سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » وه‌فدی هەرێمی كوردستان

وه‌فدی هەرێمی كوردستان

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، وه‌فدێكی دوو حزبی هه‌رێمی كوردستان‌و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری سه‌ردانی به‌غدایان كرد‌و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران‌و جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و چه‌ند كه‌سایه‌تی حكومی‌و حزبی‌و لایه‌نی تر کرد. ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كان‌و گفتوگۆكان‌و پشت په‌رده‌ هه‌رچییه‌ك بووبێ، به‌پێی راگه‌یاندنی هه‌ر سێ لا، سه‌ردان‌و كۆبوونه‌وه‌كان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ بووه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌كان بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان مافی هه‌رێمی كوردستان پێشێل نه‌كه‌ن‌و قه‌واره‌ی هه‌رێم وه‌ك چۆن له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ ئاوها بمێنێ، هه‌روا حكومه‌تی عیراقی فیدرال بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت‌و له‌نێویشیدا ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
بێگومان هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێك بۆ تواندنه‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندانی نێوان به‌غدا‌و هه‌رێم كارێكی باشه‌، به‌ڵام سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌ له‌م كاته‌دا كه‌ به‌غدا هێشتا وازی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ نه‌هێناوه‌‌و گه‌مارۆكانی هه‌ڵنه‌گرتووه‌‌و هێشتا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مووچه‌-گه‌ر بینێرێت- له‌ڕێی پارێزگاكانه‌وه‌ بێت یان حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌‌و قسه‌یه‌كی تازه‌ش هاتۆته‌ سه‌ر گوایه‌ له‌ڕێی هه‌ندێ حزب‌و لایه‌نه‌وه‌ بینێرێت.
راسته‌‌و مافی هه‌موو حزب‌و گروپ‌و لایه‌نێكه‌ چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی رێك ده‌خات‌و له‌گه‌ڵ كێ په‌یوه‌ندی ده‌كات‌و نایكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستا جێی تێڕامان‌و سه‌رنجه‌:
یه‌كه‌م: هه‌ردوو حزبی به‌ڕێز گۆڕان‌و كۆمه‌ڵیش، پێشتر ده‌یان جار له‌ لێدوان‌و به‌یاننامه‌كانی خۆیاندا زۆر ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی فیدرال، ده‌بێ هه‌موو به‌شدار بن تیایدا‌و ئه‌و وه‌فدانه‌ی ده‌چنه‌ به‌غدا، نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌كی تێدا بێ، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ هاوپه‌یمانی به‌ڕێزیش، هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌‌و هه‌موو لایه‌كیش به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌، پێكه‌وه‌‌و به‌كۆده‌نگی چوونه‌ به‌غدا له‌ قازانجی گه‌لی كورده‌‌و هه‌رێم به‌هێزتر ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا، هه‌روا هه‌میشه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ڕێزانه‌ هه‌ندێ جار كه‌ وه‌فدی حكومه‌ت ده‌چووه‌ به‌غدا، یان وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی‌و پارتی سه‌ردانی به‌غدایان ده‌كرد، هاواریان لێ هه‌ڵده‌ستا‌و ده‌كه‌وتنه‌ گله‌یی‌و گازه‌نده‌ تا ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بڵێن ئه‌و وه‌فدانه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ناكه‌ن، ئه‌ی باشه‌ بۆ ئه‌مان بۆیان هه‌بێ بڵێن نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن؟
دووه‌م: سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی عیراق له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك پڕۆسه‌یه‌كی رێكخراوی ته‌عریبی ده‌ست پێكردوه‌، هه‌روا هه‌تا ئێستا رێگه‌ نه‌دراوه‌ ئاواره‌كانی دوزخورماتوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان، جگه‌ له‌وه‌ش هیچ خه‌به‌ر‌و باسێك له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتووانی دوزخورماتوو نییه‌.
سێیه‌م: به‌رده‌وام له‌ لێدوان‌و قسه‌ی سه‌رجه‌م حزب‌و لایه‌نه‌كانی كوردستان قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد ده‌كرێت‌و باسی یه‌ك هه‌ڵوێستی‌و كۆده‌نگی ده‌كرێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یران‌و نه‌یاران، كه‌چی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌جیا وه‌فد ده‌نێرن بۆ به‌غدا.
چواره‌م: له‌هه‌مووی سه‌یرتر، سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌ به‌ڕێزه‌ له‌ پاش خۆپیشاندان‌و هه‌وڵه‌ تێكده‌ر‌و ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی هه‌ندێك گروپە كه‌ خزابوونه‌ نێو خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی هه‌رێم.

 376 جار بینراوە