سەرەکی » دۆسێ » نەتەوە یەكگرتووەكان: حوسییەكان خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەن لە یەمەن

سعودیە توڕە دەكات

نەتەوە یەكگرتووەكان: حوسییەكان خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینەن لە یەمەن

نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ، حوسییەكان بە خاوەنی دەسەڵاتی راستەقینە لە یەمەن وەسف دەكات، ئەو وەسفكردنەش هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، توڕە دەكات.
جیمی ماكگۆڵدریك رێكخەری كاروباری مرۆیی لە یەمەن رەخنەی لە هەموو لایەنەكانی ململانێی یەمەن گرتبوو، لەنێوانیشیاندا هاوپەیمانی عەرەبی كە لەلایەن سعودیەوە سەركردایەتی دەكرێت و بە «رێزنەگرتن لە ژیانی مرۆڤ» تۆمەتباری كردبوون.
ماكگۆڵدریك داوای لە لایەنەكانی ململانێی ئەو وڵاتە كردبوو، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ژیانی مەدەنییەكان بپارێزن.
لە 29ی كانوونی یەكەمی 2017 و بەپێی «بی.بی. سی»، نەتەوە یەكگرتووەكان لە دوایین بەیاننامەیدا لەبارەی رەوشی یەمەن رایگەیاندبوو» لەماوەی دە رۆژی رابردوودا، 109 مەدەنی بەهۆی بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، بۆسەر چەند ئامانجێك لە یەمەن، كوژراون».
ئاژانسی دەنگوباسی رەسمی سعودیە لەزاری وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبییەوە، رەخنەی لە جیمی ماكگۆڵدریك رێكخەری كاروباری مرۆیی لە یەمەن گرت و بە لایەنگیریكردنی حوسییەكان تۆمەتباری كردبوو.
لێدوانەكانی ماكگۆڵدریك-ی لەبارەی رەوشی یەمەنەوە بە پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و بەیاننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دانابوو، وەك هەوڵێكیش بۆ بەخشینی شەرعیەت بە «میلیشیا كودەتاچییەكان لە یەمەن، و درێژەدان بە بەلاڕێدابردنی رای گشتی نێودەوڵەتی لەڕێی ئەو پڕوپاگەندانەی لە  راگەیاندنەكان و تۆڕە كۆەڵایەتییەكانی سەر بە حوسییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە» وەسف كردبوو.
هاوپەیمانی عەرەبی بەیاننامەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە «دروستكردنی حاڵەتێكی گوماناوی بەردەوام لەبارەی زانیاریی و ئەو بەیاننامانەی رێكخراوی نێودەوڵەتی پشتییان پێدەبەستێت و دوورن لە راستییەوە» لەقەڵەم دابوو.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ململانێكانی یەمەندا لانی كەم 10 هەزار كەس كوژراون.
هەر بەهۆی ئەو ململانێیە، قەیرانێكی مرۆیی گەورە دروستبووە لەو وڵاتە و زیاتر لە 20 ملیۆن كەس پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی كۆلێراش گەیشتووەتە نزیكەی ملیۆنێك كەس.
بۆ سێ‌ دەچێت هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە لە دژی حوسییەكان لە یەمەن لە شەڕدایە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، پێشتریش پسپۆڕێكی روسی راگەیاندبوو كە سعودیە لەو شەڕەدا دووچاری شكست دەبێت و رووبەری شەڕ و ململانێكان فراوانتر دەبن.
بەو هۆیەی لەماوەی چەند مانگی رابردوو، حوسییەكان بە موشەكی بالیستی نێو جەرگەی خاكی سعودیەیان بۆردومان كرد، لەئێستادا ریاز خۆی لە دۆخێكی نالەباردا دەبینێتەوە لە شەڕی دژ بە حوسییەكانی یەمەن.
پێشتر لیونید ئیسایڤ پسپۆڕی روسی لە توێژینەوە خۆرهەڵاتییەكان و مامۆستا لە كۆلێژی باڵای ئابوری كە سەردانی یەمەنی كردبوو رایگەیاندبوو، دەستوەردانی سەربازیی سعویە و هاوپەیمانەكانی لە یەمەن، دەبێتە مایەی ململانێیەكی فراوان لە ناوچەكە، دواجاریش بە شكستی ریاز كۆتایی دێت.
ئەو لێدوانەی ئیسایڤ، بەوپێیەی تائێستا سعودیە سەركەوتنی بەدەستنەهێناوە راستە، بەڵام رووبەری شەڕەكە لە چوارچێوە و قۆزاخەی خۆی تێپەڕی نەكردووە.
ئیسایڤ بە ئاژانسی «ئینتەرفاكس»ی راگەیاندبوو: «هەڵمەتی سەربازیی سعودییەكان لە یەمەن دووچاری شكست دەبێت، بۆیە گومانم هەیە سعودییەكان بتوانن لەو وڵاتە هیچ شتێك بەدیبهێنن.. سوپای سعودیە هیچ مەترسییەك لەسەر توانای یەمەنییەكان لە مقاوەمە و رووبەڕبوونەوەدا دروست ناكات».
بە وتەی ئەو پسپۆڕە روسە، پێشەنگی سەربازیی سعودییەكان رووكەشێكی جوانی هەیە، بەڵام لە پشتەوە بۆشاییەكی گەورە بەدی دەكرێت، ئەو سوپایە لەڕووی ئامادەكاریی بۆ شەڕ توانای لە یەمەنییەكان كەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر سوپای سعودیە لەمێژووی خۆیدا هیچ شەڕێكی نەكردووە، بۆیە دەكرێت زۆر بەشێوەیەكی ئاسایی بڵێین كە هیچی بۆناكرێت.
ئیسایڤ تەئكیدی لەسەر بەرزی ئاستی مەشقی سەربازیی لەنێو سوپای یەمەندا كردبووەوە و پێیوابووە كە رێكەوت نییە زۆربەی سەربازەكانی (سوپای محەمەد) لە یەمەنییەكان پێكبێت و ئامادەكاریی یەمەنییەكانیشی بۆ جەنگ لە هەموو عەرەب بە بەرزتر وەسفكردوو، وێڕای ئەوەی كە سەنگەری یەمەنییەكان بە وتەی ئەو «جەنگەكە هێندەی قورستر دەكات و رووبەڕوونەوەكان چڕتر دەكاتەوە».
ئەو پسۆڕە روسیە پێیوایە، گەلی یەمەن پشتیوانی لە حوسییەكان دەكات و بەگژ دەستوردانی ریازدا لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی دەوەستێتەوە و داوای وەڵامدانەوەش دەكات.
ئیسایڤ دەڵێت: «ناڕەزاییەكان لە سەنعا لەبەرانبەر دەستوەردانی سعودیە زیادی كردووە و خەڵك داوا دەكات یەمەن بچێتە نێو خاكی شانشینی عەرەبی سعودیە و ئەو وڵاتە داگیربكات، لەگەڵ دەركردنی ئەو بڕیارەشدا، كاریگەرییەكی بەهێز لەسەر سعودیە دروست دەبێت».

