سەرەکی » وتار » بێستون سابوراوایی » کەی نەوت لە 50$ تێپەڕ دەکاتەوە؟

کەی نەوت لە 50$ تێپەڕ دەکاتەوە؟

هەر قەیران و ئاڵۆزییەک لە دنیادا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خواست Demand لەسەر خستنەڕووی Supply ی کاڵاو  خزمەتگوزاریی، ئەوا مانای وایە  کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر بڕی خستنەڕووش دادەنێ، واتە بڕەکانی بەرهەمهێنان دادەبەزن و چیتر بەرهەمهێن کاڵاو خزمەتگوزاریی ناخاتە بازاڕەکانەوە.

فاکتەرەکانی کەمبوونەوەی خواست لەجیهاندا بەگشتی بێت یان پارچەیی بێت بە رێژەی ئەو کەمبوونەی خواست کەمبوونەوەی خستنەڕوو بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەموو کەمبوونەوەیەکی خواستیش دابەزینی نرخ بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەمەرجێک خستنەڕوو بۆ ماوەیەکی  دیاریکراو نەگۆڕ بێت.

ئەوەی ئاماژەمان پێدا، یاسای ئابوورییە و لە بارودۆخە ئاساییەکاندا کاردەکات. بەڵام ئەگەر کاریگەرییەکە  راستەوخۆ  بچێتە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە و لە بواری ئاسایی خۆی دەربچێت و  ببێتە هۆی ئیفلیجبوونی پرۆسەکە، وەکو ئەو حاڵەتەی ئێستا دنیای بەرهەمهێنان بەخۆیەوە دەیبینێت، ئەوا بەپێی یاسای خواستی ناڕاستەوخۆ، یان خواستی گرێدراو (الطلب المشتق) ئەوا خواست لەسەر هەموو  ئەو کاڵاو خزمەتگوزارییانەش کەم دەبێتەوە کە بە شێوازی ناراستەوخۆ لەناو خودی پرۆسەی بەرهەمهێناندا کاردەکەن. (پیترۆڵ بە نموونە).

کەواتە دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای ساڵی 2020 ەوە تەنها پەیوەندیی بە بوونی پەتای کۆرۆناوە هەیە، چونکە ئەو پەتایە بەرێژەیەکی یەکجار زۆر بەکاربەری خستە کەرەنتینەی ناچاەییەوە و لە ئاستێکی زۆر بەرزی نێگەتیڤدا لەگەڵ بازاڕ و ئاڵوگۆڕی دراو بە کاڵاو خزمەتگوزاریی دایبڕی و لەسەر ئاستی خواستی جیهانییش (Global Demand)  کاریگەریی بەهێزی دانا، ئەوەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی مەترسیدار    کە ئەگەر بۆ دەوڵەتە نەوتکڕەکان لە مەودای کورتدا سوودی هەبێت، بەڵام لە مەودای مامناوەند و  دووردا زیانی بۆ ئەوانیش دەبێت.

دەوڵەتانی وەبەرهێنی نەوت ناچار دەبن لەدوو لاوە کار لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بکەن :

١- کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ خوار ئاستی خواستی ئێستای جیهان لەسەر نەوت.

٢- پەلەکردنی زیاتر بۆ دۆزینەوەی دەرمان و ڤاکسینی چارەسەری پەتای کۆرۆنا، چونکە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکەدا، وڵاتان تەوقی کەرەنتینە شلتر دەکەنەوە  و ئیتر خەڵک روو لە بازاڕەکان دەکاتەوە و خواستی جیهانیش لەسەر  کاڵا و خزمەتگوزاریی  زیاد دەکات.

پێ بەپێی زیادبوونی خواستیش  پرۆسەکانی بەرهەمهێنان روو لە زیادبوون دەکەن و ئیتر خواستی جیهانییش  لەسەر نەوتی خاو پەرە دەسەنێت.

شارەزایانی بواری تەندروستی لە جیهاندا، پێیانوایە لە مانگی مایسی ئەمساڵدا زۆربەی وڵاتانی دنیا لە دەست ئەم پەتایە رزگاریان دەبێت، کەواتە ئەگەر ئەو لێکدانەوەیە راست بێت، ئەوا لەگەڵ کاریگەرییەکانی خاڵی (1) نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و لەوانەشە لە مانگی تەمموزەوە نرخی یەک بەرمیل  نەوتی خاو  لە پەنجا دۆلار تێپەڕێت.

print

 199 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*