سەرەکی » زانست » هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت و ده‌سته‌وه‌ستانی…

هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت و ده‌سته‌وه‌ستانی…

هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت و ده‌سته‌وه‌ستانی مرۆڤایه‌تی

*د. مه‌دیحه‌ سۆفی- ئەڵمانیا

سروشت، ئه‌و سامانه‌ پڕ له‌ داهاته‌یە، کە هه‌ر چی پێداویستی بوونه‌وه‌ر هه‌یه‌، به‌ مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ڕووه‌که‌وه‌، دابینی ده‌کات، وەرز و کەشوهەوا بە پێی چاندن و دروێنە ڕادەگرێت، سەرجەم زیندەوەر بە مایکرۆزیندەوەرەکانەوە، له‌ ئیکۆسیستیمی شیاوی خۆی جێنشین ده‌کات، مرۆڤ و ژینگەی لە هەرەشەی دژ بەیەك دەپارێزێت، ئەوەندەی دەرامەت بە بوونەوەرەکەی خۆی بەخشێوە، زه‌حمه‌ته‌ برسێتی و هه‌ژاری و قاتوقڕی سەرهەڵبدەن، ئەگەر قۆرخکردن و چڵێسی و ده‌ستڕۆیشتوویی کۆمپانیای زلهێزەکان ئه‌وه‌نده‌ نادادپه‌روه‌ر نه‌بن.

لە دوای شۆڕشی پیشەسازیەوە، به‌ هۆی زیادەڕۆیی لە تاڵانکردنی ئەو داهاتەی به‌مه‌ودای ملیۆنه‌ها ساڵ دروست بوو، ژینگەش که‌وتووه‌ته‌ به‌ر پاچ و وێرانکردن، ده‌مێکه‌ شاره‌زایانی بواری پاراستنی ژینگه‌، هۆشداری ئەوە ده‌ده‌ن که‌ گۆی زەوی بەرگەی ئەو بارە قورسەی بەرنامەکانی سەرمایەداری و ئابووری کلاسیك ناگرێ، یانه‌ی ڕوم ساڵی 1972 بۆ یه‌که‌م جار زه‌نگی به‌ئاگا هاتنه‌وه‌ی له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و سامانه‌ لێدا، بەتایبەتی له بواری ‌لەناوچوونی فره‌زینده‌وه‌ر، کە یەکێكه‌ لە گه‌وره‌ترین کێشه‌کانی ژینگه‌، به‌و بۆچوونەی که‌ له‌ناوچوونی هه‌ر زینده‌وه‌رێك، چه‌ند بچوكیش بێت، ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ لێکترازاندنی زنجیره‌ی گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندن و پاراستنی ئیکۆسیستیمی سه‌رجه‌م زینده‌وه‌رەکانی دیکه‌ی سه‌رگۆی زه‌وی.

هێرشکردنه‌ سه‌ر بنج و بناوانی سروشت و ڕووتکردنه‌وه‌ و تاڵانکردنی ژێرخان و سه‌رخانه‌که‌ی، ڕاوکردنی گیانداری کێوی، بڕینه‌وه‌ی دارستان، تێرکردنی هه‌وا به‌ تۆزوخۆڵ، پیسکردنی سه‌رچاوه‌کانی ئاو، ئه‌و فاکته‌رانه‌ن که‌ ئیکۆسیستیمی زینده‌وه‌ر ده‌شێوێنن، به‌ پێی ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ته‌ندروستی، ڕێژەی 23% ی هۆکاری مردن لە جیهاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پیسبوونی ئاو و هه‌وا و کێشه‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا.

سوتاندن و بڕینەوەی دارستان لە ئەمازۆن و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا، ڕاوکردن و لەناوبردنی گیاندارە کێویەکان، هێرشێکی ڕاستەوخۆی لەناوبردنی ئیکۆسیستیمی زۆربەی زیندەوەرە دەگمەنەکانن، نەك هەر ئەوەش، بەڵکو چەندەها نەخۆشی کە مرۆڤ تووشی دەبن، لە ئەنجامی گوازتنەوەی ئەو ڤایرۆسەیە کە ئاژەڵ هەڵگرێتی، بەتایبەتی ئەو پەتا و درمانە، کە هێشتا دەرمانسازی و ناوەندەکانی توێژینەوەی مایکرۆبایۆلۆژی ئاشنای جۆری ڤایرۆس و بۆماوەکەی نین.

چەند جۆرێك پەتا هەن کە بەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆس لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبن، بۆنمونە؛ ڤایرۆسی ئیبۆلا، هانتا، سارس و مێرس، دواجاریش ڤایرۆسێکی نوێی خێزانی کۆڕۆنا بەناوی کۆڤید- 19 کە لە ئێستادا جیهان و ئابووریه‌که‌ی ده‌سته‌وه‌ستان کردووه‌، دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر تۆکمە، زانایان بە دڵنیایی %98 کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم ڤایرۆسە خانەخوێیەکەی پێنگۆلینە، پێنگۆلینیش لە شەمشەمە کوێرەوە ئەم ڤایرۆسەی بۆ گوازراوەتەوە و هەردوکیشیان ئاژەڵی کێوین، ئاژەڵی کێویش خاوەنداری نییە و دوور لە نشینگەی مرۆڤەوە گوزەران دەکەن.

لە چین ڕاگرتن و ماڵیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە ئاژەڵانە دەمێکە بووەتە کارێکی ئاسایی، بێ ئەوەی لەوە بسڵەمێنەوە، کە دەستدرێژکردن بۆ بەبازاڕکردن و ڕاوکردنی ئەو گیاندارانە، جگە لە لەناوچوون و قڕکردنیان، مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤیش هەیە، چونکە بوونی ئەو ڤایرۆسانە بەتایبەتی کۆمەڵەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) پێشتر لە شەمشەمەکوێرەدا سەلمێنراوە، لەویشەوە بۆ گیانداری دیکەی وەکو پێنگۆلین گوازراوەتەوە.

