سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » دەوحە؛ حكومەتی كابول ‌و بزووتنەوەی تالیبان دەگەنە ئاشتی؟

دەوحە؛ حكومەتی كابول ‌و بزووتنەوەی تالیبان دەگەنە ئاشتی؟

بە مەبەستی دیالۆگ ‌و كۆتاییهێنان بەو ململانێ خوێناوییەی 20 ساڵە درێژەی هەیە ‌و ژیانی دەیان هەزار كەسی لە سەرباز ‌و چەكدار ‌و مەدەنی ئەو وڵاتە كردۆتە قوربانی، دوێنێ نوێنەرانی حكومەتی ئەفغانستان ‌و بزووتنەوەی تالیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆبوونەوە.

پش چەند رۆژێكیش لە كۆبوونەوەکە، چەند وڵاتێك داوای راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەستیان كرد، لەگەڵ ئەنجامدانی رێكەوتنێك كە مافی ژنان دەستەبەر بكات.

پۆمپیۆ: ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە
لە مەراسیمی كردنەوەی كۆبوونەوەكەدا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە هەردوولا كرد، تاكو ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە ‌و رێكەوتنێكی گشتگیری ئاشتیی ئیمزا بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە بوونی چەند ئاستەنگێك كرد لەبەردەم رێكەوتنەكەدا. وتیشی: هەڵبژاردنی سیستمی سیاسیتان پەیوەندیی بەخۆتانەوە هەیە، بەڵام بڕوای تەواومان بە پاراستنی مافی هەموو ئەفغانییەكان هەیە، وەكو باشترین دەرچە بۆ دەربازبوون لە توندوتیژی.

پۆمپیۆ هۆشداریی لەوەشدا كە بژاردە ‌و رەفتاری لایەنەكان، قەبارەی هاوكارییەكانی ئایندەی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان دیاری دەكەن. وتیشی: چوار ژن لە تیمی دانوستانكاری حكومەتی ئەفغانستاندا هەن، ئەوەش نموونەیە بۆ ئەو دەستكەوتانەی لەو وڵاتەدا بەدیهاتوون.

پاراستنی مافەكانی ژنان ‌و كەمینەكان
لای خۆشیەوە، زالمای خەلیلزاد نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئەفغانستان، رایگەیاند: بەرگرتن لە تیرۆر مەرجی بنەڕەتییە، بەڵام پاراستنی مافەكانی ژنان ‌و كەمینەكان، كاریگەرییان لەسەر هەر بڕیارێكی ئایندە دەبێت، سەبارەت بەو هاوكارییە داراییەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ ئەفغانستان دیاری دەكات.

لای خۆیەوە، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی نیشتمانی لە ئەفغانستان، رایگەیاند: ئەگەر هەردوولا لەسەر هەموو خاڵە ناكۆكەكانیش رێكنەكەوتن، بەڵام دەبێت سازشیان لەسەر بكەن، وتیشی: وەفدەكەی سەر بە ئێمە نوێنەرایەتیی سیستمێكی سیاسی دەكەن، كە ملیۆنەها ژن ‌و پیا‌و لە كلتوور ‌و ئیتن ‌و باری كۆمەڵایەتی جیاوازی نیشتمانەكەماندا پاڵپشتی دەكەن.

هەروەها خاتوو میتنۆ مەرسودی وەزیری دەرەوەی ئەندەنوسیا رایگەیاند: پێویستە هەموو ئەفغانییەكان لە جەرگەی پڕۆسەی ئاشتیدا بن، ئەوەش واتە پەراوێزنەخستنی هەموو رەگەزەكان، بە ژنانیشەوە.

هەروەک مەلا بەردار ئاخوند سەرۆکی تیمەکەی تالیبان وتی: پێویستە ئەفغانستان لەسەر سیستمی ئیسلامی بنیات بنرێت، كە بەبێ جیاوازی جێگەی سەرجەم هۆز ‌و تیرە ‌و ئیتنەكان ببێتەوە ‌و لە سایەی خۆشەویستی ‌و برایەتیدا پێكەوە بژین.

ئەوە ناگەیەنێت كە رێگەی ئاشتیی، ئاسانە
بە وتەی بەرپرسانی دیپلۆماسی ‌و راڤەكارانی سیاسی: سەرەڕای ئەوەی كۆبوونەوەی لایەنە ناكۆكەكانی ئەفغانستان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دەستكەوت دادەنرێت، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە رێگەی ئاشتیی ئاسانە، بەتایبەتی كە ئاستی توندوتیژییەكان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا زیادیكردووە.

دەشڵێن: یەكێك لەئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەكان، چۆنێتیی تێكەڵاوبوونەوەی تالیبانە لە رێكخستنی ئەو وڵاتەدا، لە كاتێكدا رەتیدەكاتەوە دان بە شەرعییەتی حکومەتی ئەفغانستاندا بنێت، ‌لەگەڵ چۆنێتیی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ ‌و كەمینەكانە، كە هەردووكیان بە دەست حوكمی تالیبانەوە زۆریان ناڵاندووە.

دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان حكومەتی ئەفغانستان ‌و بزووتنەوەی تالیبان، دوای تەنها رۆژێك هات لە یادی 19 ساڵەی پەلامارە تیرۆریستییەكانی 11ی سێپتەمبەر بۆ سەر چەند شوێنێکی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئەوەش هۆكاربوو بۆ دەستوەردانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان.

دوای مانگێك لە پەلامارە تیرۆریستییەكەش، جۆرج دەبلیو بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا هێزی سەربازیی رەوانەی ئەفغانستان كرد، بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان و دەستگیركردنی ئوسامە بن لادن پیلانداڕێژەری پەلامارەكان، كە ئەوكات بزووتنەوەی تالیبان لای خۆیان حەشارگەیەكی سەلامەتیان بۆ دابینكردبوو، بەڵام كۆبوونەوەكانی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ حكومەتی كابول، بەری هەوڵی رێكەوتنی ئەمریكایە لەگەڵ تالیبان، كە لە مانگی شوباتدا كردیان.

سەرچاوە ئاژانسەکان

print

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*