سەرەکی » ئاراستە » ئاوایی‌ سه‌رقه‌ڵا _ ناوچه‌ی‌ سه‌نگاو

ئاوایی‌ سه‌رقه‌ڵا _ ناوچه‌ی‌ سه‌نگاو

حه‌سه‌ن مه‌لا

له‌ كۆندا گوكته‌په‌ یان گۆپته‌په‌ ناوێكی‌ كۆنی‌ ناوه‌ندی‌ شاره‌دێی‌ سه‌نگاو بووه‌ سه‌ره‌تا خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ له‌ شوێنێك نیشته‌جێبوون كه‌ ئێستا به‌ (كه‌یله‌ كۆن) ده‌ناسرێت، ده‌كه‌وێته‌ خوارووی‌ شوێنی‌ ئێستای‌ شاره‌ دێی‌ سه‌نگاو، هه‌ر له‌ ساڵی‌ 1882 له‌سه‌رده‌ستی‌ شێخ حه‌مه‌ ساڵحی‌ كوڕی‌ شێخ قادری‌ قازانقایه‌ و كوره‌كانی‌ شێخ مه‌حمود و شێخ سه‌عید و شێخ عبدالقادری‌ گولله‌ نه‌بڕ هه‌واریان گواسته‌وه‌ بۆ سه‌نگاوی‌ ئێستا.

مێژوونووسی‌ مه‌زنی‌ كورد (موحه‌مه‌د ئه‌مین زه‌گی‌ به‌گ) له‌ ساڵی‌ 1895 واتا چه‌ند ساڵێك دوای‌ به‌جێ هێشتنی‌ گۆكته‌په‌ی‌ كۆن رێی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی‌ ئیستای‌ شاره‌دێی‌ سه‌نگاو، ئاوه‌دان بوو ده‌ڵێت سه‌نگاو ده‌كه‌وێت دامێنی‌ شاخی‌ سه‌گرمه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رز بنیادنراوه‌ كه‌ ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر دۆڵێكی‌ زۆر قووڵدا.

گوكته‌په‌ یان گۆپته‌په‌ ناوی‌ شاره‌دێی‌ سه‌نگاو بووه‌، دواتر ناوه‌كه‌ی‌ گۆراوه‌ بۆ سه‌نگاو، ناوی‌ سه‌نگاو ناوێكی‌ لێكدراوه‌ له‌ (سه‌نگ + ئاو) واتا كێشی‌ و ئاو، چونكه‌ له‌ناو شاره‌ دێیه‌ ژماره‌یه‌ك كارێزو ئاو هه‌بووه‌، سه‌باره‌ت به‌ ناوی‌ گوكته‌په‌ مێژوونووسان لێكدانه‌وه‌یان وایه‌ (كێوك، ته‌په‌) واتای‌ بنگردیش دێت، هۆزه‌ و گونده‌كانی‌ سه‌نگاو له‌ چه‌ند هۆزێكی‌ جیاوازه‌ بونیادنراوه‌ له‌وانه‌ش تیره‌كانی‌ جاف و زه‌نگه‌نه‌ و كچان.

سه‌نگاو له‌ ساڵی‌ 1921 بووه‌ به‌ ناحیه‌، سه‌نگاو سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵ، ناوی‌ سه‌نگاو له‌ ساڵی‌ 1944 وه‌كو سه‌نگاو به‌ فه‌رمی‌ ناسێندراوه‌ و به‌كار هاتووه‌، تا ساڵی‌ 1988 به‌پێی‌ هه‌ندێك له‌ ئاماره‌كان نزیكی‌ 3 هه‌زار ماڵێك بوون، گونده‌كانی‌ سه‌نگاو له‌ (103) ئاوایی پێكهاتووه‌ ، یه‌كێك له‌و گوندانه‌ی‌ شاره‌دێی‌ سه‌نگاو گوندی‌ سه‌رقەڵایه‌ ناسراوه‌ به‌ سه‌رقهڵای‌ دێم (گوندستانی‌ نوێ‌) لاپه‌ره‌كانی‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵای‌ سه‌نگاو به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌.

مێژووی‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا
دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا مێژووی‌ ده‌روستبوونی‌ گونده‌كه‌یان ده‌گێرنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌م له‌ ساڵی‌ 1914 داگیركاری‌ ڕووسه‌كان، ژماره‌یه‌ك ماڵ له‌ كۆچه‌ریه‌وه‌ ئێره‌یان ئاوه‌دان كردوه‌ بۆ یه‌كه‌مجاریش بنه‌ماڵه‌ی‌ حمه‌خانی‌ سڵمان له‌ هۆزی‌ جاف لێره‌ نیشته‌جێبوون.

