سەرەکی » مانشێت » چیرۆکی فیلمە سینەماییەکان دەبنە راستی؟

چیرۆکی فیلمە سینەماییەکان دەبنە راستی؟

لەدنیای هونەری سینەمادا زۆرن ئەو فیلمانەی کە چیرۆکەکانیان خەیاڵی زانستین، یان لە رۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکانەوە وەگیراون و چیرۆکەکانیان دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتاو ڤایرۆسی ترسناک و نەخۆشی و جەنگی ڤایرۆسەکان و جەنگی چەکە قەدەغەکراوەکان و رووداوە سرووشتییەکان و هێرشی بوونەوەرە ترسناکەکان بەرهەمهاتوون، چیرۆکی زۆربەشیان باس لەکۆتایی زەوی و کۆتایی ژیان دەکەن. هەرچەندە لە کۆتایی هەر یەکێک لەو فیملمانەشدا هەمیشە چارەسەرکان بەدەستی مرۆڤ دۆزراونەتەوەو مرۆڤایەتی رزگاری بووە.

 

ئێستاش کە مرۆڤایەتی بەدەست پەتاو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرناوە دەناڵێنێت و ئەم ڤایرۆسە سەرتاپای وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوەو جگە لەتووشبوونی ژمارەیەک زۆری خەڵک، ژمارەیەکی بەرچاویش بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا خەیاڵ و رووداوی ناو فیلمەکان دەبنە راستی و کۆتایی بەژیانی مرۆڤایەتی دەهێنن؟.

ئەمانەش بەشێکن لەو فیلمانەی کە چیرۆکاکانیان باس لەو بابەتانە دەکات و لە ساڵ و کاتی جیاوازادا بەرهەمهاتوون:
فیلمی (Slither) ساڵی 2006 بەرهەمهاتووەو جیمس جین دەرهێنەرێتی، ئەم بەرهەمە فیلمێکی خەیاڵی زانستییەو چیرۆکەکەی باس لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە دەکات. هەروەها فیلمی (The Bay) ساڵی 2012 بەرهەمهاتووەو باری لیڤنسۆن دەرهێنەرێتی وچیرۆکەکەی باس لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک دەکات کە لەدەریاوە سەرهەڵدەدات و تووشی دانیشتووانی شارۆچکەیەک دەبێت لەویلایەتی ماریلاندی ئەمریکا. فیلمی (Planet Terror) ساڵی 2007 بەرهەمهاتووەو رۆبەرت رۆدریگیز دەرهێنەرێتی، فیلمەکە بەشێوەیەکی سەیر باس لەپەیدابوونی بوونەرەێکی ترسناک دەکات هاوشێوەی (مرۆڤخۆرەکان) کە هێرش دەکەنە سەر دانیشتوانی زەوی.

بەڵام فیلمی (Outbreak) کە ساڵی 1995 بەرهەمهاتووەو دەرهێنەرەکەی ولڤکانگ پیتەرسۆن-ە، چیرۆکەکەی باس لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەو ترسناکی وەک کۆرۆنا دەکات، هەروەها پاڵەوانانی ناو فیلمەکە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان رووبەڕووی ئەو ترسە ببنەوەو چارەسەرێک بۆ بارودۆخەکە بدۆزنەوە. فیلمی (World War Z ) فیلمێکی ترسناک و سەرکێشییە، ساڵی 2013 بەرهەمهاتووەو مارک فۆستەر دەرهێنەرێتی، چیرۆکی فیلمەکە لە رۆمانێکی ماکس برۆکس-ەوە بەهەمان ناو وەرگیراوەو باس لەلێکۆڵەرێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە زۆربەی وڵاتانی دنیا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرگرتن لە هێرشی پاتای زۆمبییەکان. هەروەها لەفیلمی (The Andromeda Strain)دا کە ساڵی 1971 بەرهەمهاتووە رۆبەرت وایز کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، چیرۆکی فیلمەکە باس لەسەرهەڵدانی پەتایەکی کوشندە دەکات کە مرۆڤەکان بەدەستییەوە دەناڵینن. فیلمی (28Days Later) ساڵی 2002 بەرهەمهاتووەو دانی بویل دەرهێنەرێتی، لەم فیلمەدا مرۆڤەکان رووبەڕووی ڤایرۆسێک دەبنەوە ناوی (ڤایرۆسی توڕە)یە کە دوای بڵاوبوونەوەی کاریگەرییەکانی لەشێوەی نەخۆشی (تاعون) وایە.

