سەرەکی » راپۆرت » یه‌مه‌ن؛ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی له‌ روودانی ته‌نگژه‌ی مرۆیی ده‌دات

یه‌مه‌ن؛ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی له‌ روودانی ته‌نگژه‌ی مرۆیی ده‌دات

ئاماده‌كردنی، یه‌كه‌ی هه‌واڵ ‌و راپۆرت

ئه‌گه‌ر بڕی پاره‌ی پێویست ده‌ستەبه‌ر نه‌كرێت، ره‌نگه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا به‌رنامه‌ی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ یه‌مه‌ن رابگیرێت.
ئه‌م هۆشدارییه‌ دوای رۆژێك له‌ ئه‌نجامی كۆنگره‌ی به‌ڵێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ یه‌مه‌ن هات، كه‌ تیایدا ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ له‌وه‌ی نزیكه‌ی 2 ملیار ‌و 41 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی له‌ پاره‌داركردنیان كه‌میكردووه‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ به‌رنامه‌ی هاوكاریی ‌و رێكخراوه‌كانی به‌ هاناوه‌چوون تا كۆتایی ئه‌مساڵ.

80%یان پشت به‌ هاوكارییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ده‌به‌ستن

له‌ دیدارێكیدا كه‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی كۆمسیۆنه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌، جین نیكۆڵاس بیۆس نوێنه‌ری كۆمسیۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌نابه‌ران له‌ یه‌مه‌ن رایگه‌یاند: ململانێكانی یه‌مه‌ن كه‌ 5 ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌، كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر بژێوی یه‌مه‌نییه‌كان هه‌یه‌ ‌و به‌پێی خه‌مڵاندنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، 80%ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژارن ‌و پشت به‌ هاوكارییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ده‌به‌ستن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان.

13%یان ئاواره‌ن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌هۆی ململانێ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌، 13%ی یه‌مه‌نییه‌كان یان له‌ هه‌ر هه‌شت كه‌سیان، یه‌كێكیان ناچاربووه‌ ماڵ ‌و حاڵی خۆی جێبهێڵێت ‌و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، یه‌مه‌ن له‌ ریزی چواره‌م وڵاتدایه‌ له‌ رووی ته‌نگژه‌ی ئاواره‌بووونی دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ ناوخۆدا.

روونیشیكرده‌وه‌: به‌هۆی كه‌مبوونه‌وەی پاره‌داركردنی كۆمسیۆنه‌كه‌یان ‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ یه‌مه‌ن ‌و زۆربوونی ژماره‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان، ئیشوكاریان له‌و وڵاته‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات. وتیشی: كه‌میی پاره‌داركردنی كۆمسیۆنه‌كه‌مان، ناچارمان ده‌كات كه‌ دابه‌شكردنی پێداویستی خێزانه‌كان له‌ حاڵه‌تی فریاكه‌وتندا زۆر سنووردار بكه‌ین، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌زاران خێزان به‌بێ جێ ‌و رێ بژین ‌و له‌ ئه‌گه‌ری روودانی لافا‌و یان بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌ درمه‌كان یان قۆستنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌یان ‌و به‌كارهێنانیان، دووچاری چه‌ندین مه‌ترسی ده‌بنه‌وه‌.

280 هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه‌شی لێیه‌
باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ كه‌میی ژماره‌ی سوودمه‌ندان له‌ هاوكارییه‌كان، توانای خێزانه‌كان بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ره‌نگه‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان ناچار بن په‌نا بۆ به‌دیلی مه‌ترسیدار ببه‌ن ‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كۆمسیۆنه‌كه‌یان بۆیان دابین ده‌كات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی هه‌ندێ له‌ خێزانه‌كان هه‌یه‌، به‌تایه‌تی ئه‌وانه‌ی ناچاربوون ماڵ ‌و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، هه‌روه‌ها كاریگه‌یشی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریی گشتییان پێناگات.

نوێنه‌ری كۆمسیۆنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌نابه‌ران له‌ یه‌مه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌یان نزیكه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ یه‌مه‌نه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌هۆی ژماره‌ی زۆری ئاواره‌كانی ناوخۆی وڵاته‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو نزیكه‌ی 280 هه‌زار په‌نابه‌ری دیكه‌شی لێیه‌ كه‌ زۆربه‌یان خه‌ڵكی سۆماڵن.

كۆمسیۆنی په‌نابه‌ران له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیدایه‌

ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرایكرد: شانبه‌شانی نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك كۆلێرا ‌و مه‌لاریا، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێنده‌ی تر ناخۆشییه‌كانی دانیشتووانی یه‌مه‌نی زیادكردووه‌ ‌و كاری هاوبه‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی ئاڵۆزكردووه‌ ‌و پێده‌چێت خراپترین ته‌نگژه‌ی مرۆیی له‌ جیهاندا ببینن. وتیشی: كۆمسیۆنی په‌نابه‌ران وه‌ك هه‌ر رێكخراوێكی دیكه‌ی مرۆیی له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیدایه‌ ‌و ئه‌گه‌ر ناچار بین، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌وڵ ده‌ده‌ین هاوكاریی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ زیاتر پێویستیان پێیه‌تی، چونكه‌ به‌رنامه‌ی هاوكاریی كاش له‌ كۆمسیۆن، وه‌كو خوێنهێنه‌ری ژیان وایه‌ بۆ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ‌و 500 هه‌زار ئاواره‌ی یه‌مه‌نی زۆر هه‌ژار.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 179 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*