سەرەکی » ئاراستە » یادی 42 ساڵەی بە غەدر شەهیدکردنی عەلی عەسکەری و حسێن بابەشێخ و دکتۆر خالید

سەفەری هات و نەهات لە هەکاری

یادی 42 ساڵەی بە غەدر شەهیدکردنی عەلی عەسکەری و حسێن بابەشێخ و دکتۆر خالید

ئاوات کۆکەیی

شۆڕشی نوێی ی.ن.ک لە سەرەتای دەستپێکردنی خەباتیدا بوو، نیازو بەرنامەی هەبوو چەند وەجبەیەک چەک و تەقەمەنیی بگاتە دەست و بە فریای پوچەڵکردنەوەی پیلانی راگواستنی گوندەکان بکەوێت لە لایەن رژێمی بەعسەوە، چەکەکان لە دەرەوەی وڵات پەیداکرابوون و لەسوریا کۆکرابوونەوە، دەبوو لەوێشەوە بەنهێنی بە خاکی تورکیادا بگاتە سەر سنووری عیراق و تورکیا، یان لانی کەم بگاتە ناو خاکی تورکیا و ئیتر هێزی پێشمەرگە خۆیان بچن وەری بگرن.

بۆ ئەوەش سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکەی نۆکان لە مانگی 4/1978دا، بڕیاریدا هێزی پێَشمەرگە بکرێ بە سێ رەتڵەوە و جیا بەجیا بەرەو سەر سنوور بڕۆن.

رەتڵی یەکەم و دواتریش دووم رۆیشتن، لە کاتی بەرەپێشچوونیان بەناو خاکی تورکیادا بۆ نزیک بوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەکەکان، کتوپڕ کەوتن بەسەر شەڕێکی چاوەڕواننەکراودا.

دیارە پێشتر سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان پیلانی دانابوو کە رووبەڕووی هێزەکە ببێتەوە، بۆئەوەش چەکدارە خێڵەکییەکانی ناوچەی هەکاریی باکووری کوردستانیان هاندابوو هێرش بکەنە سەر هێزەکەی یەکێتی و وای تێگەیاندبوون ئەوانە (هێزەکەی یەکێتی)سەر بە حکومەتی عیراقن، بۆیە چەکدارە خێڵەکییەکان و سەرکردایەتی کاتی پارتی هێرشیان دەستپێکردو هێزەکەی یەکێتی کەوتە بەردەمی شەڕێکی نابەرامبەرو چاوەڕوان نەکراوی سەختدا.

بەرپرسانی هێزەکەی یەکێتی تەقەلای زۆریاندا پێکدادان نەبێت و ئەو شەڕە لابەلایە روونەدات، بەڵام لایەنی هێرشبەر گوێی پێنەداو لە نیازی شەڕخوازانەیان پاشگەز نەبوونەوە، ئەگەرچیش سەرەتاو بۆ ماوەی چەندین رۆژ هێزەکەی یەکێتی بەرگریی ئازایانەیانکرد، چەندینجار هێرشی کت و پڕی چەکدارەکان و سەرکردایەتی کاتییان تێکشکاند، بەڵام شوێن و کات لە قازانجی هێزەکەی یەکێتی نەبوو، بەرنامەی شەڕیشیان نەبوو، ئەو شەڕەی کە چاوەڕوان نەدەکرا، رویداو زیاتر لە یەک مانگی خایاند، هێزەکەی یەکێتی بێ شوێنی حەوانەوەو بێ یارمەتی، تەقەمەنی و خۆراکیان لێبڕا، لە ئەنجامدا نیازی هێنانی چەک لەباربرا، هێزەکەی یەکێتی کە نزیکەی 1000 پێشمەرگە دەبوو نزیکەی تەواوی تیاچوو، زۆریش لەوانە دیلکران کە سێ سەرکردەی دیارو کاریگەریی شۆڕشە تازەکە (عەلی عەسکەری و شێخ حسێن بابەشێخی ئێزدی و دکتۆر خالید سەعید کۆیی) بەدیلی کەوتنە دەست چەکدارەکان و تەسلیمی سەرکردایەتی کاتی پارتیانکردن، ئەوانیش پاش ماوەیەکی کەم بە لیژنەیەکی سەر پێیانە بڕیاری شەهیدکردنیان دان و ئیتر لەساوە ئەو سێ سەرکردەیە شوێنبزرن.

