سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » عەباس عەبدولڕەزاق:یەکێتی لە ئەدەبیاتی شۆڕش و ئەدەبیاتی مقاوەمەدا رۆڵێکی گرنگی هەبوو

نوێ‌.. نوێبوونەوە

عەباس عەبدولڕەزاق:یەکێتی لە ئەدەبیاتی شۆڕش و ئەدەبیاتی مقاوەمەدا رۆڵێکی گرنگی هەبوو

لەشۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەڕابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشخستن و بوژانەوەی بواری رووناكبیریی و هونەریی و راگەیاندن یەكێك بووە لەو ئامانجە گرنگانەی شۆڕش كە هەر لەسەردەمی شاخەوە كاری بۆ كراوەو گرنگییەكی بەرچاوی پێدراوە، ئەم گرنگیپێدانەش دوای راپەڕین بەردەوامی هەبووە. بۆ ئەم مەبەستە كوردستانی نوێ لەیادی دامەزراندنی (45) ساڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە بەیادی (نوێ‌… نوێبوونەوە) دادەنرێت، ژمارەیەك هونەرمەندو رووناكبیر دەدوێنیت كە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە داینەمۆی شۆڕش و ئێستاش لەگەڵ نووێبوونەوەی یەكێتی بەردەوامن:

ئامادەکردنی: کەنار قاسم

لەمبارەیەوە عەباس عەبدولڕەزاق ناسراو بە (عەباسی ڤیدۆ) وتی:
دیارە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن چینێکی رۆشنبیرەوە دامەزرا، یەکێتی لە ناو قوڵایی کێشەکانی خەڵکەوە دروستبوو، بۆیە لە ئەدەبیاتی شۆڕش و ئەدەبیاتی مقاوەمەو ئەدەبیاتی شاخدا رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لە وشیارکردنەوەو هاندانی خەڵک و متمانە دروستکردن لەنێوان خەڵک و پێشمەرگە.

لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتییەوە چەندین گۆڤارو دەزگای رۆشنبیریی هەبوو، رێکخراوی هونەرمەندان هەبوو، هەر لەناو شۆڕشدا ئێمە شانۆی گەڕۆکمان هەبوو، یەکێک لەوانە (تیپی شانۆی شۆڕش) بوو کە لەسەر رێبازی نوێ کاری دەکردو سەرۆک (مام جەلال) وتاری لەسەر نووسیبوو، هەروەها تیپی شانۆی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبوو، ئەم تیپانە رۆشبیریی و گیانی شۆڕشگێڕانەیان دەگەیاندە ناو دێهاتەکان و گوندە ئازادکراوەکان.

گوندە ئازادکراوەکانیش ئەنجوومەنی سەربەخۆیان هەبوو، هەر ئەنجوومەنێکیش تیپێکی شانۆی هەبوو لەگەڵ گۆڤاری مانگانە، ئەمەش کاریگەرییەکی تەواوی دروستکردبوو، ئەو کاریگەرییەش وایکرد کۆمەڵێک پێشمەرگە ئەوکاتە بە کامێرەو سینەما کۆمەڵێک کار دۆکیۆمێنت بکەن، هەربۆیە ئەرشیفێکی باشی دۆکیۆمێنتی شاخمان هەیە کە من ئیشم تێدا کردووەو هەروەها (هێرۆخان) بەکامێراکەی ئیشی تێداکردووەو تائێستا ماون و پارێزراون، هەموو ئەمانەش بووەهۆی لە ئەگەرەکانی رووخانی رژێمی بەعس تەلەفزیۆن دابمەزرێنین، بۆ ئەوکاتە تەلەفزیۆن و رادیۆ رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە سەرتاسەری شۆڕشدا، دەتوانین بڵێین (رادیۆی گەلی کوردستان) مەدرەسەیەکی تایبەتی راگەیاندن بوو بۆ گەیاندنی بیروبۆچوونی یەکێتی بۆ شاخ و خەڵکی کوردستان، هەر لەشاخیش کۆمەڵێک فیلمی دۆکیۆمێنتاریمان بەرهەمهێنا، لەوێ ستۆدیۆیەکم هەبوو، یەکێک لەو فیلمانە (خەباتی مامۆستا) بوو کە د. فوئاد بردیە دەرەوەو لەوێ بڵاوبۆوە، هەروەها (بۆردومانی سماقوڵی) و (نەخۆشخانەکانی شۆڕش)، هەروەها فیلمێکی سێ سەعاتی بەناوی پەنجەرەی یاداشتەکان بەرهەمهات، ئەوکات هەڤاڵ (مام جەلال) بردییە دەرەوەو لە کاتی کۆنگرە لە (میلانۆ) نمایشکراو کراو بووە دەستکەوتێکی تری شۆڕش. هاوکات لە شاخ درامایەکمان وێنەگرت کە عەلی خان دەرهێنانی بۆ کرد و هەروەها کارێکی ترم بە ناوی (دیداری فاشییەکان) بەرهەمهێنا.

کە هاتینەوە شاریش دامەزراندنی تەلەفزیۆن یەکێکی تربوو لەدەستکەوتەکان. ئەوەبوو بە هەوڵی سەرۆک (مام جەلال) توانیمان تەلەفزیۆن دابمەزرێنین و رۆژی 11/4 یەکەم وتاری سەرۆک (مام جەلال) لەتەلەفزیۆن بە شێوەیەکی نیمچە راستەوخۆ پەخشکرا.

ئەم جوڵەیە لەشاخ بەو گڕوتینەوە بەردەوامبوو هەتا هاتینەوە شار و یەکەم رۆژنامەی کوردی دەرچوو لەناو جەرگەی یەکێتییەوە هاتە کایەوە ئەویش (کوردستانی نوێ) بوو کە رێچکەی خۆی گرت، کە رۆژنامەیەکی هاوشێوەی ئەو نەبوو لەوکاتەدا، هەرئەوکاتە سەرۆک (مام جەلال) رێگەخۆشکەر بوو بۆ نووسەران و هونەرمەندان کە تەنانەت رەخنە لە خودی شۆڕشیش بگرن.

print

 285 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*