سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » عیراق له‌نێوان به‌رداشی ئه‌مریكا و ئێراندا

عیراق له‌نێوان به‌رداشی ئه‌مریكا و ئێراندا

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عیراقدا ده‌گوزه‌رێت گیرۆده‌ی قه‌یرانه‌ ئابووریی و سیاسی و ته‌ندروستی و ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌كان و نه‌مانی متمانه‌ی هاووڵاتییانه‌ به‌ حكومه‌ت و ئه‌و تاقمه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌م ده‌رده‌ بردووه‌.

راسته‌ عیراق له‌دوای 2003ه‌وه‌ دابه‌شبووه‌ له‌ڕوی ئه‌تنیكی وتائیفی یه‌وه‌ هه‌رلایه‌ك به‌ره‌وخۆی ڕایده‌كێشێت , به‌ڵێ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئێستا گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێی ڕۆم و عه‌جه‌م و ئه‌مریكا و هه‌ندێ وڵاتی عه‌ره‌بیشه‌, نه‌ك به‌رژه‌وندیی خه‌ڵكی عیراق.

قه‌یرانی ئابووریی

له‌دوای دابه‌زینی نرخی نه‌وت ئابووریی فشه‌ڵی وڵات داڕووخا له‌به‌رئه‌وه‌ی 90% ی داهاتی وڵات پشتی به‌ نه‌وت به‌ستووه‌ و له‌سه‌رده‌می زێڕینی وڵات له‌ 2005 تا 2014 كه‌ پاره‌ و داهاتێكی زۆر هه‌بوو، هیچ ژێرخانێكی پیشه‌سازیی و كشتوكاڵی بنیات نه‌نرا بۆ ئێستا كه‌ نه‌وت دابه‌زیووه‌.

قه‌یرانی ئاسایش

ئه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆر و تایفی له‌ عیراق به‌رهه‌می هێنا، تاقم و گروپی ملیشیایی بوون، كه‌ ئێستا شه‌ڕی تیرۆر كۆتایی هاتووه‌ خۆیان رۆڵی داعش ده‌بینن و به‌ده‌ر له‌یاسا و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌جووڵێن و ده‌خوازن عیراق بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكا و ئێران و بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئاكامی ئه‌و وابه‌سته‌ییه‌ چ كاره‌ساتێكه‌ بۆ عیراق.

قه‌یرانی ته‌ندروستی

له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناشه‌وه‌ له‌ عیراقدا، كه‌رتی ته‌ندروستیش وه‌كو هه‌موو سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ تووشی داڕمان و لۆدێكی زۆر بۆته‌وه‌.

له‌ بارودۆخێكی له‌و جۆره‌شدا كه‌ كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌ستبه‌كاربووه‌ و ئه‌رك و به‌رنامه‌كه‌ی خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌ختانه‌ی كه‌ به‌رۆكی عیراقیان گرتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكی قورسه‌ و له‌توانای كازمیدا نییه‌ به‌ته‌نها ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و وڵاتانی عه‌ره‌بی میانڕه‌ و كۆمه‌ك و پشتگیریی نه‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئێستا ئه‌و میلیشیایانه‌ی كه‌ به‌ وه‌لائیان بۆ ئێران ناسراون، كازمی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ ئه‌جێندای ئه‌مریكا له‌عیراق جێبه‌جێ ده‌كات ‌و ده‌بێژن: “له‌بری ئه‌وه‌ی بارودۆخی خه‌ڵكی عیراق باش بكات و خۆی ئاماده‌ بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق, كه‌چی كه‌وتۆته‌ گۆڕینی به‌رپرس و فه‌رمانده‌ باڵاكانی داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌حه‌شده‌وه‌ نزیكن”.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تۆمه‌تباركردن و تانانه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌شدا، ئه‌وانه‌ی كه‌ پشتیوانیی له‌ كازمی و كابینه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و ده‌خوازن عیراق خاوه‌نی بڕیار و خواست و سه‌روه‌ریی خۆی بێت, وه‌ڵامێكیان پێیه‌ و ده‌ڵێن كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌ نه‌ك پارێزگاری پارێزگایه‌كی ئێران, به‌ڵكو ده‌خوازێت سه‌ركردایه‌تیی عیراق بكات له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیارو پڕ ته‌هلوكه‌یه‌دا بۆ كه‌ناری ئارام.

print

 341 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*