شەهید عەلی عەسکەری
عەلی عەسکەری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرکردەی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دایکبووی ساڵی 1937ی گوندی عەسکەر لەناوچەی ئاغجەلەر.

شێخ عەبدوڵڵا عەسکەریی باوکی یەکێک بووە لە بەشدارانی شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر، هەروەها برازای (شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە)ی شێخی تەریقەتی ئاینیی هەقەیە.

شەهید عەلی عەسکەری کاتێک خوێندکاربووە لە کەرکوک لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، پەیوەندیکردووە بە رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە، دواتر بەهۆی هەڵسوڕان و چالاکییەکانییەوە، بوو بەئەندامی کۆمیتەی باڵای هەردوو رێکخراوی قوتابیان و لاوان.

ساڵی 1958 بوو بە ئەندامی ناوچەی پارتی لە شاری کەرکوک، ساڵی دواتر لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە ئەندامی لیژنەی باڵای چاودێری و پشکنین هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی پێنج دا کە ساڵی 1960 لە بەغدا بەسترا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

کاتێک ناوچەی بارزان کەوتە بەر هێرشی خێڵە نەیارەیانی دەورووبەرییەوە، مەکتەبی سیاسی پارتی بەمەبەستی دروستکردنی هێزێکی چەکدار بۆ پاراستنی بارزان لە خێڵە نەیارەکانی، عەلی عەسکەریی نارد بۆ بادینان، ئەویش بەباشی ئەرکەکەی بەجێهێناو هەماهەنگی زۆرباشی هەبوو لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلامستەفای بارزانی، کاتێکیش شۆڕشی ئەیلول لە 1961 هەڵگیرسا، ئەو لەگەڵ مەلامستەفا لە بارزان مایەوەو رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە رێکخستنی هێزەکاندا.

ساڵی 1962 گەڕایەوە ناوچەی سلێمانی و بووە فەرماندەی هێزی خەبات کە هەڵسوڕانی پێشمەرگانەی زۆربەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرتەوە.
لە دووبەرەکییەکی ساڵی 1964ی سەرکردایەتی پارتیدا، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیدا مایەوە، پاش هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان هەردوو باڵەکەدا و کشانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی بۆ ئێران، ئەویش چووە ئەوێ تا ساڵی 1966.

پاش گەڕانەوەی لە ئێران هیچ لێپرسراوێتییەکیی پێ نەسپێردرا و وەک دەستبەسەر لە دۆڵەڕەقە دانرا.

دوای ئەوەی کە هەستی کرد هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەرە، خۆی و چەند ئەندامێکی تری مەکتەبی سیاسی گەڕانەوە شارەکان و پێکەوە کەوتنە رێکخستنەوەی پارتی و بە ڕەزامەندی حکومەتی عیراق چەکداییان پێکهێنا.

ساڵی 1971 رۆڵێکی کارای لە ئاشتبوونەوەی هەردوو باڵدا گێڕاو لە دوایین کۆنگرەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتیشدا لە بەغدا رۆڵێکی کاریگەری لە تێکەڵکردنەوەی هەردوو باڵدا گێڕا.

دوابەدوای ئەمە، بەبێ وەرگرتنی هیچ لێپرسراوێتییەک لە چۆمان دانیشت، ساڵی 1974 پاش زیادبوونی فشاری سوپای عێراق لەسەر ناوچەکانی نزیک بارەگای سەرکردایەتی پارتی لە حاجی ئۆمەران، لێپرسراوێتی گەورەی خرایە بەردەست.

لە هەلومەرجی راگەیاندنی پەیمانی جەزائیر لەنێوان عیراق و ئیراندا لە 6/3/1975، لە کۆبوونەوەی کادیرو فەرماندەکانی پێشمەگەدا، داوای خۆ بەدەستەوەنەدان و بەرگری کرد، بەڵام گوێی لێنەگیراو کۆتایی بە شۆڕش هێنرا.

