه‌كردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌ندێك وڵات نزیكببێته‌وه‌ له‌ تێچووه‌كه‌ی.

23 دۆلار بۆ عیراق ده‌مێنێته‌وه‌
هاوكات، مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستانی ئاشكرا كردووه‌، ئێستا عیراق یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ (23) دۆلار ده‌فرۆشێت‌‌و ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ش به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ روو ده‌دات.
راشیگه‌یاندووه‌، نیوه‌ی داهاتی نه‌وتی عیراق بۆ كرێی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت‌و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌چێت، به‌وپێیه‌ش عیراق له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 12 بۆ 13 دۆلاری بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن مووچه‌خۆر له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات هه‌یه‌، كه‌ مووچه‌ی مانگانه‌یان شه‌ش تریلیۆن‌و 500 ملیار دیناره‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بێت، عیراق رووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

روسیا هاته‌ سه‌ر هێڵ
هه‌ر له‌سه‌روبه‌ندی دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و كاردانه‌وه‌ ئابوورییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، روسیا هاته‌ سه‌ر هێڵ‌و خوازیاره‌ نرخی نه‌وت به‌رزبێته‌وه‌‌و له‌ هه‌وڵیشدان گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئۆپیك سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
دیمیتری بیسكۆڤ وته‌بێژی كرملین له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، مۆسكۆ تاوتوێی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی ده‌كات له‌گه‌ڵ رێكخراوی ئۆپیك، هه‌روه‌ها وڵاته‌كه‌ی خوازیاره‌ كه‌ نرخی نه‌وت له‌و ئاسته‌ی ئێستادا به‌رزببێته‌وه‌.
وتیشی: “به‌دڵنیاییه‌وه‌ نرخی ئێستای نه‌وت نزمه‌‌و خوازیارین به‌رزببێته‌وه‌، چاودێری بارودۆخی بازاڕه‌كانی نه‌وت ده‌كه‌ین‌و پێشبینی خۆمان بۆ ئاینده‌یه‌كی نزیك‌و مامناوه‌ند داده‌نێین، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی ئێمه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ ئۆپیك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بنیات ده‌نرێت”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*