سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » کۆرۆنا بازاڕی درۆ و گەوجاندنی گەرمکردووە

کۆرۆنا بازاڕی درۆ و گەوجاندنی گەرمکردووە

لەگەڵ پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆرنا، چ لە تیڤییەکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی درۆ، فاڵگرتنەوە، گەوجاندنی خەڵکی زیادیکردووە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی هێشتا مرۆڤایەتی نەیتوانییووە بەسەر ئەم ڤایرۆسە کوشندەیەدا زاڵبێت و چارەسەرێکی زانستیی بۆ بدۆزێتەوە، هەربۆیە چ لە خۆرهەڵات و چ لە خۆرئاوادا شەپۆلێکی گەورەی درۆکردن و گەوجاندنی خەڵکی بڵاوبۆتەوە.
دیارە هەرکاتێک راستی دەمرێت، ئەوا یەکسەر درۆ لەدایک دەبێت، هەر لەسەرەتاوە، بەشێک لە ئیسلامییەکان لەو باوەڕەدابوون، ئەمە سزای خودای گەورەیە بۆ “چینییە کافرەکان”، چونکە موسڵمانەکان دەچەوسێننەوە، دواتریش درۆیەکی گەورەتریان بڵاوکردەوە و وتیان، ئەم ڤایرۆسە موسڵمانەکان ناگرێتەوە، چونکە ئەوان شتی پیس ناخۆن، چەندین ڤیدیۆش بڵاوبۆوە، گوایە بە لێشاو چینی دەبن بە موسڵمان.
پڕوپاگەندەکە هێندە گەورە بوو، وتیان هەمووی ساڵێک نابات، یەک ملیارد و سێ سەد ملیۆن چینی دەبنە موسڵمان و بەم شێوەیەش نفوسی ئومەی ئیسلامی لەجیهاندا زیاد دەکات.
هەندێکی دیکە وتیان: “ئەم ڤایرۆسە، وەکو تەیرلئەبابیلە وایە، کە لە قورئاندا باسی لێوەکراوە، بۆ لەناوبردنی کافرەکان و سەرکەوتنی موسڵمانەکانە.
بەڵام کاتێک ڤایرۆسەکە پەڕییەوە بۆ ئێران و پاکستان و لە چەند دەوڵەتێکی ئیسلامیدا بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبۆوە، ئینجا پەنچەی تۆمەتباری بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل درێژکرا، وتیان ئەمە دەستی ئەمریکایە، چونکە ڤایرۆسەکە تەنها دوژمن و نەیارانی ئەمریکای گرتۆتەوە.
بەڵام دواتر لەبەری خۆرئاواوە شەپۆلەکە گەرم بوو.
رۆژنامەکانی ئەمریکا چەند راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە، گوایە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تاقیگەکانی چین و لەوێوە ڤایرۆسەکە دزەی کردووە. پاشان چینییەکانیش وەڵامیان دانەوە، ئەوانیش ئەمریکایان تۆمەتبارکرد، بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە.
دواتر شەپۆلەکە ئەوروپاشی گرتەوە، لەم ماوەیەدا گرتە ڤیدۆییەکیان بۆناردم، کە گوایە کابرایەکی فەرەنسی بەوپەڕی جددیەوە قسە دەکات و دەڵێت: “راستە ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگەیەک لە شاری وهان لە چین دروستکراوە، بەڵام ئەم تاقیگەیە، لەلایەن کۆمپانییایەکی فەرەسنییەوە دروستکراوە. دواتریش دەڵێت، ئەم ڤایرۆسە لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئەوروپایی لەپێش هەموویان فەرەنسییەوە دروستکراوە، ئامانج لێی دەستکەوتی ئابوورییە، چونکە لە ئێستادا چارەسەرەکەیان لەلایە.
دوێنیش ڤیدیۆیەکی تر بڵاوبۆوە کابرایەکی میسری کە لە هۆڵەنەدا دەژی، دەڵێت: “سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە ئەمریکایە، ئەمەش بە پشت بەستن بە راپۆرتێکی دەزگایەکی ئەمریکی.
