سەرەکی » کەلتوور » کتێبێکی نوێ هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات

کتێبێکی نوێ هەڕەشە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات

ئامادەکردنی : کوردستانی نوێ

لە پاش کتێبەکەی جۆن بۆلتۆن راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، کە زۆر شتی دژی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نووسی بوو هەرایەکی گەورەشی نایەوە، ئێستاش کتێبێکی تر بۆتە بابەتی رۆژی هەموو میدیاکانی ئەمریکا و ئەوروپا و هەرایەکی گەورەشی ناوەتەوە، ئەم کتێبەش لە لایەن برازایەکی ترەمپەوە نووسراوەو تێیدا باسی کۆمەڵێک زانیاری نهێنی ژیانی تایبەتی و کەسایەتی دۆناڵد ترەمپی کردووە. هەرچەندە براکەی ترەمپ ویستی چاپکردنی ئەم کتێبە رابگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئەمەش لە کاتێدا تەنها چوار مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

ماری ترەمپ

ماری ترەمپ کچی فریدی برا گەورەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە، فرید لە ساڵی 1981 دا کۆچی دوایی کردووە. ماوەی هەفتەیەکە لە تەواوی میدیاکانی ئەمریکا بەتایبەتی ” CNN،Washington Post“„New York Times واشنتۆن پۆست و نیورۆک تایمز و کەناڵی سی ئێن ئێن” دا، باسی ئەم کتێبە دەکرێت. ماریش لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی CNN ، بە درێژی باسی کتێبەکەی کرد و
رەخنەی توندیشی لە مامی گرت.

پیاوێکی فاشیل

گۆڤاری فوکوسی ئەڵمانیش راپۆرتێکی درێژی لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە کردووە. ماری لەم کتێبەیدا باسی ئەوەی کردووە کە دۆناڵد ترەمپ بە ” قۆپی، ساختە” لە تاقیکردنەوەکانی کۆلیژدا دەرچووە و کەسێکی فاشیل بووە. دەشڵێت ترەمپ کەسێکی ” نەرجسی” یەو زۆر رقی لەو کەسانەش دەبێتەوە کە رەخنەی لێدەگرن، ئەو حەز دەکات هەمووکات خەڵکی وەسفی بکەن. دواتریش دەڵێت: هیچ کاتێک باوەڕم نەدەکرد کە دۆناڵد ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە ئەو توانا گەورەیەی نییە کە وڵاتێکی گەورەی وەکو ئەمریکا بباتبەڕێوە.

هیچ کاتێک نەچووە بۆ کڵێسا

لە لایەکی ترەوە ماری لە کتێبەکەیدا باسی راستییەکی تری کردووە کە ئەویش پەیوەندی بە باوەڕی ئایینی ترەمپەوە هەیە و دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ هیچ کاتێک باوەڕێکی قووڵی بە ئایینی مەسیحی نەبووە و کەسێکی ئایینپەروەر نەبووە. دەشڵێت: تەنها ئەو کاتانە چۆتە کڵێسا کە کۆمەڵێک کامێرای بە دواوە بووە، ئەمەش زیاتر بۆ راکێشانی سۆزی خەڵکی مەسیحی بوو. جێگەی ئاماژەیە بەشێکی زۆری هەوادارنی ترەمپ مەسیحییە توندڕەوەکانن یان ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن ” ئینجیلییە نوێکان”

هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان

دواتریش ماری لە دیدارەکەیدا لەگەڵ کەناڵی CNN ئەمریکا رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و سیاسی جیهانی.

ناڕەزایی دژی چاپکردنی کتێبەکە

بە پیێ راپۆرتەکەی گۆڤاری فوکوسی ئەڵمانی بێت، رۆبێرتی برا بچووکی دۆناڵد ترەمپ دژی چاپکردنی ئەم کتێبە وەستاوە و بە میدیاکانی راگەیاندووە: ئەم کتێبە کۆمەڵێک زانیاریی و درۆی تیدایە، کە ناوبانگی بنەماڵەکەیانی خراپ کردووە. هەرچەندە رۆبێرت سەرکەوتوو نەبوو، کتێبەکەش چاپ دەکرێت و بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکانیش وەردەگێڕێت.
لە لایەکی ترەوە Kellyanne Conway گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ لە دیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی Fox News ئەمریکا، وتی: من دژی چاپکردنی ئەم کتێبەم ، چونکە باسی شتی زۆر تایبەتی خێزانێکی کردووە کە هیچ پێویست ناکات ئەم شتانە بڵاوبکرێنەوە.
جێگەی ئاماژەیە هەمووی چوار مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ئەمەش دووەمین کتێبە کە بە خراپی لە بارەی کەسایەتی دۆناڵد ترەمپەوە نووسرا بێت و لە ئێستاشدا هەرایەکی گەورەی ئیعلامی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا دروست کردووە.

سەرچاوە:
Schon bei der Uni-Zulassung betrog er: Nichte rechnet mit Donald Trump ab. www.focus.de

print

 155 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*