سەرەکی » وتار » ماردین عەبدولکەریم » بەندیخانە لقێکە لە دۆزەخ

دەرگا

بەندیخانە لقێکە لە دۆزەخ

زۆربەى وڵاتانى جیهان ساڵانە بۆ ئەرشیفکرن و گەشەپێدان و دەوڵەمەندکردنى، فەرهەنگى زمان نوێ دەکەنەوە، مەبەست لە نوێکردنەوە ئەوەیە لەو ساڵەدا چ وشەیەکى نوێ هاتۆتە نێو زمانى دایک، نوێ بێت یان داتاشراو لە رێى فەرهەنگی زمانەوە دەکرێتە موڵکى ئەو نەتەوەیە.

بۆ ئەمساڵ بێ جیاوازى لە فەرهەنگى مرۆڤایەتیدا وشەى (کۆرۆنا و کەرەنتینە) زیاد دەکرێ، لەوانەیە لە هەندێ وڵات کەرەنتینە بکرێتە وشەیەکى تر، بەڵام هەمان واتاى دەبێت.

ئەى ئێمەى کورد چى؟ دڵنیام هەمیشە دەوڵەت پڕۆژە گرنگەکان بۆ کاتێکى نادیار هەڵدەپەسێرێت و جگە لە هەوڵى تاکە کەسى هیچ هەوڵێکى تر نابێت.

هاوکات جگە لەوەى فەرهەنگەکەمان نوێ ناکەینەوە بگرە ساڵانە، بەهۆى نەوە یەک لە دوای یەکەکانەوە، زمانى دایک بەرەو کاڵبوونەوە رۆیشتووە و وشە بیانییەکان شوێنیان بە وشەى رەسەنى کوردى لێژ کردووە.

هەرچەند لە دنیاى مۆدێرنێتەدا ئەم نمایشە تاڕادەیەک نورماڵە و دەستى تەکنەلۆژیا زۆر درێژ بووە، بەڵام ئەرشیفکردن و پارێزگاریکردن و گەشەپێدان و دەوڵەمەندکردنى فەرهەنگ ئەرکێکی نیشتمانى دەوڵەتە. هەروەها بەو پێوەرەى زمان یەکێکە لە بنەماکانى بوونى نەتەوە و دروستکردنى دەوڵەت، گەر کورد زمانى تایبەت بەخۆى نەبوایە هەرگیز نەی دەتوانی نەک داواى دەوڵەت بکات بگرە نەیدەتوانى باسیشى بکات.

ئەسڵى مەبەست لەم وتارەدا ئەوەیە ئێمەى کورد زۆر رووداوى مێژووییمان لە دەستچووە و نەمانتوانیوە بەشێوازى ئەکادیمى و زانستییانە، تۆماریان بکەین رووداوە هاوشێوەکانى وەک تاعون، ساڵى لافاوەکە، گرانییەکە، کۆلێرا دەماودەم و لەسەر زارى بەتەمەنەکانەوە دەگێڕدێنەوە، بۆ ئەمڕۆ دۆکیۆمێنتێک نییە، تەواوى رووداوەکان پیشانبدات.

هەر بۆیە نامانەوێ ئەم پەتا جیهانییە لە یادبکەین کە ماوەى زیاتر لە مانگێکە لە ماڵەکانماندا بەندى کردووین و ماڵەکانى لێکردووینەتە بەندیخانە.

ئاشکرایە یادەوەرىی مرۆڤ لاوازە و رووداوەکان چەند بەئازاربن زوو لە هزردا کاڵ دەبنەوە هەرچەندە ئەم پەتایە سەراپا جیهانى هاوخەم و هاوزمان و هاودەرد کردووە و تۆمارکردن و گەڕان و خوێندنەوە لەبارەیەوە بۆ ئایندە بەتایبەتی بەهۆى تەکنەلۆژیاوە ئاسان دەبێت، بەڵام شێوازى بەرەنگاربوونەوە و چیرۆکە تراژیدیاکان لە وڵاتێ بۆ وڵاتێکى تر دەگۆڕێ، بۆیە دەبێ کورد رووداوەکانى هەرێم بەدەستى خۆى بنووسێتەوە.

هەر بۆیە منیش لاى خۆمەوە وەک هەوڵێکى تاکە کەسى بەشێک لە رووداوەکان بۆ مێژوو تۆمار دەکەم بەوەى کۆرۆنا و کەرەنتینە چ وێنەیەکى تراژیدى لە ناخماندا خوڵقاندووە.