بەپێی ئەو راپۆرتە بێت، ئەمە ڤایرۆس نییە، بەڵکو گازی سارسە و لە یەکێک لە تاقیگەکانی سوپای ئەمریکا دەرچووە و کۆمەڵێک سەربازی ئەمریکاییش لە ئەفغانستان تووشبوون، دوایی ئەو سەربازانە چوون بۆ شاری وهانی چین، چونکە لەوێ نمایشی سەربازی هەبووە. بەڵگەشی ئەوەیە، بۆیە ئەمریکا رێکەوتنی لەگەڵ تالبیان کردووە تا دەستەکەی ئاشکرا نەبێت.
هەر لەم رۆژانەشدا ڤیدیۆیەک بڵاوبۆوە، گوایە سەرۆکی چین وتویەتی ئەمریکا بەرپرسە لەم ڤایرۆسە و 10/ 4 کۆتایی بە ڤایرۆسە دێت، دواتر وتیان ئەو ڤیدیۆیە دروستکراوە.
لەرووی چارەسەریشەوە سەریان لە خەڵکی شێواندووە، یەکێک دەڵێت: سیربخۆن باشە، یەکێتی تر دەڵێت نا سیر خراپە، زەنجەبیل بخۆ، نا ئەویش مەخۆن لیمۆ بخۆن. نا ئەمانەش مەخۆن، مێخەک بخۆن، نانا ئەوەش مەخۆن….هتد.
لەولاشەوە دکتۆرەکان لە تیڤییەکانەوە پەیدا دەبن، یەکێکیان دێت پێت دەڵێت: ” دەستکێش و ماسک ببەستن”، یەکێکی تر دێت و دەڵێت: “نەخێر مەیبەستن هیچ رۆڵی نییە چونکە ڤایرۆسەکە زۆر کوشندەیە”. هەیانە دەڵێت: “بە گەرما ڤایرۆسەکە لەناودەچێت”، یەکێکی تریان دێت و دەڵێت: “نەخێر وانییە”.
لەولاشەوە هەرچی جادووگەری کوردستان و جیهانیشە کەوتنە جووڵە، ئەمەش ئاساییە هەرکاتێک زانست شکستی هێنا، ئەوا جادووگەری لە سەرکەوتندایە.
یەکێک دێنن دەڵێت: “میزی حوشتر بخۆن و موبارەکە و هیچ کارتان تێناکات”، یەکێکی تر دێت و بەردێکی مەرقەدێکی بەدەستەوەیە و دەڵێت: “ئەم بەردەت پێ بێت، هەرچی ڤایرۆسی دونیایە کارت تێناکات”.
لە هیندۆستانیش مەراسیمی خواردنەوەی میزی مانگا سازکرا. لە باڕەکانی ئەڵمانیا شتێکیان هەیە پێی دەڵێن: روندە، واتە “بازنە” ئەمەش ئەوەیە بە کۆمەڵ دادەنیشن و پەرداخەکە بەرز دەکەنەوە و بیرە دەخۆنەوە، بەڵام ئێستا “میزی” بە هەموو جۆرێکییەوە، جێگەی مەشروبی گرتۆتەوە.
ئینجا فاڵگرەوەکان پەیدادەبن ، یەکێک دێت دەڵێت: “من پێش 10 ساڵ پێشبینی ئەم ڤایرۆسەم کردووە”، ئەویتریان دێت و دەڵێت: “دونیا ئاخربوون نزیکبۆتەوە”. ئینجا دەچن بۆ فاڵگرەوەکانی جیهان. ئێستا پیرەژنێکی بولگاری هەیە، هەموو جیهان دەیناسێت، گوایە ئەو پێشبینی ئەم کارەساتەی کردووە. باشە کە هەموو ئەمانەتان دەزانی، بۆچی پێشتر پێتان نەووتین؟
یان نیوەی شەوە گۆرانی حەسەن زیرەکت بۆ دەنێرن و یادی نەورۆزت لەسەر تەباخێک بۆ دەکەنەوە، یان پیاوێک دەنێرن هەویر دەکات، یەکێکی تریان پیتزا دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، ئەوی تریان حەوشە دەشوات، زۆری تریش.
هەموو ئەمانە و زۆری تریش هەیە کە من دەستم نەکەووتوە، جا تۆ وەرە لەناو ئەم هەموو ڤیدیۆ و راپۆرتی تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مێشکت نەتەقێت و باوەڕ بە کامیان بکەیت؟
هیوادارم هەرچی زووترە چارەسەرێک بۆ ئەم ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە، دەنا دەبێت ڤایرۆسێک بۆ ئینتەرنێت و تیڤییەکان بدۆزنەوە، تا هەمووی لەناوبەرێت، دەنا مرۆڤایەتی ئەگەر بە ڤایرۆسکەش نەمرێت، ئەوا بەو هەموو هەواڵ و ترس و تۆقاندنە دەمرێت.

print

 171 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*