سەرەکی » دۆسێ » وەزیری دارایی عیراق:داوای قەرزمان لە وڵاتان نەكردووە

سەردانی كوێت و ئیمارات و سعودیەی كرد

وەزیری دارایی عیراق:داوای قەرزمان لە وڵاتان نەكردووە

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی كوێت بڵاوكردەوە، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق نامەیەكی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە گەیاندە بەرپرسانی كوێت، بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش، عیراق داوای لە كوێت كردووە، لە قەرزەكانی خۆش ببێت یان وەرگرتنەوەیان دوابخات.

عیراق لە سایەی دابەزینی نرخی نەوت، دووچاری تەنگژەیەكی دارایی نائاسایی بووە و بۆ سوككردنی بارگرانی سەر حكومەتیش، پەنای بۆ داواكردنی قەرز بردووە لە وڵاتانی ناوچەكە، لەو چوارچێوەیەشدا عەلی عەللاوی وەزیری دارایی لەم ماوەیەی دواییدا سەردانی هەریەك لە كوێت و سعودیە و ئیماراتی كرد.

لەبارەی سەردانەكەی عەللاوی بۆ سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەڕێی تویتەرەوە بڵاوكردەوە، لە گفتووگۆی نێوان هەردوولادا، پێداگری لەسەر پتەوكردنی ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنان كراوەتەوە، بەپێی ڕۆژنامەیەكیش، شانشینی عەرەبی سعودیە و ئیمارات داوایان لە عیراق كردووە، سنورێك بۆ هەژموونی ئێران لە وڵاتەكەیدا دابنێت.

لەبەرانیەردا وەزیری دارایی عیراق دەڵێت”وەرچەرخان لە پەیوەندییە ئیقلیمییەكاندا نابێتە مایەی ئاوڕدانەوە لە وڵاتێك و پشتكردنە وڵاتێكی تر، بەڵام ڕەنگە هاوشان بێت لەگەڵ چەند گۆڕانكارییەكی سیاسی”.
بە وتەی عەلی عەللاوی”ئەو بە تەواوەتی بەشێكی نوێ‌ دەستپێناكات، بەڵام هیوادارە لاپەڕەی جیاواز لەو بەشە بكرێتەوە”.

وەزارەتی دارایی عیراق ڕەتیكردبۆوە بڕی 3 ملیار دۆلاری لە سعودیە قەرزكردبێت لە میانی سەردانەكەی عەللاوی بۆ ڕیاز، بەڵام ڕایگەیاندبوو، لە حاڵەتی تەواوكردنی پرۆژە پێشنیاركراوەكانی سعودیە، ڕەنگە سەرمایەكە بگاتە زیاتر لەو ژمارەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری دارایی و ئابووری عیراق وەك پابەندبوون بە بڕیارەكانی خەزێنەی ئەمریكا دەستبەرداربوونی وڵاتەكەی لە كڕینی غاز و كارەبای ئێران ڕاگەیاند.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عیراق لە وڵاتی سعودییە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوایدا رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی دەستبەرداری هێنانی غاز و كارەبا دەبن لە ئێرانەوە وەك پابەندبوون بە بڕیارەكانی خەزێنەی ئەمریكا.
بە وتەی عەللاوی»لە ئێستا لە وڵاتی سعودییەن بۆ واژۆكۆدنی گرێبەستی ڕاكێشانی كارەبا لە سعودییەوە بۆ عیراق، ڕەتیشیكردبووە، داوای هیچ بڕە پارەیەكی لە سعودیە كرد بێت وەك قەرز بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكانی بودجە، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستبووە.

هەر سەبارەت بە رەتكردنەوەی دەنگۆی داواكردنی قەرز لە وڵاتانی كەنداو لەلایەن وەزیری دارایی عیراق لە سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ كوێت و ئیمارات و سعودیە، وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاندبوو كە بەهیچ شێوەیەك عیراق داوای قەرزی لە سعودیە نەكردووە.