ناوی‌ ئاوایه‌كه‌ له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌؟
زانیاره‌یه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كه‌وه‌ ماڵه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م قەڵایه‌ نیشته‌جێ‌ ببوون، یان شاره‌زایان ده‌ڵێن به‌هۆی‌ بوونی‌ قەڵایه‌كی‌ به‌رزی‌ مێژوویی‌ له‌ گونده‌كه‌دا ئه‌م ناوه‌ی‌ لێنراوه‌.

جوگرافیای‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا
سه‌رقەڵا ده‌كه‌وێت به‌ دووری‌ (5)كم باكوری‌ ناحییه‌ی‌ سه‌نگاو نزیكی‌ (905) مه‌تر به‌رزه‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌ هاوكات هاوسنوره‌ له‌ باشوره‌وه‌، گوندی‌ ته‌په‌ عاره‌ب و عه‌ینه‌كه‌ی‌ حمه‌ شاسوار له‌ ڕۆژهەڵاتی‌، هه‌ر یه‌ك له‌ ئاواییه‌كانی‌ قەڵای‌ شێخ ڕه‌شید و فاتكه‌یه‌، گوندی‌ كچان له‌ ڕۆژئاوای گوندی‌ قادرئاوا له‌گه‌ڵ ئاوایی‌ قیرچه‌ و ئاوایی‌ هه‌ڕێنه‌یه‌.

باری‌ كۆمەڵایه‌تی‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا
ئه‌وه‌ی‌ شایانی‌ باسه‌ له‌ ڕووی‌ كۆمەڵایه‌تیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پیاو ماقول و كه‌سایه‌تی‌ كۆمەڵایه‌تی‌ هه‌بووه‌ توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ ئاواییه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆیان زۆر ته‌با و یه‌ك ڕیز بن و خزمه‌تی‌ زۆر گه‌وره‌ بكه‌ن، له‌ ڕووی‌ كشتوكاڵیه‌وه‌ ده‌شتی‌ سه‌رقەڵا له‌ فراوانی‌ و به‌پیتی‌ خاكه‌ی‌ ناوبانگی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌، سه‌رقەڵا تێكرای‌ زه‌ویه‌كانی‌ (2800000) هه‌زار دۆنمه‌ نزیكی‌ 1800 دۆنم زه‌وی‌ تاپۆی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ 1000 دۆنمه‌ی‌ گرێ‌ به‌ست (عقده‌)، دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ ده‌ڵێن ئاوایی‌ سه‌رقەڵا له‌ ڕووی‌ ئاوی‌ شرین سه‌ره‌تا پشتیان به‌ كانی‌ و كارێز ده‌به‌ست بەڵام به‌هۆی‌ وه‌شكه‌ ساڵیه‌وه‌ ئێستا ئاوی‌ شرینی‌ زۆر كه‌مه‌، به‌ گشتی‌ ئاوی‌ سه‌رقەڵا به‌ زۆری‌ شۆره‌، بیری‌ ئاوی‌ ده‌ستكرد بۆ پێداویستی‌ خۆیان به‌ كارده‌هێنن، له‌ ئاوایی‌ سه‌ر قەڵای‌ دێمه‌ خه‌ڵكی‌ له‌ ڕووی‌ كشتوكاڵیه‌وه‌ گه‌نم و جۆ ده‌چێنرێت ، ساڵانه‌ برێكی‌ زۆر باش نۆك له‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانی‌ ئه‌م ئاواییه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، هه‌ر له‌ سه‌رقەڵای‌ دێم به‌ رێژیكی‌ زۆر باش ئاژڵداری‌ له‌ جۆری‌ مه‌ڕ و بزن به‌خێوه‌ ده‌كرێت.

له‌ ڕووی‌ شوێنه‌واری‌ مێژووییه‌وه‌ له‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا چه‌ند شوێنه‌وارێك هه‌ن له‌وانه‌ قەڵای‌ ده‌ستكردی‌ مێژووی‌ له‌ ناو گونده‌یكه‌دا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شوێنه‌واری‌ كه‌ڵه‌ كاوی‌ و كارێزی‌ لای‌ داری‌ نه‌زه‌ر، له‌ پێش تاوانی‌ جینۆسایدی‌ ئه‌نفال له‌ ئاوایی سه‌رقەڵا چرای‌ زانست به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار خوێندنگا ساڵی‌ (1983) تێدا بنیادنراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ڕاستییه‌ مێژوویه‌ له‌ پێش خوێندنگای‌ میری‌، مزگه‌وت له‌ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا ڕۆڵی‌ باشی‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ دانیشتوانی‌ بینیوه‌.

