سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » رۆڵی باشووری كوردستان لە راپەڕینی شیخ عوبەیدوڵڵای..

رۆڵی باشووری كوردستان لە راپەڕینی شیخ عوبەیدوڵڵای..

رۆڵی باشووری كوردستان لە راپەڕینی شیخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا

 بەشی هەشتەم

گەیشتنەوەی هیزەكانی شیخ عوبەیدوڵڵا بۆ نەهری و تەقەللای هەستانەوە

دوای شكستی راپەڕینەكە و كشانەوەی هیزەكە، زیانیكی زۆری ماڵی و گیانی بەر راپەڕیوان و دانیشتوانی گوندە كوردنشینەكان كەوت، هەردوو قۆڵەكەی ئازربایجانی خۆرهەڵات (موكریان و میاندواو) و ئازربایجانی خۆرئاوا (ورمی) نەیانتوانی مەبە‌ستەكانی خۆیان جیبەجی بكەن، لە هەردوو قۆڵی سابڵاغ و ورمی، بەسەركردایەتی شیخ عەبدولقادر و شیخ عوبەیدوڵڵا و هەمزاغای مەنگوڕ و فەرماندەكانی تری هیزەكان، كە لە (10 و 12- 11- 1880ز) سابڵاغ و ورمییان جیهیشت، هەردوو هیزەكە، بەرەودوا بە تیكشكاویی بەرەو مەرگەوەڕ كشانەوە.

سەرەڕای ئەوەی هیزەكانی عوسمانی سنووریان بە (18) بەتالیۆن سەرباز و (36) عەڕادە تۆپەوە تەنی بوو، بەڵام گەیشتنەوە شوینەكانی جارانی خۆیان. شیخ عوبەیدوڵڵا و شیخ عەبدولقادر و تەواوی هیزەكەیان لە گوندی مەرگەوەڕ لەسنوور پەڕینەوە و چوونە خاكی عوسمانییەوە، بەشیكیشیان بە سەركردایەتی هەمزاغای مەنگوڕ، بەرەو لاجان و سەردەشت پاشەكشی دەكەن و هەمزاغا لە سنووری سەردەشتەوە چووە ناوچەی پشدەر لە باشووری كوردستان، بن دەستی دەوڵەتی عوسمانی.پاشان گەلە كۆمەكیی لەشكرەكانی ئیران، عوسمانی، روسیا و بەریتانیا دەرفەتی تەقەلای سەربازییانە و هەڵسانەوەی شۆڕشی كوردیان نەداوە.

زۆربەی ئەو سەرۆك خیڵە كوردانەی ئیرانیش لە راپەڕینەكەدا بەشدارییان كردبوو، یان خۆیان بۆ پاڵ ئیران چوونەوە، یان دەوڵەتی ئیران تەقەللای هینانەوە و نیشتەجی كردنەوەیانی داو لە ئاكامدا بەتەنیا هەر (هەمزاغای مەنگوڕ)، لەگەڵ بەشیك لە خیڵەكاندا لە ناوچەی (سەردەشت) و (لاجان) و سنوورەكانی ئیران- عوسمانیدا مایەوە و جارجار شەڕی پارتیزانانەی دژی هیزەكان و پیاوانی دەوڵەتی ئیران دەكرد.
هیزەكانی دەوڵەتی ئیرانیش كە لەو ناوچانەدا (حەسەن عەلی خانی گەڕوسی) سەركردایەتی دەكردن، بە هەموو توانایانەوە تەقەلای گرتن و كوشتنییان دەدا.

دوای گەڕانەوەی شیخ عوبەیدوڵڵا و هیزەكەی بۆ ناو خاكی عوسمانی، شای ئیران داوای لە دەوڵەتی عوسمانی كرد، ئیستا شیخ عوبەیدوڵڵا شكینراوە، پیویستە بابی عالی شیخ بگریت، یان سزای بدات، یان رادەستی كاربەدەستانی‌ ئیرانی بكاتەوە، یاخود ریگە بە هیزەكانی ئیران بدات تا لەسنوور بپەڕنەوە و لەگەڵ هیزەكانی عوسمانییدا هاوكاریی بكەن بۆ دەستگیركردنی سەركردە باڵاكانی ئەو سەرهەڵدانە.
لە سەرەتای كانوونی یەكەمی 1881دا، موحسین خان-ی باڵیۆزی ئیران لە ئیستانبوڵ نامەی ئاراستەی هەموو هیزە ناوبژیكارەكان كردبوو، داوای بەگەڕخستی دەسەڵاتیانی كردبوو، تا كاریگەرییان لەسەر بابی عالی هەبیت، هەنگاو بنیت بۆ ریگەگرتن لە شیخ عوبەیدوڵڵا، كە ئیستا لەناو خاكی توركیادایە، سنووری ئیران نەبەزینیت، باڵیۆزی روسیا-ش سەبارەت بە پەلاماری كوردەكان پشتگیریی داواكارییەكەی موحسین خان-ی باڵیۆزی ئیرانی دەكرد.

