سەرەکی » کەلتوور » ده‌رو دراوسێ له‌(ساڵۆنی كوردستانی نوێ) بوو

ده‌رو دراوسێ له‌(ساڵۆنی كوردستانی نوێ) بوو

ئا: كوردستانی نوێ

رۆژی شه‌ممه‌ 5-9-2020 ساڵۆنی كوردستانی نوێ میوانداری كتێبی ده‌ر و دراوسێی نووسه‌ر بورهان ره‌ووفی كرد، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی كوردستانی نوێ چاپكراوه‌ و پێكدێت له‌ ژماره‌یه‌ك بابه‌تی‌ نووسه‌ر كه‌ له‌ ستوونی ده‌رو دراوسێ بڵاوبۆته‌وه‌.

كۆڕه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی‌ ساڵۆن، بۆ ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێبی ده‌رو دراوسێ بوو، له‌ باخچه‌ی‌ مه‌كته‌بی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوو، به‌ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس.

مه‌ریوان مه‌سعود وه‌كو ستافی كوردستانی نوێی ووته‌ی‌ سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌ی پێشكه‌ش كردۆو وه‌كو هه‌میشه‌ش ئاماده‌بووان خوله‌كێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردو كوردستان راوه‌ستان، دواتر بورهان ره‌ئووف ووته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ تێیدا هات:
خوشكان و برایان، هاوڕێیان و نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان و ئاماده‌بووانی ئازیز و به‌رێز و خۆشه‌ویستم، به‌خێرهاتن، ئاماده‌بوونی ئێوه‌ له‌م مه‌راسیمه‌دا رێزگرتنه‌ له‌ ووشه‌ی‌ كوردی ره‌سه‌ن و له‌ رای ئازاد و له‌كه‌لتور و ئه‌ده‌ب و رۆژنامه‌نووسان له‌میقداد به‌درخانه‌وه‌ تا ئێستا، له‌م بۆنه‌یه‌دا پێمخۆشه‌ ئه‌و راستیه‌ بڵێم، نووسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان هه‌ر له‌سه‌رده‌می حوجره‌ و فه‌قێكانه‌وه‌ زمانی كوردییان پاراستووه‌، ووتیشی، زه‌حمه‌ته‌ گه‌لێك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ده‌وڵه‌ت و سوپای نه‌بێت زمانه‌كه‌ی‌ به‌زیندووی بمێنێته‌وه‌، ئه‌م له‌شكره‌ بێ چه‌كه‌ی‌ منه‌وه‌رانی كورد، نه‌ك زمانی كوردیان پاراست و له‌زمانه‌كانی تری‌ ناوچه‌كه‌ پاراوتر و پاڵفته‌یان كرد.
نووسه‌ر هه‌روه‌ها ووتی، ووتاره‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ی‌ له‌م مه‌راسیمه‌دا ناساندنی بۆ ده‌كرێت، له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی رۆژن له‌كوردستان و عیراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ كوردستانی نوێ به‌شێكی به‌چاپگه‌یاند وه‌كو یه‌كه‌م كتێب و به‌ش، هه‌وڵیش ده‌ده‌م له‌ماوه‌ی‌ داهاتوودا به‌شی دووه‌می له‌كتێبێكی تردا به‌چاپ بگه‌یه‌نم، بۆیه‌ جارێكی تر سوپاسی ماڵباتی كوردستانی نوێ و سه‌رنووسه‌ری پێشوو ستران عه‌بدوڵلا ده‌كه‌م كه‌ هه‌ر خۆیشی پێشه‌كیه‌كی‌ به‌پێز و جوانی بۆ نووسیوه‌ كه‌ مایه‌ی‌ خۆشحاڵیمه‌ له‌ئاستێكی وادا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كردووه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ كتێبی ده‌رو دراوسێی بورهان ره‌ئووف، له‌ پێنج به‌ش پێكدێت له‌گه‌ڵ پێشه‌كییه‌كی‌ ستران عه‌بدوڵلا و نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بورهان ره‌ئووف، كه‌ به‌مجۆره‌یه‌، به‌شی یه‌كه‌م له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌شی دووه‌م له‌سه‌ر عیراق و به‌شی سێهه‌م له‌ سه‌ر ئێران و به‌شی چواره‌م له‌ سه‌ر توركیا و باكووری كوردستانه‌، به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی كتێبه‌كه‌ش له‌سه‌ر سوریا و خۆرئاوای كوردستانه‌..

