سەرەکی » زانست » ژنێكی ئاسایی یەكەمین جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنای دۆزیوەتەوە

ژنێكی ئاسایی یەكەمین جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنای دۆزیوەتەوە

هەرچەندە (كۆڤید-19) ڤایرۆسێكی تازەیە، بەڵام سەر بە خێزانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1964 و لە لایەن (جۆن ئەلمیدا)ەوە دۆزراوەتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (كۆڤید -19) لە جیهاندا كە پێی دەوترێت كۆرنا یان ڤایرۆسی كۆرۆنای تازە، ئەو پرسیارە لای خەڵك دروست بوو كە بۆچی پێیدەوترێت كۆرۆنای تازە؟ چما كۆرۆنای تریش هەیە؟ ئەم پرسیارە لە لایەن پزیشكان و ناوەندە تەندروستییە پسپۆڕەكانەوە بە(بەڵێ) وەڵامدرایەوە و ئاشكرایانكرد: ئەم ڤایرۆسە نوێیە سەر بەو خێزانەیە كە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ناونراوە بۆ یەكەمین جۆریشی پەنجاوشەش ساڵ پێش ئێستا دۆراوەتەوە».

هەروەها ئەو پسپۆڕانە دەڵێن» وشەی كۆرۆنا لە بنەڕەتدا وشەیەكی لاتینییە و بە مانای (تاج) دێت بۆیە ئەو ناوەش لەو ڤایرۆسە نراوە، چونكە جۆرە دركێك یان گلایكۆپرۆتینێكی پێوەیە لە شێوەی تاجدایە» هەموو ئەو زانیارییانەش لەسەر دەستی خانمێكدا ئاشكرا كراوە بە ناوی ( جوون ئەلمیدا)، ئەم خانمە لە تاقیگەكەیدا لە نەخۆشخانەی سانت تۆماس لە پایتەختی بەریتانیادا كاری دەكرد و لە كاتی كارەكەیدا ئەو ڤایرۆسەی دۆزییەوە.

ئەم هەواڵەش وایكردووە جارێكی تر ناوی ئەو خانمە بێتەوە بەر ڕۆشنایی و هەموان بە دوای زانیارییدا بگەڕێن لە بارەی ئەو خانمەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی زانراوە كە ئەلمیدا خوێندنێكی باڵای زانكۆیی نەخوێندووە.

جوون ئالمیدا كە لەبنەڕەتدا ناوی(جوون هارت) بووە لە (25)ی ئۆكتۆبەری(1930) لە ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی نزیك باخچەی (ئەلیكساندرا) لەباكوری خۆرهەڵاتی شاری گلاسكۆی شانشینی یەكگرتوو لە دایك بووە، باوكی شۆفێری بارهەڵگر بووە، ئەلیمدا لە تەمەنی (16) ساڵیدا وازی لە خوێندن هێناوە، دواتر وەك كارمەندێكی ئاسایی وەك یاریدەدەری پسپۆڕێكی زانستی خانەزاند لە تاقیگەی زانكۆی(گلاسكۆ رویال ئەنفێرماری) كاریكردووە و لەوێ گەشەی بە تواناكانی خۆی داوە. لە ساڵانی دواتر لە بواری ڤایرۆلۆژی كاریكردووە، لەساڵی (1964)دا بووەتە یەكەمین كەس كە یەكەمین جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنای دۆزیوەتەوە كە تووشی مرۆڤ دەبێت و دواتریش بووە پێشەنگ لە بواری وێنەگرتنی ڤایرۆسەكاندا. ئەو خانمە لە(1)ی ئەیلولی 2007دا لە شانشینی یەكگرتوو بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كردووە.

 

سەرچاوە: پێگەی النقطة العلمیة

print

 527 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*