سەرەکی » ئاراستە » رەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی گەلی جولەکە دوانەیەکی سروشتیی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکانن

رەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی گەلی جولەکە دوانەیەکی سروشتیی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکانن

لە ئینگلیزییەوە/ نەوڕەس غەریب

لە ڕۆژی 25ی ئایاری 2020 دا، پیاوێکی ڕەشپێستی تەمەن 46 ساڵ، بەناوی جۆرج فلۆیید لە شاری مینیپۆلیس لەلایەن پۆلیسەوە پێ لەسەر ملی نرا و لەژێر پەستانی زۆر و نەمانی هەناسەی ژیندا، گیانی لەدەستدا و چرای ژینی کوژایەوە، جیاواز لە ڕووداوەکانی دیکەی گیانلەدەستدان، ڕووداوی کوشتنەکەی فلۆید شەپۆلێکی بەرفرەوانی خۆپیشاندانی دژی ڕەگەزپەرستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای خۆیدا هێنا. لەهەندێک شوێنیشدا، لەگەڵ خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک کردەی توندوتیژی و بڕینی دوکان و مارکێت و گیرفانی هاونیاشتیمانیانی بەدوای خۆیدا هێنا. سەرباری ئەمەش، شەپۆلی خۆپیشاندانی دژ بە ڕەگەزپەرستی تەنها لە ئەمریکا بەرپا نەبوو، بەڵکو لە بازنەیەکی فراوانتردا پەلی هاویشت بۆ هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و لەنێویشیاندا بەریتانیا و فەڕەنسا.

زۆرێک لە خەڵکی لەو بڕوایەدان کە بەپلەیەکی جیاواز ڕەگەزپەرستی بەشێكی سروشتی پێکهێنەری کۆمەڵگا ڕۆژائاواییەکانە و هەروەها وەک کێشەیەک تەماشای دەکەن کە دەبێت بنەبڕ بکرێت. لەلایەکی ترەوە، هەستی ڕەگەزپەرستی دژە جولەکەش بەشێکی سەرەکییە لە تێڕوانینی ڕەگەزپەرستانەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا و مێژوویەکی دورودرێژیشی هەیە، سەرباری ئەمەش هێشتا لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایانەوە دان بەم ڕاستییەدا نراوە.

دیاردەی هەستی ڕەگەزپەرستانەی دژە جولەکە، ناو بە ناو لە کۆمەڵگادا سەرهەڵدەداتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، دامەزراوەی دژە ڕەگەزپەرستی سەر بە پارتی کرێکاری بەریتانیا، سەرنجی نێودەوڵەتی بەلای ئەم پرسەدا ڕاکێشا، ئەمەش دوای ئەو ڕەخنانە هات کە لەلایەن جێرمی کۆربیین، سەرۆکی پارتەکەوە ئاڕاستەی پارتی کرێکاران کرا بەهۆی ئەوەی چالاکییان دژی هەستی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر بە جولەکەکان نەبووە و، لەکاتێکدا جێرمی کۆبیینیش خۆی بە دۆست و برای نەتەوە جینۆسایدکراوەکانی دەستی ڕێکخراوە عەرەبییە تیرۆرستییەکان لەقەڵەم دەدات.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لەکۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا هەڵمەتی ڕەگەزپەرستانەی دژە جولەکە لە دوو فۆڕمدا خۆی نیشان داوە، ئەوانیش: پەتای بەربڵاوی کۆرۆنا و هەروەها شەپۆلی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی دژ بە ڕەگەزپەرستی. هەرچەندە هەستی دژە جولەکە زۆربەی جار خۆپیشاندانی جەماوەری بەدوادادێت بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیل یان جولەکەوە نییە.

