سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئەمریكا و عیراق بەرەو قۆناغێكی نوێ

دەر و دراوسێ

ئەمریكا و عیراق بەرەو قۆناغێكی نوێ

دوای گۆڕانكارییە خێرا و چاوەڕوان نەكراوەكانی ناوچەكە و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین، لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سەرەتای ئەمساڵ، بەتایبەتی لایەنە شیعەكان بە كشانەوەی هێزە بیانییەكان «روونتر ئەمریكییەكان» لە عیراق، ئێستا گەڕێكی تری گفتوگۆ لە نێوان هەردوو حكومەتی واشنتۆن و بەغدا و نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیش، دەستی پێكردووە ‌و دۆسێی گفتوگۆكە چوار بواری گرنگ لە خۆدەگرێت:

1. سیاسی

2. ئاسایش

3. ئابووری

4. رۆشنبیری

لە بواری سیاسیدا هەردوولا تێبینی و زانیاری لەسەر نێردە دیپلۆماسییەكانی یەكدی دەگۆڕنەوە، بەڵام پێدەچێت بوار و دۆسێی گەرم و گرنگ لایەنی تەناهی و ئاسایش بێت، كە لە نێو بڕگە و بەندەكانیدا ئایندەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەبێت. هەرچەندە سەرەتا وتوێژەكان تەكنیكی دەبن و لە شەش مانگدا تاوەكو ساڵێك دەخایەنن ‌و لەسەر ئاستی بریكار و جێگری وەزیر بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی رێكەوتنێكی ستراتیجی نوێیە.

خاڵی لاوازی عیراق لەم گفتوگۆیەدا
هەرچەندە فوئاد حسێن دوای رۆژێك لە دەستبەكاربوونی وەكو وەزیری دەرەوە، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق، رایگەیاند، كە هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات، هەرچەندە بە درێژی و بە راشكاوی جۆری ئەو ئامادەكارییە روون نەكرایەوە، چونكە پێناچێت ئێستا عیراق هیچ كارتێكی بەهێزی بەدەستەوە بێت بۆئەوەی گفتوگۆیەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریكادا بەڕێوەبەرێت، بەهۆی شپرزەیی بارودۆخی عیراق لە رووی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە و ململانێ درێژخایەن و كەڵەكەبووەكانی عیراق. لەبەر هەموو ئەو فاكتەرانە، گومان لە توانای وتوێژكارانی عیراق دەكرێت كە بتوانن وتوێژێكی بەرهەمدار و راشكاو بەڕێوەبەرن لە بەرامبەر وتوێژكارانی ئەمریكا، كە بەرچاویان روونە و دەزانن چی دەخوازن.

جگە لەوانەش، كاتی وتوێژەكەش كاتێكی گونجاو ‌و لەبار نییە بۆ حكومەتی عیراق، كە مانگێك و چەند رۆژێكە پێكهاتووە و هەموو دۆسێ و وەرەقەكانی ناودەستی خۆی وەكو پێویست رێك نەخستووە ‌و ترسی ئەوە هەیە لە لایەن زۆر لایەنی عیراقییەوە سازش بكرێت و عیراق بەرگەی فشارەكانی ئەمریكا نەگرێت، لەبەرئەوەی ئێستا عیراق پێویستی بە كۆمەك و هاوكارییە لە رووی ئاسایش و ئابووریشەوە.
لەلایەكی تریشەوە، هەندێك لایەنی عیراقی بە دیاریكراوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران، دەخوازن هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بكەنە دەرەوە، هەرچەندە كورد و سوننەكان لەگەڵ ئەم بۆچوونەی شیعەكاندا یەكناگرنەوە ‌و هەروەها شیعەكان لەنێو خۆشیاندا هەموو هاوڕانین، بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندی و خواستی ئەمریكا یەكلایی دەكاتەوە لەوەی ئەگەر خواستی مانەوەی هەبێت دەمێنێتەوە و بە شێوازی تایبەتی خۆی عیراق قایل دەكات، ئیتر لە رێگەی هێز یان پێدانی ئیمتیاز و سازشەوە بێت.

لەلایەكی تریشەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، كە گفتوگۆكانیان گشتی دەبێت و هەموو بوارەكان دەگرێتەوە و دۆسێی ئاسایش یەكێكە لە دۆسێ گرنگەكانی تری وەكو ئابووری و سیاسی ‌و مافەكان و رۆشنبیری ‌و هیچیان لە یەك جیاناكرێنەوە.

هەرچەندە بڕیار بوو گفتوگۆكان راستەوخۆ و رووبەڕوو لە بەغدا ئەنجام بدرێن، بەڵام دواتر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە شێوازی بەڕێوەچوونەكەی گۆڕدرا بۆ كۆنفرانسی تەلەفزیۆنی داخراو.

لە كۆتاییدا، ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە هەرچەندە ئەمریكییەكان وەكو هەندێك سەرچاوە باسی دەكەن، بە مستەفا كازمی-یان راگەیاندووە، بەوەی لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەن هێزەكانیان لە عیراق بە تەواوی بكشێننەوە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر دەڵێن كە ئەو لێدوانەی ئەمریكا تەنها رووكەشە و لەو متمانە زۆرەوە هاتووە بە كازمی، كە شارەزاییەكی زۆری بواری ئاسایشە و ریسك بەوەوە ناكات تاكو پشتیوانی سەربازی و ئاسایشی ئەمریكا لە دەست بدات، لە كاتێكدا لە چەندین ناوچەی عیراقدا جموجۆڵی داعش بە دی دەكرێت، عیراق لەبەر مەترسی گەورەدایە، بە تایبەتی سەرهەڵدانەوەی سیناریۆی 2014 لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011 لە سەردەمی ئۆبامادا، بۆیە عیراقییەكان لە هەوڵدان كە پاڵپشتی و هاوكاریی ئەمریكا لە دەست نەدەن، بە تایبەتی لە رۆژئاوای عیراق لە بنكەی عەین ئەلئەسەد و لە باكووریش لە هەرێمی كوردستان لە بنكەی حەریر چالاكییە سەربازییەكانیان ئەنجام بدەن، جگە لەوانەش یارمەتیی ئابووری بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری و پێدانی قەرز و فشار لە كۆمپانیاكان، بۆئەوەی پەلە لە عیراق نەكەن بۆ گێڕانەوەی قەرزەكان.

لە بەرامبەریشدا ئەمریكییەكان لە حكومەتی عیراق دەخوازن سنوورێك بۆ جموجۆڵی میلیشیا شیعەكان دابنێت، تاكو پەلاماری باڵیۆزخانە و بنكە سەربازییەكانیان نەدەن.

print

 299 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*