قولولولوو

گەرچی زۆرێک لە رەخنەگران رایان وایە رۆمان و چیرۆک دەبێ بەزمانێکی بنووسرێ کە زۆرینەی خەڵکی بتوانن لێی حاڵی ببن، واتە بەو زمانەی زۆرینە قسەی پێ دەکەن. بەڵام هێشتاش زۆر نووسەر هەن بە زمان یان راوێژی ناوچەیی دەنووسن و لەپێناوی مانەوەی ئەو راوێژەدا.

یەکێک لەو نووسەران سیراج بناگەرە کە بەرهەمەکانی بەڕاوێژی سنەیی دەنووسێ. رۆمانی قولولولوو نووسینی رۆماننووسی سنەیی سراج بناگەر، کە پێش تر کۆمەڵە چیرۆکی چاوشارکێ و دواتریش رۆمانی خەوزڕانی نووسیوە.

ئەم نووسەرە پێشینەیەکی باشی لە دەقی فارسیدا هەیە کە بەم سێ بەرهەمە نیشانی داوە ئۆگری و دڵسوزی ئەدەبیات و زمانی کوردییە. نووسەر سەرەڕای کارکردن لەسەر تەکنیک و فۆرم و فەزای بەرهەمەکانی جیاوازی جوانی خولقاندووە ئەویش زمانی گێڕانەوەیە کە لە هەر سێ بەرهەمەکەیدا لە زاراوەی شیرینی سنەیی کەڵکی وەرگرتووە. لەم رۆمانەشدا بە راوێژی ئەردەڵانی. یان سنەیی رووداوەکان دەگێڕێتەوە. مێژووی رووداوەکانی رۆمانی قولولولوو دەگەڕێتەوە بۆ گەرمەی شۆڕشی ئێران و ژیانی خەڵکی سنە.

قولولولوو چیرۆکی بەسەرهاتی چوار هاوڕێیە، خەلیل و یەحیا و کامەران و سەیفە. کە هەر یەکەیان ژیانی تایبەت بەخۆی و بیرکردنەوەی خۆیان هەیە. گێڕانەوە لەم رۆمانەدا لە روانگەی کەسی یەکەمی تاکەوەیە، گێڕەوەی رۆمانەکە خەلیلە و رەنگە هەندێ جاریش خودی نووسەر بێت کە زۆر بە جوانی ئیدیۆم ، واژە و دەستە واژە و کینایەی ناوچەی ئەردەڵان دەناسێنێت و گێڕانەوەیەکی بە چێژ بەخوێنەری خوی دەبەخشێ.

هەرکام لە کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانە نوێنەری تیپێک و شێوازێک لە بیرکردنەوەی بارودۆخە مێژووییەی ئەو سەردەمەیە. خەلیل کەسێکی عاشق، یەحیا کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕانەی چەپە، کامەران کەسێکی پڕ لە پرسیاری فەلسەف و فیکرە، سەیفە کەسێکە ژیانی هەر جگەرە و مەی نۆشینە و لای ئەو ئەشق و عاشقی و شۆڕشگێڕی و پرسیاری فەلسەفی هیچ بایەخێکی نییە.

چیرۆکی سەرەکی رۆمانەکە ئەشقی خەلیل بۆ فرووغە، کە نووسەر ئەو چیرۆکە زەق دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا رادەیەکی زۆر وێنەی ئەو رۆژگارەی نیشان داوە، لە گێڕانەوەکەی دا باس لە رووداوە مێژووییەکانی ئەو ساڵانە و جیاوازیی فکری و بیری کۆمەڵگای کوردەواری بکات.

رۆمانی قولولولوو، نووسینی سراج بناگەر .

لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانییە.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*