لێرەشدا دەتوانین ئاماژە بە «خۆپیشاندانەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا» بکەین کە وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرانبەر قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە ئەڵمانیا ئەنجامدرا، کە تیایدا هەزاران کەس لەم خۆپیشاندانانەدا بەژداربوون و، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران بوتڵی ئاویان دەگرتە هێزەکانی پۆلیس بەڵام لەبەرانبەردا هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسکڕژ و دەستبەسەرکردنیان بەرپەرچییان دەدانەوە. جێی ئاماژەپێدانە لەنێو خۆپیشاندەراندا کەسانی ‹ تییۆرناس و سەربە باڵی ڕاستڕەوەی تێدابوو›.

لە هەندێک لە خۆپیشاندانەکانی ئەڵمانیادا، خۆپیشاندەران ئەو پۆشاکانەیان دەپۆشی کە درووشمی ئەستێرەی زەردی پێوە بوو» ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە لێکچواندنی پرۆسەی قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە بە هەڵمەتی قرکردنەکانی گەلی جولەکە لەلایەن نازییەکانەوە، هاوکات حکوومەتی وڵاتەکەشیان بە ڕژێمەکەی هیتلەر لەقەڵەمدا. هەریەکە لە درووشمەکانی « نەخێر بۆ کوتان یان نەخێر بۆ کۆڤید 19» لەسەر ئەستێرەکان نووسرابوون. وەک کاردانەوەیەکیش لەبەرانبەر ئەم جۆرە چالاکییانەوە، دەسەڵاتدارانی شاری میونخ قەدەغەی پۆشینی ئەستێرەی زەردییان لەم جۆرە خۆپیشاندانانەدا کردووە. لەزۆربەی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەران جل وپۆشاکی دەستەبەسەرکراوانی بەندیخانەکان و هەروەها نیشانە و هێماکانی « ماسکەکان ئازادمان دەکات» دەپۆشن. خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەهەندێ لە شارەکانی وڵاتی ئەڵمانیادا، لەلایەن باڵی راستڕەوی پارتی AfD ئەڵمانییەوە ئەنجامدرا کە هەریەکە لە هێمای نازییەکان و درووشمەکانی تایبەت بە جینۆساییدی هۆڵۆکۆستەوە لە خۆگرتبوو.

لەهەمانکاتتدا، لە ئەمریکا ژمارەیەک خۆپیشاندان دژی ڕەگەزپەرستی ئەنجامدران، کەتیایدا سووتاندن و کردەی دزیکردن لە مارکێت و شوێنە بازرگانییەکانی لەخۆگرتبوو. لە ویلایەتی لۆس ئەنجلیس خۆپیشاندانەکان توندوتیژی زیاتری بەخۆیەوە دی، مارکێتی جولەکەکان لە ناوچەی فەیەرفاکس وێراندەکرا، دامەزراوەکانی سەر بەجولەکە زیانێکی زۆریان پێ دەگەیەنرا، لەنێویشیاندا پەرستگا ئایینی و قوتابخانەکانیان.

لەو چوارچێوەیەشدا، خۆپیشاندەران تەواوی پەیکەری ڕۆیاڵ واڵنبێرگ، کە پەیکەری بیرمەندێکی سوویدی بوو و هەروەها ڕزگارکەری گیانی هەزراران جولەکە بوو لەماوەی جینۆسایدی هۆڵۆکۆستدا، بەدرووشمەکانی دژە جولەکە ڕووپۆش کرد. سەرباری ئەمانەش، لەناوچەی ڕیچمۆرد لە ڤێرجینییا، پەنجەرەکانی ئەنجوومەنی چاکسازی لەلایەن گێرەشێوێنەکانەوە شکێندران.