لە راستیدا بیرکردنەوە لە سەردەمى کۆرۆنادا ئاڵۆزە و کەرەنتینەش خەیاڵى هەمووانى ژاکاندووە و زیاتر لە مانگێکیشە رۆژانە گوێمان لە دەستەواژەى (لە ماڵەوە بمێننەوە، لە ماڵەوە بمێننەوە) لە ماڵەوە بوون بەهۆى تسونامییەوەیە، نا مەبەستم لە تسونامى 2004ى ئەندۆنیزیا نییە کە (300) هەزار کەسى کردە قوربانی، ئەمیان تسونامى دووەمە کە ڤایرۆسێکى بەچاونەبینراو هەموو جیهانى لە کونجى ماڵەکاندا زیندانکردووە دەوترێت (زیندان لقێکە لە دۆزەخ) گەر وابێ لەم کەرەنتینەیەدا هەم زیندان و هەم دۆزەخمان بینى، راستە کەرەنتینە بۆ پارێزگارى لە تەندروستى و سەلامەتیمانە، ئەى چى دەربارەى تەندروستى دەروونمان، کە هەرگیز لەناو وڵاتانى رۆژهەڵاتدا بە کوردیشەوە، خوێندنەوەی بۆ ناکرێ بەجۆرێک لە نێو ماڵەکاندا گەورەو بچووک ئالوودەى تەکنەلۆژیا بووە، هەموان خەریکى خواردنن، جووڵە نیە و لەشت وشک بووە، شەوبووە بە رۆژ و رۆژ بووە بەشەو، لەم ژوور بۆ ئەو ژوور لە پانتایی ماڵەکەتدا دێیت ودەچیت، دەخوێنیتەوە، بەدواى فیلمدا دەگەڕێى، لە کاتێکدا جیهان خۆى بەڕاستى بۆتە فیلم و چین و ئەمریکا و ئیتالیا و ئیسپانیا و ئێرانیش پاڵەوانى سەرەکى ئەم فیلمەن و وڵاتانى تریش پاڵەوانى لاوەکى، لە کاتێکیشدا هەموو چاوەڕێین فیلمەکە تەواو بێت و وەک هەمیشە بنووسرێ (کۆتایى) چین باس لە مەترسى شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا دەکات و رێوشوێى هاتوچۆ لە هەرێمى کوردستانیش بۆ (48) کاژێر توندتر کرا، بەجۆرێک مارکێت و نانەواکانیش کە پێشتر هەبوون داخران و وێنەى ئەوکەسانەى کە لە ترسى برسیبوون پەلامارى کڕینى هەموو شتێکیان دەدا دەکرێ هەوێنى فیلم و تابلۆ نووسینى کتێب بوو.
لە دەرەوەى ماڵەکانیشدا جیهان کشومات، شەقامەکان خامۆش سەهۆڵەکە و بەردەرکى سەراومزگەوتى گەورە هەرگیز بێکەسیی لەوجۆرەیان بەخۆوە نەدیوە خەمێک داتدەگرێ، نازانرێ ئەوان بۆ ئێمە دەگرین یان ئێمە بۆ ئەوان. لە جیهانیشدا گەشتە ئاسمانییەکان زۆربەى راگیراوە نە چالاکى سیاسى نە رۆشنبیرى و وەرزشى مەگەر هەرە گرنگەکان بە ئۆنلاین بەڕێوەبچێ دەنا هیچ شتێ نەماوە. لە مرۆڤیش سەرسامتر ئاژەڵەکانن کە لە برسا بڕستیان لێبراوە.

کۆرۆنا ئەو بوونەوەرە بچووکەى بە مردنى زیاد لە ملیونێک مرۆڤایەتى شۆک کردووە، دادپەروەرانە بریار لە مەرگ دەدات و هەرگیز لە ناسنامە ناپرسێت، ئەمریکا چین تاوانبار دەکات و بە ڤایرۆسى چینى ناوی دەبات، چینیش ئەمریکا بە هۆکارى بڵاوبوونەوەوداڕمانى ئابوورییەکەى تۆمەتبار دەکات، لە نێوەندەدا ملیونان کەس دەوڵەمەند بوون و ملێونانیش کارەکانیان لەدەستداوە و بەوهۆیەوە ئەوى ئێستا لە جیهاندا پرفرۆشترینە کیسى مەرگ و دەمامک و دەسکێش و کلێنسى تەوالێتە، هەرچەند بەپێى زانیارییەکانى رۆژنامەى گاردیانى بەریتانی، مانگەدەستکردەکان ئاماژە بە مەرگى بە کۆمەڵ لە ئێرانى دراوسێمان دەکەن و ئەوەى لەم نێوەندەدا براوەى یەکەمە ژینگەى جیهان و چینى ئۆزۆنە.

هەر بۆیە دەبێ هەرکەس لاى خۆیەوە رووداوەکانى دەوروبەرى خۆى بنووسێتەوە، وەک چۆن فۆتۆگرافەر بەوێنە دۆکیومێنتى شەقام وکۆڵان وبازاڕە خامۆشەکانى شاردەکات چۆن مێژوونووس سەراپاى رووداوەکان بەڕۆژ و مانگ و ساڵەوە تۆماردەکات، سینەماکار فیلمیان لە بارەوە دروستکردووە و دروستدەکەن وێنەکێش ئازازەکان لە تابڵودا دەنەخشێنێ، نوکتەچییەکان ئازارەکان بە نوکتە دەردەبرن، منیش وەک رۆژنامەنووس چەند وشەیەک بۆ تۆمارى ساتێک لە ساتەکانى ژیان و سەردەمى کۆرۆنا تۆماردەکەم.

print

 335 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*