ئەو باجەی ئەمڕۆ مرۆڤ دەیدا، باجێکی قورسە، باجی تێکدانی ئیکۆسیستمی ئەو گیاندارە کێویانە و قڕکردن و لەناوبردنی ئەو ئاژەڵە دەگمەنانەیە کە مرۆڤ خۆی کاریگەری سەرەکی لەسەر لەناوبردنیان هەیە، جگە لەوەی پەتای کۆڤید 19- کە بەهۆی ڤایرۆسێکی نوێی کۆمەڵە ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەشەنەی کرد، دوا ڤایرۆس نییە، ئەگەر مرۆڤایەتی دەست هەڵنەگرێ لە ڕاوکردن و بەقاچاخ ئاودیوکردنی ئەو گیانلەبەرە کێویانە، یا ئەوانەی خانەخوێی ئەو ڤایرۆسانەن، بێگومان پەتای لە پەتای کۆڤید 19- ش قورستر دەردەکەوێت.

ئەم درمە، ئابووری جیهانی سڕ کرد، ئاگری کارگە و فابریکە قەبەکانی کوژاندەوە، خوێندنگا و زانکۆکانی داخست، بەرهەمهێنانی وەستاند، ڕێگاوبانی شەمەندەفەر و فرۆکەی ڕاگرت، پارك و سینەما و هۆتێل و شوێنی حەوانەوەکانی چۆڵ کرد، باری دەروونی دانیشتوانی سەرگۆی زەوی نائارام کرد، بانك و بۆڕسە و بەرهەمهێنانی نەوتی تووشی قەیران بوون، جگە لەوەی بواری پزیشکی بە گشتی و ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی ڕوبەڕووی ئاڵنکاریەکی بێ وێنە کردووه‌، ئەم پەتایە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانەوە، گەورەترین کێشەی نێودەوڵەتییە کە زانست بەتایبەتی دەستەوەستانی چارەسەری بوو، چونکە بۆماوە و سیفات و هەڵکردنی ڤایرۆسەکە بۆ ئەو توێژینەوانە ئاشکرا و زانراو نەبوون، تەنها چارسه‌ر بریتیه‌ له‌ دوورکەوتنەوە و مانەوە لە ماڵەوە، کە مرۆڤ بتوانێ خۆی بپارێزێ، بەڵام چاره‌سه‌ری سه‌ره‌کی کە دوبارە مرۆڤایەتی تووشی ئەم درمانە نەبێ، ته‌نها ڕێزگرتنە لە ژینگە و بەهەند وەرگرتنی ئەو هاوکێشە هاوسەنگەی کە سروشتی لە پێش شۆڕشی پیشەسازی پاراستبوو، ئه‌ویش به‌ ڕێگه‌ی گەشەسەندنی بواری وزەی دوبارە، پاراستنی دارستان و شوێنە سروشتییەکان، ڕاونەکردنی گیانداری کێوی، پیسنەکردن و بەفیڕۆنەدانی سامانی ئاو، وەستاندنی ویستگەکانی وزەی ئەتۆمی و چەکی ئەتۆمی، بە گشتی پاراستنی سەرجەم ئیکۆسیستیمی زیندەوەری سەر گۆی زەوی، به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌کانی بواری زانست و ناوه‌ندی زانست به‌ گشتی.

جیهان ڕوبەڕووی ئاڵنکاریەکی گەورە بووەتەوە، ئەگەر پێشتر مرۆڤ هەرەشە بووبێت بۆ سەر ژینگە، ئیستا ژینگە دەسەڵاتدارترە، داکۆکی کردنی ژینگە لە خۆی، زۆر لە هەڕەشەکانی مرۆڤ بەهێزترە، ئەوەتا ڤایرۆسێکی گەردیلەیی کە بە مایکرۆش بەسەختی دەبینرێ، توانی ڕەوڕەوەی هێزی نەوت، دەسەڵات، چەك، بانك، کارگە، زانکۆ، هاتوچۆ و فڕینی فرۆکە و هەموو جوڵەیەکی سەر گۆی زەوی ڕابگرێ و سڕ بکات، ئێستا بەخۆداچوونەوەی سیاسەتی ئابووری لە ئابووری کلاسیکدا بووە بە ئەگەرێکی بێ هەڵبژاردە.

دوای دامرکاندنەوەی ئەم پەتایە، کە قوربانیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە، جیهانیش دەچێتە قۆناغێکی نوێوە کە تەرازوی دەسەڵات و جەمسەر و تواناکان تیایدا دەگۆڕێن.

ئێستا چین وەکو فریادڕەس پێداویستییەکان بەرەو ئەو وڵاتانە دەخاتەڕێ کە لە گەرمەی قەیرانی ئەم پەتایه‌دا ئه‌‌وپه‌ڕی پێویستیان پێیان هەبووە، ئه‌مه‌ش ڕێکارێکی دیپلۆماسی گونجاوه‌ بۆ گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا‌‌، لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە گەرمەی سەرلێشێواندایە کە چۆن قوربانییەکانی بە خاك بسپێرێ و فریای ڕاگرتنی هێرشی کۆڕۆنا ناکه‌وێت، دواجار هه‌ڕه‌شه‌ی سروشت له‌ مرۆڤایه‌تی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕه‌وا و پێشبینیکراو بوو.

*هاوسەرۆکى ڕێکخراوى سەوزى ئەوروپى – کوردستانى

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*