گەر کەمێک بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێشوو، هەندێک فیلم دەبینین کە چیرۆکەکانیان باس لەجەنگە ڤایرۆسییەکان دەکات، ئەوانەی کە دەبنەهۆی لەناوبردنی مرۆڤەکان. فیلمی (Invasion of the Body Snatchers) ساڵی 1978 بەرهەمهاتووە چیرۆکەکەی باس لەکارمەندێکی تەندروستی دەکات لەسانفرانسیسکۆ کە بەهاوکاریی هاوڕێیەکی دەیەوێت رێگریی لە ژمارەیەک بوونەوەی نادیار بکەن کە لەدەرەوەی زەوی دێن و دەبنەهۆی لەناوبردنی ژیان لەسەر زەوی. هەروەها فیلمی (The Day After) باس لەسەرهەڵدانی جەنگێک دەکات لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت و ترس لەبەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە ئەگەر ئەم جەنگە رووبدات دەبێتەهۆی لەناوبردنی گۆی زەوی.

فیلمی (Zombieland)یش یەکێکی ترە لەو فیلمانەی کە چیرۆکەکەی باس لەبڵاوبوونەوەی پەتاو ترسی زۆمبی دەکات. فیلمی (The Day After Tomorrow) کە فیلمێکی خەیاڵی زانستییەو ساڵی 2004 بەرهەمهێنراوە، باس لەرووداوو کارەساتێکی سروشتی دەکات کە دەبێتەهۆی وەستان و بەستنی ئاوی دەریاو زەریاکان و گۆی زەوی دەبێتە سەهۆڵبەندان و ژیان تێیدا لەناودەچێت.

فیلمی (Children of Men) ئەویش یەکێکە لەو فیلمانەی چیرۆکەکەی سەرنجڕاکێشەو باس لەساڵی 2027 دەکات، چیرۆکی ئەم فیلمە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە ژنان تووشی نەزۆکی دەکات کە ئەمەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی مرۆڤەکان و لەناوچوونیان و کۆتاییهێنان بەژیان. فیلمی (War of the Worlds) کە ستیڤن سپیلبێرگ دەرهێنەرێتی، باس لەهێرشی بوونەوەرەکانی تر دەکات کە لەدەرەوەی گۆی زەوییەوە دێن و دەیانەوێت ژیانی سەر گۆی زەوی کۆتایی پبێنن. هەروەها (TheRoad) کە فیلمێکی ئەمریکییەو لەڕۆمانێکی رۆماننووس (کورماک مەکارتی) بەهەمان ناوەوە ساڵی 2009 بەرهەمهاتووە، رووداوەکانی فیلمەکە باس لە کوڕو باوکێک دەکات کە لەهەوڵی ئەوەدان بەهەر رێگەیەک بێت لەژیاندا بمێننەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەباکوری بەستەڵەکەوە کە ژیانی تێدا نەماوە، روودەکەنە باشوری گەرموگوڕی وێران و پڕ لەخەڵکی ڕێگرو گۆشتخۆرەکان.

فیلمی (The Cabin in the Woods) ساڵی 2012 بەرهەمهاتووە، ئەم فیلمە ترسناکەو چیرۆکەکەی باس لەڕووداوێک دەکات کە ترسی هەیە بۆ لەناوچوونی مرۆڤایەتی. فیلمی (Bird Box) فیلمێکی ئەمریکییەو ساڵی 2018 بەرهەمهاتووەو رووداوەکانی باس لەکۆتایی دنیا دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەک گیانلەبەری سەیرو سەرمەرە روودەکەنە سەرزەوی و بەهۆیەوە وا لەخەڵک دەکەن بەکۆمەڵ خۆیان بکوژن و وردەوردە کۆتایی بەژیانی سەر زەوی بێت.