لە 13ی تشرینی دووەمدا لە پاریس، خۆپیشاندانەکانی دژەڕەگەزپەرستی جەختییان لە گیان لەدەستدانی ئادەم ترۆری کردەوە کە فەڕەنسییەکی ‹ ماڵییان ‹ بووە و لەژێر چاودێری پۆلیسدا لە ساڵی 2016 دا گیانی لەدەستدا. هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان بەووتنەوەی گوتافی «ئێوە جولەکەی پپیسن» و هەندێکی تریشیان بەهەڵگرتنی درووشمی « ئیسرائیل: کارگەی بەرهەمهێنەری توندوتیژی پۆلیس»، جەختییان لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکردەوە. هەروەها، لەسەر هەمان بابەت لە ڤیدۆیەکەی تایبەت بەم بابەتە ڕوون دەبێتەوە کە جییان-لوک ماڵینچۆن سەرۆکی پارتی چەپڕەوی Unbowed Franceفەڕەنسا، سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی قسەڵۆکی نایاسایی و بێ بنەمای دژبەجولەکە کرد.

سەرهەڵدانی شەپۆلی خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕەگەزپەرستی جولەکەکان، هیچ پەیوەندییەکی بە جولەکە یان ئیسرائیلەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەچەند پێشهاتێکەوە هەیە کە لەم چەند ساڵەدا روویان داوە. لە نۆڤێمبەری ساڵی 2018دا، خۆپیشاندانی «هێلەک زەردەکان» گشت ڕۆژانێکی یەکشەممە لە فەڕەنسا ئەنجام دەدرا. تیایدا خۆپیشاندەران داوای دادپەروەری ئابوورییان دەکرد لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هەروەها بەزبوونەوەی زیاتری تێچوونەکانی ڕۆژانە. بەڵام، دوای ماوەیەک لە خۆپیشاندانەکان ڕێڕەوی ناڕەزایەتییەکان دەگۆڕا و بەرەو شوێن و کۆمەڵگای جولەکە نشینەکان ڕێچكەی دەگرت و تا ئەم ماوەیەی دواییش، گشت یەکشەمانێک خۆپیشاندانەکان هێرش و توندوتیژییان بۆ سەر کۆمەڵگا جولەکەنشینەکان لە خۆ دەگرت.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2014 دا، خۆپیشاندانی بەکۆمەڵ لە پاریسی پایەتەختی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، ئەمەش وەک کارادانەوەیەک لەبەرانبەر پلانە ئابوورییەکانی فرانسۆ هۆڵاندی سەرۆکی فەڕەنسا. سەرباری ئەمەش، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران هەساتن بە ووتنەوەی گوتاف و درووشمی دژ بە جولەکەکان، کە خۆیان دەبینییەوە لە « جولەکەکان، فەڕنسا نیشتیمانی ئێوە نییە» و هەروەها ووتنەوەی دروشمی «فاوریشن ڕاست دەکات» کە توێژەرێکی دیاری فەڕنسایی بوو و لەو بڕوایەدا بوو کارەساتی هۆڵۆکۆست زیاد لە پێویست گەورە کراوە و بنەڕەتی کارەساتەکە بەوشێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت، هەروەها بەزرکردنەوەی دروشمی « هۆڵۆکۆست تەنها کردەیەکی پێکەنیناوییە».

سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان دژی جولەکەکان لە ساڵی 2011 دا، سەرتاپای شەقامەکانی نیویۆرکی گرتەوە، هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندەران ئامانجیان جووڵەی دژە جولەکە نەبوو بەڵام فۆڕمی گشتی خۆپیشاندانەکە بە دروشمەکانی دژە جولەکە تەنرابوو. لە ڤیدۆیەکی خۆپیشاندانەکانی نیویۆرکدا، بەئاشکرا دیارە کە جولەکەکان هێرشییان دەکرێتە سەر و بە هۆکاری قەیرانە داراییەکان تۆمەتبار دەکرێن، هەورەها بە هۆکاری پاڵپشتی ئابووری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل تاوانبار دەکرێن.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2005 دا، سەرەتای پشێوییەکی سێ هەفتەیی بوو لە فەڕەنسا، تیایدا لە ناوچەی ‹کلیچی سوس بۆیس› لە نزیک پاریس دوو گەنج لە ڕووداوێکدا بە کارەبا گیانیان لەدەستدا کاتێک دەیانویست بچنە نێو باڵەخانەی کۆمپانیای نیشتیمانی گواستنەوەی کارەبا. هاوڕێکانیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لە دەست پۆلیس هەڵهاتوون. بەڵام لە 17 ی نۆڤەمبەردا حکوومەت بە فەڕمی بەرپرسیارێتی گیان لەدەستدانەکەی خستە ئەستۆی گێرەشێوێنەکانەوە ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبیلە سوتێنراوەکان لە شەوی پێشووتردا گەشتبووە نزیکەی 100 ئۆتۆمبیل.

