سەرەکی » راپۆرت » هەرێم و بەغدا و رێكەوتنی درێژخایەن

شرۆڤەی رۆژ

هەرێم و بەغدا و رێكەوتنی درێژخایەن

هەواڵ و بەدواداچوون

هەرێم و بەغدا لە دوای چەندین گفتوگۆ و كۆبوونەوە، چاویان لەوەیە بگەنە رێكەوتنێكی درێژخایەن كە هیچ نەبێت تا ساڵی 2023 بەردەوام بێت. رێكەوتنە سێ مانگییەكەی مانگی رابردووی نێوان هەرێم و بەغدا دەرگای واڵاكردووە بۆ ئەوە هەردوولا لەسەر پرسی نەوت و گاز و خاڵە سنوورییەكان بگەنە رێكەوتن. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دوایین كۆبوونەوەی خۆیدا جەخت لە بەردەوامی كۆبوونەوەكان دەكاتەوە، پێدەچێت لەسەر ئەم پرسە ئەم هەفتەیە جارێكی تر وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە.

ئێستا هەرێم و بەغدا لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر بنەمای دەستوور و لێكتێگەیشتنی هاوبەش، بە جۆرێك كە بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكات لەبارەی پڕۆژەیاسای گشتیی ساڵی 2021ەوە بگەنە رێكەوتن. حكومەتی هەرێم ئامادەیە وەك ئەوەی لە راگەیەنراوەكانیدا ئاماژەی پێدەكرێت «نەوت و بەشێك لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان رادەستی بەغدا بكات»، ئەوەی هەیە تائێستا ئەوەیە كە بەغدا دەیەوێت لەبەرامبەر ئەوەدا پشكی نزیكەی 13 %ی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا روون نییە كە رێكەوتنەكە چۆن دەبێت؟. ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی حكومەتی عیراق لەسەر ئەم پرسە دەڵێت «لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە رێكەوتنی بودجەی ساڵی داهاتوودا روون دەبێتەوە».

بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی و ئابووریی عیراقەوە، ئەمساڵ نەتوانرا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 لە كاتی خۆیدا رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكرێت، هەر ئەمەش وایكرد لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق هەڵبوەشێتەوە، ئێستا پڕۆژەكە بۆ ئەم سێ مانگە، رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت.

حكومەتی عیراق بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، دەیەوێت ئەو كێشانەی كە لە ساڵانی رابردوودا لە بەردەم پڕۆژەكەدا هەبوون تێیپەڕێنێت، لەسەرووی هەموویانەوە بۆ ساڵی داهاتوو نایەوێت لە پڕۆژەیاساكەدا وەك ساڵانی رابردوو تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت، بەڵكو دەیەوێت پشت بە داهاتی ناوخۆ و باج و خاڵە سنوورییەكانیش ببەستێت. رێكەوتنی هەرێم و بەغداش ئێستا لەسەر هەمان پرسە، بەغدا لە رێكەوتنی لەگەڵ هەرێم، چاوی لە داهاتی خاڵە سنوورییەكانە.

حكومەتی هەرێم دەڵێت «گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەن كە رێكەوتنێكی درێژخایەن و ستراتیژیی لێ بەرهەم بێت»، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا بێ رێكەوتن و تێگەیشتنی سیاسی، هەرێم و بەغدا دەتوانن بگەنە ئەو رێكەوتنە درێژخایەنە كە هەرێم چاوی لێیەتی؟. هاوكات دۆسێی نەوتیش یەكێكە لە پرسە گرنگەكانی بەردەم ئەو رێكەوتنە و پێویستە هەردوولا لەسەر ئەم پرسە بگەنە رێكەوتنی یەكلاكەرەوە.

 120 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*