سەرەکی » مانشێت » سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی: كوردستانێك بنیادبنێین قۆرخی سیاسی و ئابوری نه‌هێڵین

سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی: كوردستانێك بنیادبنێین قۆرخی سیاسی و ئابوری نه‌هێڵین

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
لە چل ‌و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چل ‌و چوار ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین. لەم یادەدا، بانگهێشتتان دەكەین پێكەوە تاوێك لە كاروانی خەباتی نەپساوەی پڕ شەهید و پڕ دەسكەوتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان رابمێنین. پێكەوە، سەری رێز و وەفا بۆ شەهیدەكانمان نەوی بكەین، كە لەپێناو سەرخستنی باوەڕە نەگۆڕەكانی یەكێتی بۆ ئاشتی ‌و ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ‌و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان، گیانی خۆیان بەخشی. پێكەوە بەڵێن بدەین بە كەسوكاری سەربەرزیان، بە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، بە رێكخستنە نهێنییەكان ‌و سەركردایەتیی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە پارتیزانەكانی دوای ئەنفال، بە خەباتگێڕانی قۆناغە سەختەكانی خەباتی شاخ ‌و شار، بە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)، بە رۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال، كە پابەندبین بەو ئەمانەتە گرنگ ‌و ئەركە مێژووییەی دوای سەركەوتنی كۆنگرەی چوار خراوەتە سەرشانمان. ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ئەم كاروانە بین، دەسكەوتەكانی بپارێزین ‌و دەسكەوتی زیاتری بخەینە سەر و لەم ساڵیادەدا، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینكردن ‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، خەبات بكەین.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر بە سروشت پێشەنگە. دوای نسكۆ و بێئومێدی، هیوای بەخشییەوە و شۆڕشی كوردایەتی هەڵگیرساندەوە، بە بڕوایەكی نەگۆڕ، لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەباتی كرد و، تا گەیشتن بە دوا ئامانجیش بۆ هەموو قوربانیدانێك ئامادەیە. وەك چۆن لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی بەعسی دیكتاتۆردا پێشڕەو بووە، لە شەڕی دژە تیرۆریشدا، ئەوە یەكێتی بوو توانی لە كوردستانی باشوورەوە تا رۆژئاوا، شكست بە تیرۆر بهێنێت ‌و هەوڵی داگیركاری ‌و یٔەفسانەكەیان پووچەڵبكاتەوە. لەپێناوی یٔایندەی كوردستاندا، یەكێتی هەزاران پێشمەرگە و سەدان فەرماندە ‌و سەركردەی قارەمانی بەختكردووە، هەربۆیەش لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە، نازناوی حزبی شەهیدانی پێ خەڵاتكراوە. بوونی شەهیدانی سەربەرزی یەكێتی لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، سەلمێنەری باوەڕی ئەو تێكۆشەرانەیە بە داكۆكیی هەمیشەیی یەكێتی لە ماف ‌و ئازادییەكانیان ‌و، نیشاندەری متمانەی كەسوكاریانە، بە ئامانجی رەوا و خەباتی روونی یەكێتییەكەتان. ئێمە لە یەكێتی نوێ، بە هیواوە لەگەڵتانین، باوەڕمان بە توانای ژنان و مامۆستایان و پیشەوەر و فەرمانبەران و سەرمایەدار و بازرگان و كاسبكارانی بازاڕ و رەنجدەرانی كوردەواری، لاوان و گەنجان و پێگەیشتووانی ئەم گەلە هەیە، كە باری لاری سەرشانی كوردستان ڕاست بكەینەوە و بێ دوودڵی، هەنگاو بەرەو سەركەوتن بنێین. لەم رێبازی چەپكە گوڵەشدا، كە هەڤاڵی كۆچكردوومان مام جەلال بۆی جێهێشتووین، دەرگامان كراوەیە بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێك، كە بیەوێت لە رێی یەكێتییەوە خزمەتی نیشتمانەكەمان بكات. ئێمە دەمانەوێت شوێنی شیاو بە كەسی شیاو پڕبكەینەوە و، ژینگەیەكی كاری حزبی و حوكمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنین، كە تیایدا گەنجان و خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕییەكان، خەڵكانی ئاسایی و دڵسۆز، هەموو چین و توێژەكان بێ جیاوازی و بە یەكسانی، بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی كوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت و هیوایان بەم نیشتمانە، بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هاونیشتمانیانی بەڕێز
لەم ساڵیادەدا، رایدەگەیەنین كە دوای كۆنگرە، یەكێتی نوێ، (خه‌باتی مافه‌كان)ی به‌ره‌و پێشبردووه‌. ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت به‌ سوود وه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانی دا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و، ئه‌و واقیعه ‌بخوڵقێنین كه ‌رۆحی شه‌هیدان و ویژدانمان ئاسووده ‌ده‌كات. كوردستانێك بنیادبنێین، كە تیایدا ماف و ئەركەكان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشكرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و، حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروست بكەین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و، نەهێڵین چاوچنۆكیی سیاسی، قەیران لە دوای قەیران بنێتەوە. بڕوای تەواومان بەوەیە كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە، دروستكردنی باڵانسی هێزە، رێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و، ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا لە هەموو ئاستەكاندا.