حەسەن عەلی خانی گەڕووسی بەفەرمانڕەوای مەهاباد

ئە‌گە‌رچی دە‌رباری قاجاری لە‌ سە‌رە‌تادا لە‌ (12/11/1880ز) حاجی سە‌درولدە‌ولە‌ی وە‌ك فە‌رمانداری سابڵاغ دانا، بە‌ڵام ناوبراو نە‌یتوانی چاوپۆشی لە‌و هەموو كوشتار و تاڵان و زوڵمە‌ بی سنوورە‌ بكات، هیزە‌كانی دە‌وڵە‌تی ئیران بكات بە‌رامبە‌ر كوردە‌كانی ئیران و سات و ماڵات و گوندە‌كانیان، هە‌ر تە‌نیا ماوە‌ی مانگیك توانی دان بە‌ خۆیدا بگریت، لە‌بە‌رئە‌وە‌ سە‌رانی دە‌وڵە‌تیش كە‌ دە‌زانن هە‌ڵسوكە‌وتی بە‌ گویرە‌ی خواستی ئە‌وان نییە‌، لای دە‌دە‌ن و لە‌جیگەی ئە‌و لە‌ (11/12/ 1880ز) حەسەن عەلی خانی گە‌ڕوسی- وە‌زیری فە‌وائید بە‌ فە‌رمانڕە‌وای سابڵاغ دادە‌نین.

وەزیری فەوائید (حەسەن عەلی خانی گە‌ڕوسی) كە لە گەورە بەرپرسانی دەوڵەتی ئیران و سەرۆكی راویژخانەی دەربار و خاوەن قەڵەم و شمشیربوو، لەلایەن شاهەنشاوە كرابووە فەرمانڕەوای سابڵاغ و سەردەشت و لاجان. ئەویش بە راویژ و بەرنامەی زیرەكانەوە، هەرچی عەشایەر بوون، لەماوەیەكی كورتدا ئارام و هیوری كردنەوە و هەندیك لە سەرانی موكری و لاجانیشی خەڵات كرد و دیاریی پی بەخشین، هەندیكی تریشیانی لە تۆڵەی كارەكانیاندا سزا داو هەندیكیشیانی كوشت و لەگەڵ پاشماوەی بنەماڵەی خان باباخانیشدا ئەوپەڕی سۆز و میهرەبانیی نواند.

هیزەكەی حەسەن عەلی خانی گەڕووسی، لەم كاتەدا بریتیبوو، لە (4) فەوج سەرباز، بە فەرماندەیی (عەزیزخانی سەرهەنگی تۆپخانە) بە (4) تۆپ و سوارەی قەرەپەپاغ، بە سەركردایەتی حەسەن عەلی خان و (200) كەس و دۆیرن و ئیرانلو و سوارەی بەختیار و یورتچی و فەوجی قەهرەمانییە و حەوتەمی شوقاقی، فەوجیكی حەسەن عەلی خان.

ئەم هیزەی حەسەن عەلی خانی گەڕووسی سەركردایەتی دەكرد، رۆژی (9- 12- 1880ز) دەگاتە سابڵاغ و سەربازگەكەی لە ئاقاری شاری سابڵاغ دامەزراند و تا بەجیهینانی بەرنامە و ئەركەكەشی، بارەگای هەر لە سابڵاغ دەبیت.

حەسەن عەلی خان پیاویكی فیڵباز بوو، بەفراوانی كەوتە دروستكردنی دەستە و تاقمی سیخوڕ و ناردنیان بەهەموو لایەكدا، بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی دەدا بۆ خستنی لایەگرانی راپەڕینەكە، بەتایبەت لە قۆڵی سابڵاخ و لە سنووری سەردەشت – پشدەر كەوتە بڵاوكردنەوەی سیخوڕەكانی، بۆ دانانی كاریگەریی و فریودانی خزم و لایەنگرانی هەمزاغا.

