سەرەکی » راپۆرت » خێرا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەئەمریكا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

خێرا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەئەمریكا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئامادەكردنی: یادگار عەلی

لەكۆتاییەكانی مانگی یەنایەری ئەمساڵ یەكەم حاڵەتی توشبون بەكۆرۆنا لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆماركرا، ئەوەی جێگەی سەرنجە نەخۆشییەكە زۆر بەخێرایی لەو وڵاتە تەشەنەیكرد، لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا؛ ڕێژەی تووشبون بۆ (100) هەزار كەس بەرزبویەوە. هۆكارەكانی پشت بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەوشێوە بەرفراوانە و لەماوەیەكی كەمدا لە ئەمریكا بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە.

یەكەم: درەنگ كەوتنی ئەنجامدانی كاری پشكنین: لەسەرەتای دەركەوتنی تەنگژەكە لەئەمریكا، (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) لەمەترسی نەخۆشییەكەی كەمكردەوە، پشتبەست بە قسەی لایە نەتەندروستییەكان، وتی: “ئەمە تەنها پەتایەكی ناوخۆییە”.

ئەوەش وایكرد كەرتی تەندروستیی ئەمریكا توانای دۆزینەوەی تووشبوانی بە نەخۆشییەكە نەبێت و نەتوانێت پەیوەندییان لەگەڵدا بگرێت، چونكە ئەوكاتە ئامێری پشكنینی تووشبوان لەپانتاییەكی بەرفراواندا بەردەست نەبوو، ئەمەش بەردەوام بوو تا لە(29)ـی شوباتدا كەسێك بەهۆی كاریگەریی نەخۆشییەكەوە لە ئەمریكا گیانی لەدەستدا. هەر ئەوكات بەڕێوەبەری بەشی فریاكەوتن لە زانكۆی (جۆن هۆبكینز)، وتی: ئەگەر هەر لەسەرەتاوە بمانتوانیایە دەستمان بگات بەوانەی كە لەگەڵ تووشبوەكان بەریەككەوتنیان هەبووە، ئەوا نەخۆشییەكە كۆنترۆڵكردنی ئاسان دەبوو.

دووەم: لاوازی هەماهەنگیی ناوەندی: هەر لەسەرەتاوە ویلایەتی نیویۆرك وەك یەكەم مەڵبەندی تووشبون بە نەخۆشییەكە لەسەر ئاستی ئەمریكا دەركەوت و نزیكەی (45) هەزار كەس تەنها لەو ویلایەتە تووشبون و هەتا رۆژی هەینی رابردوو زیاتر لە (500) كەس لە نیویۆرك بە نەخۆشییەكە مردوون، بەدوای ئەویشدا؛ هەریەك لە ویلایەتەكانی نیوجێرسی، پاشان كالیفۆرنیا، واشنتۆن، میشیگان و ئیلینوێ‌. (تۆماس تسای)- یەكێك لە پرۆفیسۆرەكانی بواری تەندروستیی گشتی لە زانكۆی (هارڤارد) لە ئەمریكا، ڕایگەیاند: ئەمریكا پێویستی بە هەوڵی ڕاستەقینەی نیشتمانی و هەماهەنگی لەنێوان ویلایەتەكان هەیە، ئێستا هەر ویلایەتە و سیاسەتێكی تایبەت بە تەندروستی هەیە، ئەمەش هۆكارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەكە لە ویلایەتێكەوە بۆ یەكێكی تر. (دەیڤید فیسمان – شارەزای زانستی پەتاناسی) لە زانكۆی (تۆرنتۆ)، دەڵێت: “ڕێژەی مردووان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە ئەمریكا دڵخۆشكەر نییە و تادێت بەرەو زیادبوون دەچێت. وایدەبینم ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبەردەم دەرگای پەتایەكدایە كە كارەسات دەخوڵقێنێت”.

شارەزایان بیرۆكەی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی بەتەنها ڕێگەچارەی زاڵبوون بەسەر پەتاكەدا دەزانن، هەروەها بەپێویستی دادەنێن سود لە توانای نەخۆشخانەكانی نیویۆرك وەربگیرێت. بەپێی وتەی (گابۆر كیلن – شارەزای بواری پەتا) لەمكاتەدا ڤایرۆسەكە ناكرێت بە بكوژ دابنرێت و پلەی گەرما و شێ‌ دەتوانن خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە سنووردار بكەن.

هەرچی زانایانی كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی واشنتۆن ـیشە، پێشبینی ئەوەدەكەن كە ئەگەر بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئەمریكا دەكەوێتە مانگی نیسان و ژمارەی مردووان لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بۆ هەشتا هەزار كەس بەرزدەبێتەوە. بەپێی ئەو نمونانەی كە ئەو كۆلێجە وەریگرتوون لانیكەمی ڕێژەی مردووان لەنێوان (38) هەزار دەبێت و لانی زۆریشی بۆ (162) هەزار كەس بەرزدەبێتەوە. ئەم ڕێژەیەش بەراورد بەئەنفلۆنزای باڵندە مەترسیدارترە، كەبەهۆیەوە لەنێوان ساڵانی (2018 – 2019) لە ئەمریكا (34) هەزار كەس مردن.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*