سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆرۆنا له‌ ئه‌ڵمانیا

كۆرۆنا له‌ ئه‌ڵمانیا

هاتنی كۆرۆنا بۆ ئه‌ڵمانیا له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی 3ی ئه‌مساڵدا بوو، كاتێك دوو كه‌س له‌ كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ چین گه‌ڕابوونه‌وه‌ و توش ببوون، له‌وانیشه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی هه‌مان كۆمپانیا توشی بوون و سه‌ره‌نجام حكومه‌ت كۆمپانیاكه‌ی داخست، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ له‌ رێی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ چین و ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌، بڵاوبۆوه‌ و له‌ سه‌ره‌تای مانگی چواردا ژماره‌ی توشبووان زۆر به‌رزبۆوه‌ و رۆژانه‌ ده‌گه‌یشته‌ 3 بۆ 4 هه‌زار كه‌س، چونكه‌ ئه‌وكات پێداویستییه‌كانی خۆپاراستن له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌ك دستكێش و ماسك و ده‌رمانی پاككه‌ره‌وه‌ ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت و ئه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ بازاڕه‌كاندا فرۆشران ‌و ته‌واوبوون.

ئه‌ڵمانیا بۆ ئه‌م په‌تایه‌ به‌باشی خۆی ئاماده‌ نه‌كردبوو، جگه‌ له‌وه‌ش ڤایرۆسه‌كه‌ی نه‌ده‌ناسی، بۆیه‌ نه‌یده‌زانی چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.

رۆبه‌رت كوخ
له‌ دوای ئه‌وه‌ی ئینیستیۆتۆی رۆبه‌رت كۆخ كه‌ ده‌زگایه‌كی حكومییه‌ و سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌، كاری ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كان و توێژینه‌وه‌ و رێنماییكردنی حكومه‌ته‌ له‌ بواری ته‌ندروستیدا، هۆشداریدا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وا بڕوات 70%ی خه‌ڵكی ئه‌ڵمانیا توشی ئه‌و په‌تایه‌ ده‌بن و ده‌بێ زوو رێكاری ته‌ندروستی و خۆدوورگرتن له‌ یه‌كدی پیاده‌ بكرێت، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌ستبه‌جێ به‌پلانێكی تۆكمه‌ و گونجاو ده‌ستیكرد به‌ رێنمایی و دانانی یاسا، بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و ئه‌و پلانانه‌ش له‌ ڕێی شاره‌زایانی بواری ڤایرۆس و په‌یمانگه‌ی رۆبه‌رت كۆخ-ه‌وه‌ نه‌خشه‌یان بۆ داده‌ڕێژرا و له‌و كاتانه‌دا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجێلا مێركل و سه‌رۆكانی حكومه‌تی هه‌ر 16 هه‌رێمه‌كه‌، به‌ ئۆنلاین زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان ساز ده‌دا و بڕیار و راسپارده‌یان ده‌رده‌كرد، بڕیاره‌ گرنگه‌كانیش ئه‌مانه‌ بوون:

ئه‌و رێكارانه‌ی ئه‌ڵمانیایان پاراستووه‌

1- دووری نێوان هه‌ر دوو كه‌س نابێت له‌ یه‌ك مه‌تر ‌و نیو كه‌متر بێت.

2- به‌ستنی ده‌مامك به‌ ئیجباری.

3- داخستنی هه‌موو بازاڕ و دوكان و كۆمپانیاكان، جگه‌ له‌وانه‌ی كاری هێنان و بردن و فرۆشتنی خۆراك ده‌كه‌ن.

4- وه‌ستاندنی هه‌موو گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان.

5- داخستنی سنووری وڵاتانی ده‌وروبه‌ری.

6- داخستنی باخچه‌ی ساوایان و خوێندنگه‌ و زانكۆكان.

7- حكومه‌ت بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی رانه‌گه‌یاند، به‌ڵام ده‌بوو خه‌ڵك له‌ دوو كه‌س زیاتر نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌كرا.
به‌ كورتی به‌هۆی ئه‌و رێنماییانه‌وه‌ و هه‌ستكردنی هاووڵاتی به‌ لێپرسراوێتی و هۆشیارییان، خه‌ڵك به‌گشتی له‌ ماڵه‌وه‌ خۆی كه‌ره‌نتینه‌ كرد و زۆربه‌ی كاری رۆژانه‌ی هاووڵاتیان بوو به‌ ئۆنلاین.

بۆچی خه‌ڵكی كه‌متر مردوون وه‌ك له‌ وڵاتانی تر؟

له‌ هه‌موو ئه‌ڵمانیادا كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی 83 ملیۆن كه‌سه‌، 187 هه‌زار كه‌س توشبوون و 171 هه‌زاریان چاكبوونه‌ته‌وه‌ و 8 هه‌زار ‌و 800 كه‌س مردوون، كه‌ كۆی گشتی ته‌مه‌نیان سه‌ر و 70 ساڵ بوون، ئه‌وانه‌ خۆیان نه‌خۆشبوون یان به‌هۆی پیرییه‌وه‌ توانای به‌رگریان كه‌متر بۆته‌وه‌، بۆیه‌ مردوون، واته‌ له‌ كۆی هه‌موویان ئێستا ته‌نها نزیكه‌ی 8000 كه‌سێك ماون كه‌ نه‌خۆش بن و له‌وانیش ته‌نها 500 كه‌سێكیان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانن و له‌ ژێر چاودێریدان، كه‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر نییه‌ له‌ چاو ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی.

مردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌مه‌ش له‌ چاو توشبووان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌:

یه‌كه‌م/ هۆشیاریی ته‌ندروستی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، كاتێك توشبوو خۆی و خه‌ڵكی تری پاراست و رێنماییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی جێبه‌جێكرد، هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسییه‌كانیش كه‌متر ده‌بنه‌وه‌.

دووه‌م/ به‌رزی ئاستی توانای كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ ئه‌ڵمانیا.

سێیه‌م/ رۆژانه‌ زیاتر له‌ 500 كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌كان پشكنینیان بۆ ده‌كرا، واته‌ به‌رله‌وه‌ی بكه‌ونه‌ حاڵه‌تی مه‌ترسیداره‌وه‌، كه‌ره‌نتینه‌ده‌كران و ئه‌وانه‌ی ته‌ندروستییان خراپ بوایه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌خه‌وێنران، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا له‌چاو هه‌موو جیهان و ئه‌وروپا به‌پێی رێژه‌ی توشبووان و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی، خه‌ڵكی كه‌متر بمرن وه‌ك له‌ وڵاتانی تر.

حكومه‌ت چی بۆ خه‌ڵك كردووه‌؟

پیاده‌كردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ بێ هۆکار نه‌بوو، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ت ته‌نها ئه‌رك به‌سه‌ر هاووڵاتیدا نه‌سه‌پێنێت و له‌ دووره‌وه‌ سه‌یریان بكات، مافیشی بۆ ده‌ستبه‌ركردن، قه‌ره‌بوی سێ مانگی هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا و كارگه‌ و دوكان و بازاڕانه‌ی كرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی داخستنه‌وه‌ زیانیان لێكه‌وتبوو. قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ مانگانه‌ی كرێكاره‌كانیان بده‌ن، حكومه‌ت پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ته‌رخانكرد بۆ رێگرتن له‌ داڕمانی باری ئابووری وڵات، كه‌ به‌شی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر باج و پیشه‌سازی بنیاتنراوه‌. په‌رله‌مان كۆبۆوه‌ و بڕیاریدا 730 ملیار یۆرۆ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ته‌رخان بكات. ئه‌وپاره‌یه‌ به‌سەر هه‌موو بواره‌كاندا دابه‌شكراوه‌، راسته‌ زیانی ئابووری زۆر گه‌وره‌ به‌و وڵاته‌ كه‌وتووه‌، كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵین له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌، وڵات قه‌ت وای به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ته‌رخانكردنی ئه‌و پاره‌ زۆره‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاهێك بێنێته‌وه‌ به‌ر هاووڵاتی و سه‌رمایه‌دار و كرێكار و دوكاندا و هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.

له‌م رۆژانه‌دا بڕیارێكیان ده‌ركرد به‌ پێشكه‌شكردنی 300 یۆرۆ بۆ هه‌ر منداڵێك، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا خانه‌واده‌كان زۆربه‌ی كات له‌ ماڵه‌وه‌ بوون و سه‌ره‌ڕای ئیش و كاری رۆژانه‌، به‌ ئۆنلاین خه‌ریكی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان بوون و به‌هۆی داخرانی خوێندنگه‌ و باخچه‌ی ساوایان، كاتی زۆریان پێوه‌ به‌سه‌ر بردوون، ته‌نها ئه‌و 300 یۆرۆیه‌ به‌ نزیكه‌ی 6 ملیار یۆرۆ له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌وتووه‌، جگه‌له‌وه‌ش بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی داهاتوو باجی گشتی كه‌ 19% بوو، كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ 16% و هی خوارده‌مه‌نیش كه‌ 7% بوو كرا به‌ 5%.

ئێستا دۆخەکە چۆنه‌؟

ئێستا كۆرۆنا له‌ ئه‌ڵمانیا تا دێت به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و ژماره‌ی توشبووان له‌ نێوان 200 بۆ 300 كه‌سه‌. ژماره‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ژێر ئه‌و سنووره‌ی كه‌ ده‌یانخواست به‌دیبهێنن، ئه‌ویش بۆ هه‌ر 100 كه‌س یه‌ك كه‌س بوو، ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وتیان ده‌بێ رێنماییه‌كان ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌دیبهێنێ و خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا توانیویانه‌ ‌و ئه‌نجامه‌كه‌ بۆته‌ نیو ئه‌وه‌نده‌، ئێستا نزیكه‌ی له‌ هه‌ر 2000 كه‌سێك ته‌نها یه‌ك كه‌س رۆژانه‌ توشی ده‌بێت. له‌چه‌ند رۆژی رابروودا به‌هۆی شاره‌زابوون له‌و په‌تایه‌ و زانینی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، حكومه‌ت به‌ پلانێكی تر ده‌ستیكرد به‌ هه‌ڵگرتنی هه‌ندێك رێكار، ئه‌ویش به‌ قۆناغ و به‌ مه‌رجی راگرتنی پاك و خاوێنی و دووری نێوان كه‌سه‌كان، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ نراوه‌:

1-هه‌موو چێشتخانه‌ و سه‌رتاشخانه‌ و ئوتێله‌كان كرانه‌وه‌.