لەو ‌بارەیەوە كاریگەرییان لەسەر زۆریك لە لایەنگرانی هەمزاغا دانا، تەنانەت كاكەئاڵڵای برای هەمزاغاشی فریودا، بەناوی ئەوەی هەمزاغا شیاوی سەرۆك خیڵی نییە و ئەگەر كاكەئاڵڵا واز لە هەمزاغا بهینیت و بگەڕیتەوە ژیر دەسەڵاتی حكومەتی ئیران و لەسەر ئیل و ماڵی خۆی دابنیشیت، لە شوینی هەمزاغا دەیكەن بە سەرۆك هۆزی مەنگوڕ.

هەر لە سەرەتای دەست بەكابوونییەوە بە پشتیوانی ئەو سەرۆك خیڵانەی لە دەمیكەوە سەربە دەوڵەت بوون، هەوڵی هەڵتەكاندن و لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی یەكیتیی ریزەكانی سەرۆك خیڵ و خیڵە كوردەكانی داوە، لەچەندان نامەیدا بۆ ناسرەدین شا و سەرانی قاجاری خۆی بەوە هەڵدەكیشی كە فیتنەیی و دووبەرەكی و ئاژاوە لەناو سەرۆك عەشرەتە هاوڕی و دۆستەكانی یەكتردا دروست بكات و هەموویان بترسینیت و بەسەر یەكەوە بیانكات بە سیخوڕ و باوەڕی دەوڵەتخوازییان لەلا دروست بكات.

هەر زوو كەوتە تۆقاندنی لایەنگرانی راپەڕینەكەی كورد و‌ شیخ عوبەیدوڵڵا و هەوڵی دوورخستنەوەیان لە شیخ، بەوەی كۆبوونەوەی فراوان و خێرایان لەگەڵدا بكات و نامەی پەشیمانییان بۆ ناسرەدین شا پێ بنووسێت. لەگەڵ چاندن و بڵاوكردنەوەی تۆڕیكی سیخوڕیی بەناو خەڵكدا لە هەموو لایەكەوە پیاوەكانی زانیارییان كۆدەكردەوە و لەڕیگای نامەوە حەسەن عەلی خانیان ئاگادار دەكردەوە و ئەویش زانیارییەكانی بەسەرووی خۆی دەگەیاند.

حەسەن عەلی خان دوای گەیشتنی، بەهەموو لایەكدا كەوتەكار، لە تەلەگرافێكیدا بۆ ناسرەدین شا دەنووسیت: “هە‌ر كە‌ گە‌یشمە‌ شارۆچكە‌كە‌ (سابڵاغ )، خە‌ڵكم بە‌ هە‌موو لایە‌كدا رە‌وانە‌ كرد و ئە‌وانە‌ش كە‌ تا ئە‌وكاتە‌ دڵنیا نە‌بوون و نە‌هاتبوون وە‌ك فە‌یزوڵابە‌گ، حەسەن ئاغای خوشكە‌زای قادرئاغا، برازاكانی ئەحمەد بە‌گ، محەمەد ساڵح بە‌گی كوڕی بابا خان و محەمەد بەگی ئامۆزای پیاو ماقوڵانی باوە‌ڕپێكراوی هورمزیار، وە‌ك: مامە‌ند ئاغا، یوسف ئاغا و فڵان و فیسار كە‌ لە ‌(30) كە‌س زیاتر دە‌بوون هە‌ر هە‌موویانم یە‌كە بە یە‌كە‌ دڵنیا و دڵخۆش كرد و بە‌رە‌بە‌رە‌ هینایانن، جگە‌ لە‌ خدرئاغا و ناسراوانی سە‌ردە‌شت، كە‌ هێشتا بە‌ بیانووی بێ سە‌ر و بە‌رە‌وە‌ نە‌هاتوون، لە‌ تایە‌فە‌ی بە‌گزادە و سە‌رانی دیبۆكری و ناودارانی تری ناوچە‌ی موكری هیچ كە‌س نە‌ماوە‌ نە‌هاتبێت و ئەم گیانفیدایە هە‌موویانم دڵداونە‌تە‌وە‌ و خە‌ڵاتم كردوون”.