پسپۆڕە روسەكە پێیوایە، ئەگەر یەمەنییەكان بڕیار بدەن بەرپەرچی سعودیە بدەنەوە، ئەوا «انصار الله» تاكە بزوتنەوەی شەڕكەر نابێت، بگرە هەموو گەلی یەمەن دەچێتە نێو ئەو شەڕە، ئەوەش مەترسییەكی زۆر گەورە پێكدەهێنێت.
لیونید ئیسایڤ لە درێژەی قسەكانی بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكسی وڵاتەكەی وای دەبینێت هەڵسوكەوتی سعودیەكان بۆ پارێزگاریی لە هەژمونی خۆیان لە یەمەن بە هەر نرخێك بێت، هەڵسوكەوتێكی سەرشێتانەیە و دەرەنجامی نەخوازراوی دەبێت و دەڵێت: «پێموایە تا سعودییەكان نەیەنەوە هۆشی خۆیان، ئەوا كردەوەكانیان بەرەو ململانێیەكی فراوان دەچێت، هەستیش دەكەم سەركەوتن بۆ ئەو وڵاتانە نابێت كە لە جەنگی دژ بە یەمەندا تێوەگلاوە».
روبەری شەڕ و ململانێكان لەنێوان هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە لە دژی حوسییەكانی یەمەن، لەگەڵ ئەوەی فراوان نەبووە و بەدەووری چەقێكی دیاریكراودا دەسوڕێتەوە، بەڵام كاولكارییەكی گەورەیان لەو وڵاتەدا درەستكردووە، هێرشە ئاسمانییەكانی سعویەش لەو وڵاتە، بونەتە مایەی كاولكارییەكی فراوان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دەڵێن، شەڕەكە پێشێلكاریی مرۆیی زۆری تێداكراوە و ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتە قوربانی.

print

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*