سەرەکی » راپۆرت » ژماره‌یه‌ك هۆكاری‌ له ‌پشته‌وه‌یه‌ ئیسرائیلییه‌كان له‌ دژی‌ نه‌تانیاهۆ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن

ژماره‌یه‌ك هۆكاری‌ له ‌پشته‌وه‌یه‌ ئیسرائیلییه‌كان له‌ دژی‌ نه‌تانیاهۆ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن

ئا- ئیدریس جه‌بار

جارێكی‌ تر له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، هه‌زاران ئیسرائیلی‌ له‌قودس، خۆپیشاندانی‌ فراوانیان سازكردو تێیدا داوای‌ رۆشتنی‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ وڵاته‌كه‌یان كرد كه‌ تۆمه‌تباره‌ گه‌نده‌ڵی‌. له‌ هه‌مان كاتدا سه‌دان كه‌سی‌ تر له‌قه‌یسه‌ری‌ له‌به‌رده‌م ماڵی‌ تایبه‌تی‌ نه‌تانیاهۆ و له‌به‌رده‌م دووڕێیانه‌كان له‌ چه‌ندان ناوچه‌ی‌ تری‌ ئیسرائیل، گردبوونه‌وه‌.

ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌، له‌دوای‌ كۆتایی‌ پشووی‌ شه‌مموانی‌ جوله‌كه‌ هه‌فتانه‌ سازده‌كرێن، درێژه‌یان هه‌یه‌ وێڕای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا و ته‌وژمی‌ گه‌رما كه‌ قودسی‌ گرتۆته‌وه‌.
له‌ په‌راوێزی‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ ره‌سمی‌ نه‌تانیاهۆ، پێكداهه‌ڵپژان له‌نێوان پۆلیس و خه‌ڵكه‌ خۆپشانده‌ره‌كه‌ دروستبوو. هێزه‌كانی‌ پۆلیسیش له‌ دوای‌ پێكداهه‌ڵپژانه‌كه‌، ئاماژه‌یان به‌ برینداربوونی‌ دوو پۆلیس كرد.

كه‌یسه‌كانی‌ گه‌ه‌نده‌ڵی‌
یه‌عارا پێرێز (30 ساڵ) كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكخراو به‌شداری‌ له‌ناڕه‌زاییه‌كاندا ده‌كات له‌قودس به‌ئاژانسی‌ (فرانس پرێس)ی‌ راگه‌یاندووه‌ «لیستی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ نه‌تانیاهۆ كراونه‌ته‌وه‌ له‌ سێ‌ كه‌یسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ پێكدێن، ته‌نیا (به‌شی‌ رواڵه‌تی‌ كێشه‌كه‌ نییه‌«، بزوتنه‌كانی‌ ناڕه‌زاییشی‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌ی‌ توڕه‌یی‌ قوڵی‌ گه‌لی‌ ئیسرائیلی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.

نه‌تانیاهۆ كه‌سه‌ركردایه‌تی‌ حزبی‌ لیكود (راستڕه‌و) ده‌كات، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ئاداری‌ رابردوو سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا، له‌دوای‌ ئه‌وه‌ش حكومه‌تێكی‌ ئیئتیلافی‌ له‌گه‌ڵ بینی‌ گانتسی‌ ركابه‌ری‌ پێكهێنا، بۆ رزگاركردنی‌ وڵاته‌كه‌ له‌دوورودرێژیترن ته‌نگژه‌ی‌ سیاسی‌ له‌مێژووی‌ ئیسرائیل. به‌ڵام نه‌تانیاهۆ، تۆمه‌تباره‌ به‌گه‌نده‌ڵی‌ و دزینی‌ پاره‌و ناپاكیكردن له‌متمانه‌ له‌زنجیره‌یه‌ك كه‌یسدا، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل كه‌ له‌ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنیدا تۆمه‌تبارده‌كرێت.

یه‌عارا پێرێز ژنه‌ چالاكوان له‌بواری‌ نه‌هێشتنی‌ گۆڕانكاریی‌ ژینگه‌یی‌، ده‌ڵێت»خاڵی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان خۆپیشانده‌راندا، داواكاریی‌ گۆڕانكاریی‌ قوڵی‌ سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌بزاوتنه‌ ناڕازییه‌ جیاجیاكانیش بن. ئه‌وان دژ به‌ بیبی‌، دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌وان».

كۆرۆنا و بێكاریی‌
هه‌روه‌ها حكومه‌تی‌ ئیسرائیل رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی‌ رێژه‌ی‌ تووشبوون به‌ (كۆڤید-19)، به‌هۆی‌ هه‌ڵگرتنی‌ كۆت و پێوه‌نده‌كان له‌كۆتایی‌ نیسانی‌ رابردوو. نه‌تانیاهۆ دانی‌ به‌وه‌دانا كه‌سه‌رله‌نوێ‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئابوری‌، پێشوه‌خت و زوو بوو.