جەربەزەیی هەمزاغا و دریژەدانی راپەڕین

جەربەزەیی و قارەمانی و لێهاتوویی هەمزاغا لەوەدابوو ئاڵۆزیی بارودۆخ و كێشەی ناوچەكە و گوشاری دەوڵەتەكان نەیانتوانی كۆڵی پێ بدەن و واز لە راپەڕین بهێنێت، بەڵكو كەوتە تەقەلا و هاندانی هۆزەكانی باشووری كوردستان بۆ پشتیوانیی شیخ عوبەیدوڵڵا و بەردەوامیی راپەڕین.

لە نامەیەكدا كە لە باڵیۆزخانەی ئێرانەوە نێردراوە بۆ بابی عالی لە 25ی تشرینی دووەمی 1880 دا رایدەگەیەنیت: “هەمزاغا دوای ئەوەی لە ئێران هەڵاتبوو بۆ ئەودیو سنووری توركیا، لەوێش دوای تەجنیدكردنی هەندێك لە لایەنگرەكانی شیخ عوبەیدوڵڵا و چەند هەزار كو‌ردێكی ناوچەكە، بەردەوام لە چالاكیدا بووە.

هەموو جووڵە و چالاكییەكانی هەمزاغا لە رێگەی چاندنی تۆڕێكی سیخوڕیی حەسەن عەلی خانی گەڕووسی-یەوە چاودێریی دەكرا و لە رێگەی نامەوە دەگەیشتە دەست حەسەن عەلی خان و دواتریش بۆ دەست ناسرەدین شای قاجار.

لە ناوە‌ڕۆكی نامە‌كانەوە خوێنە‌ر بارودۆخی سەختی ئەو رۆژگارە تێدەگات و دەتوانێت لە‌ رێگە‌ی ئە‌و نامانە‌وە‌ شوێن پێی هە‌مزاغا هە‌ڵبگرێت و بزانێت بە‌ چ ئە‌وینێكی شۆڕشگێڕانە‌ و نیشتیمانپە‌روە‌رانە‌ و جە‌ربە‌زانە‌وە‌، لە ‌ناوچە‌كە‌ی خۆیدا ماوە‌تە‌وە‌ و بە‌ تە‌نگ راپە‌ڕاندن و پیادە‌كردنی بە‌رنامە‌ و هە‌ڵسانە‌وە‌ و بە‌زیندوو راگرتنی شۆڕشە‌كە‌وە بووە، بە‌ ئاواتی دە‌ستپێكردنە‌وە‌یە‌وە‌ دە‌ژی.

بێ پە‌روا فە‌رمانە‌كانی شیخ عوبە‌یدوڵڵا‌ لە‌ هە‌موو جێگەیە‌كی قە‌ڵە‌مڕە‌ویی قاجاڕی و عوسمانیدا جێبە‌جێ دە‌كات، تا ئە‌وكاتە‌ی وە‌ك لە‌ نامە‌ی ژمارە‌ (116)ی حەسەن عەلی خاندا دە‌ردە‌كە‌وێت كە‌ لە‌ سە‌رە‌تای مانگی حوزە‌یرانی (1881)دا هێزە‌كانی دە‌وڵە‌تی عوسمانی دە‌چنە‌ نە‌هری و شیخ عوبە‌یدوڵڵا لە‌ بارە‌گاكە‌ی خۆیدا دە‌ستبە‌سە‌ر دە‌كە‌ن و بە‌رە‌ و ئیستانبوڵ دە‌یبە‌ن.

دوای پاشەكشێ پێكردن و ناچاركردنی بۆ كشانەوەی یەكجاریی، لە شارو ناوچە ئازادكراوەكانی سابڵاخ و كوردستانی بن دەستی ئێران و كشانەوەی بۆ دەرەوەی قەڵەمڕەویی ئێران و پاشان دامركاندنەوە و لەناوبردنی شو‌ێنەوارەكانی راپەڕینەكە و رێكخستنەوەی ناوچەكانی راپەڕین‌ و هێنانەوەی ئەو لێشاوە خەڵكەی لە ترساندا لە ناوچەكانی خۆیاندا هەڵاتبوون و لێبووردنی پیاوانی ئاینیی و سەرۆك خیڵەكانی موكریان، لاجان، شنۆ و سەردەشت. كەچی تاكە كەسێك دەرباری قاجاری بۆ هەمیشە چاوی لێ نەپۆشی و لێی نەبورد، بەتەنیا هەر هەمزاغای مەنگوڕ بوو، كە دەربارەی قاجاڕی بێ پسانەوە مەبەستی بوو، بەهەر شێوەو بەهەر نرخێك بێت، دەستگیری بكات، یان لەناوی بەرێت.