پاش هەرەسی شۆڕی ئەیلول، بەشداربوو لە کۆبوونەوەی کادیرە سیاسی و عەسکەرییەکانی شۆڕش لەناو شاری ورمێ لە ئێران، کە ئامانجەکەی تاوتوێکردنی بارودۆخی پاش هەرەسهێنانی شۆڕش بوو، کۆبوونەوەکە ژیانی ئاوارەیی رەتکردەوەو جەختی کردە سەر گەڕانەوە بۆ عیراق و کارکردن بۆ دروستکردنی حزب و دەستپێکردنەوەی چالاکیی سیاسی، بەڵام هەرکە بۆ عیراق گەڕانەوە، حکومەتی عیراق بڵاوەی پێکردن و بەسەر شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دابەشی کردن.

هەر ئەو ساڵە لەگەڵ هەریەک لە ساڵح یوسفی، خالید سەعید، رەسوڵ مامەند، تاهیر عەلی والی، سەعدی عەزیز، عومەر مستەفا، عەلی هەژار، کاردۆ گەڵاڵی و ناسیح ئیسماعیل ئەحمەد، بزوستنەوەی سۆشیالیستی کوردستانیان پێکهێناو کەوتنە خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدار.

لە ئەیلولی 1975دا لە رێی فەرەیدوون عەبدولقادرەوە، پەیوەندی لەگەڵ مام جەلال دامەزراند کە ئەوسا لە سوریا کاروباری قۆناغی پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی رێکدەخستەوە.

لەم بوارەدا رۆڵێکی کارای هەبوو لە کردنی بزووتنەوە بە باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ساڵی 1976 بەشداریی لە پێکهێنانی دەستە چەکدارەکاندا کردو خۆشی چووە شاخ، لێپرسراوێتی فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی گرتە ئەستۆ و خۆی یەکەم بەلاغی عەسکەریی شۆڕشی نووسی.

لەساڵی 1977 لە کۆبونەوەکانی رۆژانی 31ی 8 و 12ی 9 کە لەناوچەی برادۆست بەرستران، بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
لە مانگی 10ی هەمان ساڵ پاش ئەوەی کە حکومەتی عیراق پێشنیاری وتووێژی کرد، کۆمیتەی سەرکردایەتی بڕیاری ناردنی دا بۆ بەغدا بۆ وتوێژ لەگەڵ حکومەتدا، لە لۆلانەوە بە هەلیکۆپتەرێکی سوپای عیراق گوێزرایەوە بۆ کەرکوک، لەوێشەوە چوو بۆ بەغدا.

لەوێ سێ رۆژ مایەوە و لە وتووێژدا لەگەڵ سەدام حسێنی جێگری سەرۆکی ئەوسای عێراق، داوای راگرتنی راگواستنی گوندەکان و زیندووکردنەوەی بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970ی کرد، بەڵام سەدام داواکانی رەتکردەوەو لە ئاکامدا وتوێژەکە سەرینەگرت.

بەهاری 1978 بەهێزێکی گەورەوە لە ناوچەی قەڵادزێوە بەرەو برادۆست رۆی، بۆ دانانی بارەگای مەکتەبی سیاسی لە برادۆست و وەگرتنی وەجبەیەکی گەورەی چەک کە نیاز وابوو لە سوریاوە بەناوخاکی تورکیادا بگاتە دەست هێزی پێشمەگە.

ئەو هێزە لەناوچەی هەکاری لە تورکیا تووشی کێشەیەکی زۆر بوو، لە مانگی 6دا چەکدارە خێڵەکییەکانی ناوچەکە هێرشیان کردە سەر هێزەکە، ژمارەیەکی زۆریان لێ بەدیل گرتن، لەوانە عەلی عەسکەری، دیلەکان رادەستی سەرکردایەتیی کاتی پارتی کران.

دواتر دەرکەوت لە رۆژی 4/7/1978دا لیژنەیەک بریاری شەهیدکردنی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسێن بابەشێخ یان داوە بەڵام تا ئێستا بەڕوونی کات و شوێنی شەهیدکردنیان ئاشکرا نەکراوە و شوێنی بەخاک سپاردنیشیان نەزانراوە.