ستران عه‌بدوللا له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت، كوردستانی نوێ به‌هاوپه‌یمانی و هاوكاره‌ دڵسۆزه‌كانییه‌وه‌ ماوه‌ و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ وانه‌یه‌كی‌ هه‌ستپێكراوه‌ له‌ته‌واوی وێستگه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ ته‌نگژه‌ی‌ كوردستان له‌ ده‌ورانی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ تا شه‌ڕی قوتی خه‌ڵكی له‌كێشمه‌كێشی بودجه‌ و مووچه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادا، ته‌نگژه‌ی‌ داعش عیراقی ته‌نییه‌وه‌، به‌ڵام به‌شه‌ دارایی و ئابوورییه‌كه‌ی‌ هه‌ر بۆ كوردستان په‌ڕییه‌وه‌، رۆژنامه‌ و میدیاش زوو په‌سیوی‌ ته‌نگژه‌ داراییه‌كه‌ ده‌یانگرێـته‌وه‌، چونكه‌ گونجاوترینن له‌چاو دامه‌زراوه‌كانی تری‌ حزب و سیاسه‌ت له‌ كوردستان.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێـت، له‌م وێستگه‌یدا هیمه‌ت و هه‌یبه‌تی هاوكاری و پشتیوانی ده‌رده‌كه‌ویت، نووسه‌ره‌كانی هاوكاری كوردستانی نوێ له‌ دۆسێیه‌ سیاسییه‌كه‌دا به‌په‌رۆش و هیمه‌تێكی چۆنایه‌تییه‌وه‌ هاتنه‌ كۆڕی پشتیوانی و به‌شدارییه‌وه‌، شێخ بورهان شێخ ره‌ئووف هاوكارێكی به‌ ئه‌مه‌كی رۆژنامه‌كه‌ بوو و بووه‌، له‌م وێستگه‌ باسكراوه‌دا، دووپاتیشیكرده‌وه‌، (ده‌رو دراوسێ) گۆشه‌یه‌كی ده‌ستوبردی كاك بورهان بوو كه‌ جگه‌ له‌هه‌فتانه‌ییه‌كه‌ی‌ خه‌سڵه‌تی دڵنیایی و جێگیری رووماڵكردنی پێ به‌خشین به‌جۆرێك ئه‌وی ستافی كوردستانی نوێ فریای نه‌ده‌كه‌وت له‌رووماڵكردن و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ باروودۆخی عیراقی و ئیقلیمی (ده‌رو دراوسێ)ی شێخ بورهان ده‌یكرد، ئه‌مه‌ وه‌ك ته‌واوكاری و ئاوێته‌بوون و بۆ سه‌ندنه‌وه‌یه‌كی‌ هاوئاهه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ خێرانی رۆژنامه‌كه‌دا، هاوئاهه‌نگی رۆژنامه‌وانی و رووماڵی (ده‌رو دراوسێ) وابوو كه‌ كۆی‌ دیمه‌نی عیراقی و ئیقلیمی بگرێـته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گۆشه‌كه‌ زوو جێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌لاپه‌ره‌كانی رۆژنامه‌كه‌ و له‌لاپه‌ڕه‌كانی دڵی خوێنه‌راندا كرده‌وه‌. كه‌م هه‌فته‌ هه‌بوو (ده‌رو دراوسێ) نه‌ده‌بووه‌ مادده‌ و كه‌ره‌سته‌ش بۆ میدیاكانی تر، به‌تایبه‌تی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان كه‌ یان له‌په‌خشه‌كانیاندا وتاره‌كه‌یان ده‌خوێنده‌وه‌ یان نووسه‌ری ووتاریان بۆ به‌رنامه‌ و به‌شداری بانگ ده‌كرد. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌یه‌كی‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتوویی گۆشه‌كه‌و نووسه‌ره‌كه‌ی‌.

بورهان ره‌ئووف-یش له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێـت، ئه‌م كتێبه‌ كۆكراوه‌ی‌ به‌شێكه‌ له‌و ووتارانه‌م كه‌ له‌به‌رواری 5-2-2020ه‌وه‌ له‌گۆشه‌ی‌ ده‌رو دراوسێی كوردستانی نوێ نووسیومه‌،. روونیشی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌شه‌كانی تری گۆشه‌ی‌ ده‌ر و دراوسێی كۆكردۆته‌وه‌و له‌ده‌رفه‌تێكی تردا به‌چاپی ده‌گه‌یه‌نێت وه‌كو به‌رگی دووه‌م. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ به‌لایه‌وه‌ وه‌كو چاودێرێكی بارودۆخی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دوای ساڵانێكی زۆر له‌گوێگرتن و خوێندنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی كێشه‌و ململانێكانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، كه‌ راو سه‌ره‌نجی خۆی له‌ رێگه‌ی‌ ووتار و چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی و وتوێژی رادیۆیی ده‌رببڕێت به‌زمانێكی ساده‌و واقیعی و دوور له‌ناو زڕاندن و برینداركردنی هیچ تاقم و لایه‌نێك و هێمنانه‌ به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌بیر و بۆچوونی دیموكراسیانه‌ و دژ به‌ده‌مارگیری نه‌ژادی و ئاینی به‌ڵكو هیوابه‌خشین و گه‌شه‌بینی كه‌ نابێت مرۆڤ نائومێد بێت سه‌ره‌رای هه‌موو ئاسته‌نگ و كه‌ندو كۆسپه‌كان.

كۆڕه‌كه‌ی‌ ساڵۆنی كوردستانی نوێ، به‌ دابه‌شكردنی كتێبی (ده‌رو دراوسێ) و به‌ئیمزای بورهان ره‌ئووف به‌سه‌ر ئاماده‌بووان و مێوانان و دۆستانی نووسه‌ردا كۆتایی پێهێنرا.

print

 143 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*