دوای شكستی راپەڕینەكە و كشانەوەی هێزەكانی شیخ عوبەیدوڵڵا لە كوردستانی بن دەستی قاجار بۆ نەهری، هەمزاغاش لە قۆڵی سەردەشتەوە كشایەوە سەر سنوور و دواتریش چووە سنووری دەوڵەتی عوسمانی لە باشووری كوردستان لە سەید ئەحمەدانی دەڤەری ‌پشدەر تاوڵی هەڵدا و لەوێوە شەڕی پارتیزانانەی لەگەڵ هێزەكانی ئێراندا دەكرد.
لەوبارەیەوە لە مێژووی 29 سە‌فە‌ری 1298 كۆچی (21- 1- 1880ز)‌، حەسەن عەلی خانی گەڕووسی تەلگرافێكی بۆ ناسرەدین شا ناردووە، كە لەچە‌ند بە‌شێكی نامە‌كە‌دا هاتووە:

نامە‌ی ژمارە‌ 56 (چە‌ند بە‌شیك لە‌ نامە‌كە):لاپە‌ڕە‌:153 – 164

مێژوو:29 سە‌فە‌ری 1298 كۆچی (21- 1- 1880ز) كە بۆ ناسرە‌دین شا بە ‌تەلەگراف نێردراوە‌:

“بۆ خاكی بە‌رپێی هومایۆنانە‌ی موبارە‌ك ((روحمان بە‌قوربانی بێت، دە‌بێت ئە‌وە‌ عە‌رز بكە‌م كە ئە‌گە‌رچی رادە‌ی ئاژاوە‌كە‌ی عوبە‌یدوڵڵای نە‌فرە‌تی و لە‌ بە‌ختی شوومی ئە‌و خە‌ڵكە‌ش، كە‌ بە‌ دڵ و نابە‌دڵ هاوكارییان لە‌گە‌ڵ كردووە،‌ وێرانی و زیانێكی زۆری گیان و سامانیان لە‌ بە‌شێكی گرنگی هە‌رێمی ئازربایجان كە‌وتووە‌، بە‌ڵام ئە‌م خە‌ڵكە‌ش هە‌رلە ‌پاداشتی كردە‌وە‌ی خۆیاندا ئازار و زیانێكی وایان بە‌ركە‌وتووە‌ بە‌ بیردا نایە‌ت، بە‌شێكی زۆری ئە‌م وڵاتە‌ بە‌ جۆرێك ژێرە‌ و ژوور بووە‌، دە‌بێت چە‌ندین ساڵی پێ بچێت تا لە‌م ناوچە‌یە‌ بڕیك هێمن و ئاسایی ببێتە‌وە‌ و شوێنە‌ كاولە‌كان ئاوە‌دان ببنە‌وە‌”.

دوای نیوە‌ڕۆی (17)ی موحە‌رە‌م لە‌لایە‌ن گوڵاوی ئاغا هە‌واڵ گە‌یشت، كە‌ لە‌ كاتێكدا خۆی و عوسمان ئاغا لە‌ سە‌ردە‌شت بوون، هە‌مزاغا بە‌ پشتیوانیی هە‌ندێك لە‌ خە‌ڵكی سە‌ردە‌شت بە‌ شە‌ست حە‌فتا كە‌سێكە‌وە‌ لە‌ دە‌ست و پێوە‌ند و نزیكانی خۆیە‌وە‌ لە ‌مە‌حاڵی (دارمە‌) كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ خاكی سە‌ردە‌شت بە‌ قە‌ڵە‌مڕە‌ویی عوسمانییە‌وە‌ لكاوە،‌ كتوپڕ چۆتە‌ ناو سەردە‌شت و گوڵاوی ئاغا و عوسمان ئاغاش كە‌ هێزێكیان لە‌گە‌ڵدا نە‌بووە‌، شارۆچكە‌ی سە‌ردە‌شتان بە‌جێهێشتووە‌، هاتوونە‌تە‌ دە‌رە‌وە‌.