حسێن بابە شێخ
ئەندامی سەرکردایەتی و فەرماندە، لە دایکبووی ساڵی 1941ی گوندی شێخان لە بنە ماڵەیەکی ئاینپەروەرو ناسراوی ئێزیدییەکانی شێخانە.

ژیانی سیاسیی لە پەنجاکانی سەردەی رابردوو دەستپێدەکات، کاتێک خوێنکاری ناوەندی و ئەندامی یەکێتی قورتابیانی کوردستان بوو، زۆری نەبرد لەبواری خەباتی خوێندکاراندا کادرێکی بەتواناو لێوەشاوەی لێ دروست بوو، ساڵی پەیوەندکردنی بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دیار نیە، بەڵام وەک دەزاندرێ کە پێش رووخانی رژێمی پاشایەتی عیراق ئەندامی پارتی بووە.

پاش گەڕانەوەی مەلا مستەفتا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1958، بابەشێخ ناوبانگێکی وای لەناو ئێزیدییەکاندا دەرکردبوو کە یەکێکە لە هەرە دڵسۆزەکانی بارزانی، ئەمەش کێشەیەکی زۆری لەگەڵ ئەو خێڵانەدات بۆ دروستکرد کە دوژمنی بارزانییەکان بوون.

لەکاتی هێرشی خێڵەکاندا بۆ سەر بارزان، هێزی چەکداری لە ئێزیدیەکان کۆکردەوەو فریاری بارزانییەکان کەوت و بەرگری لە بارزان کرد.

لە ساڵی 1961دا لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندی نێوان پارتی و حکومەتی عیراق، دەزگا ئەمنییەکان دەستگیریان کرد و بەتۆمەتی پێکهێنانی یەکەی چەکدارو بەرگریکردن لەبارزان، خستیانە زیندانەوە، لە ساڵی 1964دا لەزیندان ئازاد کراو هەر ئەوساڵە پەیوەندی بەشۆڕشەوە کردو لەناو پارتیدا کرایە لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی پارتی لە شێخان و دواتریش کرایە ئەندامی لقی بادینان.

لەهێزی پێشمەرگەدا هەموو پلەکانی بڕی و لەوێدا پلەی سەرلقی پێدرا، تا هەرەسهێنانی شۆڕش لەساڵی 1975 بەردەوام بوو لە پێشمەرگایەتی.

ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بوو، ماوەیەک لەوێ مایەوە، پاش دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای کەمتر لە سێ مانگ لە هەرەسهێنانی شۆڕش، ئێرانی بەجێهێشت و خۆی گەیاندە سوریا پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد.

لەو ماوەیەی کە لە سوریا بووە، بەشداربووە لە دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارو ئامادەکردنی ئەو یەکە چەکدارانەی کە بۆ جاڕدانی شۆڕش بۆ بادینان دەنێردرانەوە.

بەهاری 1977 بەهێزێکەوە بەرەو بادینان بەڕێکەوت، بەڵام لەناوچەی گۆیی لەنێوان ئولودەرەو زاخۆ، هێزەکانی کاتی سەرکرایەتی پارتی تەنگیان پێهەڵچنی و هەوڵی پاکتاوکردنی هێزەکەیاندا.

دوای دژوارییەکی زۆر، هێزەکە گەیشتە شەمزینان و لەوێوە لە سنووری عیراق- تورکیا پەڕیەوەو لە برادۆست گیرسایەوە.

لەیەکەم کۆبوونەوەی سەرکرایەتی یەکێتیدا پاش گەڕانەوەی مام جەلال بۆ کوردستان، بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا و لەگەڵ هەر یەک لە دکتۆر فوئاد مەعسووم، دکتۆر کەمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولڕەزاق عەزیز میرزا، عومەر شێخ مووس، لەناو کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتیدا نوێنەرایەتی هێڵی گشتی کردو پاش بڕیاردان لەسەر دابەشکردنی کوردستان بەسەر هەشت هەرێمدا، لێپرسراوێتیی هەرێمی بادینانی پێسپێردرا.

لەسەرەتای ساڵی 1978 دا چوو بۆ ناوچەی سۆران و لە شارباژێڕ لەگەڵ هێزەکەی نەوشیروان مستەفای فەرماندەی هەرێمی سێی شارباژێڕدا یەکی گرتەوە.

