سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » دكتۆر لەرین ساڵح سەرەتاكانی توشبوون و چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ كوردستانی نوێ دەگێڕێتەوە

دكتۆر لەرین ساڵح سەرەتاكانی توشبوون و چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ كوردستانی نوێ دەگێڕێتەوە

دكتۆر لەرین ساڵح پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دوای چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ كوردستانی نوێ: راستە بارودۆخەكە كۆنترۆڵكراوە و ژمارەی توشبووەكان كەمبوونەتەوە، بەڵام ئەمە مانای نەمانی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە

*پێویستە هاووڵاتیان لەسەر ئاستی تاك، خۆپارێزیی بكەن

دیداری، عەلی فەرەج كاشان

دكتۆر لەرین ساڵح پزیشكی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، ئەو پزیشكە گەنجەی كە لە ماوەی رابردوودا تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، سەرەتاكانی توشبوون و چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئێستا تەندروستیم زۆر باشە، وتیشی: دۆخی تەندروستیی سلێمانی، دۆخێكی جێگیرە، “دۆخی سلێمانی و هەرێمی كوردستان لە زۆر وڵاتی بەناوبانگی جیهان، باشترە”.

دۆخی تەندروستیی سلێمانی، دۆخێكی جێگیرە

دكتۆر لەرین ساڵح، دوای چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، تیشكی خستە سەردۆخی تەندروستیی هەرێمی كوردستان و چۆنێتیی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و رایگەیاند: دۆخی تەندروستیی سلێمانی، دۆخێكی جێگیرە، “دۆخی سلێمانی و هەرێمی كوردستان لە زۆر وڵاتی بەناوبانگی جیهان، باشترە”، هۆكاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە “لایەنە پەیوەندیدارەكان هەر زوو كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كرد و خۆپارێزیی بەشێوەیەكی باش پەیڕەوكرا”.

سەرەتاكانی توشبوون و چاكبوونەوە

دكتۆر لەرین ساڵح سەرەتاكانی توشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە ناوەڕاستی مانگی سێ، نیشانەكانی نەخۆشییەكەم تێدا دەركەوت و پشكنینم كرد، دەركەوت كە هەڵگری ڤایرۆسەكەم، ئەوەش بەهۆی شوێنی كارەكەم بوو كە لە نەخۆشخانەی شار بەركەوتنی راستەوخۆم لەگەڵ توشبووی تر هەبوو. “بەگشتی چەند نیشانەیەكی كەمی نەخۆشییەكەم هەبوو، بۆیە چوومە نەخۆشخانە و دەستم كرد بە وەرگرتنی چارەسەر، بەردەوامیش پشكنینم دەكرد تا لە كۆتاییدا ئەنجامی پشكنینەكان نێگەتیڤ بوون و بە تەندروستییەكی باشەوە نەخۆشییەكەم تێپەڕاند”.

پێویستە خۆپارێزیی بەردەوام بێت

ئەو پزیشكە دوای چاكبوونەوەی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و باشبوونی باری تەندروستی، وەكو پەیامێك بۆ هاووڵاتیان دەشڵێت: داواكارم خۆپارێزییەكان بەردەوام بن، راستە بارودۆخەكە كۆنترۆڵكراوە و ژمارەی توشبووەكان كەمبوونەتەوە، بەڵام ئەمە مانای نەمانی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، دەبێت بەردەوامبین لە خۆپارێزیی، “پێویستە هاووڵاتیان لەسەر ئاستی تاك، خۆپارێزیی بكەن”.

دكتۆر لەرین دەشڵێت: بەداخەوە لێرەو لەوێ گوێمان لە هەندێك كەس دەبێت كە دەڵێن ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان نییە و خەڵك سارد دەكەنەوە لە خۆپارێزیی، وتیشی: ئەگەر رێكارە تەندروستییەكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان نەبووایە، ئێستا لە دۆخێكی مەترسیداردا دەبووین، ئاماژەی بەوەشدا “توشبوون بە كۆرۆنا عەیب نییە، عەیب ئەوەیە نیشانەكانت هەبێت و بیشاریتەوە و ببیتە مەترسی بۆ سەر چوار دەورەكەت”، راشیگەیاند: راستە لە كاتی خزمەتكردن، توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووم، بەڵام ئێستاش لە خزمەتكردن بەردەوامم و هەركاتێكیش پێویست بكات سوود لە پلازمای خوێنم وەربگرن بۆ چارەسەری توشبووی تر، من ئامادەم.

دكتۆر لەرین ساڵح لە كۆتایی دیدارەكەیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، سوپاسی خۆی دەنێرێت بۆ سەرجەم پزیشكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری سلێمانی كە هاوكاریبوون لەكاتی نەخۆشكەوتنیدا، هاوكات رێگربوون لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و رێگرییان لە دروستبوونی كارەسات كردووە.

print

 275 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*