گیانفیداش بیرم لێكردە‌وە‌ ئە‌گە‌ر مانە‌وە‌ی هە‌مزاغا لە‌ سە‌ردە‌شتدا ماوە‌یە‌ك بخایە‌نێت، بێشك خە‌ڵكی سە‌ردە‌شت و خیڵی گە‌وڕك لە‌وانە‌یە‌ خیڵە‌كانی تریشی لە‌گە‌ڵدا رێكبكە‌ون و ئاژاوە‌یە‌كی تازە‌ بنێنە‌وە،‌ لە‌بە‌رئە‌وە‌ هە‌ر ئە‌وساتە‌ لە‌لایە‌كە‌وە‌ نامە‌م بۆ خزمە‌تی جە‌نابی بە‌ڕێزی پایە‌بە‌رز سوپاسالاری مە‌زن نارد و هە‌ر بۆ دڵنیابوونیش سوارە‌ و سوپا و چە‌كی پێویستیشم لە‌و پایە‌ بە‌رزە‌ خواست و لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ بەهە‌موو پیاوماقووڵانی ناوچە‌كە‌م راگە‌یاند، تا هە‌موویان هێزی خۆیان بە‌ سوارە‌ و پیادە‌وە‌ ئامادە‌ بكە‌ن و خۆ بە‌ گیانفیدا بگە‌یە‌نن، هە‌ر هە‌مان رۆژیش سە‌رانی قە‌رە‌پە‌ پاغ و محەمەد ئاغای مامە‌ش و یونس خانی بانە‌ییم ئاگاداركرد، تا بە‌هێزە‌كانی خۆیانە‌وە‌ لە‌دوو لاوە‌ رێی دە‌ربازبوونی هە‌مزاغا ببە‌ستن.

هەمزاغا دوای هەڵاتنی لە سەردەشت و هەواڵ زانینی دژایەتی عوسمان ئاغا و خدرئاغا و پیاوماقوڵانی سەردەشت بەرامبەری و بەڵێنیان بۆ گرتن، یان كوشتنی، چۆتە شوێنێك بەناوی (سویسنە) كە دارستان و كوێستانێكی سەختە و ئەشكەوت و رەهۆڵی زۆر تێدایە.

سویسنە لەسەر سنووری پایەبەرزی بڵنددایە و بەم حاڵی (پشدەر) و خاكی عوسمانییەوە لكاوە، هەمزاغا ئێستا خۆی و چوار برازا و عەزیزی فەتاح و براكەی و ئەمین ئاغای كوڕی قادرئاغا و فەتحوڵڵاخانی كوڕی موزەفەرولدەولە و 60-70 كەسی تری لەتەكدایە و لەوێ نیشتەجێن و خێڵ و تایەفە و ماڵ و منداڵی هەمزاغا و باپیراغای كوڕی لە (سەید ئەحمەدان) دان، كە سەربە پشدەر و خاكی عوسمانییە.
ئەو جۆرەی بۆمان دەركەوتووە و ئەرخایەن بووبن، قایمقامی (رانیە) كە بەشێكە لە سنجاقی (كۆیە)، بەرامبەر خیڵ و تایەفە و خێزانی هەمزاغا، پشتیوانی پێویستی كردووە و بەتایبەتیش باپیراغای كوڕی هەمزاغای خەڵات كردووە.

بۆ ئاگاداریی جەنابیشتان رایدەگەیەنم، بۆ لەڕیشە دەركیشانی ئەم توخمی خراپەكارییە (هەمزاغا)، لەلایەكەوە كارێكم كردووە، قادراغا و میرزاقاسمی قازی، كە پێشینەی دۆستایەتیان پێكەوە هەیە، كارێكی وا بكەن نامە و راسپێرییان لەگەڵیدا ببێت و ئەگەر بەقسەی ئەم دوو كەسە ئەرخایەن بكرێت، ئەوسا بیاننێرم لە شوێنێكدا چاویان پێی بكەوێت و بەهەر جۆرێك بێت، بەڵكو بە بڕیار و بەڵینی گیانفیدا دڵنیایی بكەن و بیهێنن.
لەلایەكی تریشەوە سەرقاڵی ئەو فەرمانەم لە جەنابی سوپاسالاری مەزنەوە گەیشتووە، بەمجۆرە بە هاوكاریی سەلیم خانی چواردۆڵی، زەمینە و هۆیەك بۆ یەككەوتنی محەمەد ئاغای مامەش و عوسمان ئاغای گەوڕك سازبكەین، بۆئەوەی ئەم دوو كەسە دەست بدەنە دەستی یەكتر و لەهەر ریگەو بەهەر جۆرێك بۆیان بكرێت، پێكەوە یان بیكوژن، یان بەزیندوویی بیگرن، هیوای زۆرم هەیە، لەناوچاو و بەختی خاوەن شكۆوە، یەكێك لەم دوو تەگبیرە سەربگرێت”.

