سەرەکی » دۆسێ » ئەو تەفسیرەى پێویستە لە کتێبخانەکەی هەموو خوێندەوارێکى کوردا هەبێت

شێخى خاڵ و تەفسیرى خاڵ

ئەو تەفسیرەى پێویستە لە کتێبخانەکەی هەموو خوێندەوارێکى کوردا هەبێت

د.ئاراس محەمەد ساڵح

تەفسیر نووسین لاى شێخ محەمەدى خاڵ پرۆژەی تەمەن بووە، هەربۆیە لە ساڵى (1935ز) دەستى بەو کارە گرنگە کردووە، لە ساڵى (1935) تەفسیر جزمى (عم)ى کردووە، لەگەڵ دەرچوونى گۆڤارى (گەلاوێژ 1939-1949)دا، هەلێکى باشى بۆ رەخساوە، زنجیرەیەک گوتارى تەفسیرى لەو گۆڤارەدا بڵاوکردوەتەوە.

لە ساڵى (1955) تەفسیری سورەتى (الفاتحة)ى چاپ و بڵاوکردوەتەوە،
لە ساڵى (1957ز) جارێکى تر تەفسیرى جزمى (عم)ى بە دەسکاریەوە چاپکردوەتەوە.

لە شەستەکانى سەدەى رابردوو بە تەواوى خۆى یەکلایی کردوەتەوە بۆ نووسین و تەواوکردنى پڕۆژەى تەفسیرى خاڵ، لە ساڵى (1969) جزمى یەکەم و لە حەفتاکاندا جزمەکانى: (2/3/27/28/29) تەواو دەکات و چاپیان دەکات، هەتا ساڵى (1984ز) کە بینایی چاوەکانى لەدەستداوە بەردەوام بووە، بەڵام مەخابن نەیتوانیوە تەفسیرى هەموو قورئان تەواو بکات، لە رۆژى (15/7/1989) کۆچى دوایی کردووەو لە گردى سەیوان لە نێوان گۆڕى شێخى ئەمینى باپیرى و شێخ عەلى باوکیدا نێژراوە.

شێخى خاڵ بە ڕێبازێک (تەفسیرى خاڵ)ى نوسیوە هەتا ئاستى تەحەداکانى ئەو رۆژگارەدا بێت، لە چلەکان و پەنجاکانى سەدەى رابردوو ئاراستەى چەپ و عەلمانى لە کوردستاندا بەهێز بووە، بە تایبەتى لەناو توێژى خوێندەوارو رۆشنبیراندا، وێناى دین لاى ئەوان بەشێک بووە لە خورافەو نالۆژیکى بوون و بەربەستى بەردەم زانست و پێشکەوتن، هەربۆیە شێخى خاڵ هاتووە زانست و پرسی نەتەوەو نیشتمان و خەمى زمان و رۆشنبیرى لەگەڵ تەفسیرەکەیدا تێکەڵاو کردووە.

شێخى خاڵ تەفسیرەکەى بە زمانێکى ئەدەبی کوردى پاراو، دوور لە زمانى نووسینى تەقلیدى نووسیوە، کوردیەک لەکاتى خوێندنەوەیدا هەست بە چێژێکى ئەدەبی زۆر حۆش و رەوان دەکەیت.

تەفسیرى خاڵ پرسی ریفۆرمى کۆمەڵایەتى، وەک یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى قورئانى پیرۆز لەگەڵ تەفسیرکەیدا پێکەوە تێکەڵاو کردووە.

شێخى خاڵ لە تەفسیرەکەیدا بەزمانێکى هێمن و لەسەرخۆ ناوەڕۆکى بیرو بۆچوونە باوەکانى سەردەمى خۆى پوچەڵ کردوەتەوە.

خاڵ لە تەفسیرەکەیدا ژیرى و بیرى مرۆڤ دەجوڵێنێ و گفتوگۆى لەگەڵدا دەکات، بەهێمنى حیوارێکى لۆژیکى جوان لەگەڵ خوێنەردا ساز دەکات.

شێخاڵ لە تەفسیرەکەیدا دژایەتى توندى خورافەو چیرۆکى هەڵبەستراو دەکات و نایەوێت تەفسیرەکەى بەو شتە بێسودانە پڕ بکاتەوە.

تەفسیرى خاڵ نە کورتێکى دەستخەڕۆکەرە، نەدرێژێکى ماندووکەرە.

تەفسیرى خاڵ لەتەفسیرى ئایەتەکانى تەشریعدا باسى مەبەست و (مقاصد الشریعة)ئامانجەکانى شەریعەت دەکات.

تەفسیرى خاڵ، خاڵ لەسەر هەموو پیتەکان دائەنێت و بەزمانێکى پوخت رونیان دەکاتەوە.

تەفسیرى خاڵ لایەنگیرى یەک قوتابخانەى فیقهى دیاریکراو ناکات، ئەوەى لە ئایەتەکەوە وەریگرتوەو نوسیویەتى، بێ گەڕانەوە بۆ مەزهەبێکى دیاریکراو.

تەفسیرى خاڵ (نەقڵ و عەقڵ) (الوحي والعقل)ى پێکەوە گرێداوە، هەردووکیان بە تەواوکەرى یەکتر دەزانێت.

تەفسیرى خاڵ یەکێکە لە پێشەنگانى تەفسیر بە زمانى کوردى رەسەن، ئەگەر یەکەم نەبێت.

تەفسیرى خاڵ لە رۆژگارێدا خەمى دینى کردەوە بەخەمى سەرەکى ژین، کە خەمى دین وەک شتێکى زیادەو لاوەکى سەیر کراوە.

هەرکەسێک بیەوێت لە گەورەیی قورئان و مەبەست و ئامانجە گرنگەکانى تێبگات، هەروەها بۆ ئەوەى پاراوى و دەوڵەمەندى زمانى کوردى لەبەرامبەر زمانە زیندووەکاندا بزانێت، پێویستە بەردەوام خوێنەرى تەفسیرى خاڵ بێت.

تەفسیر خاڵ تەنها حەوت جزمى (جزء) قورئانى پیرۆزە، (1/2/3/27/28/29/30) لەگەڵ کۆمەڵە گوتارێکى تەفسیرى لە گۆڤارى (گەلاوێژ)دا لە نێوان ساڵانى (1939-1949) لەلایەن بەندەوە کۆکراونەتەوەو چاپکراون.

print

 143 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*