لە مانگی 4ی 1978دا بەشداریی کۆبوونەوەی دووەمی کۆمیتەی سەرکردایەتی کرد لەگوندی نۆکان و دواتر لەگەڵ هێزێکدا کە دکتۆر خالید سەعید فەرماندەیی دەکرد، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا کە دواتر بە ئۆپەراسیۆنی هەکاری ناوی دەرکرد، بەرەو ناوچەی برادۆست بەڕێکەوت.

ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە وەرگرتنی بڕێکی زۆری چەک بوو کە نیازوابوو لە سوریاوە بەناو خاکی تورکیادا بگاتە دوەست هێزی پێشمەرگە.

لەبەرنامەدا بوو چەکەکە پێش مانگی 6 بگات، چونکە حکومەتی عیراق بەنیازبوو لەمانگی 6 دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی راگواستنی گوندەکان بکات.

ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی گەلەکۆمەکێی سەرکردایەتی کاتی پارتی و خێەکانی ناوچەی هەکارییەوە ئەنجامی کارەساتی لێکەوتەوەو بووە مایەی لەتووپەتبوونی زۆرینەی هەرە زۆری ئەو هێزەی ئەرکی وەرگرتنی چەکەکانی پێسپێردرابوو.

لە رۆژی 19/6/1978دا لە شەڕێکدا لەگەڵ خێڵەکانی ناوچەکەدا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتیدا بەدیل گیرا.

دکتۆر خالید سەعید
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کورستان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەدایکبووی ساڵی 1934ی کۆیە.

لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لە رێگەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە تێکەڵاوی دنیای سیاسەت بووە و دواتر بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 1958 و بەئاشکرا کارکردنی پارتی، بۆتە ئەندامی لیژنەی پارتی لە کۆیە.

لە ساڵی 1961 بەشدایی لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا لێوەشاوەییەکی زۆری نواندووەو بەهۆی ئەوەوە بۆتە سەر لق، پاشان بووە بە فەرماندەی بەتالیۆن و هەندێکجاریش فەرماندەیی هەندێ هێزی گەڕۆکی کردووە، بەگشتی بەشداریی لە دەیان شەڕی گەورەو سەختدا کردووە.

پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا، لە شاری ورمێ بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی ئەو کادیران و بەرپرسانەی پارتیداکرد کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ عیراق، پاش گەڕانەوەشی حکومەتی عیراق دووری خستەوە و لە نەخۆشخانەی شەماعیە لە بەغدا دایمەزراند.

هەر ئەو ساڵە بەشداریی لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆشیالیستدا کرد و یەکێک بوو لەو سەرکردانەی بزووتنەوە کە پێی باشبوو بزووتنەوە ببێت بە باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ساڵی 1976 لە دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێدا رویکردە شاخ و بوو بە پێشمەرگە، ساڵی 1977 لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی لە برادۆست بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردرا.

لە بەهاری ساڵی 1978 لە رەتڵی یەکەمی ئەو هێزەدابوو کە یەکێتی بۆ سەر سنووری عیراق- تورکیای نارد بۆ دانانی بنکە لە برادۆست و وەرگرتنی وەجبەیەک چەک کە نیازوابوو لە سوریاوە بەناو خاکی تورکیادا بگاتە دەست هێزی پێشمەرگە.

لە قۆناغی دوایی ژیانیدا بەهۆی کێشەکانی ناو سەرکرایەتی بزووتنەوەوە بێزاربوو، بۆیە لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان باسی کردبوو کە پاش گەڕانەوەی لە برادۆست واز لە بزوتنەوە دێنێ و پەیوەندی بە کۆمەڵەوە دەکات.

لە مانگی 7ی هەمان ساڵ و پاش یەکگرتنەوەی رەتڵی یەکەم و دووەمی هێزەکان لەناوچەی هەکاری، پاش شەڕێکی نا بەرامبەر لەگەڵ چەکدارە خێڵەکییەکانی ناوچەکەدا، خۆی و عەلی عەسکەری و دەیان پێشمەرگەو کادر کەوتنە دەست ئەو چەکدارانەو ئەوانیش رادەستی سەرکردایەتیی کاتی پارتیان کردن.

print

 2,699 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*