حەسەن عەلی خان نامەی پەشیمانیی دا وەك خۆی دەڵێت (رووڕەشانە)ی بەخەڵك و لایەنگرانی راپەڕینەكە نووسی و پێویست بوو لەپای نووسینی ئەم نامەی پەشیمانییە دا سزابدرێن و باج بدەن، لەبەرامبەر ئەوەشدا داوای لە سیخوڕ و ناپاكەكانی دەوری خۆی كردووە هەمزاغا بخەن و بیكوژن تا لەم سزای (رووڕەشیانە) ببەخشرین، بەنامەیەكیش لە مێژووی 25ی رەبیعی یەكەمی 1298 كۆچی (25- 2- 1881ز) شای لە ئەنجامی كارەكانی ئاگادار كردۆتەوە و لە سەرەتای ئەم نامەیەدا كە وەڵامە بۆ نامەیەكی ناسرەدین شا، بەدوور و درێژیی سوپاس و ستایش و دەبدەیەكی زۆرەوە باسی گەیشتنی نامەكەی ناسرەدین شا دەكات، لەبەشیكی داد دەڵێت:

نامەی ژمارە: 60بەشێكی لاپەڕە: (174-183)

مێژوو: 25ی رەبیعی یەكەمی 1298 ی كۆچی، رێكەوتی 25- 2- 1881ز.

بۆ: ناسرەدین شا

پوختەی رووڕەشییانەی دانیشتووانی موكریان، بەوجۆرەی لەبەرامبەر بەڵێنیدا، كە لە ئۆردوگای سەرەكی، لە پیاوماقوڵانی ئەم هەرێمە وەرگیراوە، بریتییە لە رووڕەشیانە و بڕگەیەكیشی بەو جۆرەیە لەبەرامبەر ئەو بەڵینەدا، مەرجی ئەوە كراوە، بڕی (40) هەزار تمەن، بەناوی (رووڕەشیانە)وە بۆ بەرپێی پیرۆز پیشكەش بكەن و داواكردنی ئەم پیشكەش جارێ رابگیرێت، تا بەڵكو بە پشتیوانیی خوای گەورە و بەختی بەهێزی شاهەنشا، ئەو هەمزاغا ناڕەسەن و شەڕانی و ئاژاوەگێڕە، كە ماكی فیتنەیی و ئاژاوە نانەوە بووە، لە هەڵكەوتیكدا، كە دێنە سابڵاخ، بەمردویی بێت، یان بەزیندوویی، بیگرن و بەدەست دەوڵەتەوەی بدەن و خۆشمان لەو (رووڕەشیانە) ببەخشرێن و دەوڵەتیش لەبەرامبەر ئەو خزمەتەدا، كە گرتن، یان كوشتنی هەمزاغایە، چاوپۆشیمان لێ بكات. بەگوێرەی ئەم مەرج و بەڵێنانە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، هێشتا ئەم پارەی (رووڕەشیانە) یە، لەم خەڵكە وەرنەگیراوە.

لەبارەی هەمزاغاشەوە، بەو جۆرەی لەنامەكانی پیشوودا باسكراوە، گیانفیدا لە دوو لاوەو بە دوو هۆوە بە وریایی تەواوەوە خەریكی گەیاندنی ئەم خزمەتەم (واتە كوشتنی هەمزاغا) و پشتگوێم نەخستووە، دیارە ناوەڕۆكی بەڵیننامەی محەمەد ئاغای مامەش لەو بارەیەوە و نامەی خودی هەمزاغاش، كە لە وەڵامی (قادرئاغا) دا نووسیویەتی و گیانفیدا چەند رۆژیك لەمەوبەر بەتەلەگراف بۆ سوپاسالاری مەزنم ناردووە، بەرچاوی هومائاساتان كەوتووە”.

ماویەتی

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*