جینۆساید و قوربانی‌ ئاوایی سه‌رقەڵا
سه‌رقەڵا وه‌كو سه‌رجه‌م ئاواییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان خاوه‌ن قوربانین و شه‌هیدی‌ زۆریان به‌خشیه‌وه‌ بۆ ڕزگاری‌ و سه‌ربه‌خۆی‌ كورد و كوردستان، سه‌رقەڵا به‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ شۆڕشگێری‌ و داستانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ناسراوه‌، هیچ كات له‌ شۆڕشه‌كانی‌ كورددا پاش نه‌كه‌وتوون، له‌ سه‌رده‌می‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان لێره‌ زۆر كه‌س ده‌بنه‌ پێشمه‌رگه‌ شاهید حاڵی ئه‌و مێژوون.

با بچینه‌سه‌ر ده‌روازه‌ مێژووییه‌كانی‌ ئاوایی سه‌رقەڵا ئه‌و تاوان و جینۆسایدانه‌ی‌ به‌رانبه‌ریان كراوه‌ له‌ پای‌ كوردبوونیان له‌ ساڵی‌ 1963 له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كان ئه‌م گونده‌ بۆمبارانكراوه‌ له‌ ئه‌نجامدا دوو هاوڵاتی‌ شه‌هید بوون
هه‌ر له‌ 25/1/1982 كۆپته‌ره‌كانی‌ ڕژێمی‌ عێراق بۆردومانی‌ ئاواییه‌كه‌یان كردووه‌ له‌ ئه‌نجامدا سێ‌ هاوڵاتی‌ شه‌هید بوون كه‌ یه‌كێكیان دانیشتووی‌ ئاوایی‌ جامڕێز بوو،
له‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ به‌عس سوپای‌ جه‌هلی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ قۆناغی‌ سێی‌ ئه‌نفالدا سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ شاره‌دێی‌ سه‌نگاو وێران و خاپوركران و دانیشتوانه‌كه‌شی‌ ڕاگوێزران و مه‌ڕو ماڵیان بوو به‌ ده‌ستكه‌وتی‌ عاره‌به‌كان.
له‌ ئاوایی سه‌رقەڵای‌ سه‌نگاویش پێش تاوانی‌ ئه‌نفال زیاتر 30 مالێكی‌ لێی‌ نیشته‌جێبوو ئه‌وه‌یش وه‌ك سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌ به‌ر شاڵاوی‌ نه‌فره‌تی‌ ئه‌نفال كه‌وتن،
ڕژێمی‌ به‌عس له‌ ئاوایی سه‌رقەڵای‌ سه‌نگاو و مله‌سوره‌ دوو شوێنی‌ دیكه‌ی‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی‌ قوربانیانی‌ به‌ناو ئه‌نفال بوون خه‌ڵكی‌ كۆكرده‌وه‌، دانیشتوانی‌ ئاواییه‌كه‌ ده‌ڵێن ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی‌ سنوره‌كه‌ به‌ خۆیان و ماڵیانه‌وه‌ به‌ شورایه‌كی‌ خوڵین به‌رز له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی‌ به‌عسه‌وه‌ به‌چه‌ك و هێزی‌ سه‌ربازی‌ زۆره‌وه‌ گه‌مارۆ درابوون، دوای‌ ماوه‌یه‌ك سوپای‌ به‌عسی‌ دژه‌ كورد و كوردستان دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و بیابانه‌كانی‌ خواروی‌ عێراق و به‌ره‌و چاره‌نوسێكی‌ نادیار راپێچی‌ كرد، ئاوایی‌ سه‌رقەڵا خاوه‌ن 32 كه‌سی‌ ئه‌نفال و پێنج شه‌هیدی‌ سه‌نگه‌ره‌، له‌ دوای‌ ڕاپه‌رینی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ ساڵی‌ 1991 جارێكی‌ دیكه‌ ئاوایی‌ سه‌رقهڵا ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌، ئێستا نزیكی‌ 14 ماڵی‌ تێدا نیشته‌جێیه‌، جوتیارانی‌ سه‌رقەڵا له‌ ناو كێڵگه‌كانیانه‌وه‌ سرود بۆ ئاوایی‌ سه‌رقەڵا و نشتیمانی‌ كورده‌واریی‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ ڕۆڵه‌كانیشی‌ له‌ ڕیزه‌كانی‌ هێزه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان خزمه‌ت به‌ خاكی‌ كورد و كوردستان ده‌كه‌ن .

print

 999 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*