ئیسرائیل به‌راورد به‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌، له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین ژماره‌ی‌ تووشبوونی‌ به‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا تۆماركردووه‌ و رێژه‌ی‌ بێكاریشی‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دواییدا، 20%ی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، به‌راورد به‌ 3.4% له‌ مانگی‌ شوباتی‌ رابردوو. به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش، به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئیسرائیل رووبه‌ڕووی‌ ئاسته‌نگی‌ ئابوری‌ بونه‌ته‌وه‌.

غی‌ ساریغ كه‌ ئه‌ندامه‌ له‌تیپێكی‌ كلاسیكی‌ ئیسرائیلی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌(فرانس پرسێ)ی‌ راگه‌یاندووه‌ «حكومه‌ت سیاسه‌تێكی‌ نه‌خشه‌بۆداڕێژراوی‌ نییه‌«. به‌ وته‌ی‌ ساریغ»زوو یان دره‌نگ تیپه‌كه‌م راده‌وه‌ستێت. حكومه‌ت به‌ڵێنیدابوو یارمه‌تیمان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام سه‌ركرده‌كان هیچ بۆ وڵات ناكه‌ن. ئه‌وان ته‌نیا نیگه‌رانی‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆیانن».

پاشه‌كشه‌كردنی‌ ئابوری‌
له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو، نه‌تانیاهۆ رووبه‌ڕووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌ی‌ توندبۆوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماره‌كان زانییارییه‌كانیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌تێیاندا ئاماژه‌ به‌ تۆماركردنی‌ خراپترین پاشه‌كشه‌ی‌ ئابوری‌ كرابوو له‌ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵی‌ رابردوو. به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماره‌كانه‌وه‌ بڵاوكرابۆوه‌، كۆی‌ گشتی‌ داهاتی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 28.7% و له‌ماوه‌ی‌ چاره‌كی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵدا، پوكانه‌وه‌ی‌ به‌خۆوه‌بینیوه‌.

ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌ڵێن، ئابوری‌ ئیسرائیل له‌ئێستادا به‌حاڵه‌تی‌ دابه‌زیندا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ پاشه‌كشه‌كردنی‌ داهاتی‌ گشتی‌ ناوخۆی‌ وڵات له‌ماوه‌ی‌ دوو چاره‌كی‌ یه‌ك له‌دوا یه‌ك.

داهاتی‌ گشتی‌ ناوخۆی‌ ئیسرائیل له‌چاره‌كی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا به‌ڕێژه‌ی‌ 6.8%دا دووچاری‌ پوكانه‌وه‌بوو كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ر بوو به‌رێوشوێنه‌كانی‌ خۆپاراستن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا (كۆڤید-19).

ئیسرائیل له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئاداری‌ رابردوو داخستنی‌ سه‌پاند، به‌ڵام دواتر له‌ مانگی‌ ئایاردا به‌شێوه‌یه‌كی‌ پله‌به‌ندی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ هه‌ڵگرت، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشبینی‌ هاتنه‌به‌ری‌ ته‌وژمی‌ دووه‌می‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌كرا. پێشبینی‌ ده‌كرێت، هاتنه‌دی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ ئابوری‌ له‌ ئیسرائیل، نزیكه‌ی‌ پێنج ساڵ بخایه‌نێت. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و زانیارییه‌ نوێیه‌ تۆقێنه‌رانه‌، نه‌تانیاهۆ رایگه‌یاندبوو»ئه‌و هه‌واڵه‌ ئابوریانه‌ زۆر باشن».

له‌باره‌ی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ نه‌تانیاهۆش، یائیر لبید سه‌ركرده‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت، وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌رانبه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌، نه‌ك وه‌ك جیابوونه‌وه‌ له‌واقیعه‌، به‌ڵكو كارێكی‌ زۆر مه‌ترسیداره‌.هه‌روه‌ها ووتی «ئه‌و ئاگای‌ له‌ ره‌وشه‌كه‌ نییه‌ و نازانێت چی‌ رووده‌دات… ئیمپراتۆر سه‌رقاڵی‌ گه‌مه‌كردنه‌ و رۆماش گڕی‌ گرتووه‌ و ده‌سوتێت».

سه‌ركرده‌كه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئیسرائیل له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا ده‌ڵێت»كۆمپانیاكان مایه‌پوچ ده‌بن، هاووڵاتیان چی‌ دی‌ ناتوانن قیستی‌ خانووبه‌ره‌ بده‌ن… بێكاریی‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی‌ پێوانه‌یی‌«.

نه‌تانیاهۆ رایگه‌یاندبوو، دابه‌زینی‌ كۆی‌ گشتی‌ داهاتی‌ ناوخۆی‌ ئیسرائیل به‌دابه‌زینێكی‌ مامناوه‌ند داده‌نرێت، به‌راورد به‌و دابه‌زینی‌ كۆی‌ گشتی‌ داهاتی‌ ناوخۆ له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباركردنی‌ له‌ كه‌یسه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌، بنیامین نه‌تانیاهۆ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تێكی‌ ئیئتیلافی‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی‌ (شین سپی‌)، رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌ی‌ توند ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی‌، وێڕای‌ دروستبوونی‌ ته‌وژمی‌ ناڕه‌زایی‌ شه‌قام كه‌ تا دێت روو له‌ فراوانبوون ده‌كات.

print

 51 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*