سەرەکی » ئاراستە » كتێبێك له‌باره‌ی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فووره‌وه

ئاوی ئاشی شۆڕش

كتێبێك له‌باره‌ی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فووره‌وه

ئاوات كۆكه‌یی

پارساڵ كتێبی‌ ( ئاوی ئاشی شۆڕش … شه‌هید حه‌مه‌ غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری) وه‌ك بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور، بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌ بووه‌ له‌و كارانه‌ی كه‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بۆ یادی شه‌هیدانی كوردستان به‌گشتی و شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری، به‌شانازییه‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌.

بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه‌، كۆكراوه‌ی به‌شێكی ئه‌و وتارو راپۆرت و دیدارو رێپۆرتاژانه‌یه‌ كه‌ له‌یادی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1996-2019.

كتێبه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 190 لاپه‌ڕه‌، له‌ پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا كه‌ ستران عه‌بدوڵڵا له‌ بری ماڵباتی كوردستانی نوێ نووسیویه‌تی به‌ناوی (زیاد له‌ كتێبێك بۆ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌ غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری)، هاتووه‌: كتێبێك له‌سه‌ر شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری ده‌توانێت به‌شێكی ئه‌دگاری ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ی شۆڕشی نوێمان بۆ وێنا بكات كه‌ له‌وێستگه‌یه‌كی هه‌ستیاری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتدا خوێنی خۆی به‌رزگاری كوردستان به‌خشی، به‌ڵام هێشتا ناتوانێت وێنه‌یه‌كی شایان و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌ومان بۆ به‌رجه‌سته‌ بكات، كتێبی‌ تریشمان ده‌وێت).

له‌ په‌ڕه‌گرافێكی دیكه‌ی ئه‌و پێشه‌كییه‌دا هاتووه‌:
(سه‌روه‌ركردنی شه‌هیدان له‌به‌ر خۆیان و ناوبانگیان و وه‌فاداری به‌راكبه‌ریان نییه‌، به‌ڵكوو له‌به‌ر خۆمانه‌، له‌به‌ر زیندووه‌كانی ئه‌مڕۆی تێكۆشانه‌ كه‌ سه‌رخستنی خه‌باتی داهاتوومان سه‌رمایه‌یه‌كی ره‌مزیی گه‌وره‌ی پێویسته‌، له‌م كایه‌دا هه‌ر وتاری رۆژنامه‌كان و كتێبی‌ ره‌فه‌كان و به‌رنامه‌ی دیكۆمێنتاری به‌س نییه‌).

دواتر یه‌كه‌م بابه‌تی كتێبه‌كه‌ كه‌ یادكردنه‌وه‌ی 19 ساڵه‌ی شه‌هید حه‌مه‌ غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری-ه‌ و ساڵی 1996 له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه‌، عارف قوربانی نووسیویه‌تی و تیادا به‌كورتی تیشك ده‌خاته‌ ژیاننامه‌و سه‌ر چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فوور، كۆتایی بابه‌ته‌كه‌ش هه‌واڵێكه‌ له‌باره‌ی درووستكردنی په‌ێكه‌رێك بۆ شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فوور ئاغجه‌له‌ری و و لادانی په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌ رۆژی 23/7/1996 كه‌ ده‌كاته‌ 19 یه‌مین ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌.

له‌دوای پێشه‌كییه‌كه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌كه‌، 36 بابه‌تی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی، كه‌سوكاری، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ نووسراون.
به‌شی كۆتایی كتێبكه‌ش كۆمه‌ڵێك وێنه‌و به‌ڵگه‌ی گرنگن له‌باره‌ی ئه‌وشه‌هیده‌ی كه‌ خوێنی خۆی كرده‌ سوته‌مه‌نی مه‌شخه‌ڵی رووناككه‌ره‌وه‌ی رێی خه‌باتمان.

print

 215 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*