سەرەکی » کەلتوور » حسێن میسری هونەرمەندێکی فرە بەرهەمپەڕە 4

حسێن میسری هونەرمەندێکی فرە بەرهەم

یاسین قادر بەرزنجی

لە یەکەم ساتی بینینەوە، هەستم کرد کەسێکە و هەر بۆ شانۆ و نواندن و پاشانیش درامای تەلەفزیۆنی هەموو خەون و خەیاڵی داگیرکردبوو، هەمیشە خۆ پەروەردەکردن و نەوەستان و بەردەوامیی خەسڵەتی ئەو هاوڕێ کەرکوکییە بوو کە دواتر بووە خەڵکی سلێمانی و هەموو کوردستان.

حسێن میسری، دەروێشانە دەژیا، دەروێش لە خانەقای پڕ لە سرووتی هونەردا، رەفتار و ئاکاری هونەرمەندانە بوو، سادە و خاکەڕا، زیرەک و لەخۆبردوو، روو لە دەروازەکانی داهێنان و تازەگەری، هەژاری و دەردەسەری ژیان نەیانهێشتبوو ئەو کوڕە ئەسمەرەی (رەحیمی چایچی) بە خوێندن شاد بێت، بەڵام فێرگەی ژیان، فێری خوێندەواری و رۆشنبیریی و نووسەرییان کردبوو.

بەڵێ کاکە حسێن کتێب خوێن بوو، رووناکبیر بوو، ئاگای لە ئەدەبیات و تێکستە شانۆییە جیهانی و عەرەبیەکان بوو، لە کۆڕەکانی پڕ لە خۆشەویستی و هاوڕێیەتیدا هەمیشە خاوەن وتە و گوتاری خۆی بوو.

ئەو شانۆی کردبووە ماڵی هەمیشەیی خۆی، سەرەتاکانی کارکردنی (ئەکتەری) کردبووە پیشەی، سەرەتا کەرکوکی سەرچاوەی ئیلهام و خەونەکانی، بەزمانی عەرەبی لە چەندین نمایشدا ئەکتەری زاڵ و سەرکەوتوو بووە، کە بار و بارگەشی هاتە سلێمانی- ی وڵاتی شانۆ و هونەر، دووبارە حسێن درەوشاوە بوو، لەو کارانەی بەخت یاوەرم بوو و بە دیتنیان شاد بووم، میسری ئەکتەری چالاک بوو، بەڵام (دەرهێنان) کردیە ریژسێوری خاوەن خەسڵەت و ستایلی خۆی، سەرجەم دەرهێنانە شانۆییەکانی لێرە و لەوێ بوونە ژمارەی گەورە و دەیان ئەکتەری لاو و خاوەن ئەزموون لە سایەی کارەکانی میسریدا هەناسەی شادمانیان هەڵدەمژی.

بەندە، بەتەنیا لە یەک شانۆگەری ئەو دەرهێنەرەدا بەشداربووم، (گۆڕستانێکی بێ گۆڕ)ی 2001، وەک ئەکتەری ئەو قەسیدە شاکارەی (قوبادی جەلی زادە)ی هەڵکەوتوودا کە تایبەت بوو بە کارەساتی (ئەنفال) ی کورد، دەرهێنانی نمایشەکەش دووبارە رەنگی شیعری گرتبوو، فرمێسکی لە چاوی بینەران رژاند، لە رۆژانی پڕۆڤەدا هەستم بە توانا و دڵسۆزی و جوانناسی و هزر و فراوانیی ئەو دەروێشەی شانۆ دەکرد.

پاشانیش، کە لە ساڵی 2001 لەگەڵ هونەرمەند عەلی کەریم دا پێشنیازی بەشدارییمان کرد بۆ بەرجەستەکردنی کاراکتەرێکی (خۆرنەوازان) بە خۆشحاڵییەوە بوومە هاوڕێی کاریان. ئەوە بووە سەرەتایەکی نوێی هاوڕێیەتیمان، هاوڕازی لە دنیای پڕ لە ئەفسوونی هونەری نواندن و درامادا.
(خەمی چۆلەکەکان)ی خاک کە میسری نووسیبووی و دەرهێنەری بوو، منی کردە (هەڤاڵ)ی یەک لە پاڵەوانەکانی دراماکە، لەپاڵ ژمارەیەکی هەڵبژاردە لە خوشک و برا ئەکتەرەکانمان، ئیدی زیاتر (میسری) م ناسی و لە خەسڵەتە جوانەکانی زیاتر شارەزا بووم، ئەوە 2001 بوو، دوای ساڵێک لە کاروانی کارەکانی ئەو هاوڕێ برایەمدا بوومە بەشداری (رەشەی پۆلیس).

لەگەڵ هەموو سەرنجێکدا (کە کاری گرنگ سەرنج بەدوای خۆیدا دێنێ) ئەو دوو کارە بوونە پەیڤی جوانی یادگارە هونەرییەکانم.

لەو دوو کارەدا بینیم: حسێن میسری هەروەک شانۆ، دەروێشێکی سەرگەرمی ئەم ژانرە درامییەش بوو، بینیم:
*پیاوێکی راستگۆ.

*بێ تەماع و لەخۆبردوو.

*حورمەتی ژن و منداڵی لە چاوەکانیدا پاراستبوو.

*بینیم، بەرامبەر ئەم برا هاوڕێیەی خۆی رێز و موحیبەتی لێ دەباری، هەمیشە ناوی کارەکانی لەوەوبەرمانی دەکرد و دەیوت لەوانەوە زۆر زۆر فێربووم.

*ئەوانەم هەموو تیادا دەبینی، بەڵام هەرگیز بە خەونیش نەمدەدی ئاوا بە مەرگێکی کتوپڕ (حسێن میسری) تەختەی شانۆ و شاشەی بچووک و خاتوو (چیمەن ئیسماعیل)ی هاوژیان و هاوڕێی هونەرەکەی (یارۆ)ی کوڕە تاقانەکەی جێبێڵێت.

*هەرگیز حسێنم نەدیبوو و لێشم نەبیستبوو بڵێ بە سەفەرێکی ئەبەدیی جێتان دێڵم.

یادت بەخێر کاکە حسێن گیان، هونەرمەندە ناوازەکەی شانۆ و درامای کوردی.

 

 1,102 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*