فیلمی (I Am Legend) فیلمێکی ترسناک و خەیاڵی زانستییە، ساڵی 2007 بەرهەمهاتووەو چیرۆکەکەی لەڕۆمانێکی رۆماننووسی ئەمریکی (ریتشارد ماسیسۆن)ەوە وەرگیراوە، باس لەزانای ڤایرۆسناس (رۆبەرت نیڤڵ) دەکات کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لەو شارەی ئەوی تێدا دەژی بەتەنها دەمێنێتەوە، ڤایرۆسکە وا لە مرۆڤەکان دەکات ببنە زۆمبی و دەتوانن تەنها لەتاریکیدا بژین، بەمەش رۆبەرت نیڤڵ لەهەوڵی بەردەوامدایە هەتا بتوانێت چارەسەرێک بدۆزیتەوەو جارێکی تر بەردەوامی بەژیان بداتەوە. فیلمی (The Fifth Element) فیلمێکی فەرەنسییەوە ساڵی 1997 بەرهەمهێنراوە، چیرۆکەکەی باس لەنزیکبوونەوەی نەیزەکێکی گڕاوی دەکات بەرەو زەوی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتەش ژمارەیەک زانا هەوڵی ئەوە دەدەن کە بەڕێگەیەکی زانستی نەیەڵن نەیزەکەکە بەر زەوی بکەوێت، چونکە گەر رێگەچارەیەک نەدۆزنەوە رەنگە مرۆڤایەتی لەناوبچێت.

فیلمی (Rise of the Planet of the Apes) فیلمێکی خەیاڵی زانستییەو ساڵی 2011 بەرهەمهاتووە، چیرۆکی ئەم فیلمە دەربارەی چەند توێژینەوەیەکی زانستییە، کە یەکێک لەزاناکان لەتوێژینەوەکەیدا دەیەوێت چارەسەری دژە زەهایمەر بدۆزێتەوەو توێژینەوەکەی لەسەر مەیمونێکی مێینە کە بەچکەی لەسکدایە ئەزموون دەکات، بەڵام بەهۆی ئەم کارەوە مەیموونەکە دەمرێت، کاتێکیش بەچکەکەی لەدایکدەبێت و گەورە دەبێت، وا لەمەیموونەکانی تر دەکات کە شۆڕشێک دژی مرۆڤەکان بەرپا بکەن و تۆڵە لەمرۆڤایەتی بکەنەوەو لەناویان بەرن. فیلمی (12Monkeys ) ساڵی 1995 بەرهەمهاتووە، فیلمەکە باس لە داهاتوویەکی نادیار دەکات کە مرۆڤەکان ناچار دەکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەوە لەژێر زەویدا شوێن بۆخۆیان دروست بکەن و تێیدا بژین.

فیلمی (A Quiet Place) ساڵی 2018 بەرهەمهێنراوە، بەڵام چیرۆکی فیلمەکە باس لە ساڵی 2020 دەکات، کاتێک ژماریەکی زۆر بوونەوەری ترسناک هێرش دەکەنە سەر زەوی، ئەویش بەئامانجی لەناوبردنی ژیان لەسەر زەوی. فیلمی (Contagion ) ساڵی 2011 بەرهەمهاتووە، ئەم فیلمەش چیرۆکەکەی دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی ترسناکە، کە ئەگەر لەئێستادا سەیری ئەم فیلمە بکەیت، دەگەیتە ئەو بڕوایەی کە ئەم فیلمەی کە ساڵی 2011 بەرهەمهاتووە دەقاودەق باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، چونکە هەموو ئەو حاڵەت و ئاماژانەی لەناو فیلمەکەدا تووشی کەسەکان دەبن، هەمان ئەو حاڵەت و ئاماژانەن کە تووشبووەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئێستادا لێیان دەردەکەوێت.

print

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*