سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » لێكەوتەی كۆرۆناو بەرگرتن لە گرانیی

شوخت

لێكەوتەی كۆرۆناو بەرگرتن لە گرانیی

ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە فۆبیایەكی گەورە لەسەر هەموو جیهان، خەریكە لە بازنەی پێشبینیكراو دەردەچێت و دەبێتە ترسێكی زۆر گەورە بەسەر مرۆڤایەتیییه وه، بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەك ئەو ڤایرۆسە زۆر خێرا لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بڵاوبووەو زیانەكان لەوێ‌ زۆر گەورەیە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا باسی بكەین دۆخی پێشبینیكراوی عیراق و كوردستان و ئەگەرەكانی رۆژانی داهاتووە، كە پێویستە بەجددی بیری لێبكرێتەوە و رێكاری ئەوتۆ بگیرێتەبەر لەزیانەكان كەمبكرێتەوە.

بەرلە هەموو شتێك پێویستە رێكارەكانی رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە زۆر وردتر بكرێتەوەو سوود لە ئەزموونی چەند هەفتەی رابردوو وەربگیرێت، نابێت لەو باوەڕەدا بین كە لە شوێنێك یان ناوچەیەكی دیاریكراو رووی لە كەمی كرد ئیدی دەست شلبكرێت و رێكارەكان خاوبكرێتەوە. ئەوەتا دەبینین لە سلێمانی ژمارەیەكی زۆر توشبوو چاكبوونەوە، بەڵام دوێنێ 14 حالەتی نوێ‌ دەركەوتوون كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ درێژەكێشانی دۆخەكە. هەروەك پێویستە هەموولا بەیەكەوە هەماهەنگ بن بۆ بەگژداچوونەوەی نەخۆشییەكە، هەروەها دوورخستنەوەی ئەو پرسە كە پەیوەندی بە ژیانی هەموومانەوە هەیە، لە ململانێی حزبی و دۆخی سیاسی.

یەكێك لە لێكەوتە زۆر نزیكەكانی ئەو دۆخە نوێیە خراپبوونی باری داراییە لە هەموو عیراق بەتایبەت هەرێمی كوردستان، سەرباری خراپی مووچەو داهات وەك لێپرسراوانی حكومەت رایدەگەینن، هاوكات پرسی گرانبوونی خۆراكیش لە گۆڕێدایە. كەمی هاتوچۆی بازرگانیی و ناوخۆ یەكێكە لە هۆكارەكانی گرانبوونی خۆراك. نەبوونی پارەو داهات وادەكات باری هاووڵاتیان زیاتر گرانترو زەحمەتتر بێت. لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی بەشێك لە شتومەك و خۆراك لە بازاڕەكانی كوردستان بەرێژەی نزیكەی لە 20% گرانبووە، بۆ نموونە نرخی ئارد كە پێویستییەكی بنەڕەتی ژیانی خەڵكە لە كوردستان.

ئەوەی گرنگە حكومەتی هەرێم بەخێرایی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكەوێتە گفتوگۆ چی زووە رێكاری نوێ‌ بۆ دابینكردنی خۆراكی مانگانە واتە بەشەخۆراكی مانگانە دابین بكات، ئینجا چ بەهەڵگرتنی خۆراكە سەرەكییەكان وەك ئاردو شەكرو رۆن لە ئەمبارەكانی كوردستان بۆ چەند مانگێك، یان دەستكردنەوەی هەرێمە بۆ كڕینی خۆراكی مانگانە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عیراق كە لایەنی پەیوەندیدارە لە كڕینی بەشەخۆراكی مانگانە. ئەگەر رێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ خیراتركردن و باشتركردنی دابەشكردنی خۆراكی مانگانە، بەدڵنیاییەوە كاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر بازاڕو كەمكردنەوەی نرخی خۆراك و رێگریكردن لە قۆستنەوەی بازاڕ لەلایەن هەركەسێكەوە بێت.

print

 13 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*