سەرەکی » مانشێت » سەرۆک کۆمار: چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان

سەرۆک کۆمار: چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان

ئەمڕۆ دووشەممە د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا و دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە خرایەڕوو.

لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و چۆنێتی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە لە زۆربەی بوارەکاندا، ھاوکات جەختیشکرایەوە لەگرنگی پارێزگاریکردن لە سەروەریی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار مکوڕی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەو جیهان، ھاوکات بەبایەخیشەوە باسی لە رۆڵی یەکێتیی ئەوروپا کرد لە جەنگی دژ بە تیرۆر. هەروەها ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی عیراق بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات، جەختیشیکردەوە لەپێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرەنجامەکانی پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووری.

لەلای خۆیانەوە باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا، تەئکیدیان لە پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ سەروەری و سەقامگیریی عیراق و پابەندبوونیان بە هەوڵەکانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا کردەوە بەجۆرێک زامنی سەلامەتی گەلان بکات.

print

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*