زۆرینەی گێرەشێوێنەکان خەڵکی ئەفریقای باکوور بوون، هەروەها ئامانجی سەرەکییان بریتیبوو لە هێرشکردنەسەر پۆلیس و حکوومەت، سەرباری ئەمەش پەرستگای جولەکەکان لە ناوچەکانی ( پێرییفیت و کارگێس لێس گۆنسێ) بەبوتڵی پڕ لە گاز و بەنزین هێرشییان کرایە سەر و سوتێندران.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕەگەزپەرستی و تێکوەربونی ئامانجی تێکدەرانەش لەگەڵ ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا، توندوتیژی و وێرانکاریی دژ بە پەیکەر و هێمای کەسایەتیە جیهانییەکان لە بەریتانیا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تریش کرا، بەتایبەتیش ئامانجیان لەو هێمایانە بوون کە خەڵکیان بە کۆیلەکردووە و ستەمکارییان دژ بە چینە کانی کۆمەڵگا کردووە. یەکەم ڕووداویش ڕوویدا ئەوکاتە بوو کە خۆپیشاندەران هێرشییان کردەسەر پەیکەری ئێدوارد کۆڵستۆن، دەوڵەمەندی شارۆچکەی بریستۆڵی بەریتانیا و کۆیلەدارێکی سەردەمی جاران، و پەیکەرەکەی ئێدواردیان کە هێمای شانازای ئەو بوو فڕیدایە کەناردەریاکەوە، لەئەنجامی ئەمەشەوە، لە ترسی دووبارەنەبونەوەی حاڵەتی هاوشێوەوە، دەسەڵاتداران زۆرێک لە پەیکەرەکانیان لابرد.

لەکاتێکدا، لابردنی پەیکەری هەندێ کەسایەتی و هێمای ووڵاتان لە ئێستادا، کە بە ڕووداوێکی خاوەن ڕابردوویەکی ئاڵۆز و کێشەدار لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و تەنانەت بەو هۆیەشەوە بۆچوونی گشتی لەبەرانبەر هێرشە ڕەگەزەپەرستییەکانی ئەم دواییەی ئەوروپا هەڵوێستێکی وەهای دەرنەبڕی کە لە ئاست گەورەیی ڕووداوەکە بێت کە لەبەرانبەر پەیکەر و هێماکانی جولەکە ئەنجامدرا. لە ئەڵمانیا، بەلایەنی کەمەوە نزیکەی 30 پەرستگای ئایینی مەسیحییەکان پەیکەری «جودینسو» تێدایە، ‹ کە تیایدا لەسەر پەیکەرەکە وێنەی کەسێکی بەڕەگەز جولەکەی تێدایە کردەی سێکس لەگەڵ بەرازێکی مێینە ئەنجام دەدات› پەیکەرەکە بۆ سەردەمەکانی سەدەی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر، لە شارۆچکەی کاڵب، پەیکەرێکی جودینسو بەمەبەستی چاککردنەوە هێنرایە خوارەوە. لە مانگی ئازاردا دەسەڵاتی کەنیسە بڕیاریدا ئەستەمە جارێکی تر لەو شوێنە دابنرێتەوە و پێویستە لە جێگایەکی تر هەڵبواسرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بڕیاریان دا بە گەڕاندنەوەی بۆ جێگاکەی پێشووتری و بە داپۆشراوی دەهێڵرێتەوە تا ئەوکاتەی کە بڕیاری کۆتایی لە چارەنووسی دەدرێت، لەبەرئەوەی پێیان وابوو پەیکەرەکە هۆکاری سەقامگیری ناوچەکە بووە.

