سەرەکی » وتار » من و ھەندێک بیرەوەریم لەگەڵ ھەندەران

مێخەک

من و ھەندێک بیرەوەریم لەگەڵ ھەندەران

ئیلهام شێخانی

ھەموو ساڵێک ساتە وەختێکی وەکو ئـێستا ختووکەی ڕۆح و گیان و ژیانم دەدات و لاپەڕە لەسەر زۆری بیرەوەریەکانم ھەڵدەداتەوە ھەندێکیان ئـارام و خۆشی بەخشن و ھەندەکەی دیکەشیان زامدارو بە ئـازارن ، ڕۆژە ساردو کورتەکانی ئـەم ووڵاتە یەکەم
ڕۆژم دێنێتەوە بیر کە بە زۆرە ملێ و بە ناچاری ڕووم لەو ھەوارە کردو لە زێدو خاکی باب و باپیران و ھەڤاڵ و دراوسێ و کەس و کار دابڕام بە داخەوە , ھەموو شتێکی ئـێرە بۆ من نامۆو جیاواز بوو , ئـاوو ھەوای زۆر ساردی , بێ ھەتاوی , تاریکی و کەمی کاتژمێرەکانی ڕۆژ و تەنیایی و بێ کەسی و لە ھەمووی ناخۆشتر لە زمان تێنەگەیشتن بوو ! بە خۆمم دەووت : دەبێ ڕۆژێک بێ و تێبگەم و بزانم ئـەم میللەتە دەڵێن چی ؟!
شتێکی ناخۆشی دیکە ئـەوەبوو ، ئـێمە نەماندەتوانی پەیوەندی بە کەس و کارمان بکەین چونکەھێڵی تەلەفون و ئـینتەرنێت نەبوو وەکو ئـێستا ، دیارە ئـەمەش خەفەتێکی گەورە بوو بۆ من چونکە نەمدەزانی دوای ڕۆیشتنی من دایک و باوکم چیان لێ بەسەر ھاتبوو بە دەست ڕژێمی پێشوو !!!
جێگای ئـاماژە پێکردنە لێرە سوپاسی ھەموو ئـەو ھاوڕێ بەڕێزو دڵسۆزانە بکەم کە زۆر بە ھانامان ھاتن و یارمەتی زۆریان داین تا ڕادەیەک ماڵەکەی خۆیانیان بۆ بەجێ ھێشتین تێدا بژین تاکو جێگایەکمان پێ دەدرێ ، بێ گومان شتی زۆر بە سود لەم ووڵاتە فێر بووین تەنھا شتێک کە فێری نەبووین ئـەوە بوو ھەرگیز نەمانتوانی تێکەڵاوی کۆمەڵگاو کلتوری ئـێرە بین چونکە ھەستی کوردایەتی و دڵسۆزیمان بۆ خاک و نیشتیمان ھەمیشە زاڵتر بوو.
بە ھیوام ساڵی تازە ببێتە دەستپێکی خێرو خۆشی بۆ ووڵاتی ئـازیزو کۆتایی ھاتنی ھەموو ناخۆشی و نەھامەتیەکان و گەڕانەوەی خەندەو خۆشی بۆ تاکی کورد ، ئـازیزان ئـێمە ھەوارێکی ئـەوەندە خۆش و پڕ خێرو بەرەکەتمان ھەیە ئـەوەی لێی دوور نەکەوێتەوە نرخی نازانێ ؛
سڵاوی ساڵی نوێ بۆ ئـێوەی ئـازیزو خۆشەویست شادی یاوەرتان بێ لە ژیان ئـاسودەو ئـارام بژین .

 483 جار بینراوە