لە نامەیەكیدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كە بۆ پادشای سعودییەی ناردووە داوایكردووە، پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات پێشبخەن و دەنگۆی قەرزكردنیشی لەو وڵاتە ڕەتكردەوە.
وەزارەتی دارایی عیراق لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندبوو» عەلی عەللاوی وەزیری دارایی لە میانی سەردانەكەی بۆ سعودیە، هیچ بڕە پارەیەكی لە سعودییە بە قەرز وەرنەگرتووە و ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەشەوە بڵاوكراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە.

حكومەتی عیراق تاكو ئێستا قەرزی لە بانكەكانی ڕافیدەین، ڕەشید، بازرگانی عیراق، كردووە و بەبۆچوونی ئەندامێكی لیژنەی درایی پەرلەمانیش، ئەو قەرزانە لە داهاتوودا زیان بە وڵات دەگەیەنن.
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ئەو قەرزانەی، كە حكومەتی عیراق دەیانكات لە بانكەكانی ناوخۆ ، چەند سوودێكی هەیە هاوشێوەی بانكە نیودەوڵەتییەكان، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمە شتێكی ڕاست و گونجاو نییە، چونكە لە داهاتوودا سودی زۆری دەچێتە سەر و دەبێتە بارگرانی لەسەر حكومەتی عیراق.
بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی، «گەر ئەم قەرزە ناوخۆیانەی حكومەت بۆ پڕۆژەیەك یان مەبەستێكی دیاریكراو نەبێت، ئەوا كێشە لە داهاتوودا دروست دەكات و دەبێتە كێشەی ئابووری بۆ داهاتی عیراق، بە تایبەت گەر ئەم قەرزە بۆ پڕۆژەی وەربەرهینان بەگەڕ نەخرێت».

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە داهاتی مانگانەی عیراق لە فرۆشتنی نەوت لە 6 ملیار دۆلارەوە بۆ 1.5 ملیار دۆلار كەمی كردووە و ئەوەش كێشەی ئابووری و دارایی بۆ حكومەت دروست كردووە، بەتایبەتیش لە رووی دابینكردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی دەزگا حكومییەكان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كورتهێنانی بودجەی گشتی عیراق ڕێژەی چاوەڕوان كراو تێدەپەڕێنێت و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت» بودجە بۆ 6 مانگ بۆ مووچە و بەشەخۆراك ئامادە دەكەن».

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ئێستادا حكومەتی عیراق مانگانە لە فرۆشتنی نەوت نزیكەی 1.5 ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت، لەكاتێكدا لە مانگەكانی ڕابردوودا نزیكەی 6 ملیار دۆلاری دەست دەكەوت ، ئەمەش كێشەی دارایی گەورەی بۆ عیراق دروست كردووە.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان، بۆ میدیاكانی عیراق رایگەیاندبوو» كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ گەیشتۆتە 69 تریلیۆن دینار و ئەوەش كورتهێنانێكی بێ‌ پێشینەیە لە بودجەدا، بۆیە پێویستە حكومەت بەزوویی بێتە سەر خەت و چارەسەری بكات». بە وتەی قەدۆ»ئەگەر نرخی نەوت زیاتر لەوەی ئێستا هەیە دابەزێت كورتهێنانی بودجە دەگاتە 75 تریلیۆن دینار».

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت» بودجەیەك بۆ عیراق ئاكادە دەكرێت، كە بۆ ماوەی 6 مانگ دەبێت و تایبەت دەبێت بە مووچە و پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی و بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان».
نرخی نەوت بەڕێژەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكانی جیهانی دابەزیوە و لە ئێستادا نرخی نەوتی برێنت تەنیا لە سنوری 35 دۆلاردایە، حكومەتی عیراقیش بڕێكی كەمتری لەو پارەیە دەست دەكەوێت لەكاتێكدا نرخی بەرمیلێك لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بە زیاتر لە 50 دۆلار خەمڵێنرابوو، ئەمەش قەیرانێكی گەورەی دارایی بۆ عیراق دروست كردووە، چونكە بودجەی ساڵانە 95%ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

print

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*