سەرەکی » ئاراستە » مەسیحییەكان بڕۆنە دەرەوە لە وڵاتەکانمان

مەسیحییەكان بڕۆنە دەرەوە لە وڵاتەکانمان

د. ئەحمەد ئەلسەڕاف

و: كوردەوان محەمەد سەعید

نووسەری كوێتی د. ئەحمەد ئەلسەڕاف، یەکێکە لەنووسەرە دیارەکانی کوێت و جیهانی عەرەبی. لە دوایین وتاریدا بەناونیشانی» مەسیحییەكان لە وڵاتمان بڕۆنە دەرەوە « بەشێوەیەکی ساتیر ئامێز باسی لە مەسەلەی مەسیحییەکانی گێتی عەرەبی کردووە، لەهەمانکاتیشدا دژی فکری توندڕەویی ئیسلامی وەستاوەتەوە. دواتر نووسەر تووشی سەڕسوڕمان بوو كاتێك لە سەرچاوەیەكەوە زانی ئەو وتارەی تەرجەمە كراوە بۆ دەیان زمان‌ و دەیان ملیۆن كەس خوێندویانەتەوە؟
ئێمەش لەبەر گرنگی بابەتەکە پێمان باشبوو بیکەینە کوردی بۆئەوەی خوێنەرانی رۆژنامەکەمان ، ئاگاداری ئەم وتارە گرنگە بن. ئەمەش وتارەكەیە:

مەسیحییەكانی دیمەشق‌و یەبرود‌و مەعلولا لە وڵاتمان بڕۆنە دەرەوە.

مەسیحییەكانی موسڵ‌و نەینەوا ‌و بەغدا لە وڵاتمان بڕۆنە دەرەوە.

مەسیحییەكانی لوبنان لە چیاكان ‌و دۆڵەكانمان بڕۆنە دەرەوە.

مەسیحییەكانی فەلەستین ‌و جەزیرە لە كەنار دەریا‌و لە خاكمان بڕۆنە دەرەوە.

هەمووتان لە ژێر پێستمان وەرنە دەرەوە.

هەمووتان بڕۆنە دەرەوە، ئێمە رقمان لێتانە ‌و نامانەوێ لەناوماندا بن.

بڕۆنە دەرەوە، بێزاربووین لە پێشكەوتن ‌و شارستانی ‌و كرانەوە‌ و لێبوردەیی ‌و دۆستایەتی ‌و برایەتی ‌و پێكەوەژیان.

بڕۆنە دەرەوە، با سەرقاڵی یەكتر كوشتنی خۆمان بین.

بڕۆنە دەرەوە، ئێوە لە ئێمە نین‌ و ئێمەش لە ئێوە نین.

بڕۆنە دەرەوە، بێزار بووین لەوەی كە ئێوە لە میسر ‌و عیراق ‌و سوریا ‌و فەلەستین رەسەنن.

بڕۆنە دەرەوە با تەریق نەبینەوە كاتێك چاومان بەچاوتان دەكەوێت ‌و بە چاو دەپرسن چی رووی دا؟

بڕۆنە دەرەوە‌و لێمان گەڕێن بە دەردی خۆمانەوە دابنیشین، ئێوە كەسانێك هەیە پێشوازیتان لێبكات‌ و ئێمەش دەمێنینەوە، لێرە دوور لە ئێوە‌و لە خۆبادانتان بە زانست‌ و بەهرە ‌و لێهاتوویی‌ و شارەزاییتان دەمێنینەوە.

بڕۆنە دەرەوە‌و لێمان گەڕێن لەگەڵ دەمارگیریی ‌و رق ‌و كینەی خۆماندا بژین.

بڕۆنە دەرەوە، چیدی بەرگەی ئەوە ناگرین خۆتان بە شارستانییەوە بادەن، كە رۆیشتن دەست دەكەین بە تێكدانی ‌و سڕینەوەی شوێنەوارەكانی ‌و شكاندنی ئەوەی باب‌و باپیرانتان لە بت‌ و دەعبا ‌و بەرد ‌و هۆزان ‌و پەخشان‌ و چاند‌ و ئەدەب جێیان هێشتووە.

بڕۆنە دەرەوە، نە عیراق ‌و نە میسر ‌و نە سوریا و نە كوێت‌ و نە فەلەستین ‌و نە ئوردن ‌و نە باكووری ئەفریقای بۆنخۆشیش پێویستیان بە ئێوە نییە، پێویستمان بەوانەش نییە كە پێش ئێوە لەناوماندا ژیاون وەك قەرەج ‌و یەهود‌ و حەجەر.

بڕۆنە دەرەوە‌و بەزەییش لەگەڵ خۆتان ببەن، ئێمە دوای نوسرە ‌و داعش ‌و ئەلقاعیدە ‌و چەتەكانی دیكەی ئیخوان ‌و بەرهەمەكانیان پێویستمان بە بەزەیی ‌و هاوسۆزیی نییە، خوێنە دەڕژێ‌ و توندوتیژییە بڵاوە‌و دڵە پارچە پارچە دەبێت‌ و جەرگ دەخورێ ‌و زمان دەبڕێ‌ و گەردن لێك هەڵدەبڕێ‌ و چۆكان لە عەردی دەدرێن، دەگەڕێینەوە بۆ پزیشكیی كۆن، بۆ چارەسەر بە گژوگیا ‌و هەڵدانەوەی كتێبە كۆنەكان، دەگەڕێینەوە بۆ بەخت گرتنەوە بە لمی كەنار دەریا.

مەسیحییەكانمان، بڕۆن ‌و جەستەی جوبران جوبران ‌و سەرگۆن پۆڵس ‌و بەدەوی جەبەل ‌و ئەنستاس ئەلكەرملی ‌و یوسف‌ و ئەلسائغ‌ و سەعدی ئەلمالح‌ و ئەبنا تەقەلا ‌و یازجی ‌و بوستانی ‌و ئەختەل ئەلسەغیر لەگەڵ خۆتان ببەن، بڕۆن زانكۆ ‌و نەخۆشخانەكانیش لەگەڵ خۆتان ببەن، تەنانەت میخائیل نەعیمەش لەگەڵ خۆتان ببەن، ئێمە پێویستمان پێی نییە، بیرتان نەچێ مەی زیادە ‌و ئەبنا مەعلوف‌ و سڕوف‌ و ئەبنا غالی ‌و زیدان ‌و ئەلخازن ‌و بسترس ‌و سابت ‌و ئەلسەكاكینیش لەگەڵ خۆتان ببەن، ئەمانە هیچیان لە ئێمە نین ‌و ئێمەش لەوان نین.

بڕۆن‌و جێمان بهێڵن، دەمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ بیابانەكانمان، بیری شمشێر ‌و خۆڵ ‌و وشترەكانمان دەكەین، پێویستمان بە ئێوە‌و شارستانییەكەتان نییە، پێویستمان بە بەشداریی زمانەوانی ‌و هۆزانڤانی ئێوە نییە، خۆمان چەتە‌ و بكوژ ‌و خوێنڕێژمان زۆرە.

مەسیحییەكان، خۆتان ‌و رۆشنبیریتان لاچن لەبەر چاومان، چونکە ئێمە لە ئێستادا خەریکی رۆشنبیری گۆڕ هەڵكەندنین.

سەرچاوە: واڵی تایبەتی نووسەر

print

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*