تا داڕشتنی دەستوورێكی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان، كارایی بۆ حكومەت و بە نیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، لەم قۆناغەدا جێبەجێكردنی پرۆژەی (لامەركەزیی ئیداریی و دارایی بۆ كوردستان) به‌ پێویست ده‌زانین. هەروەك لەرێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكومەتی هەرێمیشدا هاتووە، دەستوور، یاسا، جەماوەر و خواستی زۆرێك لە حزبەكانی تریش پشتیوانی لەم پرۆژەیە دەكەن. هەر بۆیە هەموو رێكارێكی سیاسی، یاسایی، ئیداری و مەدەنی بۆ پشتیوانیكردن لە لامەركەزیی، دەگرینەبەر كە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی كارایی حكومەت و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان. بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە و، بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریكردن لە ماف ‌و بەرژەوەندییەكانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت ‌و بەرپرسیارە، كە خەباتی بۆ بكات. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو كەس ‌و حزب ‌و لایەن ‌و جووڵانەوەیەك، تا لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، دەست لەناو دەست ‌و لەپێناو ئایندەیەكی باشتر، تێبكۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان كۆدەنگ بین. هەر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوكاریی دەخەینە ناو دەست.

لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچەكە، پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین ‌و، لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان، بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان، كار دەكەین. لەگەڵ هێز ‌و لایەنە عیراقییەكان و پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێین، بەڵام سازش ناكەین لەسەر ماف ‌و دەسكەوتەكان، كە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان ‌و، لە خاوەندارێتیكردن لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەپێی ماددەی 140 لە دەستووری وڵات خەبات دەكەین بۆ زامنكردنی یەكلاكردنەوەی كوردستانیبوونی چارەنووسیان. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە تا كوردێك لە كەركوك مابێت، یەكێتی دەمێنێت ‌و تا یەكێتیش بمێنێت، بەرگریی دەكات لە كەركوك ‌و تەواوی خاك ‌و خەڵكی كوردستان. لێرەوە یەكێتی پێداگر ‌و پشتیوانە بۆ سەرخستنی دانوستانەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا، لەسەر مووچە ‌و بودجەی هەرێم ‌و، لەسەر یەكلاكردنەوەی چارەنووسی خاك ‌و سنوور ‌و دەسەڵاتەكانمان، بە پشتبەستن بە بنەما نیشتمانی ‌و دەستوورییەكان.

ئەندامانی دڵسۆزی یەكێتی
لە چل ‌و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال ‌و سەركردە نەمرەكان و شەهیدەكانمان بەرز دەنرخێنین، پێداگریی دەكەین لەسەر گرنگیی یەكێتیی ناو یەكێتی ‌و دووپاتیدەكەینەوە كە یەكێتی، بە هەمووتانەوە پتەو ‌و یەكێتییە. ئەم رێگەیەش كە یٔێمە لە سەركردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەند پڕ هەوراز ‌و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادەین ‌و بەردەوام دەبین. جێی شانازییشە كە لەم كاروانەدا تەنها نین ‌و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی، بە خواستیان بۆ چاكسازی ‌و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەكان)، لەگەڵمانن ‌و بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵك ‌و دەسكەوتەكانی كوردستان، تێدەكۆشن. بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان ‌و، بە یەكدڵی ‌و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان،ئەم كاروانەش دەگاتەئەنجام ‌و وەك هەمیشە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشەنگ ‌و مێژوویی خۆی دەگێڕێت.

لەکۆتاییدا تەئکید لە ھەڤاڵانی یەکێتی دەکەینەوە کە لەبەر خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە ھیچ گردبوونەوە و بۆنەیەکی جەماوەری ساز ناکرێت بە سەردانی مەزاری مامی گەورەشمانەوە. ھەڤاڵانی یەکێتی ھاوکار و پێشەنگ دەبن لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان بۆ چاکەی گشتی و پاراستنی میللەتەکەمان. بەتایبەتی لەم شەپۆڵی دووەمی نەخوازراوی کۆرۆنادا. ھیوا دوارۆژی گەش بۆ ھەمووان دەخوازین و دڵیابن لە ئایندەی نزیکدا یادێکی شایستەی جەماوەری لە حزوری مەزاری سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە

بەرز‌و پیرۆز بێت یادی 45 ساڵەی دامەزراندنی (ی.ن.ك)

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

print

 235 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*