سەرەکی » راپۆرت » دەرمانێكی كۆن سەركەوتنی بەدەستهێنا لەچارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا

پزیشكێكی فەرەنسی:

دەرمانێكی كۆن سەركەوتنی بەدەستهێنا لەچارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا

پرۆفیسۆر دیدی رائۆل بەرێوەبەری پەیمانگای چارەسەریی لەمەرسیلیای فەرەنسا، تەئكیدی كردەوە كە دەرمانی (هیدرۆكسی كلۆرۆكین) كە پێشتر وەك دژە ڤایرۆس بەكارهاتووە، سەركەوتووبووە لەچارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.
دیدی كە پزیشك و پرۆفیسۆرێكی ناوداری فەرەنسایە لەلێدوانێكیدا ئەمرۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند، ئەو دەرمانە بەكارهێنراوە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا و ئەنجامی باشی لێكەوتووەتەوە، روونیشیكردەوە كە ئەو پێش 20 ساڵ لەمەوبەر پێشنیاری كردووە كە هیدرۆكسی كلۆرۆكین بەكاربهێنرێت بۆ چارەسەری تووشبووان بە ڤایرۆس و ئەوەش لە سەرچاوە زانستیەكانی جیهاندا هاتووە.

دووپاتیشیكردەوە، دەرمانەكە پێكهاتووە لەتێكەڵەی (هیدرۆكسی كلۆرۆكین)و (ئازیسرۆمیسین) كە تا ئێستاش سەركەوتنی بەدەستهێناوە لەچارەسەركردنی چوار جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەلایەن چوار تیمی پزیشیكی فەرەنسیەوە ئەنجامدراوە..
دیدی ئاشكرای كرد كە دەرمانەكەی لەسەر 24 نەخۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس بەكارهێناوەو سێ بەشی نەخۆشەكان دوای شەش رۆژ بەتەواوی چاك بوونەتەوە.
دیدی ئاماژەی بەوەشكرد، تیمە پزیشكیەكانی چینیش ئەو دەرمانەیان بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا بەكارهێناوەو سەركەوتنیشیان بەدەستهێناوە.

جێی ئاماژەیە گروپی پیشەسازی دەرمانی “سانۆفی” فەرەنسی لەم هەفتەیەدا رایگەیاندبوو دەرمانی “بلاكنێل” كە هیدرۆكسی كلۆرۆكینیش لەپێكهاتەكەیدا هەیەو گروپەكەیان پێشتر بۆ چارەسەری مەلاریا بەرهەمی هێنابوو، لەتوانایدا هەیە چارەسەری كۆرۆنای نوێ بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*