2-بازاڕه‌ گه‌وره‌كان وه‌ك مۆڵ و ماركێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی، شێوازی رووبه‌ر كراوه‌ته‌ مه‌رج، واته‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك 20 مه‌تر چوار گۆشه‌ ته‌رخانكراوه‌.

3- هه‌موو جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری تا كۆتایی مانگی ئاب قه‌ده‌غه‌یه‌ ‌و نابێت له‌ دوو خێزان زیاتر كۆببنه‌وه‌، به‌ مه‌رجێك له‌ 10 كه‌س زیاتر نه‌بن.

4- هۆڵه‌كانی وه‌رزش كرانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌بێ له‌ كاتی چوونه‌ ژوووره‌وه‌ ده‌مامك به‌كاربهێنن.

5-باخچه‌كانی ساوایان بۆ ئه‌وانه‌ی زۆر پێویستیانه‌ و دایك و باوكیان كارده‌كه‌ن، كرانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌رجی چاودێری توند.

6-گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا كرانه‌وه‌ و گه‌شتی ئاسمانی 160 وڵات تا 31 ئاب قه‌ده‌غه‌ن.

7-بڕیاریدا سنووری خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ نه‌مسا و فه‌ره‌نسا و دانیمارك و سویسرا له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ بكاته‌وه‌.

له‌سه‌ر چۆنێتی به‌ره‌نگاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و رێنمایی هاووڵاتیان و خزمه‌تی كه‌رتی و ته‌ندروستی و ده‌ستكراوه‌یی حكومه‌ت له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هه‌وڵی بوژاندنه‌وه‌ی باری ئابووری، خه‌ڵك له‌ حكومه‌ت رازین و به‌پێی راپرسییه‌كان كه‌ له‌م دواییه‌دا كراون، هاوپه‌یمانێتی حكومه‌تی ئیئتیلاف كه‌ له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كریستیان و پارتی كریستیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پارتی سۆسیال دیموكرات پێكهێنراوه‌، ئێستا ره‌واجیان له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ نێوه‌ندی سیاسیدا زیادیكردووه‌ و به‌ گشتی خه‌ڵك له‌ حكومه‌ت رازین. به‌ پێچه‌وانه‌ی پێش كۆرۆنا كه‌ نازییه‌ نوێكان یان راستڕه‌وه‌كان وه‌ك پارتی ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌میشه‌ له‌ راپرسییه‌كاندا له‌ بره‌ودابوون، ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆنن و دژایه‌تی حكومه‌ت و سیاسه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ره‌واجیان به‌ره‌و دابه‌زینه‌.

هه‌نگاوه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین

له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ده‌یان كۆمپانیا و فابریكی ده‌رمان خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی دژه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ن. له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ چوار كارگه‌ و تاقیگه‌دا خه‌ریكن و ناوه‌ناوه‌ بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كه‌ و له‌م رۆژانه‌دا حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا 100 ملیۆن یۆرۆی پێشكه‌ش به‌ كۆمپانیایه‌كی دروستكردنی ده‌رمان كردووه‌ به‌ناوی “بیونتیك” كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ خه‌ریكه‌ و گوایه‌ له‌م مانگه‌دا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكدا تاقی ده‌كاته‌وه‌ و 200 كه‌س وه‌ك خۆبه‌خش خۆیان نووسیوه‌ تاكو له‌ سه‌ریان تاقی بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندنی ئه‌و كۆمپانیایه‌، بڕیاره‌ له‌ پایزی داهاتوودا بگه‌نه‌ ئه‌نجامی باش و به‌پێی وته‌كانی وه‌زیری ته‌ندروستیش بێت، له‌ كۆتایی ساڵدا ڤاكسینه‌كه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت.

دوا هه‌واڵی تازه‌ش كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌ندا پاره‌یه‌كی زۆریان داوه‌ته‌ كۆمپانیه‌یه‌كی به‌ریتانی، كه‌ ناوی “ئه‌سترا زینیكا”یه‌ و به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ زانكۆی ئۆكسفۆردی به‌ریتانی، به‌ نیازن به‌مزووانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجامی باش و ئه‌و وڵاتان گرێبه‌ستیان كردووه‌ بۆ كڕینی 400 ملیۆن له‌و ڤاكسینه‌.

print

 217 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*