سەرەکی » کەلتوور » پاڵەوانی هەزارڕوو کلیلی لێکۆڵینەوەی ئەفسانەییە

پاڵەوانی هەزارڕوو کلیلی لێکۆڵینەوەی ئەفسانەییە

(پاڵەوانی هەزارڕوو) یەکەم کتێب بوو نووسەری ئەمریکی (جۆزیف کامبڵ)ی بە دنیا ناساند. ئەم کتێبە گەشتێکە بەنێو دنیای میتۆلۆژیا و هەموو پرسە گرنگەکانی پاڵەوان و پەرجوو، بوونەوەرە خەیاڵی و میتافیزیقی و ئەفسانەییەکان، گواستنەوەی مرۆڤ لە باری دنیاییەوە بۆ باری ئەفسانەیی.

کامبڵ لەم کتێبەدا مامەڵەیەکی گشتگیر دەکات لەگەڵ چەمکە گرنگەکانی نێو ئەفسانەی هەموو دنیادا لە گەورەترین تەقینەوە دەستپێدەکات تادەگاتە سەردەمی مۆدێرن و مرۆڤی ئەمڕۆ، لە هەموو کولتوورەکاندا دەگەڕێت بەدوای پاڵەوان و ئەشق و لەدایکبوون لە پاکیزە، گرێ جادووییەکان و تێپەڕبوونی مرۆڤ بە قۆناغەکانی منداڵی و گەورەبوون و خەیاڵبوون. لە گەشتی پاڵەوانەوە دەستپێدەکات، ئینجا تێپەڕبوون و پاشان باس لە بازنەی گەردوونناسی و خەیاڵ و ئەفسانە لە سەردەمی گەشتکردن بۆ سەر مانگ و ئەستێرەکانی تر.

لەهەموو چەمکە هەستیارەکانی نێو دنیای ئاین و ئەفسانە نزیکمان دەکاتەوە. دوای لێبوونەوە لەم کتێبە ئینجا تێدەگەیت هەر هەموو مرۆڤایەتی لە زۆر شتدا هاوبەشن، بەتایبەت لە مێژووی میتۆلۆژیاو ئاین و ئەو حەکایەتە سەرگەرمانەی لەبەردەم کورەی ئاگردانەکان یان لە دەمی شامان و پیرەمێردانەوە دەیانبیستین، تێدەگەیت مرۆڤایەتی چەند چیرۆکێکەو لەهەر زەمەن و سەردەم و گەلێکدا مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا کراوە، هەمیشە پاڵەوانێ هەیە گەشتێکی لەبەرە بۆئەوەی ئازادی و نهێنی بدۆزێتەوە، دەرگا داخراوەکان بکاتەوە.

کامبڵ بەڕوونی لەم کتێبەدا ئەفسانەو کۆمەڵگە لە یەکتری نزیکدەکاتەوە.

جگە لەمانەش کامبڵ لەم کتێبەدا لەژێر کاریگەری قوتانخانەی شیکردنەوەی دەروونی کارل گۆستاڤ یۆنگ مامەڵە لەگەڵ هەندێ لە چەمکە میتیۆلۆژییەکان دەکات.

print

 185 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*