پەیکەرەکانی جودینسوو تەنها لە ئەڵمانیا بوونیان نییە، بەڵکو لە وڵاتەکانی سویسرا، بەلجیکا، سوید، ئۆستریا، هەروەها دوو پەیکەریش لە فەڕەنسا بوونیان هەیە.

یەکێکی تر لەو دیاردانەی لەم ماوەیەدا لە میدیاکاندا زۆرترین مشتومڕی لەسەر بوو، بریتی بوو لە دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە تیۆرییەکانی جولەکە، لەئەنجامی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بۆچونی نوێ و جیاواز دەربارەیان سەریهەڵدا و تیایدا جەخت لەوەدەکەنەوە کە جولەکە یان ئیسرائیل بەرپرسیارن لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە.

توێژینەوەیەکی ناوەندی کانتۆر لە زانکۆی تەل ئەبیب ئاشکرای کردووە کە سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دژ بە جولەکە لەسەرتاسەری جیهاندا بەرپاکردووە. ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی دژ بە جولەکەکان پێکهاتووە لە ژمارەیەک هوتاف و ناوزڕاندن کە لەیەک درووشمدا خۆیان دەبیننەوە ئەویش بریتییە لە « جولەکە، زایۆنیییەکان یان دەوڵەتی ئیسرائیل هۆکارن، بەرپرسیارن یان سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنان». سەرباری ئەمەش، لە توێژینەوەیەکی تردا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لەلایەن چەند توێژەرێکەوە ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە هەر پێنج کەسێکی ئینگیلزی کەسێکییان لەو بڕوایەدایە کە جولەکە درووستکەری ڤایرۆسی کۆرۆنان و ئامانجیشیان لەمە داڕووخانی ئابوورییە بە مەبەستی دەستکەوتی ئابووری جولەکە خۆیان.
ئەم ڕووداو و پێشهاتانە بۆ چەند گرفتێک دەگەڕێتەوە کە لەبەر دیدی گشتیدا وادەردەکەوێت ئەو گرفتانە سەرەتایەکی نوێیان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم گرفت و شەپۆلە رەگەزپەرستیانە، مێژوویەکی دورودرێژییان

لەگەڵ کوولتوری ڕۆژئاوادا هەیە و هەروەها بە بەردەوامی لە فۆڕم و شکڵی جیاوازدا سەر هەڵدەدەنەوە. باسکردنی ڕووداوی هۆڵۆکۆست و کەمکردنەوەی ئاستی گەورەیی کردەی جینۆسایدەکە، لئەمەش بە بەراوردکردنی ئیسرائیل لە هەڵسوکەوتی بەرانبەر بە فەڵەستینییەکان بە نازییەکان، یەکێکن لەو کوولتورەی کە مێژوویەکی لە مێژینەی لە میژووی ڕۆژئاوادا هەیە. هەروەها، لە زۆربەی زۆری ئایدۆلۆژیا نوێیەکان، بزوتنەوەکان، هەروەها جوڵانەوە هزرییەکان، لە ئەنجامدا کۆی ئامانجی ئەم لایەنانە و دەیانی تریش سەردەکێشێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و وتنەوەی گوتاف دژ بە جولەکە یان ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بگەینە بەو دەرئەنجامەی کە هەڵسوکەوتی ڕەگەزپەرستانە دژ بە جولەکە بەشێکی سەرەکی پێکهێنەری سروشتی کوولتور و کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانە.

سەرچاوە: www/besacenter.org

print

 205 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*